شێئول و هادیس چین؟
لەدەقی سەرەکی پەرتووکی پیرۆزدا زیاتر لە ٧٠ جار وشەی عیبری شێئوهل و وشەی یەکسانە بەمە کە لە یۆنانیدا هایدێسە بەرچاو دەکەوێ. هەردووک ئەم وشانە ئاماژەن بۆ مردن. هەندێ لە وەرگێڕەکانی پەرتووکی پیرۆز ئەم وشانەیان بە «گۆڕ»، «جەهەننەم» یان «چاڵاو» وەرگێراوە. بەڵام لە زۆربەی زمانەکاندا هیچ وشەیەک دەست ناکەوێ کە پڕبەپێست واتای ئەم دوو وشە عیبری و یۆنانییە بگەیەنن. هەربۆیە وەرگێڕانی جیهانی نوێی پەرتووکی پیرۆز، وشەکانی «شێئول» و «هادیس»یان بەکارهێناوە. ئەو دوو وشانە واتایان چییە؟ با تێبینی ئەوە بکەین کە ئەم وشانە لێرەولەوێ لە ناو پەرتووکی پیرۆزدا چۆن بەکار هێنراون.
لە کۆمکار ٩:١٠دا نووسراوە: «نە کار و نە داهێنان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان [شێئول]، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ». ئایا واتای ئەمەیە کە شێئول ئاماژەیە بۆ شوێنێکی تایبەتی دیاریکراو یان گۆڕێک کە کەسێکی خۆشەویستمان مردبێ و لەوێدا ناشرابێ؟ نەخێر. کاتێ پەرتووکی پیرۆز ئاماژە بۆ شوێنی ناشران یان گۆڕ بکا هەرگیز وشەکانی شێئولو هادیس بەکار ناهێنێ، بەڵکو بۆ ئەم مەبەستە کەڵک لە وشەیتری عیبری و یۆنانی وەردەگرێ (پەیدابوون ٢٣:٧-٩؛ مەتتا ٢٨:١). هەروەها، پەرتووکی پیرۆز وشەی «شێئول» بۆ مەبەستی گۆڕ بەکار ناهێنێ کە چەند کەسی تێدا ناشرابێ، وەک گۆڕێ بنەماڵەیی یان گۆڕێ بەکۆمەڵ—پەیدابوون ٤٩:٣٠، ٣١.
کەوابو «شێئول» ئاماژە بۆ چۆن شوێنێک دەکا؟ وشەی خودا دەریدەخا کە «شێئول» یان «هادیس» ئاماژەن بۆ شوێنێک کە تەنانەت زۆر لە گۆڕی بەکۆمەڵیش گەورەترە. بۆ نموونە، لە ئیشایا ٥:١٤دا نووسراوە کە شێئول «خۆی پانوپۆڕ کرد و بێ ئەندازە دەمی خۆی کردەوە». وەک ئەوەی کە ئەو شوێنە ڕێژەیەکی لە ژمار نەهاتووی مرۆڤی مردووی هەڵلووشیوە، بەڵام هێشتا بەردەوام برسی مردووی زۆرترە (پەندەکان ٣٠:١٥، ١٦). ئەمە بە پێچەوانەی گۆری ئاساییە، چونکە گۆری ئاسایی تەنها جێگای ژماریەکی دیاریکراوی مردووان دەبێتەوە، ‹شێئول هەرگیز تێر نابێ› (پەندەکان ٢٧:٢٠). ئەو شێئولە هیچ سنوورێکی بۆ نییە و هەرگیز پڕ نابێ. شێئول یان هادیس، جێگایەکی تایبەت نییە لە شوێنێکی دیاریکراودا. شێئول گۆری گشتییە بۆ مردنی مرۆڤایەتی، شوێنێکی هێماییە بۆ دەربڕینی ئەوەی کە زۆربەی مرۆڤایەتی دەچنە خەوی مردنەوە.
ئەوەی پەرتووکی پیرۆز لەسەر زیندووکردنەوە فێرمان دەکا یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی باشتر لە واتای شێئول و هادیس تێبگەین. کاتێ وشەی خودا ئاماژە بۆ شێئول و هادیس دەکا مەبەستی لەو جۆرە مردنەیە کە زیندووبوونەوەی بەدواوەیە (ئەیوب ١٤:١٣؛ کرداری نێرراوان ٢:٣١؛ بینین ٢٠:١٣).a هەروەها وشەی خودا نیشانیدەدا کە بە تەنها خزمەتکارانی خودا لە شێئول یان هادیسدا نین، بەڵکو ئەوانەش کە خزمەتی خودایان نەکردووە لەوێدان (پەیدابوون ٣٧:٣٥؛ زەبوورەکان ٥٥:١٥). هەربۆیە پەرتووکی پیرۆز فێرماندەکا کە لەوێدا «هەستانەوەی مردووانە بە ڕاستودروستانو خراپەکارانیشەوە»—کرداری نێرراوان ٢٤:١٥.
[ژێرنووس]
a بەپێچەوانەی ئەمەوە ئەو مردووانەی کە لە شێئول یان هادیس دا نین، واتە لە «جەهەننا» دان زیندوو ناکرێنەوە (مەتتا ٥:٣٠؛ ١٠:٢٨؛ ٢٣:٣٣). لە راستیدا هیچ شوێنێک بەناوی شێئول و هادیس بوونی نییە، بەهەمان شێوە جەهەنناش بوونی نییە.