بەشی یەکەم
کام زانیاریانە دەربارەی خودا ڕاستن؟
ئایا خودا بەڕاستی بایەخ بەئێمە دەدات؟
خودا کێیە؟ ئایا هیچ ناوێکی هەیە؟
ئایا دەتوانین پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ خودا ببەستین؟
ئایا هەرگیز سەرنجی ئەوەت داوە منداڵان چ جۆرە پرسیارێک دەکەن؟ هەر لەگەڵ فێری قسەکردن بوون دەستدەکەن بە پرسیار کردن. بە چاوێکی پڕ تامەزرۆرییەوە تێتڕادەمێنن و پرسیار دەکەن: بۆچی ئاسمان شینە؟ ئەستێرەکان لە کوێوە هاتوون؟ کێ باڵندەکانی فێری خوێندن کردووە؟ تۆ هەوڵ دەدەی باشترین وەڵامیان بدەیتەوە، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نییە. هەرچەند کە وەڵامەکەشت باش بێت ئەوا زۆر جار پرسیارێکی تری بەدوادا دێت. دیسان دەڵێن بۆچی؟
٢ هەر تەنها منداڵ پرسیار ناکات، بەڵکو بە درێژایی تەمەنمان بەردەوامین لە پرسیار کردن. بۆ نموونە بۆ زانینی ڕێگا یان ئاگاداربوونەوە لەو مەترسییانەی کە پێویستە خۆمانی لێ لادەین یان بۆ تێرکردنی ئارەزووی زانینمان. بەڵام واپێدەچێ زۆر کەس واز لە پرسیارکردن دەهێنن بەتایبەت پرسیارە گرنگەکان.
٣ بیر لە پرسیارەکانی پێشەکی ئەم پەرتووکە یان ئەو پرسیارانەی کە لە سەرەتایی ئەم بەشەدا هاتوون بکەوە. ئەمانە هەندێکن لەو پرسیارە گرنگانەی کە دەکرێ بەبیرماندا بێن. بەڵام زۆرکەس ئیتر هیچ بایەخێک نادەن بە دۆزینەوەی ئەم وەڵامانە. لەبەرچی؟ ئایا پەرتووکی پیرۆز وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە؟ هەندێک کەس وا هەست دەکەن کە ئەم وەڵامانە تێگەشتنیان دژوارە. هەندێکی تر لەوە دەترسن کە پرسیارکردنەکەیان دەبێتە مایەی شەرمەزاری و بەخۆدا شکانەوە.
٤ لەوانەیە ئارەزووی دۆزینەوەی وەڵامی گرنگترین پرسیارەکانی ژیان بکەی. بێگومان زۆر جار لەبەرخۆتەوە بیرت لەم پرسیارانە کردۆتەوە: مەبەستی ژیان چییە؟ ئایا ژیان هەمووی هەر ئەوەیە کە ئێستا دەیبینین؟ خودا کێیە؟ کارێکی باشە ئەم جۆرە پرسیارانە بکەیت و زۆر گرنگە کۆڵنەدەیت تاکو وەڵامی ئاسوودەبەخش و متمانە پێکراو ئەدۆزیتەوە. مامۆستای بەناوبانگ عیسای مەسیح دەفەرمووێ: «داوا بکەن، پێتان دەدرێ. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لەدەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە»—مەتتا ٧:٧.
٥ ئەگەر تۆ بە بەردەوامی وەڵامی پرسیارە گرنگەکان «داوابکەی»، بۆت دەردەکەوێ کە لێکۆڵینەوە بێ پاداشت نییە (پەندەکان ٢:١-٥). بێئەوەی گوێ بدەیە قسەی خەڵکی بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێ و لەناو پەرتووکی پیرۆزدا دەیاندۆزییەوە. نەک تەنها تێگەیشتن لەو پرسیارانە سەخت نییە بەڵکو هیواو خۆشیشی بەدواوەیە. هەروەها یارمەتییەکن تاکو تۆ ئێستا بتوانی چێژ لە ژیانێکی ئاسوودەبەخش وەرگری. وەرن با سەرنج بدەینە پرسیارێک کە زۆرکەس بەدەستییەوە گرفتارن.
ئایا خودا دڵڕەقو کەمتەرخەمە؟
٦ زۆرکەس لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێن: بەڵێ. بەڵگەیان بۆ ئەمە ئەوەیە کە دەڵێن ئەگەر خودا بایەخی پێداباین، ئەم جیهانە ئاوا نەدەبوو. گەر بڕوانینە دەوروبەرمان، جیهانێک دەبینین کە پڕ لە جەنگو ڕقوکینەو کوێرەوەریە. هەریەکێک لە ئێمە نەخۆش دەبێتو ئازار دەچێژێو خۆشەویستانی لەدەست دەدات. بۆیە زۆرکەس دەڵێن، ئەگەر خودا بایەخ بە ئێمەو دژوارییەکانمان دەدات، ئایا ناتوانێ پێش بە ڕوودانی ئەو کارەساتانە بگرێت؟
٧ لەوەش خراپتر ئەوەیە کە هەندێ جار پیاوانی ئایینی خەڵکی وا تێدەگەێنن کە خودا دڵرەقە. لەبەرچی؟ کاتێک کە کارەساتێکی دڵتەزێن ڕوودەدات ئەوان دەڵێن ئەمە ویستی خودایە. لەڕاستیدا ئەو پیاوانە تاوانی ئەم کارەساتانە دەخەنە پاڵ خوداوە. بەڵام ئایا ئەو وتانە ڕاستن؟ ئایا پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بەمە بەڕاستی چیمان فێردەکات؟ لە یاقوبی ١:١٣دا نووسراوە: «با کەس نەڵێت کاتێ دەکەوێتە تاقیکردنەوە، ‹من لەلایەن خوداوە تاقی دەکرێمەوە› چونکە خودا بە خراپە تاقی ناکرێتەوە ئەویش کەس بە خراپە تاقی ناکاتەوە». کەواتە خودا سەرچاوەی ئەو بەدکارییانە نییە کە لە جیهانی دەوروبەرتدا بەرچاوت دەکەوێت (ئەیوب ٣٤:١٠-١٢). خودا ڕێگا بە ڕوودانی کاری خراپ دەدا، بەڵام لە نێوان ڕێگادان بە ڕوودانی شتێک لەگەڵ بەرپرسیاریەتی لە ڕوودانی جیاوازییەکی گەورە هەیە.
٨ بۆ نموونە: بیر لە باوکێکی داناو خۆشەویست بکەوە کە کوڕە تازەپێگەیشتووەکەی هێشتا هەر لەماڵەوە دەژی. کاتێک کوڕەکە لە باوکی یاخی دەبێتو بڕیاری لەماڵ ڕۆیشتن دەدات، باوکەکە ڕێگای لێ ناگرێ. کوڕەکە ڕێبازی خراپ دەگرێتە بەرو تووشی کێشەو گیروگرفت دەبێت. ئایا باوکەکە بەرپرسیارە لە گیروگرفتەکانی کوڕەکەی؟ نەخێر (لۆقا ١٥:١١-١٣). بەهەمان شێوە، خودا ڕێگا لە مرۆڤ ناگرێ کاتێ ڕێبازی خراپ هەڵدەبژێرێ و بەرپرسیار نییە لەو گرفتانەی کە مرۆڤ لە ئاکامدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لەڕاستیدا کارێکی ناڕەوایە بەرپرسیاریەتی کێشەکانی مرۆڤ بدەینە پاڵ خوداوە.
٩ خودا بەڵگەی باشی بەدەستەوەیە بۆچی ئەو ڕێگای بە مرۆڤایەتی داوە بەدکاری بکەن. ئەو وەک ئافەریدگاری بەهێزو دانا لەسەری پێویست نییە کارەکانی خۆی بۆ ئێمە ڕوون بکاتەوە. کەچی ئەو لەبەر خۆشەویستی خۆی ئەم کارە دەکات. لەبەشی ١١ی ئەم پەرتووکەدا شتی زۆرتر دەربارەی ئەم کارانە فێردەبن. بێگومان خودا بەرپرسیاری ئەو گرفتانە نییە کە ئێمە ڕووبەڕوویان دەبینەوە. بە پێچەوانەوە، خودا ئەو تاکە هیوایەمان پێدەبەخشێ کە چارەسەری هەموو گرفتەکانە!—ئیشایا ٣٣:٢.
١٠ سەرەڕای ئەمەش خودا پیرۆزە (ئیشایا ٦:٣). ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەو پاک و بێگەردە و هیچ خراپییەک لەودا بەدیناکرێ. کەواتە ئێمە دەتوانین بەتەواوی متمانە بەو بکەین. ئەمانە خودا بەتەواوی لە مرۆڤ جیادەکەنەوە، چونکە مرۆڤ زۆرجار گەندەڵی تێدایە. تەنانەت باشترین فەرمانڕەوای مرۆڤ لە توانایدا نییە ئەو زیانە پوچەڵ بکاتەوە کە مرۆڤی بەدکار دەیدات. بەڵام خودا بەهێزترینە، ئەو دەتوانێ و دەیەوێ هەموو ئەو ئاکامانە پوچەڵ بکاتەوە کە بەدکاری بەسەر مرۆڤی هێناوە. کاتێک خودا دەستبەکار دەبێت بەجۆرێک ئەمە دەکات کە بۆ هەمیشە کۆتایی بە خراپە دێنێ—زەبوورەکان ٣٧:٩-١١.
ئایا هەستی خودا چییە سەبارەت بەو ناڕەوایەتییەی کە ئێمە ڕووبەڕوی دەبینەوە؟
١١ ئایا خودا لەم سەردەمەدا هەستی چییە سەبارەت بەو شتانەی کە لە جیهانو ژیانی ئێوەدا ڕوودەدەن؟ پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە خودا ڕاستودروستی خۆشدەوێ (زەبوورەکان ٣٧:٢٨). کەواتە خودا زۆر بایەخ بەوە دەدات کە چی ڕاستەو چی هەڵەیە. ئەو ڕقی لەهەموو جۆرەکانی ناڕەواییە. لەپەرتووکی پیرۆزدا نووسراوە، کاتێک لە ڕابروودا بەدکاری هەموو جیهانی پڕ کردبوو، خودا هەستی بەدڵشکاوی کرد. (پەیدابوون ٦:٥، ٦). خودا نەگۆڕاوە (مەلاخی ٣:٦). ئەو ئێستاش بە بینینی بڵاوبوونەوەی ئازارچەشتن لەجیهاندا ڕقی دەبێتەوە. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «چونکە بەڕاستی بایەختان پێدەدات»—١ پەترۆس ٥:٧.
١٢ چۆن دەتوانین دڵنیابین کە خودا ڕقی لەوەیە کە دەبینێ خەڵکی ئازاردەچێژن؟ با سەرنج بدەینە بەڵگەیەکی تر. پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە مرۆڤ لەسەر شێوەی خودا ئافراندراوە (پەیدابوون ١:٢٦). ئێمە کە خاوەن تایبەتمەندی باشین لەبەرئەوەیە کە خودا خاوەن تایبەتمەندی باشە. بۆ نموونە، ئایا بە بینینی ئازارچەشتنی خەڵکی بێتاوان نیگەران نابن؟ ئەگەر ئێوە بایەخ بە ناڕەوایەتییەکانی لەمجۆرە بدەن، دڵنیا بن لەوەی کە خودا هەستێکی زۆر لەمە بەهێزتری سەبارەت بەو بارودۆخە هەیە.
١٣ یەکێک لەباشترین شتەکانی مرۆڤ ئەویە کە توانای خۆشویستنی هەیە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خودایە. پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە «خودا خۆشەویستییە» (١ یۆحەننا ٤:٨). ئێمە دەتوانین خۆشەویستی دەرببڕین چونکە خودا خۆشەویستی دەردەبڕێ. ئایا خۆشەویستی هانتان دەدات کۆتایی بەو ئازارچەشتن و ناڕەواییە بهێنن کە لەجیهاندا هەیە؟ ئەگەر لەتواناتدابایە ئەم کارە بەئەنجام بگەیەنی، ئایا ئەمەت دەکرد؟ بێگومان دەتکرد! بەهەمان شێوە دەتوانی دڵنیابیت لەوەی کە خودا بێگومان کۆتایی بە ئازارو ناڕەوایی دەهێنێت. ئەو بەڵێنانەی کە لە پێشەکی ئەم پەرتووکەدا نووسراون، تەنها خەیاڵێکی بێ واتاو خەونێکی خۆش نین. بەڵێنەکانی خودا بێگومان دێنەدی! بەڵام بۆئەوەی بتوانی باوەڕ بەمە بکەی پێویستە زانیاری زۆرتر دەبارەی ئەو خودایە بەدەستبهێنی کە ئەو بەڵێنانەی داوە.
خودا دەیەوێ تۆ ئەو بناسی
١٤ ئەگەر بتەوێ کەسێک تۆ بناسێ چی دەکەیت. ئایا ناوی خۆت بەوکەسە ناڵێیت؟ ئایا خودا هیچ ناوێکی هەیە؟ زۆرکەس بڕوایان وایە کە خودا زۆر ناوی هەیە. تایبەتمەندییەکانی وەک «غەففار» و «مەجید» بە ناوی خودا دادەنێن. ڕاستە کە ئەم تایبەتمەندییانە شیاوی خودان، بەڵام ناوی خودا نین. هەندێ کەسیتر دەڵێن کە گوایا ناوی ئەو «خودا» یان «سەروەر»ە. بەڵام ئەمانە تەنها نازناون، هەروەک «پادشا»و «سەرۆک»یش نازناون. پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە خودا نازناوی زۆری هەیە. خوداو سەروەر یەکێکن لەو نازناوانە. لەگەڵ ئەوەشدا پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە خودا ناوێکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەو ناوەش یەهوەیە. لە زەبوورەکانی ٨٣:١٨ دا نووسراوە: «تۆ کە ناوت یەهوەیە، تەنها تۆ لە سەرانسەری زەوی هەرەبەرزترینیت» (وەرگێڕانی جیانی نوێ بە ئینگلیزی) ئەگەر لەو پەرتووکەی کە تۆ لەبەردەستتدایە ئەو ناوەی تێدا نەنووسراوە، بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە تکایە بڕوانە پاشکۆی ئەم پەرتووکە لە لاپەڕەکانی ١٩٥-١٩٧ تاکو هۆیەکەت بۆ ڕوون ببێتەوە. ڕاستی ئەوەیە کە ناوی خودا هەزاران جار لە دەستنووسە کۆنەکانی پەرتووکی پیرۆزدا بەرچاو دەکەوێت. کەواتە یەهوە دەیەوێ تۆ ناوی ئەو بزانیتو بەکاریبهێنیت. بەواتایەکیتر ئەو پەرتووکی پیرۆز بەکاردەهێنێ تا خۆی بەتۆ بناسێنێ.
١٥ خودا ناوێکی بۆخۆی هەڵبژاردووە کە پڕ لە واتایە. یەهوە، واتای ئەوەیە کە خودا دەتوانێ هەر بەڵێنێک کە دەیدا بیهێنێتەدی و بە هەر ئامانجێک کە خۆی هەیبێ بپێکێنێت.a ناوی خودا بێهاوتایە، هاوشێوەی نییە و تەنها شایەنی ئەوە. لە زۆر لایەنەوە یەهوە بێهاوتایە، ئایا ئەمە چۆن وایە؟
١٦ هەروەک بینیمان زەبوورەکانی ٨٣:١٨ لەسەر یەهوە فەرمووی: «تەنها تۆ لە سەرانسەری زەوی هەرەبەرزترینیت». بەهەمان شێوە تەنها یەهوە بە هەربەتواناترین ناودەبرێت. بینینی ١٥:٣ دەفەرمووێ: «مەزنو سەرسوڕهێنەرە کارەکانت ئەی خوداوەند، خودای توانادار بەسەر هەموو شتێک، ڕێگاکانت ڕاستو دادپەروەرە ئەی پادشای هەمیشەیی» (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). نازناوی هەرەبەتواناترین ئەوەمان فێردەکات، یەهوە بەتواناترین کەسە کە بوونی هەیە. ئەو هێزەی کە ئەو هەیەتی بێهاوتایە، ئەو هەرەبەرزترینە. هەروەها نازناوی «پادشای هەمیشەیی» بیرمان دەخاتەوە کە یەهوە لە ڕوانگەیەکی تریشەوە بێهاوتایە. ئەو تاکە کەسە کە هەمیشە بوونی هەبووە. زەبوورەکانی ٩٠:٢ دەفەرمووێ: «لە هەتاهەتاوە و تا هەتاهەتایە، تۆ خودایت». ئەم بیرە شکۆمەندی خودا دەردەخا، تۆش پێت وانییە؟
١٧ یەهوە هەروەها بێهاوتایە، چونکە ئەو بەتەنها ئافەریدگارە. لە بینینی ٤:١١ دا نووسراوە: «ئەی خوداوەندمانو خودامان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆمەندیو ڕێزو توانا وەرگری، چونکە تۆ دروستکەری هەموو شتێکیت، ئەو شتانەش بەخواستی تۆ بوونی هەیە و دروست بووە». هەرشتێک کە تۆ بە بیرتدا دێت. لە زیندەوەرە نەبینراوەکانی ئاسمانەوە تا ئەو ئەستێرانەی کە شەوانە ئاسمان دەڕازێننەوە، تا ئەو میوەیەی کە دارەکان بەریدەگرن، تا ئەو ماسیانەی کە لە دەریاو ڕووبارەکاندا مەلەدەکەن، هەموو ئەوانە بوونیان هەیە تەنها لەبەرئەوەی یەهوە ئافەریدگارە!
ئایا دەتوانی پەیوەندییەکی پتەوت لەگەڵ یەهوە هەبێت؟
١٨ هەندێک کەس بەهۆی زانینی تایبەتمەندییە شکۆمەندارەکانی یەهوە نیگەران دەبن. ئەوان لەوە دەترسن کە خودا لە بەرامبەر ئەوان زۆر بەرزە، تاکو بتوانن پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ببەستن یان تەنانەت شایانی ئەوەش بن لە خودایەکی ئاوا پایەبەرز نزیک ببنەوە. بەڵام ئایا ئەم بۆچوونە ڕاستە؟ پەرتووکی پیرۆز پێچەوانەی ئەو بۆچوونە فێرمان دەکاتو دەربارەی خودا دەفەرمووێ: «هەرچەندە ئەو دوور نییە لە هەر یەکێکمان» (کرداری نێرراوان ١٧:٢٧). پەرتووکی پیرۆز تەنانەت هانی ئەوەمان دەدات: «نزیک بنەوە لە خودا ئەویش لێتان نزیک دەبێتەوە»—یاقوب ٤:٨.
١٩ چۆن دەتوانی پەیوەندییەکی پتەوت لەگەڵ خودا هەبێت؟ بەر لە هەموو شتێک، بەردەوامبە لەسەر ئەم کارەی کە ئێستا پێوەی خەریکیت، ئەویش فێربوونە دەربارەی خودا. عیسای مەسیح دەفەرمووێ: «ژیانی هەتاهەتایش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە، هەروەها عیسای مەسیح کە ناردووتە» (یۆحەننا ١٧:٣). بەڵێ، پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە فێربوون دەربارەی خوداو عیسای مەسیح بەرەو ژیانی «هەتاهەتایمان» دەبات! هەروەک پێشتر بینیمان یەهوە خۆشەویستییە (١ یۆحەننا ٤:١٦). بەڵام یەهوە زۆر تایبەتمەندی جوانو سەرنجڕاکێشی تری هەیە. بەم جۆرە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ کە خودا «بە بەزەییو میهرەبانەو درەنگ توڕە دەبێتو پەیمانی خۆشەویستی و دڵسۆزی زۆرە» (دەرچوون ٣٤:٦). ئەو «چاکو لێبووردوویە» (زەبوورەکان ٨٦:٥). خودا دانبەخۆگرە (٢ پەترۆس ٣:٩). ئەو دڵسۆزە (بینین ١٥:٤). کاتێک تۆ لەسەر خوێندنی پەرتووکی پیرۆز بەردەوام دەبیت بۆت دەردەکەوێ کە یەهوە ئەمانەو زۆر تایبەتمەندی دڵگیری تری هەیە.
٢٠ ڕاستە تۆ ناتوانی خودا ببینیت چونکە ئەو کەسێکی ڕۆحانی نەبینراوە (یۆحەننا ١:١٨؛ ٤:٢٤؛ ١ تیمۆساوس ١:١٧). بەڵام بە خوێندنەوەی پەرتووکی پیرۆز زانیاری زۆر لەسەر خودا وەردەگری و تەنانەت بۆت ڕوون دەبێتەوە کە ئەو کەسایەتی تایبەتی خۆی هەیە. هەروەک زەبوورەکان دەفەرمووێ: «تەماشای جوانی خوداوەند بکەم» (زەبوورەکان ٢٧:٤؛ ڕۆما ١:٢٠). هەرچەند تۆ زۆرتر دەربارەی یەهوە شت فێردەبی، ئەو زۆرتر بۆت دەبێتە کەسێکی ڕاستیو هەروەها هۆی زۆرترت دێتە دەست تا ئەوت خۆشبوێتو هەست بە پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵی بکەیت.
٢١ ئەو کاتە تۆ بۆت دەردەکەوێ بۆچی پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات یەهوە وەک باوکێکی خۆمان دابنێین (مەتتا ٦:٩). نەک تەنها سەرچاوەی ژیانمان لەلایەن ئەوەوەیە، بەڵکو ئەو باشترین جۆری ژیانی بۆ ئێمە دەوێ هەروەک چۆن باوکێکی خۆشەویستیش ئەوەی بۆ منداڵەکەی خۆی دەوێ (زەبوورەکان ٣٦:٩). پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە مرۆڤ دەتوانێ ببێ بەهاوڕێی خودا (یاقوب ٢:٢٣). وێنای بکە، تۆ دەتوانی ببی بەهاوڕێی ئافەریدگاری گەردوون.
٢٢ لە کاتێکدا تۆ لەسەر فێربوونی پەرتووکی پیرۆز بەردەوامی، هەندێک لەو کەسانەی کە بەڕواڵەت باشی تۆیان دەوێت هانت دەدەن واز لە خوێندنەوەی پەرتووکی پیرۆز بهێنی. لەوانەیە لەوە بترسن کە تۆ بیروباوەڕی خۆت بگۆڕی. بەڵام ڕێگا مەدە هیچ کەسێک ببێت بەکۆسپ لە بەردەم درووستکردنی باشترین هاوڕێیەتی کە تۆ هەرگیز بۆت بڕەخسێ.
٢٣ بێگومان لەسەرەتادا ڕووبەڕوی هەندێک شت دەبیتەوە کە لەوانەیە لێیان تێنەگەیت. ئەمە تا ئاستێک پێویستی بە بێفیزییە تا بۆ ئەو مەبەستە داوای یارمەتی بکەیت و ڕێگا مەدە شەرمکردن ببێتە هۆی پرسیارنەکردنت. عیسای مەسیح فەرمووی، واباشە کەسێکی ساکار بن، هەروەک مناڵی بچوک (مەتتا ١٨:٢-٤). هەروەک دەزانین منداڵان پرسیاری زۆر دەکەن. خودا دەیەوێ تۆ وەڵامی پرسیارەکان بەدەست بهێنیت. پەرتووکی پیرۆز بەڕێزەوە لەو کەسانە دەدوێ کە ئامادەن دەربارەی خودا شت فێربن. ئەوانەی کە بە دەقاودەقی لە پەرتووکی پیرۆز دەکۆڵنەوە تاکو دڵنیابن لەوەی کە فێری بوونە ڕاستە—کرداری نێرراوان ١٧:١١.
٢٤ باشترین ڕێگا بۆ ناسینی یەهوە لێکۆڵینەوەیە لەسەر پەرتووکی پیرۆز کە لە هەموو پەرتووکەکانی تر جیاوازە. لەکام ڕوانگەوە؟ بەشی داهاتو تاوتوێی ئەم بابەتە دەکات.
[ژێرنووس]
a زانیاری زۆرتر لەسەر واتای ناوی خوداو چۆنیەتی وتنی لە لاپەڕەکانی ١٩٥-١٩٧ پاشکۆی ئەم پەرتووکەدا دەدۆزنەوە.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات
▪ خودا بایەخ بە تۆ دەدا—١ پەترۆس ٥:٧.
▪ ناوی خودا یەهوەیە—زەبوورەکان ٨٣:١٨.
▪ یەهوە داوات لێدەکات پەیوەندییەکی پتەوت لەگەڵ ئەو هەبێت —یاقوب ٤:٨.
▪ یەهوە میهرەبانو بە بەزەیی وخۆشەویستییە—دەرچوون ٣٤:٦؛ ١ یۆحەننا ٤:٨، ١٦.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. بۆچی زۆرجار پرسیار کردن بەسوودە؟
٣. بۆچی هەندێ کەس واز لە دۆزینەوەی وەڵامی گرنگترین پرسیارەکان دەهێنن؟
٤، ٥. هەندێ لە گرنگترین پرسیارەکانی ژیان کامانەن، بۆچی دەبێ بەدوای وەڵامەکانیاندا بگەڕێین؟
٦. بۆچی زۆر کەس پێیان وایە خودا کەمتەرخەمە سەبارەت بەوەی کە مرۆڤ ئازاردەچێژێ؟
٧. (ا) چۆن پیاوانی ئایینی وایان لەخەڵکی کردووە خودا بە دڵرەق دابنێن؟ (ب) ئایا پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی چیمان فێردەکات دەربارەی ئەو کارەساتانەی کە ڕووبەڕوویان دەبینەوە؟
٨، ٩. (ا) چۆن دەتوانی جیاوازی نێوان ڕێگادان بە ڕوودانی بەدکاری لەگەڵ بەرپرسیاریەتی لە بەدکاری ڕوونبکەیتەوە؟ (ب) بۆچی بۆ ئێمە ناڕەواییە ڕەخنە لە بڕیارەکانی خودا سەبارەت بە ڕێگادانی مرۆڤایەتی بە بەدکاری بگرین؟
١٠. بۆچی دەتوانین متمانەمان بەوە هەبێ کە خودا ئاکامەکانی بەدکاری پووچەڵ دەکاتەوە؟
١١. (ا) خودا هەستی سەبارەت بە ناڕەوایی چییە؟ (ب) هەستی خودا سەبارەت بە ئازارچەشتنی ئێوە چییە؟
١٢، ١٣. (ا) بۆچی ئێمە تایبەتمەندی باشی وەک خۆشەیستیمان هەیە و چۆن خۆشەیستی کاریگەری لەسەر ڕوانگەمان بۆ جیهان دەبێت؟ (ب) بۆچی دەتوانی دڵنیابیت لەوەی کە خودا بێگومان سەبارەت بەکێشەکانی جیهان بێدەنگ نابێت؟
١٤. ناوی خودا چییە، بۆچی دەبێ ئەو ناوە بەکاربهێنین؟
١٥. واتای ناوی یەهوە چییە؟
١٦، ١٧. دەتوانین چی دەربارەی یەهوە فێربین لەو نازناوانەی کە هەیەتی: (ا) «هەرەبەتواناترین»؟ (ب) «پادشای هەمیشەیی»؟ (پ) «ئافەریدگار»؟
١٨. بۆچی هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەوان هەرگیز ناتوانن پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ خودا بگرن، بەڵام ئایا پەرتووکی پیرۆز چیمان فێردەکات؟
١٩. (ا) چۆن دەتوانین پەیوەندیگرتن لەگەڵ خودا دەستپێبکەینو ئەمە چ سوودێکی بۆ ئێمە هەیە؟ (ب) کام تایبەتمەندییانەی خودا بۆ تۆ لە هەموویان زۆرتر سەرنجڕاکێشترن؟
٢٠-٢٢. (ا) ئێمە کە توانای بینینی خودامان نییە ئایا ئەمە دەبێتە ڕێگر لە دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ ئەودا؟ ڕوونی بکەوە. (ب) هەندێک کەس کە بە ڕواڵەت باشی تۆیان دەوێ لەوانەیە بۆ چ شتێک هانت بدەن، بەڵام دەبێ تۆ چی بکەیت؟
٢٣، ٢٤. (ا) بۆچی دەبێ بەردەوام بیت لە پرسیارکردن سەبارەت بەوەی کە فێری دەبیت؟ (ب) ئەو بابەتەی کە لە بەشی داهاتوودا باس دەکرێ چییە؟
[وێنەی لاپەڕە ١٢، ١٣]
پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە یەهوە ئافەریدگاری خۆشەویستی گەردوونە
[وێنەی لاپەڕە ١٣]
کاتێ دەتەوێ خۆت بەکەسێک بناسێنیت، ئایا نۆ ناوی خۆتی پێناڵێیت؟ خودا ناوی خۆی لە پەرتووکی پیرۆزدا بۆ ئێمە دەرخستووە
[وێنەی لاپەڕە ١٤]
ئەو خۆشەویستییەی کە باوکێکی باش بۆ منداڵەکانی خۆی هەیەتی، ڕەنگدانەوەی خۆشەویستییەکی مەزنترە کە باوکی ئاسمانیمان بۆ ئێمە هەیەتی