بەشی دووهەم
پەرتووکی پیرۆز، پەرتووکێکە لەلایەن خوداوە
لە چ ڕوانگەیەکەوە پەرتووکی پیرۆز لە هەموو پەرتووکەکانی تر جیاوازترە؟
پەرتووکی پیرۆز چۆن دەتوانێ یارمەتیت بدات تا بەسەر کێشەکانی ژیانتدا زاڵبیت؟
بۆچی دەتوانی متمانە بە پێشبینییەکانی پەرتووکی پیرۆز بکەی؟
دەتوانی ئەو کاتە بهێنیتەوە بیرت کە لەلایەن هاوڕێیەکی خۆشەویستەوە دیاریەکی بەنرخت وەرگرت؟ نەک هەر تەنها دڵت پێیخۆش بوو بەڵکو هەستیشت بە کامەرانی کرد. لەڕاستیدا ئەو دیاریە شتێکت دەربارەی بەخشەرەکەی بۆ دەردەخات کە ئەو کەسە بایەخی بە هاورێیەتی تۆ داوە. گومان لەوەدا نییە تۆ دڵخۆشی خۆت دەربڕی سەبارەت بەوەی کە دیارییەکەی لە کاتی خۆیدا بوو.
٢ پەرتووکی پیرۆز دیارییەکە لەلایەن خوداوە کە ئێمە دەبێ بۆی سوپاسگوزار بین. ئەو پەرتووکە بێهاوتایە کۆمەڵێک شتمان بۆ دەردەخا کە لە هیچ سەرچاوەیەکی تردا بەردەستمان ناکەوێت. بۆ نموونە، باس لە ئافراندنی ئەستێرەکانی ئاسمان و زەوی و یەکەم ژن و پیاو دەکات. پەرتووکی پیرۆز بنەمای باوەڕپێکراو دەگرێتە خۆی بۆ یارمەتیدانمان بۆ بەرەنگاریکردنی کێشەکان و ئازارەکانی ژیانمان. بۆمان ڕووندەکاتەوە کە چۆن خودا مەبەستەکانی خۆی دێنێتەدی و بارودۆخەکانی زەوی باش دەکات. ئای کە پەرتووکی پیرۆز چەند دیاریەکی پڕ بەجۆشهێنەرە.
٣ پەرتووکی پیرۆزیش دیارییەکی دڵگیرە، لەبەر ئەوەی لەسەر بەخشەرەکەی کە یەهوە خودایە، شتێکمان بۆ دەردەخا. لە ڕاستیدا ئەو کە پەرتووکێکی ئەوتۆی پێبەخشیوین واتای ئەوەیە کە دەیەوێ ئێمە ئەو بەباشی بناسین. بەڵێ، پەرتووکی پیرۆز دەتوانێ یارمەتیت بدات لە خودا نزیک بیتەوە.
٤ ئەگەر تۆ دانەیەکت لە پەرتووکی پیرۆز هەیە دڵنیابە لەوەی کە تۆ تاکە کەس نیت. پەرتووکی پیرۆز بەتەواوی یان بە بەشبەش بە ٢٣٠٠ زمان لە چاپ دراوە، بەمجۆرە بۆ زۆرتر لەسەدا نەوەتی دانیشتوانی سەر ڕووی زەوی مسۆگەر کراوە. بەشێوەیەکی گشتی هەفتانە نزیکەی یەک ملیۆن دانە بڵاو دەکرێتەوە. سەرجەم چەندین ملیار دانەی پەرتووکی پیرۆز بەتەواوی یان بە بەشبەش بەرهەم هێنراوە. بێگومان هیچ پەرتووکێکی تر هاوشێوەی پەرتووکی پیرۆز نییە.
٥ سەرەڕای ئەمەش، پەرتووکی پیرۆز لەلایەن خوداوە سروش کراوە (٢ تیمۆساوس ٣:١٦) بە چ شێوازێک؟ پەرتووکی پیرۆز خۆی وەڵام دەداتەوە: «بەڵکو خەڵکی لەسەر دەستی ڕۆحی پیرۆز قسەی خودایان کردووە» (٢ پەترۆس ١:٢١). بۆ ڕوونکردنەوە: کاتێک بازرگانێک بۆ نامە نووسین سکرتێرەکەی بەکاردێنێت، نامەکە بیرو بۆچوون و ڕێنمایی بازرگانەکەی تێدایە، لە ڕاستیدا ئەوە نامەی بازرگانەکەیە نەک هی سکرتێرەکە. بەهەمان شێوە، پەرتووکی پیرۆز پەیامی خودایە نەک ئەو مرۆڤانەی کە نووسیویانە. کەواتە تەواوی پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی «وشەی خودایە»—١ تەسالۆنیکی ٢:١٣.
گونجاو و دەقاودەقە
٦ پەرتووکی پیرۆز لەماوەی ١٦٠٠ ساڵدا نووسراوە. نووسەران لەیەک سەردەمدا نەژیاون و چین و توێژ و بنەڕەتی جیاوزیان هەبووە. هەندێکیان جوتیار و ماسیگر و شوان بوون وهەندێکی تریان پێغەمبەر و دادوەر و پادشا بوون. نووسەری ئینجیلی لۆقا پزیشک بوو. سەرەڕای جیاوازی بنەڕەتی نووسەرانی کەچی پەرتووکی پیرۆز لەسەرەتاوە تا کۆتایی لەگەڵ یەک گونجاوە.a
٧ یەکەم بەشی پەرتووکی پیرۆز پێمان دەڵێ کە چۆن کێشەکانی مرۆڤایەتی دەستیان پێکرد. بەشی کۆتایی پەرتووکی پیرۆز نیشانمان دەدات کە سەرانسەری زەوی بۆ باخچەیەکی جوان واتە بۆ بەهەشت دەگوڕدرێ. بەشێوەیەکی گشتی بەشە جیاجیاکانی پەرتووکی پیرۆز باس لە مێژووی هەزاران ساڵی مرۆڤایەتی دەکەن و هەموو ئەو بابەتانە پەیوەندییان بەچۆنییەتی هاتنەدی مەبەستەکانی خوداوە هەیە. گونجاویەتی بەشەکانی پەرتووکی پیرۆز کارتێکەرە، بەڵام ئەمەش هەر ئەوەیە کە ئێمە لە پەرتووکی خودادا چاوەڕێی دەکەین.
٨ پەرتووکی پیرۆز لەبواری زانستییەوە دەقاودەقە. تەنانەت هەندێ زانیاری تێدایە کە لە سەردەمەکانی خۆی زۆر پێشکەوتووترە. بۆ نموونە، لە پەرتووکی لێڤییەکاندا باس لە یاسای کەرەنتینە و پاکوخاوێنی بۆ ئیسرائیلییە کۆنەکان دەکات، لە کاتێکدا نەتەوەکانی دراوسێیان هچیان دەربارەی ئەم شتانە نەدەزانی. لە سەردەمێکدا کە سەبارەت بە شێوەی زەوی بۆچوونی چەوت هەبوون، پەرتووکی پیرۆز ئاماژەی بۆ خڕی و گۆیی زەوی کرد (ئیشایا ٤٠:٢٢). پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ کە زەوی «لەسەر هیچ» هەڵواسراوە (ئەیوب ٢٦:٧). بێگومان پەرتووکی پیرۆز دەستنووسێکی زانستی نییە، بەڵام کاتێک باس لە بابەتی زانستی دەکات، دەقاودەقە. ئایا ئەمەش هەر ئەوە نییە کە ئێمە لە پەرتووکێک چاوەڕێی دەکەین کە لەلایەن خوداوە هاتووە؟
٩ پەرتووکی پیرۆز هەروەها لە بواری مێژووییەوە دەقاودەق و باوەڕپێکراو و بەوردی باسی ڕووداوەکان دەکات. نەک تەنها ناوی کەسەکان دەهێنێت، بەڵکو باسی ڕەچەڵەکی ناوبراوان دەکات.b مێژوونووسان بەگشتی باس لە دۆڕانی نەتەوەکانیان ناکەن، بەڵام نووسەرانی پەرتووکی پیرۆز هەڵەکانی خۆیان و نەتەوەکانیان بێ گۆڕینی ڕاستییەکان باس دەکەن. بۆ نموونە لە پەرتووکی «ژمارە»ی پەرتووکی پیرۆزدا، موسای نووسەر دانی بە هەڵە گەورەکەی خۆی دانا کە بە هۆی ئەمەوە بە تووندی سزا درا (ژمارە ٢٠:٢-١٢). ڕاستییەکی لەمجۆرە لە پەرتووکەکانی مێژوودا دەگمەنن، کەچی لەپەرتووکی پیرۆزدا بەرچاودەکەون، چونکە ئەمە لەلایەن خوداوە نێردراوە.
پەرتووکی دانایی کرداری
١٠ پەرتووکی پیرۆز «سوودبەخشە بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێ کردن» (٢ تیمۆساوس ٣:١٦). چونکە لەلایەن خوداوە سروش کراوە. بەڵێ پەرتووکی پیرۆز پەرتووکێکی کردارییە. تێگەیشتنێکی ژیرانە لە سروشتی مرۆڤ ڕەنگدەداتەوە. ئەمەش کارێکی سەرسوڕهێنەر نییە، چونکە خاوەنەکەی یەهوە خودایە کە ئافەریدگارە. ئەو باشتر لە ئێمە لە بیرکردنەوە و سۆزمان تێدەگا. لەسەروی ئەمەشەوە، یەهوە زۆر باش تێدەگا ئێمە بۆ بەختەوەربوون چیمان پێویستە. هەروەها ئەو دەزانێ لەکام رێگاکانی ژیان ئێمە دەبێ خۆمان بپارێزین.
١١ تێبینی وتارەکەی عیسای مەسیح بکە کە بە وتاری سەرچیا بەناوبانگە و لە بەشی ٥ تا ٧ ی مەتتا دا تۆمارکراوە. لەو فێرکارییە شاکارانەیدا، عیسای مەسیح باس لە چەند بابەتێک دەکا. وەک: چۆنییەتی دۆزینەوەی کامەرانی ڕاستەقینە، چۆنییەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، چۆنییەتی پاڕانەوە و هەبوونی ڕوانگەیەکی ژیرانە سەبارەت بەماڵ و سامان. وتەکانی عیسای مەسیح لەم سەردەمەشدا هەروەک سەردەمی خۆی کاریگەر و کرداریین.
١٢ هەندێک لە بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز پەیوەندییان بە ژیانی خێزانیی و کاروکاسبی و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ خەڵکیدا هەیە. بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز بەکەڵکی هەموو جۆرە خەڵکێک دێن و ڕێنماکانی هەمیشە بە سوودن. پوختەی دانایی پەرتووکی پیرۆز لە وشەکانی خودا دەردەکەوێ کە بۆ پێغەمبەر ئیشایای ناردووە و دەفەرمووێ: «من یەهوەم، خودای تۆم، ئەوەی کە تۆ فێردەکات تاکو سوود بە خۆت بگەێنی»—ئیشایا ٤٨:١٧ (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی).
پەرتووکی پێشبینییەکان
١٣ پەرتووکی پیرۆز ژمارەیەکی زۆری پێشبینی تێدایە کە زۆربەیان پێشتر هاتوونەتە دی. با سەرنجی یەکێک لەوانە بدەین. یەهوە لەڕێگای ئیشایای پێغەمبەرەوە کە لەسەدەی هەشتەمی پ.ز ژیاوە پێشبینی کاولکرانی شاری بابلی کرد (ئیشایا ١٣:١٩؛ ١٤:٢٢، ٢٣). بە وردی باس کرابوو ئەم شارە چۆن دەستی بەسەردا دەگیرێ. سوپای داگیرکەر ڕووباری بابل وشک دەکاو بێجەنگکردن دەستی بەسەردا دەگرێت. بەمە باسەکە کۆتایی نایەت، پێشبینییەکەی ئیشایا تەنانەت ناوی ئەو پادشایەش دەبات کە بابل داگیر دەکات، ئەویش کۆڕەشە—ئیشایا ٤٤:٢٧-٤٥:٢.
١٤ نزیکەی ٢٠٠ ساڵ دوای تۆمارکردنی پێشبینییەکە، لە شەوی ٥ لەسەر ٦ ئۆکتۆبەری (مانگی ١٠، خەزەڵوەر) ٥٣٩ پ.ز لەشکرێک لە نزیک بابل خۆی جێگیر کرد. فەرمانبەری ئەو لەشکرە کێ بوو؟ کۆڕەشی پادشای مادوفارسەکان بوو. ئێستا هەلومەرجەکە ڕەخسابوو تا پێشبینییە سەرسوڕهێنەرەکە بێتەدی. ئایا هەروەک پێشبینی کرابوو، لەشکرەکەی کۆڕەش توانی بێ هیچ شەرکردنێک دەست بەسەر بابلدا بگرێت؟
١٥ لەو شەوەدا بابلیەکان ئاهەنگیان دەگێڕا و بەهۆی پشت بەستنیان بەدیوارە بەرز و ئەستوورەکانی شارەوە وایاندەزانی هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە. لەو کاتەدا کۆڕەش بە زیرەکانە ئاوی ئەو ڕووبارەی هەڵبڕی کە بە چواردەوری شارەکە تێدەپەڕی و زۆری نەخایاند تا ئاستی ئاوەکە ئەوەندە دابەزی کە سەربازەکانی کۆڕەش بەئاسانی بەناو ڕووبارەکەدا پەڕینەوە و خۆیان گەیاندە دیوارەکە. بەڵام ئایا لەشکرەکەی کۆڕەش چۆن دەتوانێ لە دیوارەکانی بابل تێپەڕبێت؟ ئەو شەوە بە هۆیەکی نادیارەوە دەروازەکانی شار بە کەمتەرخەمییەوە بەکراوەی بەجێ هێشترابوون.
١٦ سەبارەت بە بابل پێشبینی کرابوو: «تاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت، کۆچەر لەوێ دەوار هەڵنادات، شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵنادەن» (ئیشایا ١٣:٢٠). لەو پێشبینییەدا تەنها باس لە کاولکرانی شار نەکراوە، بەڵکو دەفەرمووێ بابل هەرگیز ئاوەدان ناکرێتە. بەڵگەش بۆ هاتنەدی ئەم پێشبینییە ئەمەیە کە تۆ دەتوانیت بیبینیت.٨٠ کم لەباشوری شاری بەغدای عێڕاقەوە ئەو شوێنەیە کە شاری بابلی کۆنی لێبووە، تاکو ئێستاش هەر بەچۆڵی ماوەتەوە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر هاتنەدی ئەوەی کە یەهوە لەڕێگای ئیشایاوە فەرمووبووی: «بەگسکی نەمان گسکی دەدەم»—ئیشایا ١٤:٢٣،٢٢.c
١٧ ئایا بڕوامان بەهێز نابێت کاتێک سەرنجی پێشبینییە باوەڕپێکراوەکانی ناو پەرتووکی پیرۆز دەدەین؟ ئەگەر یەهوە هەموو ئەو بەڵێنانەی کە لەڕابردوودا دابوونی هێناوەتەدی، لە ڕاستیدا ئەوە باشترین بەڵگەیە بۆ ئێمە تاکو دڵنیابین لەوەی کە ئەو هەروەها بەڵێنی سەبارەت بە بەهەشتی سەر ڕووی زەویش دێنێتەدی (ژمارە ٢٣:١٩). بۆیە ئێمە باوەڕ دەکەین «لەسەر بناغەی هیوای ژیانی هەتاهەتایی، ئەوەی خودای ڕاستگۆ لە زووەوە بەڵێنی پێداوە»—تیتۆس ١:٢.d
«وشەی خودا زیندووە»
١٨ ئەوەی کە لەم بەشەدا باسمان کرد بەڕوونی دەریدەخا کە پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی پەرتووکێکی بێهاوتایە. بەڵام جگە لەوەی کە پەرتووکی پیرۆز ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ یەک گونجاوەو لە ڕووی زانستیو مێژووییەوە باوەڕپێکراوەو خاوەن دانایی کردارییەو پێشبینی باوەڕپێکراوی تێدایە، هۆیەکی زۆر گرنگتریش هەیە کە پەرتووکی پیرۆز زۆر بەنرخ دەکات. پۆڵسی نێرراو دەفەرمووێ: «چونکە وشەی خودا زیندووە، کاریگەرە، لە شمشێری دوودەم تیژترە، دەچێتە ناو قوڵایی مرۆڤ، بۆ ناو دەروون و ڕۆح و ماسولکەو دەمارو ئێسقانەکانی، حوکم دەدات سەبارەت بەمەبەستی دڵ و بیری مرۆڤ»—عیبرانیەکان ٤:١٢.
١٩ خوێندنەوەی «وشە» یان پەیامی خودا لە ناو پەرتووکی پیرۆز دەتوانێ ژیانمان بگۆڕێت. دەتوانێ یارمەتیمان بدات لە خۆمان بکۆڵینەوە بە جۆرێک کە هەرگیز پێشتر شتی ئاوامان بۆ مسۆگەر نەبووبێ. لەوانەیە بڵێین خودامان خۆشدەوێ، بەڵام هەڵسوکەوتمان سەبارەت بەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات دەریدەخات کە ئێمە بەڕاستی چۆن بیردەکەینەوەو چ نیازێکمان لە دڵدایە.
٢٠ پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی پەرتووکی خودایە، ئەمە پەرتووکێکە دەبێ بخوێندرێتەوەو توێژینەوەی لەسەر بکرێ و ڕێزی بگیرێت. سوپاسگوزاری خۆت بۆ ئەو دیارییە یەزدانییە نیشان بدە لە ڕێگای بەردەوام بوونت لە توێژینەوەی ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە. ئەو کات فێردەبی ڕێزێکی تایبەت بۆمەبەستەکانی خودا دابنێیت کە بۆ مرۆڤایەتی هەیەتی. ئەو مەبەستە چییەو چۆن دێتەدی، لەبەشی داهاتوودا تاووتوێ دەکرێت.
[ژێرنووسەکان]
a سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک کەس دەڵێن هەندێ لە بەشەکانی پەرتووکی پیرۆز دژ بەیەکن، بەڵام ئەم جۆرە وتانە ڕاست نین. بۆ زانیاری زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە بەشی ٧ ی پەرتووکی «پەرتووکی پیرۆز وشەی خودایە یان هی مرۆڤە؟» بڵاوکراوەی شاهیدانی یەهوە (بە زمانی ئینگلیزی).
b بۆ نموونە سەرنج لە باوباپیرانی عیسای مەسیح بدە کە لە لۆقا ٣:٢٣-٣٨ باسکراوە.
c بۆ زانیاری زۆرتر لەسەر پێشبینییەکانی پەرتووکی پیرۆز بڕوانە لاپەرەکانی ٢٧-٢٩ ی بڵاوکراوەی «پەرتووکێک بۆ هەموو خەڵکێک» (بە زمانی ئینگلیزی) کە لەلایەن شاهیدانی یەهوە چاپکراوە.
d کاولبوونی بابل تەنها یەک نموونەیە لە هاتنەدی پێشبینییەکانی پەرتووکی پیرۆز. نموونەکانیتر باس لە کاولبوونی سوڕ و نەینەوا دەکەن (خزقیال ٢٦:١-٥؛ چفەنیا ٢:١٣-١٥) هەروەها پێغەمبەر دانیال پێشبینی هاتنی ئیمپڕاتۆرەکانی جیهانی کرد کە یەک لە دوای یەک پاش ڕوخانی بابل دەسەڵات دەگرنە دەست، کە لەوانە مادوفارس و یۆنانییەکان بوون (دانیال ٨:٥-٧، ٢٠-٢٢) بڕوانە پاشکۆی ئەم پەرتووکە، لاپەڕە ١٩٩-٢٠١ کە لەسەر پێشبینییەکانی سەبارەت بە «دەستنیشانکراو» دەدوێ و ئەوانیش لە عیسای مەسیحدا هاتوونەدی.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات
▪ پەرتووکی پیرۆز لەلایەن خوداوە سروش کراوە بۆیە دەقاودەقو باوەڕپێکراوە—٢ تیمۆساوس ٣:١٦.
▪ ئەو زانیارییەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدایە بۆ ژیانی ڕۆژانە کردارییە—ئیشایا ٤٨:١٧.
▪ پەیمانەکانی خودا کە لە ناو پەرتووکی پیرۆزدان، بێگومان دێنەدی—ژمارە ٢٣:١٩.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. لە چ ڕوانگەیەکەوە پەرتووکی پیرۆز دیارییەکی جۆشهێنەرە لە لایەن خوداوە؟
٣. ئێمە چی لە یەهوە فێردەبین لەسەر ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆزی خستۆتە بەردەستی ئێمەو بۆچی ئەمە بەجۆشهێنەرە؟
٤. بڵاوبوونەوەی پەرتووکی پیرۆز چ کارێکت دەکاتە سەر؟
٥. چۆن پەرتووکی پیرۆز لەلایەن خوداوە سروش کراوە؟
٦، ٧. بۆچی گونجاویەتی بابەتەکانی پەرتووکی پیرۆز لەگەڵ یەکتر شایانی سەرنجە؟
٨. نموونەیەک بێنەوە کە دەریدەخا پەرتووکی پیرۆز لە بواری زانستییەوە دەقاودەقە.
٩. (ا) لە چ بوارێکەوە پەرتووکی پیرۆز خۆی وا دەنوێنێ کە ئەو لەڕووی مێژووییەوە دەقاودەقەو باوەڕپکراوە؟ (ب) ئایا ڕاستگۆیی نووسەرەکانی چیت لەسەر پەرتووکی پیرۆز بۆ دەردەخات؟
١٠. بۆچی سەرسام نابین بەوەی کە پەرتووکی پیرۆز پەرتووکێکی کردارییە؟
١١، ١٢. (ا) عیسای مەسیح لە وتاری سەرچیا دا باسی کام بابەتانەی کرد؟ (ب) چ بابەتێکی کرداری تر لە پەرتووکی پیرۆزدا باسیان لێکراوەو بۆچی ئەو ڕێنماییانە هەرگیز کۆن نابن؟
١٣. یەهوە چ وردەکاریەکی بۆ پێغەمبەر ئیشایا سروش کرد تاکو ئەو سەبارەت بە بابل تۆماری بکات؟
١٤، ١٥. چۆن بە وردی بەشەکانی پێشبینییەکەی ئیشایا سەبارەت بە بابل هاتنەدی؟
١٦. (ا) ئایا ئیشایا سەبارەت بە ئاکامی بەسەرهاتی بابل چی پشبینی کردبوو؟ (ب) چۆن پێشبینییەکەی ئیشایا سەبارەت بە ئاوەدان نەکردنەوەی بابل هاتەدی؟
١٧. چۆن هاتنەدی پێشبینییەکانی پەرتووکی پیرۆز بڕوامان بەهێز دەکات؟
١٨. پۆڵسی نێرراو سەبارەت بە «وشەی خودا» چ وتەیەکی بەنرخی دەربڕی؟
١٩، ٢٠. (ا) چۆن پەرتووکی پیرۆز یارمەتیت دەدات تا لێکۆڵینەوە لەسەر خۆت بکەیت؟ (ب) چۆن دەتوانی سوپاسگوزاری خۆت بۆ ئەو دیارییە بێهاوتایەی خودا دەرببڕیت کە پەرتووکی پیرۆزە؟
[وێنەی لاپەڕە ١٩]
وەرگێڕانی جیهانی نوێی پەرتووکی پیرۆز بەزۆر زمان بەردەست دەکەوێت
[وێنەی لاپەڕە ٢٣]
ئیشایای نووسەری پەرتووکی پیرۆز پێشبینی ڕووخانی بابلی کرد
[وێنەی لاپەڕە ٢٤، ٢٥]
بابل بە کاولبووی