١٩١٤، ساڵێکی گرنگ لە پێشبینی پەرتووکی پیرۆزدا
قوتابیانی پەرتووکی پیرۆز دەیان ساڵ پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە ساڵی ١٩١٤دا ڕووداوی گرنگ ڕوو دەدەن. ئەم ڕووداوانە چی بوون و کام بەڵگانە دەریدەخەن کە ئەوە ساڵێکی ئەوەندە گرنگ دەبێ؟
هەروەک لە لۆقا ٢١:٢٤دا نووسراوە، عیسای مەسیح فەرمووی کە نەتەوەکان ئۆرشەلیم پێشێل دەکەن، تا سەردەمی دیاریکراوی نەتەوەکان کۆتایی پێدێ. ئۆرشەلیم پایتەختی نەتەوەی ئیسرائیل بوو و شوێنی فەرمانڕەوایی ئەو پادشایانەی بوو کە تیرەیان دەگەڕایەوە سەر بنەماڵەی داود پاشا (زەبوورەکان ٤٨:١، ٢). ئەم پادشایانە لە ناو سەرۆکی نەتەوەکاندا کەسانێکی بێهاوتا بوون. ئەوان لەسەر تەختی پادشایەتی یەهوە دانیشتبوون، واتە نوێنەرانی خودا بوون (١ هەواڵی ڕۆژان ٢٩:٢٣). هەر لەبەر ئەمە بوو کە ئۆرشەلیم هێمای دەسەڵاتدارییەتی یەهوە بوو.
کەوابو کەی و چۆن دەسەڵاتدارییەتی خودا لە لایان نەتەوەکانەوە پێشێلدەکرا؟ ئەوە لە ساڵی ٦٠٧ی پ.ز. دا ڕوویدا، کاتێ بابلییەکان ئۆرشەلیمیان داگیرکرد. تەختی پادشایەتی یەهوە بە بەتاڵی مایەوە و ڕیزی ئەو پادشایانەی کە سەر بە تیرەی داود بوون پچڕابوو (٢ پاشایان ٢٥:١-٢٦). ئایا ئەم ‹پێشێلکردنە› بۆ هەمیشە درێژەی دەکێشا؟ نەخێر، چونکە پێشبینییەکەی خزقیال سەبارەت بە سدقیا، دوایین پادشای ئۆرشەلیم وتی: «مێزەرەکە داکەنە، تاجەکە هەڵبڕە ... هەروەها ئەمەش نابێت، تا ئەوەی دێت کە مافی خۆیەتی، منیش بەوی دەدەم» (خزقیال ٢١:٢٦، ٢٧). ئەو کەسەی کە «مافی» یاسایی هەیە بۆئەوەی تاجی پادشایی داود وەربگرێ، عیسای مەسیحە (لۆقا ١:٣٢، ٣٣). کەوابو کاتێ عیسای مەسیح دەبێت بە پادشا ‹پێشێلکردنەکە› کۆتایی پێدێ.
ئەم ڕووداوە گرنگە کەی ڕوو دەدا؟ عیسای مەسیح باسیکرد کە تەختی پادشایەتی یەهوە تەنها بۆ ماوەیەک بێ پادشا دەبێ. وەڵامەکە لە پەرتووکی دانیال لە بەشی چواردا ئاشکرای دەکا کە ئەو ماوەیە چەند دەخایەنێ. لەوێدا ئاماژە کراوە بە خەونێک پێشبینیانە کە نەبوخەدنەسەر پادشای بابل بینی. لە خەونەکەدا بینی کە دارێکی گەورە بڕدرایەوە و ئیتر کۆلکەی بنی دارەکە کە لە خاکدا مابووەوە لقی دەرنەکردەوە، چونکە بە کۆتی ئاسن و مسەوە بەسترابووەوە. فریشتەیەک ڕایگەیاند: «حەوت کاتی بەسەردا تێبپەڕێت»—دانیال ٤:١٠-١٦.
پەرتووکی پیرۆز هەندێ جار دار بە واتایەکی هێمایی لەبری فەرمانڕەوایەتی بەکاردەهێنێ (خزقیال ١٧:٢٢-٢٤؛ ٣١:٢-٥). هێمای بڕانەوەی دار واتای ئەوەیە کە بە چ شێوەیەک فەرمانڕەوایی خودا کۆتایی پێدێ، هەروەک پادشاکانی ئۆرشەلیم کە نیشانەی ئەم فەرمانڕەوایەتییە بوون کۆتاییان پێهات. بەڵام بینینەکە دەریخست کە ‹پێشێلکردنی ئۆرشەلیم› بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێ، ئەویش «حەوت کات» دەبێ. واتە چەند دەخایەنێ؟
بینین ١٢:٦، ١٤ ئاماژە دەکا کە سێ کاتو نیو دەکاتە «هەزارو دووسەدو شەست ڕۆژ». کەواتە «حەوت کات» دەکاتە دوو هەندی ئەمە، واتە ٢٥٢٠ ڕۆژ. بەڵام ٢٥٢٠ ساڵ پاش داگیرکرانی ئۆرشەلیم نەتەوە کافرەکان دەستیان لە ‹پێشێلکردنی› پادشایەتی خودا نەکێشایەوە. کەوایە ڕوون و ئاشکرایە ئەم پێشبینییە ماوەیەکی زۆر زیاتر دەگرێتەخۆ. لە پەرتووکەکانی خزقیال ٤:٦و ژمارە ١٤:٣٤دا نووسراوە کە «بۆ هەر ڕۆژێک ساڵێک»، واتە «حەوت کات» ٢٥٢٠ ساڵ دەگرێتەخۆ.
ئەو ٢٥٢٠ ساڵە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٦٠٧پێش زایینەوە دەست پێدەکا، لەو کاتەوە کە بابلییەکان دەستیان بەسەر ئۆرشەلیمدا داگرت و ئەو پادشایەی لە تیرەی داود بوو وەلانرا لە ئۆکتۆبەری (مانگی دەهەمی زایینی. ڕەزبەر و خەزەڵوەر) ساڵی ١٩١٤دا کۆتایی پێدێ. لەو کاتەدا ماوەی دیاریکراو بۆ «میللەتە بێگانەکان»، واتە کافرەکان کۆتایی پێهات و عیسای مەسیح وەک پادشای پادشاهێتی ئاسمانی خودا دیاریکرا—زەبوورەکان ٢:١-٦؛ دانیال ٧:١٣، ١٤.a
هەروەک عیسای مەسیح پێشبینی کرد کە نیشانەی کاتی «گەڕانەوەی»، واتە دەسپێکردنی پادشایەتی ئاسمانییەکەی هاوکات دەبێ لەگەڵ ڕووداوی بەرچاو لەسەرانسەری جیهاندا کە بریتین لە: جەنگ، برسێتی، بومەلەرزە و نەخۆشی پیس (مەتتا ٢٤:٣-٨؛ لۆقا ٢١:١١). سەرهەڵدانی ئەم ڕووداوانە هەڵگری بەڵگەی بەهێزن بۆ ئاشکرابوونی ئەم ڕاستییە کە بە دڵنیاییەوە لە ١٩١٤دا پادشاهێتی ئاسمانی خودا لەدایکبوو و هەروەها «ڕۆژانی دوایی» ئەم سیستەمە بەدکارە دەستیان پێکرد—٢ تیمۆساوس ٣:١-٥.
[ژێرنووس]
a لە ئۆکتۆبەری ٦٠٧ پ. زایینەوە تاوەکو ١ی پ.ز دەکاتە ٦٠٦ ساڵ. ئەوە لەبەرچاو بگرن کە ساڵی سفر نییە، لە ساڵی ١ی ئۆکتۆبەری پ. زایینەوە تا ئۆکتۆبەری ١٩١٤ی زایینی دەکاتە ١٩١٤ ساڵ. کاتێ ٦٠٦ ساڵ لەگەڵ ١٩١٤ ساڵ کۆ بکەینەوە، دەکاتە ٢٥٢٠ ساڵ. بۆ زانیاری لەسەر تێکچوونی ئۆرشەلیم بڕوانە بابەتی «کاتتۆماری»، لە پەرتووکی تێڕوانینی پەرتووکی پیرۆز، لە لایان شاهیدانی یەهوەوە بڵاوکراوەتەوە (ئینگلیزی).
[خانەی ناو لاپەڕە ٢١٦]
(بو شێوازی دەقی تەواو، بڕوانە ئەم بڵاوکراوەیە)
«حەوت کات»
٢٥٢٠ ساڵ
٦٠٦ ساڵ و ٣ مانگ ١٩١٣ ساڵ و ٩ مانگ
ئۆکتۆبەری (ڕەزبەر و خەزەڵوەر) ٦٠٧ پ.ز تا ١، جانواری (بەفرانبار) ساڵی ١ی ز. تا
٣١ی دیسەمبەری (سەرماوەز)، ١ی پ.ز ئۆکتۆبەری (ڕەزبەر و خەزەڵوەر) ١٩١٤
٦٠٧ → .پ.ز ز. ← ١٩١٤
ئۆرشەلیم لە لایان نەتەوەکانەوە پێشێلدەکرێ
ئەوەی دێت کە مافی خۆیەتی «ئەو کەسە دێت کە مافی یاسایی هەیە»