ڕۆژی لێپرسینەوە چییە؟
تۆ ڕۆژی لێپرسینەوە چۆن دەهێنییە بەرچاوی خۆت؟ زۆربەی خەڵک وابیردەکەنەوە کە لەم ڕۆژەدا ملیارەها کەس دەبردرێنە بەردەم خوداوە. ئەو کات هەر کەس بەجیا دادی بەسەردا دەدرێ. هەندێکێان خەڵاتی بەهەشتی ئاسمانیان پێدەدرێ و ئەوانەی تر بۆ هەمیشە ئازارو ئەشکەنجە دەدرێن. بەڵام پەرتووکی پیرۆز بە شێوەیەک باسی ڕۆژی لێپرسینەوە دەکات کە زۆر جیاوازترە لەوەی خەڵک لێی تێگەییشتوون. وشەی خودا لەسەر ڕۆژی لێپرسینەوە دەدوێ، نەک وەک کاتێکی زۆر ترسناک، بەڵکو وەک کاتی هیواو زیندووکردنەوە.
لە بینین ٢٠:١١، ١٢دا هاتووە کە یۆحەننای نێرراو باس دەکا: «تەختێکی گەورەی سپیم بینی، ئەوەی لەسەری دانیشتبوو ئاسمانو زەوی لەبەر ڕووی هەڵاتبوونو شوێنی تریان نەدۆزیەوە بۆ خۆیان. مردووەکانم بینی بە گەورەو بچووکەوە لەبەردەم تەختەکە وەستابوونو چەند پەرتووکێک کرابوونەوە، پەرتووکێکی تریش کە پەرتووکی ژیان بوو کرابووەوە مردووەکان بەپێی کردەوەکانیان ئەوەی لە پەرتووکەکان نووسرابوو حوکمدران». ئەم دادوەرەی لێرەدا باسی لێکراوە کێیە؟
یەهوە خودا گەورەترین دادوەری مرۆڤایەتییە. بەڵام یەهوە ئەرکی دادوەری بە یەکێکیتر سپاردووە. لەسەر ئەم بابەتە پۆڵسی نێرراو لە کرداری نێرراوان ١٧:٣١دا فەرموویەتی کە خودا «ڕۆژێکی دیاری کردووە تیایدا حوکمبدرێ بەسەر جیهان بە دادپەروەری لەسەر دەستی پیاوێک بۆ ئەم مەبەستەی هەڵبژاردوە. بەڵگەش بۆئەمە بە هەمووان دەدات، بەوەی لەنێو مردووان زیندووی کردەوە». ئەم دادوەرە دەستنیشانکراوە عیسای مەسیحە کە لە مردن زیندووکرایەوە (یۆحەننا ٥:٢٢). بەڵام ڕۆژی لێپرسینەوە کەی دەست پێدەکا و چەند دەخایەنێ؟
پەرتووکی بینین نیشانیدەدا کە ڕۆژی لێپرسینەوە دوابەدوای جەنگی هەرمەگەدوندا دەست پێدەکا، پاش ئەوەی کە دامودەزگای گەندەڵی شەیتان لەسەر ڕووی زەوی بە تەواوی لەناو بردراوە (بینین ١٦:١٤، ١٦؛ ١٩:١٩–٢٠:٣).a پاش هەرمەگەدون، شەیتان و جنۆکەکانی بۆ ماوەی هەزار ساڵ لە چاڵێکی بێبندا بەند دەکرێن. لە ماوەی ئەو هەزار ساڵەدا ١٤٤٠٠٠ کەس لە ئاسماندا دەبنە دادوەر و فەرمانڕوایەتی دەکەن کە بە میرات پێیاندراوە هەروەک پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ «بۆ هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیح دەسەڵاتیان پێدرا» (بینین ١٤:١-٣؛ ٢٠:١-٤؛ ڕۆما ٨:١٧). ڕۆژی لێپرسینەوە ڕووداوێکی خێرا نییە کە بۆ ماوەیەکی ٢٤ کاتژمێر بخایەنێ، بەڵکو بۆ ماوەی هەزار ساڵ درێژەی دەبێ.
لە ماوەی ئەم هەزار ساڵەدا عیسای مەسیح داد «بەسەر زیندووانو مردوواندا دەدات» (٢ تیمۆساوس ٤:١). «زیندووەکان» ئەو «کۆمەڵە خەڵکە» زۆرەن کە لە هەرمەگەدووندا ڕزگاریان بووە (بینین ٧:٩-١٧). یۆحەننای نێرراو هەروەها بینی کە مردووان لەبەردەم تەختی دادوەریدا ڕاوەستابوون. هەروەک عیسای مەسیح بەڵێنیدا «ئەوانەی لەناو گۆڕدان گوێیان لە دەنگی [عیسا] دەبێو دێنە دەرەوە»، بە هۆی زیندووکردنەوەوە (یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩؛ کرداری نێرراوان ٢٤:١٥). بەڵام لەسەر چ بنەمایەکەوە خەڵک دادیان بەسەر دادەدرێ؟
بە گوێرەی ئەوی بۆ یۆحەننای نێرراو وەحیکرا، «چەند پەرتووکێک کرابوونەوە»، و «مردووەکان بەپێی کردەوەکانیان ئەوەی لە پەرتووکەکاندا نووسرابوو حوکمدران (دادیان بەسەر درا)». ئایا لە ناو ئەو پەرتووکانە کردەوەی ڕابردووی خەڵکیان تێدا نووسراوە؟ نەخێر، خەڵک بە پێی ئەوەی کە لە ڕابردوو بەرلە مردنیاندا چییان کردووە دادیان بەسەر دانادرێ. ئێمە ئەمە لە کوێوە دەزانین؟ پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «چونکە ئەوەی مرد لەگوناه ئازاد بۆ» (ڕۆما ٦:٧). ئەوانەی لە مردنەوە زیندوودەکرێنەوە لاپەڕەیەکی نوێ لەژیانیان دەستپێدەکا. کەوابو ئەو پەرتووکانە دەشێ داواکارییە نوێیەکانی خودا بگرنەخۆ. بۆ ئەوەی کە بتوانن بۆ هەمیشە بژین، هەردووک بەشەکانی خەڵک چ ئەوانەی کە لە هەرمەگەدونەوە دەربازیان بووە و هەروەها ئەوانەی کە زیندووکراونەتەوە دەبێ گوێڕایەڵی هەموو ئەو ڕاسپاردانەی خودا بکەن کە یەهوە لەوانەیە لە ماوەی هەزار ساڵەکەدا بە خەڵکیان بدا. کەوابوو هەر کەسێک بە گوێرەی ئەوەی کە لە ماوەی هەزار ساڵی ماوەی لێپرسینەوەدا هەڵسووکەوت دەکا دادی بەسەردا دەدرێ.
لە رۆژی لێپرسینەوەدا ملیارەها خەڵک لەژیانیاندا بۆ یەکەمجار دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێ بۆ ئەوەی خواستی خودا فێر بن و بەگوێرەی ئەو خواستە ڕەفتار بکەن. واتای ئەمە ئەوەیە کە لە ئاستێکی یەکجار فراواندا ئەرکی فێرکاری دەستپێدەکا. بەڕاستی «کاتێک حوکمەکانت لە زەوییە، دانیشتووانی جیهان فێری دادپەروەری دەبن» (ئیشایا ٢٦:٩). سەرەڕای ئەمەش هەموو کەسێک نایەوێ بەگوێرەی خواستەکانی خودادا بژێ. لە ئیشایا ٢٦:١٠دا نووسراوە: «بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت فێری ڕاستودروستی نابێت لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات شکۆی یەهوە نابینێت». لەماوەی ڕۆژی لێپرسینەوەدا ئەم بەدکارانە بە یەکجاری لەناو دەبردرێن—ئیشایا ٦٥:٢٠.
ئەو کەسانەی کە زیندوون، لە کۆتایی ڕۆژی لێپرسینەوەدا گەیشتوون بەو ژیانە کە مرۆڤی تەواو هەیەتی (بینین ٢٠:٥). کەوابو لە ماوەی ڕۆژی لێپرسینەوەدا مرۆڤایەتی دەگەڕێنڕێتەوە بۆ بارودۆخی مرۆڤی تەواو هەروەک لە سەرەتای ئافراندنیدا تەواو بوو (١ کۆرنسۆس ١٥:٢٤-٢٨). ئینجا دوایین تاقیکردنەوە ڕوو دەدا. شەیتان لە بەندیخانەوە بەڕەڵڵا دەکرێ و ڕێگای پێدەدرێ بۆ دوایین جار هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤایەتی بدا (بینین ٢٠:٣، ٧-١٠). ئەو کەسانەی کە بەربەرەکانی شەیتان دەکەن چێژ لە هاتنەدی دوایین بەڵێنی پێشبینێکراوی پەرتووکی پیرۆز وەردەگرن: «ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری زەوی و تاهەتایە لە سەری نیشتەجێ دەبن» (زەبوورەکان ٣٧:٢٩). بەڵێ، ڕۆژی لێپرسینەوە بۆ هەموو ڕاستودروستان پیرۆزییە.
[ژێرنووس]
a بۆ زانیاری لەسەر هەرمەگەدون تکایە بڕوانە بەرگی یەکەم لە پەرتووکی تێڕوانینی پەرتووکی پیرۆز، لاپەڕەکانی ٥٩٤-٥، ١٠٣٧-٨، هەروەها بەشی ٢٠ لە پەرتووکی تەنها خودای ڕاستەقینە بپەرستە، هەردووکیان لەلایان شاهیدانی یەهوەوە بڵاوکراونەتەوە (ئینگلیزی).