بەشی سێزدەهەم
ژیان لە ڕوانگەی خوداوە
خودا چۆن دەڕوانێتە ژیانەوە؟
خودا چۆن دەڕوانێتە منداڵ لەبەر بردنەوە؟
ئێمە چۆن ڕێز بۆ ژیان نیشان دەدەین؟
پێغەمبەر یرمیا فەرمووی: «بەڵام خوداوەند [یەهوە] خودای ڕاستە، ئەو خودای زیندووە» (یرمیا ١٠:١٠). هەروەها یەهوە خودا ئافەریدگاری هەموو گیانلەبەرێکە. ئافەریدە ئاسمانییەکان بە خودا دەڵێن: «تۆ دروستکەری هەموو شتێکیت، ئەو شتانەش بە خواستی تۆ بوونی هەیەو دروست بووە» (بینین ٤:١١). داود پادشا لە گۆرانییەکدا بۆ ستایشی خودا، دەڵێ: «کانی ژیان لای تۆیە» (زەبوورەکان ٣٦:٩). کەوابوو ژیان دیارییەکە لە لایەن خوداوە.
٢ هەروەها یەهوە بەڕێوەبەری ژیانە (کرداری نێرراوان ١٧:٢٨). خودا خۆراک و ئاو و هەوای بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی سەر زەوی دابین دەکا (کرداری نێرراوان ١٤:١٥-١٧). یەهوە ئەمەی بە شێوەیەک دابین کردووە کە ژیان خۆشتر دەکەن. بەڵام بۆ ئەوەی بە تەواوی چێژ لە ژیان وەرگرین، پێویستە یاساکانی خودا فێر بین و پەیڕەویان بکەین—ئیشایا ٤٨:١٧، ١٨.
ڕێزگرتن لە ژیان
٣ خودا دەیهەوێ ئێمە ڕێز لە ژیانی خۆمان و هەموو زیندەوەران بگرین. بۆ نموونە، لە سەردەمی ئادەم و حەوادا، قابیلی کوڕیان لە هابیلی برای بچووکەکەی زۆر تووڕە بوو. یەهوە قابیلی ئاگادار کردەوە کە لەوانەیە تووڕەییەکەی تووشی گوناهێکی گەورەی بکا. قابیل گوێی نەدایە ئەم ئاگادار کردنەوەیە. «قابیل پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی» (پەیدابوون ٤:٣-٨). لەبەر ئەوەی قابیل براکەی خۆی کوشت یەهوە سزای دا—پەیدابوون ٤:٩-١١.
٤ دوای چەندین هەزار ساڵ یەهوە ڕاسپاردەی بۆ گەلی ئیسرائیل نارد تا فێربن خودا بە شێوەیەکی دروست بپەرستن. چونکە ئەم ڕاسپاردانە لە ڕێگای موسای پێغەمبەرەوە بەخەڵکی دران، هەربۆیە هەندێ جار پێیان دەوترێ شەریعەتی موسا. یەکێک لە ڕاسپاردەکان ئەوەیە: «مەکوژە» (وتەکان ٥:١٧). ئەمە بۆ ئیسرائیلییەکانی ڕوون کردەوە کە خودا بایەخ بە ژیانی مرۆڤ دەدا و ئەوانیش دەبێ بایەخ بە ژیانی کەسانی تر بدەن.
٥ ئەدی هەڵوێستی خودا سەبارەت بە ژیانی منداڵێک کە هێشتا لە دایک نەبووە، چییە؟ بە پێی شەریعەتی موسا کوشتنی منداڵ لە منداڵدانی دایکدا هەڵە بوو. بەڵێ، تەنانەت ژیانی ئەم منداڵەش لە لای خودا بایەخی هەیە (دەرچوون ٢١:٢٢، ٢٣؛ زەبوورەکان ١٢٧:٣). ئەوە بە واتای ئەوەیە، کە منداڵ لەبەربردن هەڵەیە.
٦ ڕێزگرتن لە ژیان بە واتای ئەوەیە کە ڕوانگەیەکی دروستمان لەسەر خەڵکی هەبێ. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ئەوەی ڕقی لە براکەی بێتەوە بکوژە، دەزانن ژیانی هەتاهەتایی لە هیچ بکوژێک جێگیر نابێت» (١ یۆحەننا ٣:١٥). گەر ئێمە خوازیاری ژیانی هەمیشەیی بین، دەبێ هەر ڕقێک بەرامبەر خەڵکی لە دڵماندایە فڕێی بدەین، چونکە ڕق لێهەڵگرتن بناغەی زۆربەی توند و تیژییەکانە (١ یۆحەننا ٣:١١، ١٢). زۆر گرنگە فێری ئەوە بین یەکترمان خۆش بوێ.
٧ ئەی ڕێزگرتن لە ژیانی خۆمان؟ بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی حەز بە مردن ناکەن، بەڵام هەندێک کەس تەنها لەبەر خۆشی و گاڵتەوە ژیانیان دەخەنە مەترسی مردنەوە. بۆ نموونە زۆر کەس جگەرە یان نێرگەلە دەکێشن. بەکارهێنانی ئەم شتانە زیان بە لەش دەگەیەنن و زۆرجار بەکارهێنەر پێیان دەمرێ. کەسێک کە خوو بە بەکارهێنانی ئەمجۆرە شتانە بگرێ ئەوا ڕێز لە پیرۆز بوونی ژیان ناگرێ. لە ڕوانگەی خوداوە ئەم کارانە ناپاکن (ڕۆما ٦:١٩؛ ١٢:١؛ ٢ کۆرنسۆس ٧:١). بۆ ئەوەی خودا خوداپەرستییەکەمان لێ قەبوڵ بکا، نابێ ئەم شتانە بەکار بهێنین. هەرچەندە وازلێهێنانیان لەوانەیە گران بێ، بەڵام یەهوە بۆ ئەم مەبەستە یارمەتیمان دەدا. یەهوە هەروەها ڕێز دەگرێ لەوەی کە ئێمە لەپێناوی بایەخدان بە ژیان کۆشش دەکەین. ژیان دیارییەکی بەنرخە لەلایەن خوداوە.
٨ ئەگەر ڕێزمان بۆ ژیان هەبێ هەمیشە دەبێ گرنگی بە پارێزگاری خۆمان بدەین. ئەو کات ئێمە خۆپاراستن پشتگوێ ناخەین و بە مەبەستی خۆشی و گاڵتەوە کاری مەترسیدار ناکەین. بە کەمتەرخەمییەوە ئوتومبیل لێناخوڕین و وەرزشی توند و تیژ و مەترسیدار ناکەین (زەبوورەکان ١١:٥). خودا لەیاساکەیدا بۆ گەلی ئیسرائیلی کۆن دەفەرمووێ: «ئەگەر خانووێکی نوێت بنیاد نا، ستارە بۆ سەربانەکەت بکە، نەوەک خوێنێک بهێنیتە سەر ماڵەکەت ئەگەر یەکێکی لێکەوتە خوارەوە» (وتەکان ٢٢:٨). بەگونجاوی لە گەڵ بنەمای ئەم ڕاسپاردەیەی کە لە یاسای خودا دایە، ئاگاداری پێپلیکانو شتەکانی تری ناو ماڵەکەتان بن تا کەس تێیان هەڵنەنگوێ و بەربێتەوە یان ئازاری توندی پێبگا. ئەگەر ئوتومبیلت هەیە، دڵنیابە لەوەی کە لێخوڕینی بێگیروگرفتە. مەهێڵە ماڵەکەت یان ئوتومبیلەکەت ژیانی خۆت یان خەڵکی دیکە بخاتە مەترسییەوە.
٩ با بزانین کە ڕوانگەی خودا سەبارەت بە ژیانی ئاژەڵان چۆنە؟ ژیانی ئەوانیش بۆ ئافەریدگار پیرۆزە. خودا ڕێگە دەدا تەنها بۆ مەبەستی خۆراک و جلوبەرگ یان پارێزگاری لە مەترسییەوە ئاژەڵان بکوژرێن (پەیدابوون ٣:٢١؛ ٩:٣؛ دەرچوون ٢١:٢٨). بەڵام بێبەزەیی سەبارەت بە ئاژەڵان یان کوشتنیان بە مەبەستی دڵخۆشی و وەرزش هەڵەیە و رێز نەگرتنە لە پیرۆزی ژیان—پەندەکان ١٢:١٠.
ڕێزدانان بۆ خوێن
١٠ دوای ئەوەی کە قابیل هابیلی برای کوشت، یەهوە پێی فەرموو: «دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات» (پەیدابوون ٤:١٠). کاتێ خودا باس لە خوێنی هابیل دەکا، لەڕاستیدا مەبەستی لە ژیانی هابیلە. قابیل ژیانی لە هابیل ستاندبوو و ئێستا دەبوایە قابیل سزا بدرێ. وەک ئەوەی کە خوێنی هابیل، یان ژیانی ئەو هاواری بۆ یەهوە کردبێ تا قابیل دادگایی بکا. بە دوای ئەو لافاوەی لە ڕۆژانی نۆحدا هات جارێکی دیکە پەیوەندی نێوان ژیان و خوێن دەرکەوت. بەر لە لافاوەکە مروڤ تەنها میوە و سەوزە و دانەوێڵە و میوەی کاکڵەداری دەخوارد. لە دوای لافاوەکە یەهوە بە نۆح و کوڕەکانی فەرموو: «هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان: هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون ئێستا هەموو شتێکتان پێدەدەم کە لەسەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکێش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە». بەڵام خودا سنوورێکی بۆ دانان، فەرمووی: «بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا زیندوو [گیانی تێدایە]، واتا کە خوێنی تێدا بێت» (پەیدابوون ١:٢٩؛ ٩:٣، ٤). یەهوە بە ئاشکرایی خوێن و ژیانی ئافەریدەکان وەک یەک دادەنێ.
١١ ئێمە خوێن ناخۆین، چونکە ڕێز بۆ خوێن دادەنێن. یەهوە لە یاساکەیدا ئیسرائیلییەکانی ڕاسپارد: «هەموو مرۆڤێک ... کە نێچیرێکی ڕاوکرد، ئاژەڵێکی کێوی یان باڵندەیەک لەوانەی دەخورێن، خوێنەکەی دەڕێژێت و بە خۆڵ دایدەپۆشێت ... بە نەوەی ئیسرائیلم وت: ‹خوێنی هیچ زیندەوەرێک مەخۆنەوە› » (لێڤییەکان ١٧:١٣، ١٤). ڕاسپاردەی خودا بۆ نەخواردنی خوێن، یەکەم جار هەشتسەد ساڵ پێشتر بە نۆح درابوو، کەچی لە سەردەمی ئیسرائیلییەکانیشدا خودا باسی لێکردەوە. ڕوانگەی یەهوە ڕوون بوو: خزمەتکارەکانی بۆیان هەبوو گۆشتی ئاژەڵان بخۆن، بەڵام خوێنەکەی نەخۆنەوە. ئەوان دەبوایە خوێنەکە بڕێژنە ژێڕخۆڵەوە، هەروەک ئەوەی کە ژیانی ئافەریدەکە بۆ لای خودا دەگەڕێتەوە.
١٢ جێبەجێ کردن هەمان ڕاسپاردە لە ئەستۆی مەسیحییەکانیشە. لە سەدەی یەکەمدا قوتابییەکانی عیسا و هەندێ لە پیاوە مەسیحییەکانیتر کۆبونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم ڕاسپاردانەی کە دەبوایە لە هەموو کۆمەڵی مەسیحییەکاندا پەیڕەو بکرێن. ئەوان بەم ئاکامە گەییشتن: «چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمە وامان بەباش زانی قورسایی نەخەینە سەر شانتان جگە لەوەی پێویستە، کە ئەمانەن: «خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانیانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەرەوەها لەخواردنی ئاژەڵی خنکێنراو [خوێن لە گۆشتەکەدا مابێتەوە] خوێنو لەداوێن پیسی» (کرداری نێرراوان ١٥:٢٨، ٢٩؛ ٢١:٢٥). کەوابو ئێمە دەبێ ‹خۆمان لە خواردنی خوێن بپارێزین›. گرنگی ئەمە لەبەرچاوی خودا یەکسانە بە دووربوونەوە لە بتپەرستی و داوێنپیسی.
١٣ ئایا ڕاسپاردەی دووربوونەوە لە خوێن بە واتای ئەوەیە کە خوێنبەخشین هەڵەیە؟ بەڵێ. بۆ ڕوونکردنەوە: وایدابنێن پزیشکێک خواردنەوەی مەی لێ قەدەغە کردووی. ئایا واتای ئەوەیە کە نابێ مەی بخۆیەوە، بەڵام بۆت هەیە بە دەرزی لە ناو دەمارەکانی خوێنتی بکەی؟ نەخێر، وانییە! هەر بەهەمان شێوە دووربوونەوە لە خوێن واتای ئەوەیە کە نابێ بە هیچ جۆرێک بچێتە ناو لەشمانەوە. کەوابوو ڕاسپاردەی دوورکەوتنەوە لە خوێن بە واتای ئەوەیە کە ئێمە نابێ ڕێگە بە هیچ کەسێک بدەین خوێن بکاتە ناو دەمارەکانمانەوە.
١٤ ئەگەر مەسیحییەک بەسەختی بریندار بێ یان پێویستی بە نەشتەرگەری گەورە هەبێ، دەبێ چی بکا؟ لەوانەیە پزیشکەکان بڵێن کە دەبێ خوێنی پێبدرێ دەنا دەمرێ. گومان لەوەدا نییە کەسێکی مەسیحی نایەوێ بمرێ. لە پێناوی پاراستنی دیارییە بەنرخەکەی خودا کە ژیانە، ئەو کەسە دەتوانێ ڕێگە چارەسەرێکی تر بگرێتەبەر کە بەکارهێنانی خوێن پێویست نەبێ. بۆ ئەم مەبەستە نەخۆش دەتوانی بەدوای ئەو ڕێگەی چارەسەرییانەدا بگەڕێ کە لەبەردەستدان و دەتوانێ یەکێ لەوان هەڵبژێرێ کە لەبری خوێنبەخشین بەکاردەهێندرێن.
١٥ ئایا مەسیحی ڕاستەقینە تەنها بۆ مەبەستی درێژەپێدانی ژیانی لە سیستەمی ئەم جیهانەدا دەبێ یاسای خودا بشکێنێ؟ عیسا فەرمووی: «چونکە ئەوەی بیەوێ ژیانی [یان گیانی] ڕزگار بکات، ژیان دەدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی بدۆڕێنێت لە پێناوی من، ژیانی ڕزگاردەکات» (مەتتا ١٦:٢٥). ئێمە نامانەوێ بمرین. بەڵام گەر بمانەوێ ژیانی ئێستامان بپارێزین، ئەویش بە شکاندنی یاسای خودا، ئێمە لە مەترسی ئەوە داین کە ژیانی هەمیشەییمان لەدەست بدەین. ئەگەر دانا بین و پشت بە ڕاستودروستی یاسای خودا ببەستین گەر بەهەرهۆیەکەوە بمرین، دەبێ متمانەی ئەوەمان هەبێ کە بەخشێنەری ژیان ئێمەی لە بیر دەبێ و لە کاتی زیندووکردنەوەدا سەرلەنوێ دیاری پڕبایەخ کە ژیانە بە ئێمە دەبەخشێتەوە—یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩؛ عیبرانیەکان ١١:٦.
١٦ ئێمرۆ خزمەتکارانی دڵسۆزی خودا بە دڵنیاییەوە سوورن لەسەر ئەوەی کە ڕێنماییەکەی سەبارەت بە خوێن جێبەجێ بکەن. ئەوان بە هیچ شێوەیەک خوێن ناخۆن و وەک بەشێک لە چارەسەری نەخۆشیش بەکاری ناهێنن.a ئەوان دڵنیان لەوەی کە ئەو خودایەی خوێنی دروست کردووە باش دەزانێ چ شتێک بۆ ئەوان باشە. ئایا تۆش بڕوا دەکەی کە خودا ئەمە باش دەزانێ؟
تەنیا ڕێگەی دروستی بەکار هێنانی خوێن
١٧ لە شەریعەتی موسا دا بە تەنها ئاماژە بۆ یەک ڕێگەی بەکارهێنانی خوێن کراوە. سەبارەت بە خواپەرستی ئیسرائیلی کۆن، یەهوە ڕایسپارد: «چونکە ژیانی [گیانی] زیندەوەر لە خوێن دایە و من لەسەر قوربانگە بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان، چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات» (لێڤییەکان ١٧:١١). ئەو ئیسرائیلییانەی گوناهیان کردبوو، بۆ پاکبوونەوەی گوناهەکەیان دەبوایە ئاژەڵێکیان قوربانی کردبایە و خوێنەکەیان بە چادری پەڕستگا و قوربانگا داکربایە. تەنها ڕێگەی دروستی بەکارهێنانی خوێن لە کاتی قوربانیکردندا بوو.
١٨ مەسیحییە ڕاستەقینەکان جێبەجێکردنی شەریعەتی موسایان لەسەر نییە و هەربۆیەش قوربانی ئاژەڵ بەجێ ناهێنن تا خوێنەکەی بە سەر قوربانگا دابکەن (عیبرانیەکان ١٠:١). بەکارهێنانی خوێن لە قوربانگا لە سەردەمی ئیسرائیلی کۆندا، ئاماژە کردنێک بوو بۆ ئەو قوربانییە پڕبایەخەی کە ڕۆڵەی خودا، عیسای مەسیح وەک دواین قوربانی پێشکەشی کرد. هەروەک لە بەشی پێنجەمی ئەم پەرتووکەدا فێری بووین، عیسای مەسیح ژیانی مرۆڤانەی بۆ ئێمە بەختکرد و خۆی پێشکەش کرد تا خوێنەکەی وەک قوربانی بڕژێ. پاشان بەرەو ئاسمان بەرز کرایەوە و تەنها یەکجار بۆ هەمیشە بایەخی خوێنی خۆی پێشکەش کرد (عیبرانیەکان ٩:١١، ١٢). ئەمە بناغەی لێخۆشبوونی گوناهەکانمانی دامەزراند و ڕێگای گەییشتن بە ژیانی هەمیشەیی بۆ کردینەوە (مەتتا ٢٠:٢٨؛ یۆحەننا ٣:١٦). بەڕاستی گرنگی بەکارهێنانی خوێن بە ڕێگەی دروست سەلمێندرا (١ پەترۆس ١:١٨، ١٩). ئێمە تەنها بە باوەڕهێنان بە بایەخی خوێنی ڕژاوی عیساوە ڕزگارمان دەبێ.
١٩ ئێمە دەتوانین سوپاسگوزاری یەهوە خودا بین بۆ ئەو دیارییە بە نرخە کە ژیانە و پێشکەشی کردووین. ئایا ئەمە نابێ ببێتە پاڵنەرێک بۆ ئێمە تا خەڵکانیتریش ئاگادار بکەینەوە سەبارەت بەو دەرەتانەی کە بۆ بەدەستهێنانی دیاری ژیانی هەمیشەیی هەیانە، گەر باوەڕ بە قوربانیەکەی عیسای مەسیح بهێنن؟ ئەگەر ئێمە وەک خودا بەتەنگ ژیانی مرۆڤەوە بین دەبێ زۆر چالاکانە خەڵکی وشیار بکەینەوە (خزقیال ٣:١٧-٢١). گەر ماندوو نەناسانە ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین، بۆمان هەیە ئەوە بڵێین کە پۆڵسی نێرراو فەرمووی: «من لەخوێنی هەمووتان بێتاوانم، چونکە دوانەکەوتم لەڕاگەیاندنی هەموو مەبەستەکانی خودا بۆتان» (کرداری نێرراوان ٢٠:٢٦، ٢٧). باسکردن دەربارەی خودا و مەبەستەکانی باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی دەریبخەین کە لە بەرزترن ئاستدا ڕێزمان بۆ خوێن و ژیان هەیە.
[ژێرنووس]
a بۆ زانیاری زۆرتر سەبارەت بە چارەسەرییەکانی خوێنگۆڕین، بڕوانە لاپەڕەکانی ١٣-١٧ لە نامیلکەی خوێن چۆن دەتوانی ژیانت بپارێزێ؟ (بە زمانی ئینگلیزی) لەلایان شاهیدانی یەهوەوە بڵاوکراوەتەوە.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات
▪ ژیان دیارییە لە لایان خوداوە—زەبوورەکان ٣٦:٩؛ بینین ٤:١١.
▪ منداڵ لەبەربردن ناڕەوایە، تەنانەت ژیانی منداڵێک کە هێشتا لەدایک نەبووە لە ڕوانگەی خوداوە پڕبایەخە—دەرچوون ٢١:٢٢، ٢٣؛ زەبوورەکان ١٢٧:٣.
▪ ئێمە ژیانمان ناخەینە مەترسییەوە و خوێن ناخۆین، چونکە دەمانهەوێ ڕێزمان بۆ ژیان نیشان بدەین—وتەکان ٥:١٧؛ کرداری نێرراوان ١٥:٢٨، ٢٩.
[پرسیارەکانی وانە]
١. کێ هەموو گیانلەبەرێکی ئافراندووە؟
٢. بۆ ئەوەی ژیانمان بەڕێوەبچێ خودا چی دەکا؟
٣. هەڵوێستی خودا سەبارەت بە کوژرانی هابیل چۆن بوو؟
٤. خودا لە ڕێگای شەریعەتی موساوە، چۆن دەریخست کە ڕوانگەی دروست سەبارەت بە ژیان چییە؟
٥. ئێمە چۆن دەبێ یڕوانینە منداڵ لەبەربردن؟
٦. بۆچی ئێمە نابێ ڕق لە خەڵکی هەڵگرین؟
٧. هەندێ لەو کردارانەی کە نیشانەی بێڕێزین بۆ ژیان کامانەن؟
٨. بۆچی دەبێ لە بیرمان بێ کە پارێزگاری لە خۆمان بکەین؟
٩. ئەگەر ڕێزمان بۆ ژیان هەبێ، دەبێ چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئاژەڵان بکەین؟
١٠. خودا چۆن نیشانیداوە کە لە نێوان خوێن و ژیاندا پەیوەندییەکی نەپچڕاو هەیە؟
١١. لە سەردەمی نۆحەوە خودا چ جۆرە بەکارهێنانێکی خوێنی قەدەغە کردووە؟
١٢. ئەو ڕاسپاردەیەی سەبارەت بە خوێن لە سەدەی یەکەمدا بە یارمەتی ڕۆحیپیرۆزەوە بە مەسیحییەکان دراو ئێستاش پەیڕەودەکرێ کامەیە؟
١٣. ڕوونیبکەوە بۆچی ڕاسپاردەی دوورکەوتنەوە لە خوێن، خوێنبەخشین دەگرێتە خۆی.
١٤، ١٥. ئەگەر پزیشکەکان بە مەسیحییەکی ڕاستەقینە بڵێن دەبێ خوێن وەربگرێ، دەبێ ئەو مەسیحییە هەڵوێستی چۆن بێ و بۆچی دەبێ ئەمە بکا؟
١٦. خزمەتکارانی دڵسۆزی خودا بە دڵنیاییەوە چ بڕیارێکێان سەبارەت بە خوێن داوە؟
١٧. لە سەردەمی نەتەوەی ئیسرائیلی کۆندا تەنها ڕێگای دروستی بەکارهێنانی خوێن چۆن بوو کە ڕەزامەندی یەهوەی لەسەر بوو؟
١٨. ڕژانی خوێنی عیسا سوودی چی هەبوو و چ پیرۆزییەکی بەدیهێنا؟
١٩. ئایا ئێمە بۆ ئەوەی خوێنی کەسمان نەیەتە سەر ئەستۆ دەبێ چی بکەین؟
[خشتەی ناو لاپەڕە ١٢٦]
ئێمە نیشانی دەدەین کە ڕێزمان بۆ ژیان هەیە
▪ کاتێ ژیان لە منداڵێکی هێشتا لە دایک نەبوو ناستێنین
▪ کاتێ لە ڕەوشتە ناپاکەکان دوور دەکەوینەوە
▪ کاتێ هەر ڕقێک بەرامبەر خەڵکی لە دڵماندایە فڕێی بدەین
[وێنەی لاپەڕە ١٣١]
ئەگەر پزیشک بۆت دیاری بکا دەبێ لە خواردنەوەی مەی خۆت بپارێزی، ئایا دەتوانی مەی بە دەرزی لە ناو دەمارەکانی خوێنت بکەی؟
[وێنەی لاپەڕە ١٣٢]
چۆن ئێمە دەتوانین ڕێزمان بۆ خوێن و ژیان نیشان بدەین؟