بەشی یازدەهەم
بۆچی خودا ڕێگا بە ئازار چێژتن دەدا؟
ئایا خودا هۆکارە لە ئازارەکانی جیهاندا؟
لە باخچەی عەدەندا چ کێشەیەک هاتە ئاراوە؟
ئایا خودا چۆن کۆتایی بە ئازەرەکانی مرۆڤ دێنێ؟
بەدوای یەکێ لە جەنگە خوێناوییەکاندا کە لە ناوچەیەکدا ڕوویدابوو، هەزاران ژن و منداڵی بێ تاوان کوژرابوون و لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا خرابوونە ژێر گڵەوە و لە چوار دەورەی گۆڕەکە کێلی ڵیچەقێنداربوو و لە سەر هەر کێلێک نووسرابوو: «بۆچی؟» کاتێ کارەساتێک ڕوودەدا ئەم پرسیارە زۆربەی خەڵکی ئازار دەدا. کاتێک خەڵکی لە جەنگ یان کارەسات و نەخۆشی یان بەهۆی خراپەکاری جگەرکۆشەیەکی بێتاوانیان لەدەست دەدەن، هەروەها کاتێ ماڵ و ژیانیان لێ کاول دەبێ و یان ئەوەتا ڕووبەڕووی شتێکی دڵتەزێن دەبنەوە کە تەنانەت بە وشەش دەرنابڕدرێ دیسان بە دڵێکی خەمبارەوە دەپرسن، بۆچی؟ ئەوان تامەزرۆن تا بزانن بۆچی ئەم کارەسات و ڕووداوە دڵتەزێنانەیان تووش دێ.
٢ بۆچی خودا ڕێگا بە ئازار چێژتن دەدا؟ ئەگەر یەهوە خودا هەرەبەتواناترینە، خۆشەویستییە، دانایە و دادپەروەرە، باشە بۆچی جیهان پڕە لە دوژمنایەتی و ناڕەوایی؟ ئایا تۆ تا ئێستا بیرت لەوانە کردۆتەوە؟
٣ ئایا هەڵەیە گەر بڵێن بۆچی خودا ڕێگا بە ڕوودانی ئازارکان دەدا؟ هەندێ کەس دڵەڕاوکێی ئەوەیان لا دروست دەبی کە بەکردنی ئەم پرسیارانە کەم باوەڕی یان بێ ڕێزیی بۆ خودا دەردەبڕن. کاتێ پەرتووکی پیرۆز بخوێنیەوە بۆت دەردەکەوێ کە کەسانێکی دڵسۆز و لە خودا ترسیش پرسیاری لەم شێوەیان لا دروست ببوو. بۆ نموونە حەبەقوقی پێغەمبەر پرسیاری لە یەهوە کرد: «بۆچی ناڕەوایم پێشان دەدیت و زوڵموزۆر دەخەیتە بەرچاو، زەوتکردن و ستەمیش لەبەردەممە و ناکۆکی ڕوودەدات و رکابەری سەرهەڵدەدات»—حەبەقوق ١:٣.
٤ ئایا یەهوە حەبەقوقی پێغەمبەری لەبەر ئەم پرسیارە سەرکۆنە کرد؟ نەخێر. تەنانەت خودا ئەم قسە ڕاستگۆیانەی حەبەقۆقی لە پەرتووکە سروشکراوەکەیدا تۆمار کردووە. هەروەها خودا یارمەتیدا باشتر تێبگات بۆئەوەی باوەڕی پتەوتر بێ. یەهوە دەیەوێ هەر بە هەمان شێوە لەگەڵ ئێمە ڕەفتار بکا. لە بیرت بێ کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ «ئەو بایەختان پێدەدات» (١ پەترۆس ٥:٧). خودا زۆر لە خەڵکی زیاتر ڕقی لە بەدکاری و هۆکارەکانی ئازار چێژتنە (ئیشایا ٥٥:٨، ٩). کەوایە، بۆچی لە جیهاندا ئازارەکان ئەوەندە زۆرن؟
بۆچی ئەو هەموو ئازارە هەیە؟
٥ خەڵکی ئایینی جۆراوجۆر پرسیاریان لە پێشەوا و مامۆستا ئاینییەکانیان کردووە، بۆچی ئەو هەموو ئازارە هەیە؟ لە بەشی هەرەزۆری وەڵامەکاندا وتراوە کە ئەم ئازارانە لە لایان خوداوە دێن و خودا زۆر بەر لە ئێستا بڕیاری داوە هەموو ئەو شتانە ڕووبدەن کە کارەسات و ڕووداوە دڵتەزێنانەکانیش دەگرێتەخۆی. بە زۆربەی ئەم خەڵکانە وتراوە کە کارەکانی خودا شاراوەن، یان وتراوە خودا خەڵک و تەنانەت منداڵانانیش دەمرێنێ تاکو بۆ ئاسمان بۆ لای خۆی بیانبات. بەڵام هەروەک فێر بووین یەهوە خودا هیچ کاتێک هۆکاری بەدکاری نییە. پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «خراپە لە خوداوەند بەدوورە و ستەمیش لە توانادار»—ئەیوب ٣٤:١٠.
٦ ئایا تۆ دەزانی بۆچی خەڵك بە هەڵەدا دەچن کاتێک سەرزەنشتی خودا دەکەن لەبەر ئەو ئازارانەی لە جیهاندا هەن؟ زۆر جار ئەوان خودای هەرەبەتوانا سەرکۆنە دەکەن، چونکە ئەو بە فەرمانڕەوای ئەم جیهانە دادەنێن. ئەوان ئەو ڕاستییە ئاسان و هەرە گرنگە نازان کە پەرتووکی پیرۆز فیرمان دەکا. تۆ ئەم ڕاستیە لە بەشی سێهەمی ئەم پەرتووکە دا فێر بووی. فەرمانڕەوای ڕاستی ئەم جیهانە شەیتانی ئیبلیسە.
٧ پەرتووکی پیرۆز بە ڕوونی دەفەرموێ: «هەموو جیهان لەژێر دەستی خراپەکار شەیتان دانراوە» (١ یۆحەننا ٥:١٩). گەر بیری لێبکەیەوە ئایا تۆش پێت وانییە؟ جیهان ڕەنگدانەوەی کەسایەتی ئەو ئافرێندراوە ڕۆحانییەیە کە مرۆڤ نایبینێ و «هەموو جیهان گومڕا دەکات» (بینین ١٢:٩). شەیتان کینە لەدڵە، گومڕا کەرە و بێ بەزییە. هەربۆیە لەژێر کاریگەری شەیتان جیهان پڕ لە ڕق و فێڵ و بێ بەزییە. ئەوە یەکێکە لەو هۆیانەی کە بۆچی جیهان ئەوەندە ئازارچێژتنی تێدایە.
٨ هۆی دووهەم بۆ ئەو هەموو ئازارەی لە جیهاندایە ئەوەیە کە هەروەک لە بەشی سێهەمی ئەم پەرتووکە دا باسمان کرد مرۆڤایەتی هەر لەو کاتەوە کە لە باخچەی عەدەندا لەخودا یاخی بوو، گوناهکارو ناتەواوە. مرۆڤی گوناهبار بۆ زاڵبوونی مەیلی ململانێی لەگەڵ یەکتردا هەیە کە ئاکامەکەی جەنگ و چەوساندنەوە و ئازارچێژتنە (کۆمکار ٤:١؛ ٨:٩). هۆی سێهەمی ئازارچێژتن ئەوەیە کە «کات و بەخت تووشی هەمووان دێت» (کۆمکار ٩:١١). بۆنموونە کاتێ کەسێک بە لای خانوویەکدا دا تێدەپەڕی کە خەریکن دروستی دەکەن و شتێکی بەسەردا بەردەبێتەوە و دەمرێ. لەو جیهانەی کە یەهوە فەرمانڕەواو پارێزەری نییە، خەڵکی لەوانەیە ئازار بچێژن، چونکە لەکاتی خراپدا لەشوینێکی خراپن.
٩ بۆ ئێمە دڵنەواییە بزانین کە خودا هۆکار نییە لە ئازارچێژشتنەکانماندا. خودا لە بەرانبەر جەنگ، بەدکاری و چەوسانەوە و تەنانەت ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە خەڵك تووشی ئازار دەکەن بەرپرسیار نییە. سەرەڕای ئەمەش پێویستە بزانین لەبەرچی خودا ڕێگا بەم ئازارچێژتنە دەدا؟ ئەگەر خودا هەرە بەتواناترینە، هێزی هەیە تا پێش لەم ئازارچێژتنە بگرێ، بەڵام باشە بۆچی کەمتەرخەمی دەکا؟ ئەو خودا خۆشەویستەی ئێمە دەیناسین، بۆ ئەم کارەی دەبێ هۆیەکی باشی بەدەستەوە بێ—١ یۆحەننا ٤:٨.
بابەتێکی زۆر گرنگ دێتە ئاراوە
١٠ بۆ ئەوی تێبگەین بۆچی خودا ڕێگا بە ئازارچێژتن دەدا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتەی کە ئازارچێژتن دەستی پێکرد. کاتێ شەیتان ئادەم و حەوای هاندا تا گوێناڕایەڵی خودا بکەن، پرسیارێکی گرنگ هاتە ئاراوە. شەیتان هێزی یەهوەی نەخستە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو بوونی مافی یەهوەی بۆ فەرمانڕەوایی خستە ژێر پرسیارەوە. شەیتان خودای بە درۆزن دانا و وتی کە خودا شتی چاک لە بەندەکانی دەشارێتەوە. شەیتان دادی بەسەر یەهوە دا کە فەرمانڕەوایەکی خراپە (پەیدابوون ٣:٢-٥). شەیتان وای نیشاندا گەر مرۆڤ لەژێر فەرمانڕەوایەتی خودا دەربچێ ژیانی زۆر خۆشتر دەبێ. ئەوەش هێرشێک بوو بۆ سەروەریەتی یەهوە.
١١ ئادەم و حەوا دژ بە یەهوە یاخی بوون. لە ڕاستیدا ئەوان وتیان: ‹ئێمە یەهوەمان پێویست نییە تا فەرمانڕەوامان بێ. ئێمە خۆمان لەسەر چاکەو خراپە بڕیار دەدەین چی باشە و چی خراپە.› یەهوە چۆن دەبوایە ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخە ببێتەوە؟ ئەو چۆن دەیتوانی هەموو ئەو فریشتانە تێبگەیەنێ کە یاخیبووەکان لە هەڵە دان و ڕێبازەکەی ئەو بەڕاستی باشترین ڕێبازە؟ هەندێ کەس دەڵێن، دەبوایە خودا یاخیبووەکانی لە ناو بردبا و سەر لە نوێ هەموو شتێکی لە سەرەتاوە دروست کردبایەوە. بەڵام یەهوە مەبەستی بوو نەوەکانی ئادەم و حەوا ئەوەندە زۆر بن تا بە سەر هەموو شوێنێکی زەویدا بڵاو ببنەوە و دەیەویست ئەوان لە بەهەشتی سەر زەویدا بژین (پەیدابوون ١:٢٨). یەهوە هەمیشە مەبەستەکانی خۆی دێنێتەدی (ئیشایا ٥٥:١٠، ١١). لە لایەکی تریشەوە لە ناو بردنی یاخیبووەکان وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدەدایەوە کە لەعەدەندا دەربارەی مافی یەهوە بۆ فەرمانڕەوایەتی هاتبووە ئاراوە.
١٢ وەرن با نموونەیەک تاووتوێ بکەین. وێنای بکە کە مامۆستایەک وانە دەدات بە خوێندکاران و ڕێگای چارەسەری کێشەیەکێان بۆ شی دەکاتەوە. خوێندکارێکی زیرەک بەڵام گوێناڕایەڵ بانگەشە دەکا کە چۆنیەتی چارەسەرییەکەی مامۆستاکە هەڵەیە. ئەو خوێندکارە شتەکە وا نیشان دەدا کە مامۆستاکە لێهاتوو نییە و ئەو چارەسەرێکی زۆر باشتری بۆ گرفتەکە هەیە. هەندێ لە خوێندکارەکان پێیان وایە کە ئەو ڕاست دەکا و ئەوانیش پشتی ئەو دەگرن. مامۆستاکە چی بکا باشە؟ ئەگەر ئەو یاخیبووەکان لە پۆلەکە بکاتە دەرەوە، ئەمە چ کاریگەرییەکی لە سەر خوێندکارەکانی تردا دەبێ؟ باشە ئەوان وا بڕوا ناکەن کە خوێندکاری هاوپۆلەکەیان و ئەوانەی بە دوایکەوتون ڕاست دەکەن؟ لەوانەیە هەموو خوێندکارەکانی تری پۆلەکە ئیتر ڕێز بۆ مامۆستاکە دانەنێن، چونکە پێیان وایە مامۆستاکە ترسی لەوەیە کە خوێندکارکان بۆیان دەرکەوێ ئەو هەڵەیە. بەڵام وایدابنێن کە مامۆستاکە مۆڵەتی بە خوێندکارە گوێناڕایەڵەکە دەدات تاکو ئەو چارەسەری گرفتەکە بکات.
١٣ یەهوە کارێکی کردووە لە کاری ئەو مامۆستایە دەچێ. لە بیرت بێ کە یاخیبوونەکەی عەدەن بە تەنها پەیوەندی بەچەند کەسێکەوە نەبوو، بەڵکو ملێونەها فریشتە چاویان لێبوو چی ڕوویدا (ئەیوب ٣٨:٧؛ دانیال ٧:١٠). شێوازی ڕووبەڕوو بوونەوەی یەهوە لەگەڵ ئەم کێشەیە لە بوارێکی بەرچاودا کاریگەری لە سەر هەموو فریشتەکان و نەوەکانی ئادەم دەبوو. کەوابوو، یەهوە چی کرد؟ ڕێگای دا تاکو دەرکەوێ شەیتان چۆن بەسەر مرۆڤایەتیدا فەرمانڕەوایەتی دەکا. خودا هەروەها ڕێگای بە مرۆڤ داوە تا لە ژێر ڕێنمایی شەیتانەوە فەرمانڕەوایەتی خۆیان بکەن.
١٤ ئەو مامۆستایەی کە لە ڕوونکردنەوەکەماندا باسمانکرد، دەزانێ یاخیبووەکەو لایەنگرەکانی بەهەڵەدا چوون. بەڵام دەشزانێ کە تەواوی پۆلەکە سوودمەند دەبێ گەر مۆڵەت بە یاخیبوان بدا تاکو بیروبۆچوونەکەیان بسەلمێنن. کاتێ یاخیبووەکان شکست بێنن، خوێندکارە ڕاستودروستەکان دەبینن کە بەرێوبردنی پۆلەکە تەنها شایەنی مامۆستاکەیە. ئەم خوێندکارانە تێدەگەن بۆچی مامۆستاکە بەدوای ئەمەدا ئەوەی گوێڕایەڵ نەبێ لەپۆل دەریدەکا. هەر بە هەمان شێوە یەهوە دەزانێ کە هەموو مرۆڤە دڵڕاستەکان و فریشتەکانیش بە بینینی ئەوەی کە شەیتان و جنۆکەکان شکستیان هێناوە و مرۆڤ ناتوانێ بەسەر مرۆڤدا فەرمانڕەوایەتی بکا سوود وەردەگرن. ئەوان ئەو ڕاستییە فێر دەبن کە یرمیا لە سەردەمی کۆندا فێری بوو «زانیم ئەی خوداوەند کە مرۆڤ ڕێگای خۆی نییە، پێاوێک کە بڕوات بۆی نییە ئاراستەی بکات هەنگاوەکانی»—یرمیا ١٠:٢٣.
بۆچی ئەوەندە زۆری خایاند؟
١٥ بۆچی یەهوە ڕێگای داوە تا ئازارچێژتن بۆ ماوەیەکی ئەوەندە دوور و درێژ بخاێنێ؟ هەروەها بۆچی ئەو پێشی ڕوودانی شتە ناخۆشەکانی نەگرتووە؟ با تێبینی دوو شت بکەین کە ئەو مامۆستایەی باسمانکرد نەیدەکرد. یەکەم، پێشی بە خوێندکارە گوێناڕایەڵەکە نەدەگرت تا چارەسەرەکەی خۆی نیشان بدا. دووهەم، مامۆستا بۆ جێبەجێکردنی مەبەستەکەی یارمەتی یاخیبووەکەی نەدەدا. هەر بەهەمان شێوە سەرنج بدە دوو شت کە یەهوە بڕیاری لە سەر داون تا نەیانکات. یەکەم، یەهوە پێشی بە شەیتان و لایەنگرەکانی نەگرتووە تاکو ئەوەی خۆیان بە دروستی دەزانن بسەلمێننن. هەربۆیە تەنها تێپەڕ بوونی کات ئەمە دەسەلمێنێ. لە ماوەی مێژووی هەزاران ساڵەێ مرۆڤدا، مرۆڤایەتی توانیویەتی هەموو جۆرە فەرمانڕەوایەتییەک کە بۆ خۆی پێکهێنەری بووە ئەزموون بکا. لە بواری زانستی و بواری تردا مرۆڤ پێشکەوتنی بە خۆوە بینیوە بەڵام لە ناڕەوایی، هەژاری، تاوان و جەنگدا تاهاتووە خەرابتر بووە. ئێستا ئیتر دەرکەوتووە کە فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ شکستی هێناوە.
١٦ دووهەم، یەهوە لە فەرمانڕەوایی کردنی ئەم جیهانەدا یارمەتی شەیتانی نەداوە. گەر یەهوە پێشی بە تاوانە ترسناکەکان گرتبایە، ئایا ئەم کارەی یەهوە لە ڕاستیدا پشتیوانی لە مەبەستی یاخیبووەکان نەدەبوو؟ ئایا ئەو کات خەڵکی بیریان نەدەکردەوە کە لەوانەیە مرۆڤ بتوانێ فەرمانڕەوایی خۆی بکا بێ ئەوەی کارەساتی بەدواوە بێ؟ ئەوەش خواستی شەیتانە کە خەڵک ئاوا بیر بکەنەوە. بەڵام ئەوە درۆیە و یەهوە هەرگیز پشتگیری لەم درۆیە ناکات، چونکە «خودا هەرگیز درۆ ناکات»—عیبرانیەکان ٦:١٨.
١٧ ئەی ئەو هەموو زیانەی کە لەو ماوە دوور و درێژەی یاخیبووندا بە خەڵکی گەیاندراون. واباشە لە بیرمان بێ کە یەهوە هەرە بەتواناترینە. لەبەرئەمە ئاکامی هەموو ئازار چێژتنەکانی مرۆڤ پووچەڵ دەکاتەوە و لە تواناشیدا هەیە ئەم کارە بکا. هەروەک پێشتر فێری بووین، ئەو وێرانکارییەی لە زەویدا کراوە، سەر لە نوێ چاک دەکرێتەوە و زەوی دەبێت بە بەهەشت. باوەڕ هێنان بە قوربانییەکەی عیسا ئاکامەکانی گوناهکاری پاک دەکاتەوە و زیندووکردنەوە جێگای مردن دەگرێتەوە. خودا عیسا بۆ «تێکدانی کرداری شەیتان» بە کار دەهێنێ (١ یۆحەننا ٣:٨). یەهوە هەموو ئەمانە ڕاست لە کاتی دیاری کراودا دێنێتەدی. ئێمە دەبێ دڵخۆش بین بەوەی کە خودا زوترئەم کارەی نەکردوە، چونکە ئەوە لەسەرە خۆیی خودایە کە دەرەتانی ناسینی ڕاستی و خزمەتکردنی ئەوی بە ئێمە بەخشیوە (٢ پەترۆس ٣:٩، ١٠). لەو ماوەیەدا خودا چالاکانە بەدوای خوداپەرستانی ڕاستودروستدا گەڕاوە و یارمەتی داون تا لە هەموو جۆرە ئازارێکدا کە لە وانەیە لەم جیهانە پڕکێشەیەدا تووشی بن بەرگەبگرن—یۆحەننا ٤:٢٣؛ ١ کۆرنسۆس ١٠:١٣.
١٨ هەندێ کەس لەوانەیە بیر بکەنەوە، ئەگەر خودا ئادەم و حەوای بەجۆرێک دروست کردبا کە نەیانتوانیبا یاخی بن، ئایا پێش لە هەموو ئەم ئازارچێژتنانە نەدەگیرا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بە دیارییەکی پڕبایەخەوە هەیە کە یەهوە بە تۆی بەخشیوە.
ئایا تۆ چۆن کەڵک لە بەهرەی خودا وەردەگری
١٩ هەروەک لە بەشی پێنجەمدا تێبینیمان کرد، مرۆڤ بە بەهرەی خواستی سەربەستەوە ئافرێندراوە. ئایا تۆ سەرەنجت داوە کە ئەمە دیارییەکی چەندە پڕبایەخە؟ خودا ئاژەڵی یەکجار زۆری ئافراندووە کە تا ئاستێکی زۆر بە یارمەتی پاڵنەری غەریزەوە دەژین (پەندەکان ٣٠:٢٤). مرۆڤ ڕۆبۆتیان دروست کردوون کە پڕۆگرام دەکرێن بۆ ئەوەی هەموور فەرمانێک جێبەجێ بکەن. ئایا ئێمە بەختەوەر دەبووین گەر خوداش ئێمەی ئاوا دروست کردبایە؟ نەخێر. ئێمە دڵخۆشین بە هەبوونی ئەو سەڕبەستییەی کە هەمانە و ئەوەش لە هەڵبژاردنی کەسایەتی بۆ خۆمان، رێبازی ژیان و دۆستەکانمان و شتی تری ژیاندا یارمەتیمان دەدا. ئێمە بە ڕێزەوە دەڕوانینە ئەو سەربەستییەی پێمان دراوە و خوداش دەیهەوێ کە ئێمە چێژی لێ وەرگرین.
٢٠ یەهوە حەزی بە خوداپەرستییەک نییە کە بە ناچاری بێ (٢ کۆرنسۆس ٩:٧). بۆ ڕوونکردنەوە: ئایا دایک و باوک لایان خۆشترە تا منداڵەکەیان بە خۆشی خۆی لە دڵەوە پێیان بڵێ «خۆشم دەوێن»، یان ئەوەیان پێ بڵێ کە فەرمانی پێکرابێ؟ پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ تۆ چۆن سوود لەو سەربەستییە وەردەگری کە یەهوە پێی بەخشیوی؟ شەیتان و ئادەم و حەوا بە خراپترین شێوە کەڵکیان لێ وەرگرت؟ ئەوان یەهوە خودایان ڕەتکردەوە. تۆ بە تەمای چی بکەی؟
٢١ تۆ دەرەتانی ئەوەت بۆ ڕەخساوە تا بە باشترین شێوەی گونجاو دیاری سەرسووڕهێنەری خواستی سەربەست بەکاربهێنینی. تۆ دەتوانی تێکەڵاوی ملێونەها کەس بی کە لایەنگری یەهوەن. ئەوان خودا دڵخۆش دەکەن چونکە بە کردەوەی خۆیان سەلماندویانە کە شەیتان درۆزنە و فەرمانڕەوایەکی دۆڕاوی داماوە (پەندەکان ٢٧:١١). تۆش هەروها دەتوانی بە هەڵبژاردنی ڕێبازی دروست لە ژیاندا، خودا دڵخۆش بکەی. ئەمەش لە بەشی دواییدا ڕووندەکرێتەوە.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا
▪ خودا هۆکاری بارودۆخە خراپەکانی سەر زەوی نییە—ئەیوب ٣٤:١٠.
▪ کاتێ شەیتان خودای بە درۆزن دانا و وتی کە خودا شتی باش لە بەندەکانی دەشارێتەوە، مافی یەهوەی لە فەرمانڕەوایی کردندا خستە ژێر پرسیارەوە —پەیدابوون ٣:٢-٥.
▪ یەهوە ڕۆڵەکەی وەک فەرمانڕەوای پادشاهێتی ئاسمان بۆ کۆتایی بە ئازار چێژتنەکانی مرۆڤ و سڕینەوەی ئاکامەکانی بەکاردەهێنێ—١ یۆحەننا ٣:٨.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. ئیمڕۆ خەڵکی تووشی کام ئازارانە دەبن، لەئاکامدا خەڵکی کام پرسیارانەیان لا دروست دەبێ؟
٣، ٤. (ا) چ شتێک بۆمان دەردەخا کە هەڵە نییە پرسیار بکەین بۆچی خودا ڕێگا بە ئازار چێژتن دەدا؟ (ب) یەهوە سەبارەت بە بەدکاری و ئازار چێژتن چ هەستێکی هەیە؟
٥. سەبارەت بە ئازار چێژتنی مرۆڤ هەندێ جار چ ڕوونکردنەوەیەک دەدرێتە دەست، بەڵام پەرتووکی پیرۆز چیمان فێر دەکا؟
٦. بۆچی زۆربەی خەڵک بە هەڵەدا چوونە کاتێ بەهۆی ئازارەکان لەم جیهانەدا خودا سەرزەنشت کەن؟
٧، ٨. (ا) جیهان بە چ شێوەیەک کەسایەتی فەرمانڕەوایەکەی دەردەخا؟ (ب) چۆن ناتەواوی مرڤ و «کات و بەخت» دەستیان لە ئازارچێژتنی مرۆڤدا هەیە؟
٩. بۆچی ئێمە دەبێ دڵنیا بین لەوەی کە یەهوە هۆیەکی باشی بەدەستەوەیە کە ڕێگا بە درێژەکێشانی ئازارچێژتن دەدا؟
١٠. شەیتان چی خستە ژێر پرسیارەوە و بە چ شێوەیەک؟
١١. بۆچی یەهوە هەر لە عەدەندا یاخیبووەکانی لە ناو نەبرد؟
١٢، ١٣. ڕوونی بکەوە یەهوە لەبەر چی ڕێگای دا شەیتان ببێت بە فەرمانڕەوای ئەم جیهانە و هەروەها ڕێگای بە مرۆڤ دا فەرمانڕەوایەتی خۆی بکا.
١٤. چ کەڵکێک لەوەوە وەردەگیرێ کە یەهوە ڕێگای بە مرۆڤ داوە تاکو فەرمانڕەوایەتی خۆی بکا؟
١٥، ١٦. (ا) بۆچی یەهوە ڕێگای داوە تا ئازارچێژتن ئاوا زۆر درێژە بخایەنێ؟ (ب) بۆچی یەهوە پێشی بەم تاوانە ترسناکانە نەگرتوە؟
١٧، ١٨. ئایا یەهوە لەگەڵ ئەو هەموو زیانەی کە لە ئاکامی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ و کاریگەری شەیتان بەدیهاتوون چی دەکا؟
١٩. ئایا یەهوە چ دیارییەکی پڕبایەخی بە ئێمە بەخشیوە و بۆچی ئێمە دەبێ گرنگی پێبدەین؟
٢٠، ٢١. چۆن دەکرێ بە باشترین شێوەی گونجاو خواستی سەربەست بەکاری بهێنین و بۆچی ئێمە دەمانهەوێ ئەمە بکەین؟
[وێنەی لاپەڕە ١٠٦، ١٠٧]
یەهوە کۆتایی بە هەموو ئازار چێژتنەکان دەهێنێ
[وێنەی لاپەڕە ١١٠]
ئایا خوێندکار لە مامۆستاکەی لێهاتوو ترە؟
[وێنەی لاپەڕە ١١٣]
خودا یارمەتی تۆ دەدا تا لە بەرامبەر ئازارەکاندا خۆڕاگر بی