یادکرنەوەی نانی ئێوارەی سەروەر، شکۆمەندییە بۆ خودا
داوا لە مەسیحییە ڕاستەقینەکان کراوە تا ڕۆژی مردنی عیسا یادبکەنەوە. ئەم یادکردنەوەیە هەروەها بە نانی ئێوارەی سەروەر ناودەبردرێ (١ کۆرنسۆس ١١:٢٠). ئەم بۆنەیە بۆچی گرنگە؟ ئەم بۆنەیە کەی و بە چ شێوەیەک دەبێ یادبکرێتەوە؟
عیسا ئەم بۆنەیەی لەساڵی ٣٣زایینی دامەزراند لەشەوێکدا کە جوولەکەکان جەژنی تێپەڕبوونیان دەکردەوە. جەژنی تێپەڕبوون بۆنەیەک بوو کە هەموو ساڵێک یەک جار لەساڵدا بە پێی ڕۆژمێری جوولەکەکان لە چواردەهەمی مانگی نیساندا دەگێڕدرا. واپێدەچێ کە ئەم ڕۆژە بەگوێرەی کاتی یەکسانبونی شەو و ڕۆژ دیاریکرابوو کە لە بەهاردا ڕوودەدات. ئەمە ئەو کاتەیە کە شەو و ڕۆژ بە یەکەوە یەکسانن، ١٢ کاتژمێر ڕووناکەو ١٢ش تاریکە. سەرەتای مانگی نیسان ئەو کاتە دیاریدەکرا کە بۆ یەکەم جار بەدوای یەکسانی شەو و ڕۆژدا مانگی تەواو لە ئاسمان بینرابایە. ١٤ڕۆژ بەدوای تازەبوونەوەی مانگدا دوای ڕۆژئاوا جەژنی تێپەڕبوون بوو.
عیسا جەژنی تێپەڕبوونی لەگەڵ قوتابییەکانی کردەوە کە یەهوزای ئەسخەریوتیان لەگەڵ نەبوو، ئەو کات نانی ئێوارەی سەروەری دامەزراند. ئەوەی عیسای مەسیح دایمەزراند جێگای جەژنی تێپەڕبوونی جوولەکەکانی گرتەوەو هەر بۆیە دەبێ تەنها یەک جار لەساڵدا یادبکرێتەوە.
ئینجیلی مەتتا ڕایدەگەیەنێ: «لە کاتی نان خواردن عیسا نانێکی هەڵگرت، دوای سوپاس کردن، پارچە پارچەی کردو دای بە قوتابیەکانو وتی: ‹بگرن، بخۆن، ئا ئەمە لەشی منە›. ئینجا جامێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، دای پێیانو وتی: ‹هەموو لێی بخۆنەوە! چونکە ئەمە خوێنی منە بۆ پەیمانی نوێ ئەو خوێنەی لە پێناوی زۆر کەس دەڕژێ، بۆ گوناه بەخشین› »—مەتتا ٢٦:٢٦-٢٨.
هەندێ کەس بڕوایان وایە کە عیسا نانی گۆری و کردی بە گۆشت وەک لەشی خۆی و بەهەمان شێوەش شەڕابی کردە خوێنی خۆی. بەڵام کاتێک عیسا نانی بە قوتابییەکانی دا لەشی هێشتا ساغ بوو تەنانەت برینداریش نەکرابوو. ئایا بەڕاستی قوتابییەکانی گۆشتی عیسایان خوارد و خوێنەکەیان خواردەوە؟ نەخێر، چونکە ئەوە مرۆڤخۆری و خوێنڕشتنە و ئەم کارە دژ بە یاسای خودایە (پەیدابوون ٩:٣، ٤؛ لێڤییەکان ١٧:١٠). بە پێی لۆقا ٢٢:٢٠ عیسا فەرمووی: «ئەم جامە بریتییە لە پەیمانی نوێ کە بە خوێنی من دروست دەبێت، ئەو خوێنەی لە پێناوتان دەڕژێ». ئایا ئەو پیاڵە لەڕاستیدا بوو بە «پەیمانی نوێ»؟ شتیوا هەر ڕێیتێناچێ، چونکە پەیمان ڕێکەوتنامەیە نەک هەروەک ماددەیەک کە بتوانی دەەستی لێبدەی.
نانو شەڕاب هەردووکیان تەنها هێمان. نانەکە هێمایە بۆ لەشی تەواوی مرۆڤانەی عیسا. ئەو کولێرەی کە عیسا بەکاریهێنا بەرماوەی نانی جەژنی تێپەڕبوون بوو. ئەو کۆلێرەیە بەبێ هەوێن یان هەویرترش دروستکرابوو (دەرچوون ١٢:٨). پەرتووکی پیرۆز زۆرجار وشەی هەویرترش وەك هێما بۆ مەبەستی دەربڕینی گوناهو گەندەڵی بەکار دێنێ. کۆلێرەکە نیشانەی لەشی تەواوی مرۆڤانەی عیسا بوو کە وەک قوربانی پێشکەشی کرد. لەشی عیسا هیچ گوناهی تێدا نەبوو—مەتتا ١٦:١١، ١٢؛ ١ کۆرنسۆس ٥:٦، ٧؛ ١ پەترۆس ٢:٢٢؛ ١ یۆحەننا ٢:١، ٢.
شەڕابی سوور هێمای خوێنی عیسایە. ئەو خوێنە پەیمانە نوێیەکەی وەک یاسا سەپاند. عیسا فەرمووی کە خوێنی ئەو «بۆ گوناه بەخشین» دەڕژێ. لەبەر چاوی خودا مرۆڤ پاک دەبێتەوە و دەتوانێ لە پەیمانی نوێی خودادا بەشدار بێ (عیبرانیەکان ٩:١٤؛ ١٠:١٦، ١٧). ئەم پەیمانە یان گرێبەستە ڕێگا بۆ ڕۆییشتنی ١٤٤٠٠٠ مەسیحی باوەڕدار بۆ ئاسمان مەیسەر دەکا. ئەوان لەئاسمان وەک پادشا و کاهین لە پێناو پیرۆزکردنی مرۆڤایەتی خزمەت دەکەن—پەیدابوون ٢٢:١٨؛ یرمیا ٣١:٣١-٣٣؛ ١ پەترۆس ٢:٩؛ بینین ٥:٩، ١٠؛ ١٤:١-٣.
کێ بۆی هەیە لەو نان و شەڕابە بخوا؟ شتێکی ئاساییە تەنها ئەو کەسانە دەتوانن لە نانەکە بخۆن و شەڕابەکە بخۆنەوە کە سەر بەو پەیمانە نوێیەن، ئەوانە ئەو کەسانەن کە هیوای ژیانی ئاسمانیان هەیە. ڕۆحی پیرۆزی خودا ئەو کەسانە دڵنیا دەکا کە وەک پادشاکان لە ئاسمان دەستنیشانکراون (ڕۆما ٨:١٦). ئەوان هەروەها لە پەیمانی پادشاهێتییەکەی ئاسمان لەگەڵ عیسا بەشدارن—لۆقا ٢٢:٢٩.
ئەی ئەوانەی کە هیوای ژیانی هەمیشەییان لەسەر بەهەشتی سەر ڕووی زەوی هەیە دەبێ چی بکەن؟ ئەوان گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکەی عیسا دەکەن و لە ساڵیادی نانی ئێوارەی سەروەر ئامادەدەبن و لە هیچ شتێک ناخۆن. ساڵی جارێک شاهیدانی یەهوە لە ١٤ی نیساندا دوای خۆرئاوابوون یادی نانی ئێوارەی سەروەر دەکەنەوە. سەرەڕای ئەوەی کە لەسەرانسەری جیهاندا تەنها چەند هەزار کەسێک لەو نان و شەڕابە دەخۆن، بەڵام ئەم یادکردنەوەیە بۆ هەموو مەسیحییە ڕاستەقینەکان شتێکی پڕبایەخە. ئەو هەلە بۆ هەموو کەسێک ڕەخساوە تا بیر بکاتەوە لەو خۆشەویستییە بێ وێنەییەی کە یەهوە خوداو عیسای مەسیح بۆ ئێمە دەریانبڕیوە—یۆحەننا ٣:١٦.