ئایا ئەمە مەبەستی خودا بوو؟
کاتێ ڕۆژنامەکان دەخوێنیتەوە یان چاو لە تەلەڤیزیۆن دەکەی و گوێ لە ڕادیۆ دەگری، بە شێوەیەکی گشتی هەواڵی تووندوتیژی، جەنگ و تیرۆر تێدا بەدیدەکەی. بیر لە گرفتەکانی خۆت بکەوە. لەوانەیە نەخۆشی یان مەرگی خۆشەویستێکت بووبێتە هۆی پەرێشانییەکی گەورە. لەوانەیە تۆش ئەو هەستەی ئەیوبت لەلا دروست ببێ. سەرەڕای ئەوەی کە ئەیوب پیاوێکی باش بوو، وتی من لە خەمباریدا خووساوم—ئەیوب ١٠:١٥.
پرسیار لەخۆت بکە:
▪ ئایا مەبەستی خودا بۆ من و تەواوی مرۆڤایەتی ئەمە بوو؟
▪ بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەکانمدا لە کوێ دەتوانم یارمەتی بدۆزمەوە؟
▪ ئایا هیچ ئومێدێک هەیە کە ئێمە هەرگیز ئاشتی لەسەر زەویدا ببینین؟
پەرتووکی پیرۆز وەڵامی ئاسوودەبەخش بۆ ئەم پرسیارانە دەداتەوە.
پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە خودا ئەم گۆڕانکاریانە لەسەر زەویدا دێنێتەدی کە لە خوارەوە ئاماژەیان بۆ کراوە.
«خودا هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوەو مردن ئیتر نامێنێت، ئیتر غەمو هاوارو ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون»—بینین ٢١:٤.
«شەل وەک ئاسک باز دەدات»—ئیشایا ٣٥:٦.
«چاوی نابیناکان دەکرێتەوە»—ئیشایا ٣٥:٥.
«هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان ... دێنە دەرەوە»—یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩.
«هیچکام لە دانیشتوانی ئەوێ ناڵێت: ‹نەخۆش کەوتم› »—ئیشایا ٣٣:٢٤ (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی).
«دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی دەبێت»—زەبوورەکان ٧٢:١٦.
ئەوەی پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا بەسوودە
هەروا بە خێرایی بەرپەرچی ئەو بەڵێنیانە مەدەوە کە لە لاپەڕەی پێشوودا باسکراون، لەبەر ئەوەی کە پێتوابێ تەنها خەیاڵن. خودا بەڵێنی داوە ئەمانە بهێنێتەدی و پەرتووکی پیرۆز باس لەوە دەکا کە خودا چۆن ئەم کارە دەکا.
پەرتووکی پیرۆز لە زۆر بواری دیکەشەوە سوودمەندە. ئەم پەرتووکە کلیلە بۆئەوەی تەنانەت ئێستا چێژ لە ژیانێکی بەڕاستی ئاسوودەبەخش وەربگری. بۆ ساتێک بیر لە کوێرەوەری و گرفتەکانت بکەوە کە لەوانەیە لە گرفتی پارە، خێزان، لاوازی تەندروستی یان مردنی خۆشەویستێکتەوە پێکهاتبێ. پەرتووکی پیرۆز یارمەتیت دەدا تاوەکو ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم گرفتانەدا بدۆزییەوە. هەروەها کاتێ وەڵامی ئەم پرسیارانەی خوارەوە دەدۆزییەوە باری سەرشانت سووک دەبێ:
▪ بۆچی ئێمە ئازار دەچێژین؟
▪ چۆن دەتوانین بەسەر دڵەڕاوکێیەکانی ژیاندا زاڵ بین؟
▪ چۆن دەتوانین ژیانی خێزانیمان کامەرانتر بکەین؟
▪ کاتێ ئێمە دەمرین چیمان بەسەر دێ؟
▪ ئایا هەرگیز جارێکی دیکە چاومان بەو خۆشەویستانەمان دەکەوێتەوە کە مردوون؟
▪ چۆن دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە خودا ئەو بەڵێنییانەی سەبارەت بە داهاتوو داونی، دەیانهێنێتەدی؟
ئێستا کە تۆ ئەم پەرتووکەت گرتۆتە دەستەوەو دەیخوێنییەوە، ئەوە دەردەخا کە دەتەوێ بزانی پەرتووکی پیرۆز چی فێر دەکا. ئەم پەرتووکە یارمەتیت دەدا بۆ ئەوەی مەبەستت بپێکێ. سەرنج بدە پاراگرافەکان کە پرسیاریان بۆ دانراوە و لە بەشی خوارەوەی لاپەڕەکەدا دەیانبینی. ملیۆنەها کەس لە ڕێگای شێوازی پرسیار و وەڵامەوە لەگەڵ شاهیدانی یەهوەدا گفتوگۆیان کردووە. ئاواتەخوازین تۆش ئەم شێوازەت بەدڵ بێ. خودا پیرۆزت بکا کە ئێستا قۆڵت لێهەڵکردووە بۆئەوەی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش و سوودمەند لەمە بکۆڵییەوە و بزانی بەڕاستی پەرتووکی پیرۆز چی فێر دەکات!
[خشتەی ناو لاپەڕە ٧]
پەرتووکە پیرۆزەکەت بناسە
پەرتووکی پیرۆز لە ٦٦ پەرتووک و نامە پێکهاتووە. بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانرێ بابەتی مەبەست بدۆزرێتەوە بەسەر بەشو ئایەتدا دابەش کراون. لە هەر شوێنێکی ئەم پەرتووکەدا کاتێک ئاماژە بۆ پەرتووکی پیرۆزکرابێ، لە لای ڕاستەوە لەدوای ناوی پەرتووکەکەدا ژمارەی یەکەم ئاماژەیە بۆ بەشی پەرتووک یان نامەکە و ژمارەی دوایی ئاماژەیە بۆ ئایەتەکە. بۆ نموونە، کاتێ نووسرابێ «٢ تیمۆساوس ٣:١٦» مەبەستی نامەی دووهەمی تیمۆساوسە، بەشی ٣، ئایەتی ١٦.
کاتێ لە پەرتووکی پیرۆزدا بەدوای ئەم ئایەتانەدا بگەڕێی کە لەم پەرتووکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە، لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ پەرتووکی پیرۆزدا ئاشنا دەبی. بۆچی بەرنامەیەک داناڕێژی تاکو هەموو ڕۆژێک پەرتووکی پیرۆز بخوێنیتەوە؟ گەر هەر ڕۆژەی سێ تا پێنج بەشی لێبخوێنیتەوە، ئەوا لە ماوەی یەک ساڵدا هەموو پەرتووکی پیرۆز تەواو دەکەی.