بەشی دوازدەهەم
ژیانێک بگرینە بەر کە خودا دڵشاد بکا
تۆ چۆن دەتوانی ببیتە دۆستی خودا؟
ئەو کێشەی شەیتان نایەوە چۆن پەیوەندی بە تۆوە هەیە؟
ئەو ڕەوشتانەی خودا لێیان ڕازی نییە کامانەن؟
تۆ چۆن دەتوانی لە ژیانتدا خودا دڵشاد بکەی؟
ئایا تۆ چ جۆرە کەسێک بۆ دۆستایەتی هەڵدەبژێری؟ بێگومان دەتەوێ لەگەڵ کەسێک هاوڕێیەتی بکەی کە ڕوانگەو حەزپێکردنەکانتان و ئەوەی کە لە ژیانتاندا بایەخی هەیە یەک بگرنەوە. هەروەها هەست بە نزیک بوونەوە لە کەسێک دەکەی کە خاوەن تایبەتمەندی باشی وەک ڕاستگۆیی و نەرمونیانی بێ.
٢ بە درێژایی مێژوو خودا هەندێ مرۆڤی وەک دۆستی نزیکی خۆی هەڵبژادووە. بۆ نموونە یەهوە، ئیبراهیمی بە دۆستی خۆی ناو برد (ئیشایا ٤١:٨؛ یاقوب ٢:٢٣). خودا ئاماژە بە داود دەکا و دەفەرموێ «ئەو پیاوەی بەدڵی منە»، چونکە ئەو کەسێک بوو کە یەهوە خۆشی دەویست (کرداری نێرراوان ١٣:٢٢). هەروەها لە ڕوانگەی یەهوەوە دانیالی پێغەمبەر کەسێکی زۆر «خۆشەویست» بوو—دانیال ٩:٢٣.
٣ بۆچی یەهوە ئیبراهیم و داود و دانیال بە دۆستی خۆی دەزانی؟ خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «چونکە تۆ گوێڕایەڵی قسەکەی من بوویت» (پەیدابوون ٢٢:١٨). یەهوە لەو کەسانە نزیک دەبێتەوە کە بێفیزانە هەرچی یەهوە داوایان لێ بکا دەیکەن. یەهوە بە ڕۆڵەکانی ئیسرائیلی فەرموو «گوێ لە دەنگم بگرن و من دەبم بە خوداتان و ئێوەش دەبن بە گەلی من» (یرمیا ٧:٢٣). گەر گوێڕایەڵی یەهوە بکەی تۆش دەتوانی ببی بە دۆستی یەهوە!
یەهوە هێز بە دۆستەکانی دەبەخشێ
٤ بیربکەوە لەوەی کە دۆستایەتی لەگەڵ خودا چەندە بە سوودە. پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ کە یەهوە بە دوای هەلێکدا دەگەڕێ «بۆ ئەوەی ئەوانە بەهێز بکات کە دڵیان تەواوە لە گەڵیدا» (٢ هەواڵی ڕۆژان ١٦:٩). یەهوە چۆن هێز بە تۆ دەبەخشێ؟ یەکێک لە ڕێگەکان لە زەبووری ٣٢:٨ دا باس کراوە کە دەفەرموێ: «من [یەهوەم] فێرت دەکەم و ڕێگات نیشان دەدەم، بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت، ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.»
٥ ئەو وشانەی سەرەوە هەستێکی گەرممان سەبارەت بە بایەخدانی یەهوە پێدەبەخشن! یەهوە ئامۆژگاری پێویستت پێدەدا و گەر بە قسەی بکەی چاودێریت دەکا. لە کاتی تاقیکردنەوەو تەنگانەدا خودا دەیەوێ یارمەتیت بدا تاکو ڕزگاربیت (زەبوورەکان ٥٥:٢٢). کەوابو گەر بە هەموو دڵ و گیانەوە خزمەتی یەهوە بکەی، تۆش دەتوانی هەروەک نووسەری زەبوورەکان دڵنیا بی کاتێ دەفەرمووێ «هەمیشە خوداوەندم لەبەر چاو خستووە، گیان بە تۆوە دەنووسێتەوە، دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت» (زەبوورەکان ١٦:٨؛ ٦٣:٨). بەڵێ، یەهوە دەتوانێ یارمەتیت بدا تا بە شێوەیەک بژی کە ڕەزامەندی ئەوی لەسەربێ. بەڵام هەروەک خۆت دەزانێ دوژمنەکەی خودا دەیەوێ ڕێگە بەم کارەت بگرێ.
شەیتان بەربەرەکانی دەکا
٦ لە بەشی یازدەهمی ئەم پەرتووکە دا باسمان کرد کە شەیتان بەربەرەکانی سەروەریەتی خودای کرد. شەیتان خودای بە درۆزن دانا و واینیشاندا کە یەهوە ناڕەوایە و وتی خودا ڕێگە بە ئادەم و حەوا نادا تا بۆخۆیان بڕیار لە سەر چاکە و خراپەی خۆیان بدەن. دوای ئەوەی کە ئادەم و حەوا گوناهیان کرد و وردە وردە نەوەکانیان لەسەر زەوی زۆرتر دەبوون، ئەمجارەیان شەیتان نیازی مرۆڤی خستە ژێر پرسیارەوە. شەیتان بانگەشەی ئەوەی کرد کە ‹خەڵك خزمەتی خودا ناکەن لەبەر ئەوەی خودایان خۆشدەوی.› شەیتان بە خودای وت، ‹دەرەتانم پێ بدەی هەموو مرۆڤایەتی لە خودا وەردەگێڕم.› بە گوێرەی ئەوەی لە پەرتووکی ئەیوب دا تۆمار کراوە دەردەکەوێ کە شەیتان لە سەر مرۆڤ بەمجۆرە بیری دەکردەوە. ئەیوب کێ بوو و چ پەیوەندێکی بە بەربەرەکانییەکەی شەیتانەوە بوو؟
٧ ئەیوب نزیکەی ٣٦٠٠ ساڵ لەمەوپێش دەژیا. ئەو پیاوێکی باش بوو، یەهوە دەفەرمووێ: «چونکە لە زەوی دا کەس نییە وەک ئەو، پیاوێکی تەواو و ڕاست، لە خودا دەترسێت و لە خراپە لا دەدات» (ئەیوب ١:٨). خودا لە ئەیوب ڕازی بوو.
٨ شەیتان نیازی ئەیوبی لە پەرستنی یەهوەدا خستە ژێر پرسیارەوە. شەیتان بە یەهوەی وت: «ئایا لەبەر ئەوە نییە کە تۆ لە دەوری خۆی [ئەیوب] و ماڵەکەی و هەرچی هەیەتی لە هەموو لایەکەوە پەرژینت لێداوە؟ کرداری دەستیت بەرەکەتدار کردووە، جا مەڕوماڵاتی بەناو زەویدا بڵاو بۆتەوە. بەڵام ئێستا دەست درێژ بکە و لە هەموو ئەوەی هەیەتی بدە، بزانە چۆن بەرەو ڕووت نەفرەتت دەکا»—ئەیوب ١:١٠، ١١.
٩ بەمجۆرە شەیتان بانگەشەی کرد کە ئەیوب تەنها لە بەر بەرژەوەندی خۆی خودا دەپەرستێ. شەیتان بوختانی ئەوەشی کرد، گەر ئەیوب بکەوێتە تاقیکردنەوەوە پشت لە خودا دەکا. یەهوە هەڵوێستی سەبارەت بە شەیتان چۆن بوو؟ تا ئەو ئاستەی کە کێشەکە پەیوەندی بە نیازی ئەیوبەوە بوو، یەهوە ڕێگای بە شەیتان دا تا ئەیوب بخاتە ژێر تاقیکردنەوەوە. بەمجۆرە دەردەکەوی ئایا یەهوەی خۆشدەوێ یان نا.
ئەیوب لە تاقیکردنەوەدا
١٠ زۆری پێنەچوو شەیتان ئەیوبی بە چەندین شێوە تاقیکردەوە. سەرەتا، هەندێ لە مەڕو ماڵاتەکەی ئەیوب لە ناوبران و ئەوانەی تریش بە تاڵان بران. هەروەها زۆربەی خزمەتکارەکانیشی کووژران. ئەمەش گرفتی دارایی بۆ ئەیوب نایەوە. کارەساتی گەورەتر ئەوە بوو کە ئەیوب دە کچ و کوڕەکەی بە زریان لەدەست دا. سەرەڕای هەمووی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە «ئەیوب گوناهی نەکرد و خودای خەتابار نەکرد»—ئەیوب ١:٢٢.
١١ شەیتان وازی نەهێنا. بێگومان شەیتان دەبێ وای بیرکردبێتەوە کە سەرەڕای ئەوەی ئەیوب لە بەرامبەر لە دەست دانی ماڵ و منداڵ و خزمەتکارەکانی دا خۆڕاگری کرد، بەڵام گەر نەخۆش بکەوێ پشت لە خودا دەکا. یەهوە ڕێگای بە شەیتان دا تا ئەیوب تووشی نەخۆشییەکی پیس و بە ئازار بکا. بەڵام تەنانەت ئەو نەخۆشیەش نەیتوانی وا لە ئەیوب بکا لە خودا هەلگەڕێتەوە. بەڵکو بە متمانەوە وتی: «تا ئەو کاتەی گیان بەدەستەوە دەدەم تەواوی خۆم لە خۆم دانابڕم»—ئەیوب ٢٧:٥.
١٢ ئەیوب ئاگادار نەبوو کە شەیتان ئەو بەڵایانەی بە سەر دەهێنێ. هەروەها ئاگاداری بەربەرەکانییەکەی شەیتان دژ بە سەروەرییەتی یەهوە نەبوو، ئەیوب لەوە دەترسا کە خودا ئەو شتانەی بەسەردەهێنێ (ئەیوب ٦:٤؛ ١٦:١١-١٤). سەرەڕای ئەوەش ئەیوب سەرڕاستی خۆی بۆ خودا پاراست. ئەیوب بەهۆی ئەو باوەڕەی هەیبوو سەلماندی کە بانگەشەکەی شەیتان کاتێ وتی ئەیوب بۆ بەرژەوەندی خۆی خودا دەپەرستی درۆیە.
١٣ بە ڕاستودروست مانەوەی ئەیوب بەڵگەیەکی بەهێز بوو بۆئەوەی یەهوە وەڵامی بوختانەکەی شەیتانی پێ بداتەوە. ئەیوب بەڕاستی دۆستی یەهوە بوو و خوداش لەبەرئەو دڵسۆزییەی پاداشتی دایەوە—ئەیوب ٤٢:١٢-١٧.
تۆ چۆن کەوتویتە ناو کێشەکەی شەیتانەوە
١٤ بابەتی بێگەردی بەرامبەر خودا کە لە لایان شەیتانەوە باسی لێکرا هەر بە تەنها دژی ئەیوب نەبوو. ئەم باسە تۆش دەگرێتەوە. ئەمەش لە پەندەکانی ٢٧:١١ بە ڕوونی نیشاندراوە، کە یەهوە دەفەرموێ: «ڕۆڵە دانابە و دڵم خۆش بکە، تا بتوانم وەڵامی ئەو کەسە بدەمەوە کە لۆمەم دەکا» (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). ئەو وشانەی خودا کە سەدان ساڵ دوای مردنی ئەیوب نووسراون دەریدەخەن کە هێشتا شەیتان گاڵتەی بە خودا دەکرد و بوختانی دەخستە پاڵ خزمەتکارەکانی خوداوە. کاتێ ئێمە بە جۆرێک بژین کە یەهوە لێمان ڕازی بێ، لە ڕاستیدا دەبینە پاڵپشتێک تا هەڵە بوونی بانگەشەی شەیتان دەربکەوێ و بەمجۆرە دڵی خودا شاد بکەین. تۆ سەبارەت بەمە چ هەستێکت هەیە؟ ئایا شتێکی نایاب نییە کە تۆش دەتوانی بەشداری لە بەدرۆ خستنەوەی بانگەشەکانی شەیتان بکەی، تەنانەت گەر بۆ ئەم مەبەستە پێویست بێ هەندێ گۆڕانکاری لە ژیانیشت دا پێک بێنی؟
١٥ سەرنج بدە شەیتان چی وت: «مرۆڤ هەرچی هەبێت لە پێناوی خۆی دەیدات» (ئەیوب ٢:٤). بە وتنی وشەی «مرۆڤ»، شەیتان ڕوونیکردەوە کە بوخاتانەکەی تەنها دژ بە ئەیوب نەبوو، بەڵکو دژی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە. شەیتان بێگەردی تۆی بۆ یەهوە خستە ژێر پرسیارەوە. شەیتان حەز دەکا ئەم ڕۆژە ببینێ کە تۆ گوێناڕایەڵی خودا بکەی و کاتێ تووشی تەنگ و چەڵەمە دەبی واز لە ڕاستودروستی بێنی. شەیتان بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستەی چ هەوڵێک دەدا؟
١٦ هەروەک لە بەشی دەهەمدا باسمان کرد، شەیتان ڕێگای جۆراوجۆر بە کار دەهێنێ بۆ ئەوەی هەوڵی خۆی بدات تا خەڵک لە خودا هەڵگەڕێنەوە. لە سەرەتادا هێرش دەکا «شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ لە دەورووپشتتان دەسوڕێتەوە، دەگەڕێ بەدوای یەکێک تا بیخوات» (١ پەترۆس ٥:٨). کاریگەری شەیتان لەوەوە دەردەکەوێ، کاتێ پەرتووکی پیرۆز دەخوێنی و ئەوەی فێری دەبی لە ژیانتدا پەیڕەوی دەکەی دۆست و خزمەکانت یان کەسانێکیتر لە بەر ئەمە دژایەتیت دەکەن (یۆحەننا ١٥:١٩، ٢٠).a لە لایەکی ترەوە «شەیتان خۆی لەشێوەی فریشتە دەردەخات» (٢ کۆرنسۆس ١١:١٤). شەیتان بۆ گومڕاکردنت دەتوانێ بە شێوازی فێڵبازانە لە سەر ئەو ڕیبازی ژیانە لاتبدات کە ڕەزامەندی خودای لەسەرە. بۆ نموونە ئەو دەتوانێ بۆ دڵسارد کردنەوەت وات لێبکا هەست بکەی کە تۆ ئەوەندە بە بایەخ نی تا ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنی (پەندەکان ٢٤:١٠). شەیتان خۆی «وەک شێرێک» لێبکا یان «لەشێوەی فریشتە» خۆینیشانبدا، کێشەکە ناگۆڕێ، ئەو دەڵێ: هەر کاتێ تۆ تووشی تاقیکردنەوە یان گرفتێک بیت، ئیتر واز لە خوداپەرستی دەهێنی. تۆ چۆن دەتوانی وەڵامی بەربەرەکانییەکەی شەیتان بدەیەوە و بێگەردیشت هەروەک ئەیوب بۆ خودا بسەلمێنی؟
گوێڕایەڵ بوونی ڕاسپاردەکانی یەهوە
١٧ تۆ دەتوانی وەڵامی بەربەرەکانییەکەی شەیتان بدەیەوە گەر بە شێوەیەک بژی کە ڕەزامەندی خودای لە سەر بێ. ئەمە چ دەگرێتە خۆ؟ پەرتووکی پیرۆز وەڵام دەداتەوە: «جا خوداوەند خودای خۆتان بە هەموو دڵ و هەموو گیان و ... هەموو تواناتانەوە خۆش بووێ» (وتەکان ٦:٥). کاتێ خۆشەویستیت بۆ خودا پەرە دەسێنێ، ئارەزووییەکت لا دروست دەبێ کە هانت دەدا بۆ ئەوەی هەموو داواکارییەکانی خودا جێبەجێ بکەی. «چونکە ئەمە خۆشەویستی خودایە»، یۆحەننای نێرراو نووسی، «کار بە ڕاسپاردەکانی بکەین». گەر تۆ بە هەموو دڵەوە یەهوەت خۆش بوێ، هەست دەکەی «ڕاسپاردەکانیشی قورس نین»—١ یۆحەننا ٥:٣.
١٨ ڕاسپاردەکانی یەهوە کامانەن؟ هەندێ لەم ڕاسپاردانە پەیوەندیان بەو ڕەووشتانەوە هەیە کە دەبێ خۆمانیان لێ دوور بکەینەوە. بۆ نموونە، سەرنجی ئەو چوارچێوەی لاپەڕەی ١٢٢ بدە، لە ژێر سەردێڕی «دوور کەوە لەو شتانەی کە یەهوە رقی لێیانە». تیایدا هەندێ لەو ڕەووشتانە ڕیز کراون کە پەرتووکی پیرۆز دادیان بەسەردا دەدا. بە یەکەم چاوپێخشان، هەندێ لەو ڕەووشتانە ئەوەندەش خەراپ نایەنە بەر چاو. بەڵام کاتێ لە ڕوانگەی ئایەتەکانی پەرتووکی پیرۆزەوە هەڵیان بسەنگێنین، ئەوکات تۆش بێگومان ئەو داناییە دەبینی کە لە وشەکانی خودا دا شاراوەیە. گۆڕانکاری لە ڕەوشتەکاندا لەوانەیە گەورەترین کۆسپ بێ کە هەرگیز تووشی هاتبی. لە لایەکی ترەوە، ژیان بەسەربردن بەشێوەیەک کە ڕەزامەندی خودای لەسەر بێ، مەزنترین ئاسوودەیی و بەختەوەری بە دواوەیە (ئیشایا ٤٨:١٧، ١٨). جێبەجێکردنی ئەم کارە لەبەر دەستی خۆت دایە. چۆن ئەمە دەزانین؟
١٩ یەهوە هەرگیز چاوەڕوانی شتێکمان لێناکا کە لەسەرووی توانامانەوە بێت (وتەکان ٣٠:١١-١٤). ئەو لە خۆمان باشتر ئاگاداری کەم و کوڕیەکانمانە و دەزانێ تا چ ئاستێک هێزمان هەیە (زەبوورەکان ١٠٣:١٤). هەروەها دەتوانێ هێزمان پێبدا تا گوێڕایەڵی بین. پۆڵسی نێرراو نووسی: «هەر تاقیکردنەوەیەکتان تووشبێ ئەوە مرۆڤانەیە، بەڵام خودا پشتی پێ دەبەسترێ و نایەڵێ زیاتر لە توانای خۆتان تاقیبکرێنەوە، بەڵکو لەکاتی تاقیکردنەوەدا ڕێگایەکتان بۆ دەکاتەوە تاکو بتوانن بەرگە بگرن» (١ کۆرنسۆس ١٠:١٣). یەهوە تەنانەت دەتوانێ تۆ بە «هێزی لە ڕادەبەدەر» یارمەتی بدا تا خۆڕابگری (٢ کۆرنسۆس ٤:٧). پۆڵسی نێرراو پاش ئەوەی چەندین تاقیکردنەوەی تووش هاتبوو، فەرمووی: «توانام هەیە هەموو شتێک بەهۆی مەسیح بکەم، ئەوەی بەهێزم دەکات»—فیلیپی ٤:١٣.
گەشە پێدانی ئەو تایبەتمەندیانەی کە خودا دڵشاد دەکەن
٢٠ بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی خودا هەر ئەوەندە بەس نییە لەو شتانە دوور بینەوە کە خودا ڕقی لێیانە، بێگومان شتی زۆرتر پێویستە. بەڵکو دەبێ ئەوەی خودا خۆشی دەوی، تۆش خۆشت بوێ (ڕۆما ١٢:٩). ئایا تۆ هەست بە هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسانێک ناکەی کە ڕوانگەو ئەو شتانەی حەزیان پێیە و ئەوەی کە لە ژیاندا بایەخی پێدەدەن لەگەل ئەوانەی تۆ یەک بگرنەوە؟ یەهوەش هەر ئەمە دەکا. کەوابو فێری ئەوەبە، هەرچی یەهوە خۆشی دەوێ، تۆش خۆشت بوێ. هەندێ لەو شتانە لە زەبوورەکانی ١٥:١-٥ دا باسیان لێکراوە کە خودا لەو کەسانەدا بەدیدەکا کە بە دۆستی خۆی ناویان دەبا. کەسێک دۆستی خودا بێ «بەرووبوومی ڕۆح» لە خۆیدا دەنوێنێ کە پەرتووکی پیرۆز باسی دەکا. تایبەتمەندییەکانی بەرووبوومی ڕۆح «بریتییە لە: خۆشەویستی و خۆشی و ئاشتی، ئارامگرتن، ڕۆح سووکی و چاکە، باوەڕ، نیانی و خۆڕاگرتن. هیچ شەریعەتێکیش نییە دژی ئەم شتانەبێ.»—غەڵاتیە ٥:٢٢، ٢٣.
٢١ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی پەرتووکی پیرۆز بە شێوەیەکی بەردەوام یارمەتیت دەدا تا ئەو تایبەتمەندییانەی کە خودا حەزی پێیانە لە خۆتدا گەشەیان پێبدەی. کاتێک زانیت کە خودا چاوەڕوانی چی لە ئێمە دەکا، فێر دەبی بە جۆرێک بیربکەیەوە کە خودا بیر دەکاتەوە (ئیشایا ٣٠:٢٠، ٢١). هەرچەندە خۆشەویستیت بۆ یەهوە بە هێزتر بکەی، ئارەزووشت پتەوتر دەبێ بۆ ئەوەی ژیانێک بەسەربەری کە ڕەزامەندی خودای لەسەربێ.
٢٢ بەسەربردنی ژیانێک کە ڕەزامەندی خودای لەسەربێ پێویستی بە کۆشش کردنە. پەرتووکی پیرۆز گۆڕینی ژیان بە لە بەرداکەندنی کەسایەتی کۆن و لەبەرکردنی کەسایەتی نوێ بەراورد دەکا (کۆلۆسی ٣:٩، ١٠). بەڵام سەبارەت بە ڕاسپاردەکانی خودا لە زەبوورەکاندا نووسراوە کە: «پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە» (زەبوورەکان ١٩:١١). تۆش هەروەها بۆت دەردەکەوێ، ژیان بەسەربردنێک کە ڕەزامەندی خودای لەسەر بێ بەڕاستی پاداشتی زۆری بەدواوەیە. ئەو کات، تۆ وەڵامی بەربەرەکانییەکەی شەیتان دەدەیتەوەو و دڵی یەهوەش شاد دەکەی!
[ژێرنووس]
a ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە هەموو ئەو کەسانەی دژایەتیت دەکەن لە لایەن شەیتانەوە هان دەدرێن. بەڵام شەیتان خودای سیستەمی ئەم جیهانەیە و دەسەڵاتی بە سەر هەموو جیهاندا هەیە (٢ کۆرنسۆس ٤:٤؛ ١ یۆحەننا ٥:١٩). بەسەربردنی ژیانێک کە رەزامەندی خودای لەسەرە لای خەڵکی خوازیاری زۆری نییە، هەر بۆیە لات سەیر نەبێ کە هەندێ کەس دژایەتیت بکەن.
ئەوەی پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا
▪ تۆ دەتوانی بە گوێڕایەڵیت بۆ خودا ببی بە دۆستی ئەو—یاقوب ٢:٢٣.
▪ شەیتان بەربەرەکانی بێگەردییەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکا—ئەیوب ١:٨، ١٠، ١١؛ ٢:٤؛ پەندەکان ٢٧:١١.
▪ ئێمە دەبێ لەو ڕەوشتانە دووربینەوە کە خودا لێیان ڕازی نییە—١ کۆرنسۆس ٦:٩، ١٠.
▪ ئێمە دەتوانین خودا دڵشاد بکەین گەر ڕقمان لەوەبێ کە ڕقی لێیەو ئەوەی خۆشیدەوێ خۆشمانبوێ—ڕۆما ١٢:٩.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. ناوی ئەو کەسانە بهێنە کە یەهوە بە دۆستی نزیکی خۆی دانابوون.
٣. بۆچی یەهوە کەسانێکی دیاریکراو وەک دۆستی خۆی هەڵدەبژێرێ؟
٤، ٥. یەهوە چۆن هێز بە خزمەتکارانی دەبەخشێ؟
٦. شەیتان دژ بە مرۆڤ بانگەشەی چی کرد؟
٧، ٨. (ا) لە چ بوارێکەوە ئەیوب لە خەڵکی سەردەمی خۆی جیاواز بوو؟ (ب) شەیتان چۆن نیازی ئەیوبی خستە ژێر پرسیارەوە؟
٩. هەڵوێستی یەهوە سەبارەت بە بانگەشەی شەیتان چۆن بوو و هۆی ئەم هەڵوێستەی چی بوو؟
١٠. ئەیوب تووشی چ جۆرە تاقیکردنەوەیەک بوو و چۆن ڕووبەڕوویان بووەوە؟
١١. (ا) دووهەمین بوختان کە شەیتان بە ئەیوبی کرد چی بوو و وەڵامی یەهوە بۆ ئەمە چی بوو؟ (ب) هەڵوێستی ئەیوب سەبارەت بە نەخۆشییە بە ئازارەکەی چی بوو؟
١٢. ئەیوب چۆن سەلماندی کە بانگەشەکەی شەیتان درۆیە؟
١٣. ئاکامی دڵسۆز مانەوەی ئەیوب بۆ خودا چی بوو؟
١٤، ١٥. بۆچی دەتوانین بڵێین کە ئەو کێشەیەی شەیتان بۆ ئەیوبی نایەوە هەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە؟
١٦. (ا) شەیتان لەکام ڕێگایانەوە کەڵک وەردەگرێ تا خەڵک لە خودا هەڵگەڕێنێتەوە؟ (ب) شەیتان لەوانەیە ئەم ڕێگەیانە لە دژی تۆ چۆن بەکاربهێنێ؟
١٧. هۆی سەرەکی بۆ گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانی خودا چییە؟
١٨، ١٩. (ا) هەندێ لە ڕاسپاردەکانی یەهوە کامانەن؟ (بڕوانە چوارچێوەی لاپەڕە ١٢٢.) (ب) ئێمە چۆن دەزانین کە خودا چاوەڕوانی زۆری لە ئێمە نییە؟
٢٠. ئەو تایبەتمەندییانە کە لە لایەن خوداوەن و تۆش دەبێ لە خۆتدا گەشەیان پێبدەی کامانەن و بۆچی ئەمە گرنگە؟
٢١. چی یارمەتیت دەدا تا ئەو تایبەتمەندییانەی کە خودا حەزی پێیانە لە خۆتدا گەشە پێبدەی؟
٢٢. ئەگەر تۆ ژیانێک بەسەر بەری کە خودا ڕەزامەندی لەسەر بێ، ئاکامەکەی چی دەبێ؟
[خشتەی ناو لاپەڕە ١٢٢، ١٢٣]
دوورکەوە لەوشتانەی کە یەهوە رقی لێیانە
کوشتن—دەرچوون ٢٠:١٣؛ ٢١:٢٢، ٢٣.
داوێنپیسی—لێڤییەکان ٢٠:١٠، ١٣، ١٥، ١٦؛ ڕۆما ١:٢٤، ٢٦، ٢٧، ٣٢؛ ١ کۆرنسۆس ٦:٩، ١٠.
جادوگەری—وتەکان ١٨:٩-١٣؛ ١ کۆرنسۆس ١٠:٢١، ٢٢؛ غەڵاتیە ٥:٢٠، ٢١.
بتپەرستی —١ کۆرنسۆس ١٠:١٤.
سەرخۆشی —١ کۆرنسۆس ٥:١١.
دزی—لێڤییەکان ٦:٢، ٤؛ ئەفسۆس ٤:٢٨.
درۆ—پەندەکان ٦:١٦، ١٩؛ کۆلۆسی ٣:٩؛ بینین ٢٢:١٥.
چاوچنۆکی—١ کۆرنسۆس ٥:١١.
توندوتیژی—زەبوورەکان ١١:٥؛ پەندەکان ٢٢:٢٤، ٢٥؛ مەلاخی ٢:١٦؛ غەڵاتیە ٥:٢٠، ٢١.
زمان پیسی—لێڤییەکان ١٩:١٦؛ ئەفسۆس ٥:٤؛ کۆلۆسی ٣:٨.
بەکارهێنانی خوێن —پەیدابوون ٩:٤؛ کرداری نێرراوان ١٥:٢٠، ٢٨، ٢٩.
بەخێو نەکردنی خێزان —١ تیمۆساوس ٥:٨.
بەشداری لە جەنگ و کێشە سیاسییەکانی جیهاندا —ئیشایا ٢:٤؛ یۆحەننا ٦:١٥؛ ١٧:١٦.
جگەرەکێشان یان بەکار هێنانی ماددە بێهۆشکەرەکان—مەرقۆس ١٥:٢٣؛ ٢ کۆرنسۆس ٧:١.
[وێنەی لاپەڕە ١١٨]
ئەیوب پاداشت درایەوە چونکە ڕێبازی باوەڕدارانەی گرتبووبەر