واتای دەستەواژەکانی «گیان» و «ڕۆح» چییە؟
بەبیستنی وشەکانی «گیان» و «ڕۆح» چیت بەبیردا دێ؟ زۆرکەس باوەڕیان وایە کە ئەو وشانە واتای شتێکی نەبینراو و نەمرن کە لە ناخی ئێمەدان. ئەوان پێیان وایە کە لەکاتی مردندا ئەم بەشە نەبینراوانە لە لەشی مرۆڤ جیادەبنەوەو درێژە بەژیان دەدەن. ئەو باوەڕە لە جیهاندا ئەوەندە بەربڵاوە، زۆرکەس کاتێ فێردەبن کە ئەم فێرکارییە بەهیچ شێوەیەک لەسەر بناغەی پەرتووکی پیرۆز نییە سەریان دەسوڕمێ. کەواتە ڕۆح و گیان بەگوێرەی پەرتووکی پیرۆز چ واتایەکیان هەیە؟
واتای «گیان» لە پەرتووکی پیرۆزدا
یەکەم، با بیر لە گیان بکەینەوە. لەوانەیە لەبیرت بێ کە وتمان بەشی هەرەزۆری پەرتووکی پیرۆز لەسەرەتادا بە زمانی عیبری و یۆنانی نووسراوە. کاتێ نووسەرانی باسیان لە گیان کردووە، بە عیبری وشەی نەفەش یان بە یۆنانی پسیخەیان بەکارهێناوە. ئەو دوو وشانە زیاتر لە ٨٠٠ جار لە پەرتووکی پیرۆزدا بەرچاودەکەون کە وەرگێڕانی جیهانی نوێ ئەو وشانەیان ڕاستەوخۆ بە «گیان» وەڕگێڕاوە. کاتێ تۆ تێبینی ئەو شێوازە دەکەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدا «گیان» یان «گیانەکانی» بەکارهاتووە، بۆتدەردەکەوێ کە ئەو وشانە ئاماژە بۆ (١) خەڵک، (٢) ئاژەڵان، یاخود (٣) ژیانی مرۆڤ یان ئاژەڵ دەکەن. وەرن با تاووتوێی هەندێ ئایەت بکەین کە ئەو سێ واتا جیاوازە دەردەخەن.
خەڵک. «لە ڕۆژانی نۆح، لەکاتی دروست کردنی کەشتیەکە، ئەوەی ژمارەیەکی کەم، واتە تەنها هەشت کەس [گیان] تیایدا ڕزگار بوون لەناو ئاو» (١ پەترۆس ٣:٢٠). ئەم بەشە کە لە بنەڕەتدا بە زمانی یۆنانی نووسراوە لەم شوێنەدا وشەی گیانی بەکارهێناوە، لێرەدا زۆر ڕوونە وشەی «گیان» لەجیاتی خەڵک بەکارهاتووە کە مەبەست لە نۆح و ژنەکەی و کوڕەکانیو بووکەکانییەتی. لە دەرچوونی ١٦:١٦دا سەبارەت بە کۆکردنەوەی مەن و سوێسکە بە ئیسرائیلییەکان ڕێنمایی دراوە. لەوێدا نووسراوە: «با هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لێی هەڵبگرێتەوە، بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەی ئەو گیانانەی کە لەناو چادرەکە دان». کەوابو دەبوایە بە گوێرەی ژمارەی کەسەکانی ناو خیزانێکدا مەننە کۆبکەنەوە. هەندێ نموونەی دیکەی پەرتووکی پیرۆز کە «گیان» یان «گیانەکان» لەبری کەس یان خەڵکە بەکاردێنێ، ئەمانەن: پەیدابوون ٤٦:١٨؛ یەشوع ١١:١١؛ کرداری نێراوان ٢٧:٣٧؛ ڕۆما ١٣:١.
ئاژەڵان. لە پەرتووکی پیرۆزدا لەسەر ئافراندن نووسراوە: «ئینجا خودا فەرمووی: ‹با ئاوەکان پڕ ببن لە ئاپۆرەی بوونەوەری زیندوو، با گیانە زیندووەکان لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر زەویدا بفڕێن›. خودا فەرمووی: ‹با زەوی بوونەوەرە گیانە زیندووەکانی لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵی ماڵی و خشۆکی زەوی و ئاژەڵی کێوی، هەریەکەیان لە جۆری خۆی› جا وا بوو» (پەیدابوون ١:٢٠، ٢٤). لەم بەشانەدا لەسەر ماسیو ئاژەڵانی ماڵێ و ئاژەڵانی کێوی ئاماژەی بۆ وشەی «گیانەکان» کراوە. لە پەیدابوون ٩:١٠؛ لێڤییەکان ١١:٤٦؛ ژمارەکان ٣١:٢٨دا هەروەها باڵندەکانو ئاژەڵانیتر بە گیانەکان ناو براون.
ژیانی مرۆڤ. هەندێ جار وشەی «گیان»، واتای ژیانی مرۆڤ دەدا. یەهوە بە موسای فەرموو: «بڕۆ بگەڕێوە بۆ میسر، چونکە هەموو ئەوانەی بەدوای کوشتندا دەگەڕان مردن» (دەرچوون ٤:١٩). دوژمنەکانی موسا بەدوای چییەوە بوون؟ ئەوان دەیانویست گیانی موسا بستێنن. لە پەرتووکی پیرۆزدا نووسراوە کە ڕۆژگارێکی زۆر لەمەو پێش ڕاحیل لە کاتی منداڵبووندا خەریک بوو گیانی دەردەچوو (لەبەر ئەوەی ئەو دەمرد) (پەیدابوون ٣٥:١٦-١٩). لەم کاتە دابوو کە ڕاحیل ژیانی لەدەستدا. هەروەها تێبینی وشەی عیسای مەسیح بکە: «من شوانێکی دڵسۆزم، شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی دەکاتە قوربانی لە پێناوی مێگەلەکەی» (یۆحەننا ١٠:١١). عیسا گیانی یان ژیانی بۆ مرۆڤایەتی بەختکرد. لەم بەشانەی پەرتووکی پیرۆزدا بە ئاشکرایی دەردەکەوێ کە وشەی «گیان»، ئاماژەیە بۆ ژیانی مرۆڤ. نموونەی لەم جۆرە لەو ئایەتانەی پەرتووکی پیرۆزدا بەرچاو دەکەون؛ ١ پاشایان ١٧:١٧-٢٣؛ مەتتا ١٠:٣٩؛ یۆحەننا ١٥:١٣؛ کرداری نێرراوان ٢٠:١٠.
گەر بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە وشەی خودا بکۆڵییەوە، بۆتدەردەکەوێ کە لە تەواوی پەرتووکی پیرۆزدا وشەی «گیان»، هیچ پەیوەندییەکی بە «نەمری» یان «هەمیشەییەوە» نییە. بەڵکو بەپێچەوانەوە، پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ کە گیان بمرە، واتای ئەوەیە کە دەمرێ (خزقیال ١٨:٤، ٢٠). هەر بەم هۆیەوە کەسێک کە مردبێ پەرتووکی پیرۆز زۆر بە ئاسایی پێی دەڵێ «گیانی مردوو»—لێڤییەکان ٢١:١١.
«ڕۆح» چییە؟
با تێبینی ئەوە بکەین کە پەرتووکی پیرۆز چۆن دەستەواژەی «ڕۆح» بەکاردەهێنێ. هەندێ خەڵک پێیانوایە کە «ڕۆح» وشەیەکیترە بۆ «گیان». بەڵام ئەوە ڕاست نییە. پەرتووکی پیرۆز ئەمە ڕوون دەکاتەوە کە «ڕۆح» و «گیان» ئاماژە بۆ دوو شتی تەواو جیاواز دەکەن. چ جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکتری هەیە؟
نووسەرانی پەرتووکی پیرۆز کاتێ باسیان لە «ڕۆح» کردووە وشەی عیبری ڕواخ و وشەی یۆنانی پنێومایان بەکار هێناوە. پەرتووکی پیرۆز خۆی واتای ئەم وشانە شیدەکاتەوە. بۆ نموونە، لە زەبوورەکان ١٠٤:٢٩دا نووسراوە: «[یەهوە] ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن، هەناسەیان [ڕواخ] لێدەبڕیت، دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان». هەروەها لە یاقوب ٢:٢٦دا نووسراوە: «لەشی مرۆڤ ڕۆحی [ پنێوما] تیا نەمێنێت دەمرێت». لەم ئایەتانەدا دەردەکەوێ کە «ڕۆح» ئاماژەیە بۆ شتێک کە ژیان بە لەش دەدا. گەر ڕۆح نەبێ لەش مردووە. هەربۆیە لە پەرتووکی پیرۆزدا وشەی ڕواخ نەک تەنها بە واتای «ڕۆح»، بەڵکو بە واتای «وزە» یان «وزەی ژیان» وەرگێڕدراوە. بۆ نموونە، تێبینی لافاوی ڕۆژانی نۆح بکە، خودا فەرمووی: «ئەوەتا من ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو لەشێک کە لە ژێر ئاسماندا هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە وزەی ژیانیان [ڕواخ]، تێدایە» (پەیدابوون ٦:١٧؛ ٧:١٥، ٢٢) (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). کەوابو «ڕۆح» ئاماژە دەکا بۆ وزەیەکی نەبینراو کە دەبێتە هۆی ژیانی هەموو زیندەوەرێک.
گیان و ڕۆح وەکو یەک نین. هەروەک رادیۆ بۆ ئەوەی کار بکا پێویستی بە وزە هەیە، هەر بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی لەش بە زیندوویی بمێنێتەوە پێویستی بە ڕۆحە. بۆ ڕوونکردنەوە، بیر لە ڕادیۆیەکی دەستی بکەوە. تۆ کاتێک باتری دەخەیتە ناو ڕادیۆکەوە و هەڵیدەکەی، وزەی ئەلکتریکی کە لە ناو باترییەکاندایە هەروەک ئەوە وایە کە ژیان بە رادیۆکە ببەخشێ و بەهۆی ئەمەوە دەنگ لە رادیۆکەوە دەبیسی. گەر باترییەکانی لێدەرهێنی کار ناکاو وەک ئەوە وایە مردبێ. هەروەها گەر وایەری (سیمی) وزەی ئەلکتریکی رادیۆ لە پلاکەکە دەربهێنی کار ناکا و ئەویش وەک ئەوە وایە کە مردبێ. بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی لەش زیندوو بمێنێتەوە پێویستی بە وزەی ڕۆح هەیە. هەروەک وزەی ئەلکتریکی هیچ هەستێکی نییە، بەهەمان شێوەش ڕۆح نە هەستی هەیە و نە بیر دەکاتەوە. ڕۆح وزەیەکی بێکەسایەتییە. بەڵام بەبێ ئەم ڕۆحە یان وزەی ژیانە، هەروەک لە زەبوورەکاندا نووسراوە، لەشەکان «دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان».
لە سەر مردنی مرۆڤ لە کۆمکار ١٢:٧دا نووسراوە: «خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیوویە». کاتێک ڕۆح یان وزەی ژیان لەش جێدەهێڵێ، لەش دەمرێ و دەگەڕێتەوە ئەو شوێنەی کە لەوێوەوە هاتبوو، واتە بۆ خۆڵ دەگەڕێتەوە. هەروەها وزەی ژیان دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا، چونکە لە لای ئەوەوە هاتووە (ئەیوب ٣٤:١٤، ١٥؛ زەبوورەکان ٣٦:٩). ئەمە بەم واتایە نییە کە بەڕاستی وزەی ژیان بەرەو ئاسمان دەڕوا. بەڵکو واتای ئەمەیە کە گەر کەسێک بمرێ هەموو ئومێدی ئەو کەسە بۆ ژیانی داهاتووی بە یەهوە خوداوە بەستراوەیە. بەم واتایە کە ژیانی ئەو کەسە لە دەستی خودا دایە. هەر تەنها بە هێزی خوداوە دەکرێ ڕۆح یان وزەی ژیان بگەڕێندرێتەوە ناو لەشەوەو ئیتر مرۆڤ سەرلەنوێ دەتوانێ بژی.
بەڕاستی زۆر مایەی دڵنەواییە بزانین کە خودا هەر ئەم کارە دەکات لەگەڵ «هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان» (یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩). لە کاتی زیندووکردنەوەدا، یەهوە لەشێکی نوێ دروست دەکا بۆ ئەو کەسانە کە لە خەوی مردندا ڕاکشاون و ڕۆح یان وزەی ژیانیان دەداتێ و زیندوو دەبنەوە. بەڕاستی کە زیندووکردنەوە شادییەکی زۆر بۆ خەڵکی دێنێت.
گەر تۆ دەتەوێ لەسەر دستەواژەکانی «ڕۆح» و «گیان» بەمجۆرەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدا بەکار هاتوون زۆرتر شت فێربی، لە نامیلکەی پاش مردن، چیمان بەسەر دێ؟ زانیاری گەلێک بەنرخ بەدەست دەهێنی. هەروەها لە لاپەڕەکانی ٣٧٥-٨٤ پەرتووکی بەڵگە لەسەر پەرتووکی پیرۆزدا. هەردووکیان لە لایان شاهیدانی یەهوەوە دەرچوونە (ئینگلیزی).