بەشی دەهەم
ئافەریدە ڕۆحانییەکان چۆن کاریگەریمان دەخەنە سەر؟
ئایا فریشتەکان یارمەتی خەڵک دەدەن؟
فریشتە بەدکارەکان چۆن کار دەکەنە سەر مرۆڤەوە؟
ئایا ئێمە دەبێ لەو ئافەریدە بەدکارانە بترسین؟
ئەگەر بمانەوێ کەسێک بە باشی بناسین پێویستە شتێک لەسەر بنەماڵەکەی بزانین. بەهەمان شێوە بۆ باشتر ناسینی یەهوە پیویستە لەگەڵ بنەماڵە ئاسمانییەکەی ئاشنا بین. پەرتووکی پیرۆز فریشتە دڵسوزەکانی خودا بە «ڕۆڵەکانی خودا» ناو دەبا (ئەیوب ٣٨:٧). بەڵام، ئایا ئەرکی ئەو ڕۆڵانە لە بەدیهاتنی خواستی خودادا چییە؟ ئایا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ دەورێکیان هەبووە؟ ئایا فریشتەکان هیچ کارتێکردنێکێان لە سەر ژیانی تۆ هەیە؟ گەر هەیانە چۆن؟
٢ پەرتووکی پیرۆز بە سەدان جار ئاماژە بۆ فریشتەکان دەکا. بۆ ناسینی باشتریان وەرن با تاووتوێی هەندێک لەوانە بکەین. فریشتەکان لە کوێوە هاتوون؟ لە پەرتووکی پیرۆز لە کۆلۆسی ١:١٦ دا نووسراوە: «هەر بەویش [عیسای مەسیح] هەموو شتێک دروست بووە، ئەوەی لە ئاسمانو لەسەر زەوییە». کەواتە، هەموو ئەو ئافرێندراوە ڕۆحانییانەی کە پێیان دەوترێ فریشتە، یەک بە یەک لە لایەن یەهوە خوداوە لە ڕێگای ڕۆڵە تاقانەکەیەوە ئافرێندراون.a فریشتەکان ژمارەیان چەندە؟ پەرتووکی پیرۆز دەریدەخا کە سەدان ملێون فریشتە ئافرێندراون و هەر هەمووشیان زۆر بە توانان—زەبوورەکان ١٠٣:٢٠.
٣ پەرتووکی پیرۆز کە وشەی خودایە پێمان دەفەرمووێ، کاتێک زەوی دروستکرا، «هەموو کوڕانی خودا هۆتافیان کێشا» (ئەیوب ٣٨:٤-٧). فریشتەکان زۆر بەر لەوەی کە مرۆڤ ئافرێندرابێ هەبوون، تەنانەت بەر لەوەی کە زەویش دروست بکرێ. ئەم ئایەتەی پەرتووکی پیرۆز دەریدەخا کە فریشتەکان هەستیان هەیە، چونکە لێرەدا نووسراوە کە «هەموویان هاواری خۆشیان کێشا». سەرنجی ئەوە بدە کە «هەموو کوڕەکانی خودا» بە یەکەوە دڵخۆشیان دەربڕی. ئەو کات هەموو فریشتەکان لە بنەمالەیەکی یەکگرتوودا یەهوە خودایان دەپەرست.
پشتیوانی و پاراستن لە لایەن فریشتەکانەوە
٤ ئافرێندراوە دڵسۆزەکان هەر لەو کاتەوە خۆیان شاهیدی ئافراندنی یەکەم مرۆڤ بوون تاکو ئێستا بە تامەزرۆییەوە ڕوانیوییانەتە پەرەسەندنی بنەماڵەی مرۆڤ و بەدیهاتنی مەبەستەکانی خوداوە (پەندەکان ٨:٣٠، ٣١؛ ١ پەترۆس ١:١١، ١٢). بە درێژایی مێژوو فریشتەکان بینییان کە زۆربەی ئەندامانی خێزانی مرۆڤ ڕوویان لە پەرستنی ئافەریدگارە خۆشەویستەکەیان وەرگێڕا. بێگومان فریشتە دڵسۆزەکان بە بینینی ئەمە دڵگران بوون. لە لایەکی ترەوە، گەڕانەوەی تەنها مرۆڤێکیش بۆ باوەشی یەهوە، «دەبێتە شادی لە نێوان فریشتەکانی خودا» (لۆقا ١٥:١٠). لەبەر ئەوەی فریشتەکان تا ئاستێکی ئاوا بەرچاو بە پەرۆشی بەختەوەری ئەو کەسانەوەن کە یەهوە دەپەرستن، شتێکی سەیریش نییە کە یەهوە بەردوام لە ڕێگای فریشتەکانییەوە پشتگیری لە خزمەتکارانی سەر زەوی کردووە و پاراستوونی (عیبرانیەکان ١:٧، ١٤). با بڕوانینە چەند نموونەیەک.
٥ لە کاتی کاولکرانەی شارە بەدکارەکانی سەدوم و عەمۆرا، لۆت کە پیاوێکی راستودروست بوو، دوو فریشتە یارمەتی خۆی و دوو کچەکەیان دا تا ڕزگاریان بێ و لە ناوچەکە بردنیانە دەرەوە (پەیدابوون ١٩:١٥، ١٦). چەند سەدە بەدوای ئەم ڕووداوە دا دانیالی پێغەمبەر فڕێدرایە چاڵاوی شێرانەوە، بەڵام دانیال بێ ئەوەی کە هیچ زیانێکی پێ بکەوێ زیندوو مایەوە و فەرمووی: «خوداکەم فریشتەکەی خۆی نارد و دەمی شێرەکانی داخست» (دانیال ٦:٢٢). لە سەدەی یەکەمی زایینیدا فریشتەیەک پەترۆسی نێرراوی لە زیندان دەرباز کرد (کرداری نێرراوان ١٢:٦-١١). هەروەها کاتێ عیسا خزمەتی سەر زەوی دەستپێکرد فریشتەکان پشتیوانیان لێکرد (مەرقۆس ١:١٣). ماوەیەکی کورت بەر لە مردنی عیسا، فریشتەیەک هاتە لای «تا بەهێزی بکات» (لۆقا ٢٢:٤٣). ئەم پشتگیرییە بۆ عیسا لە کاتێکی ئاوا گرنگی ژیانیدا دەبێ بەڕاستی دڵنەواییەکی بەهێز بووبێ.
٦ ئیتر ئەمڕۆ فریشتەکان خۆیان نیشانی خواپەرستان نادەن. فریشتەکانی خودا سەرەڕای نادیار بوونیان لە بەرچاوی مرۆڤدا، ئێستاش خواپەرستان دەپارێزن، ئەویش بە تایبەت لە هەموو مەترسییە ڕۆحانییەکانەوە. پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «فریشتەی خوداوەند دەوری ئەو کەسانە دەگرن کە لێی دەترسن، دەربازیان دەکات» (زەبوورەکان ٣٤:٧). ئەمەی لە زەبوورەکاندا نووسراوە بۆچی بۆ ئێمە دڵنەواییەکی مەزنە؟ لەبەر ئەوەی کە ئافریدەی ڕۆحانی مەترسیدار هەن کە دەیانهەوێ ئێمە لە ناوبەرن! ئەوانە کێن؟ لە کوێەوە هاتوون؟ چۆن هەوڵی ئازاردانی ئێمە دەدەن؟ بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە واباشترە بە کورتی لە بابەتێک ورد بینەوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی مێژوی مرۆڤدا ڕوویدا.
ئەو ئافرێندراوە ڕۆحانیانەی کە دوژمنی ئێمەن
٧ هەروەک لە بەشی سێهەمی ئەم پەرتووکە دا فێری بووین، یەکێک لە فریشتەکان گەشەی بە ئارەزووی فەرمانڕەوایی کردن بە سەر ئەوانیتر دا، بە جۆرێک کە ڕووی لە خودا وەرگێڕا. پاشان ئەم فریشتەیە بە ئیبلیسو شەیتان ناوی دەرکرد (بینین ١٢:٩). ١٦٠٠ ساڵ پاش ئەوەی کە شەیتان حەوای هەڵخەڵەتاند هەروەها توانی زۆربەی مرۆڤەکان لە خودا هەڵگەڕێنێتەوە. تەنها چەند کەسێکی وەک هابیل و ئەخنوخ و نوحی بڕوادار بەدڵسۆزی بۆ خودا مانەوە—عیبرانیەکان ١١:٤، ٥، ٧.
٨ لە ڕۆژانی نوح دا فریشتەی تر دژی یەهوە یاخی بوون. ئەوان شوێنی خۆیان لە بنەماڵەی خودا لە ئاسمان جێهێشت و دابەزینە سەر زەوی و لەشی مرۆڤانەیان بۆ خۆیان هەڵبژارد. بۆچی وایان کرد؟ وەڵامەکەی لە پەیدابوون ٦:٢ دا دراوەتەوە کە دەفەرمووێ: «کوڕانی خودا بینیان کچانی مرۆڤ جوانن. جا لە هەموو ئەوانەی هەڵیانبژاردن ژنیان بۆ خۆیان هێنا». بەڵام یەهوە ڕێگای نەدا تا کردەوەی ئەو فریشتە یاخیبووانە کە بوو بە هۆی گەندەڵی مرۆڤایەتی پەرە بسێنێ. یەهوە لافاوێکی مەزنی هێنا کە هەموو زەوی داگرت تاوەکو هەموو مرۆڤە بەدکارەکان لە ناو ببات و تەنها خزمەتکارە دڵسۆزەکانی بمێننەوە (پەیدابوون ٧:١٧، ٢٣). ئەو کات فریشتە یاخی بووەکان کە بە جنۆکەش ناسراون تەنگیان پێهەلچنراو و ناچار بوون لەشی مرۆڤانەیان جێهێڵن بۆ شێوەی ڕۆحانییەکەیان بۆ ئاسمان بگەڕێنەوە. ئەوان چوونە پاڵ شەیتانەوە، ئەوەی کە بوو بە «سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان»—مەتتا ٩:٣٤.
٩ کاتێک فریشتە یاخیبووەکان بۆ ئاسمان گەڕانەوە هەروەک سەرۆکەکەیان کە شەیتانە لە بنەماڵەی یەهوە دەرکران (٢ پەترۆس ٢:٤). هەرچەند ئەوان ئیتر ناتوانن بێن و خۆیان وەک مرۆڤ لێبکەن، بەڵام ئێستاش کاریگەری زۆر خراپیان لە سەر مرۆڤ هەیە. بۆ نموونە، بە یارمەتی ئەم جنۆکانەوە شەیتان «هەموو جیهان گومڕا دەکات» (بینین ١٢:٩؛ ١ یۆحەننا ٥:١٩). چۆن ئەم کارە دەکات؟ بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە ئەم مەبەستەیان دەهێننەدی (٢ کۆرنسۆس ٢:١١). با بە یەکەوە تێبینی هەندێ لەم شێوازانە بکەین.
جنۆکە چۆن خەڵکی گومڕا دەکەن
١٠ جنۆکەکان بۆ گومڕا کردنی خەڵک جادوگەری بەکار دێنن. بەکار هێنانی جادوگەری پەیوەندی بە جنۆکەکانەوە هەیە چ ڕاستەوخۆی بێ چ بە هۆی ئەو کەسانەوە کە پەیوەندی بە مردووانەوە دەگرن. پەرتووکی پیرۆز جادوگەری بەتاوان لە قەڵەم دەدا و وشیارمان دەکاتەوە تاکو خۆمان لەهەرشتێک کە پەیوەندی بە جادوگەرییەوە هەبێ بپارێزین (غەڵاتیە ٥:١٩-٢١). هەروەک ماسیگر بۆ ڕاوکردن شت بە قولابەکەیەوە دەکا، جنۆکەکانیش بۆ فریودانی خەڵک جادوگەری بەکار دەهێنن. ماسیگر لە ڕاوکردنی ماسی جۆراوجۆر شتی جۆراوجۆر بە قوڵابەوە دەکا. بە هەمان شێوە جنۆکە بەدکارەکانیش شێوازی هەمەڕەنگی جادوگەری بەکار دەهێنن، تا هەموو جۆرە خەڵکێک بخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە.
١١ یەکێک لە شێوازەکان فاڵگرتنەوەیە. فاڵگرتنەوە چییە؟ فاڵگرتنەوە، هەوڵدانە بۆ ئاگاداری لەسەر داهاتوو یان زانینی شتێکی نەزانراو. هەندێ لە شێوازەکانی فاڵگرتنەوە ئەستێرەگەری، فاڵی کارت، فاڵی ئاوێنە، فاڵی قاوە، فاڵی بەری دەست و نووشتەکردن و لێکدانەوەی خەونەکانن. لەوانەیە خەڵک پێیان وابێ کە فاڵگرتنەوە مەترسی بۆ کەس نییە، بەڵام پەرتووکی پیرۆز نیشانیدەدا کە فاڵگر و جنۆکە دەستیان لە دەستی یەک دایە. بۆ نموونە کرداری نێرراوان ١٦:١٦-١٨ باس لە «ڕۆحی جادوگەرێتی» دەکا کە توانای «هونەری پێشبینیکردن» بە کچێک دابوو. (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی) بەڵام کاتێک کە جنۆکەکە لێی چووەدەر کچەکە ئیتر ئەم توانایەی تێدا نەما.
١٢ ڕێگایەکی تر کە جنۆکەکان خەڵکی گومڕا دەکەن ئەوەیە کە هانیان دەدەن تا ڕاوێژ بە مردووان بکەن. ئەو خەڵکانە کە شینی لە دەستچوونی خۆشەویستەکانیان دەگێڕن، زۆر جار لەسەر مردووان تووشی بیروبۆچوونی چەوت دەبن. جادوگەرێک کە پەیوەندی بە مردووانەوە بگرێ لە وانەیە هەندێ زانیاری تایبەت لە سەر مردووەکە باس بکا، یان بە دەنگێگ قسە بکا کە بە ڕواڵەت لە دەنگی مردووەکە دەچێت. ئاکامەکەی ئەوەیە کە زۆربەی خەڵک دڵنیان لەوەی کە مردووان بەڕاستی دەژین و پەیوەندیکردن لەگەڵیان دڵنەواییان دەداتەوە. بەڵام ئەو دڵنەواییە بەڕاستی چەوتە و مەترسیداریشە. بۆچی؟ چونکە جنۆکەکان دەتوانن لاسایی دەنگی مردووەکان بکەنەوە وزانیاری بە جادوگەرەکە بدەن (١ ساموئێل ٢٨:٣-١٩). هەروەک لە بەشی شەشەمی ئەم پەرتووکەدا فێری بووین مردووان لە ناو چوون ئیتر بوونیان نییە (زەبوورەکان ١١٥:١٧). کەواتە هەرکەسێک «ڕاوێژ بە مردووان» بکا لە لایەن ڕۆحە بەدکارەکانەوە گومڕا کراوە و بە پێچەوانەی خواستی خوداش هەڵوێست دەکا (وتەکان ١٨:١٠، ١١؛ ئیشایا ٨:١٩). کەوابوو بە وریایی بەرپرچی ئەو تەڵە مەترسیدارانەی جنۆکەکان بدەوە.
١٣ ڕۆحە بەدکارەکان نەک تەنها خەڵک گومڕا دەکەن، بەڵکو دەشیانترسێنن. ئێمڕۆ شەیتان و جنۆکەکانی ئاگادارن تا لە ناوچوونیان «کاتێکی کورتی بەدەستەوە ماوە»، بۆیە لە جاران زۆرتر بەدکارترن (بینین ١٢:١٢، ١٧). سەرەڕای ئەمەش هەزاران کەس کە پێشتر هەموو ڕۆژێک لە ژێر ترسی جنۆکەکاندا دەژیان، توانیویانە خۆیان لە دەستیان دەرباز بکەن. ئایا ئەوانە چۆن دەرباز بوون؟ ئەگەر کەسێک تێکەڵاوی ئەم ڕۆحە بەدکارانە بووبێ دەتوانێ چی بکا؟
چۆن دەتوانین لەبەرانبەر ڕۆحە بەدکارەکان خۆڕاگربین
١٤ پەرتووکی پیرۆز چۆنییەتی ڕزگاری بوون و خۆڕاگری لە داوی جنۆکەکان فێر دەکا. با تاووتوێی نموونەی مەسیحییەکانی شاری ئەفسۆس لە سەدەی یەکەمدا بکەین. هەندێ لەو مەسیحیانەی بەر لەوەی ببنە مەسیحی پەیوەندیان بە جادوگەرییەوە هەبوو. کاتێک بڕیاڕیان دا واز لە جادوگەری بێنن چییان کرد؟ پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «زۆر لەوانەی خەریکی جادوگەرێتی بوون دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی پەرتووکەکانیانو لەبەردەم هەمووان سووتاندیانن» (کرداری نێرراوان ١٩:١٩). ئەوانەی ببوون بە مەسیحی و پەرتووکە جادوگەرییەکانیان سووتاند نموونەیەکیان جێهێشت بۆ ئەو کەسانەیی لەم سەردەمە دا ئاواتەخوازن لەبەرانبەر ڕۆحە بەدکارەکاندا خۆڕاگربن. ئەو کەسانەی دەیانهەوێ یەهوە بپەرستن، دەبێ هەموو ئەو شتانەی لە ژیانیاندا پەیوەندیان بە جادوگەرییەوە هەیە لە ناوبەرن. بۆ نموونە کەلوپەلی وەک پەرتووک، گۆڤار، فیلم، وێنەی سەر دیوار و ئەو مۆسیقا و گۆرانیانەی کە هاندەری بەکارهێنانی جادوگەرین، یاخود سەرنج ڕاکێش و جۆشهێنەری جادوگەرین. ئامرازی چاوەزاری و شتیتر کە بڕوا وایە لە چاوی پیس و ڕۆحەپیسەکان دەپارێزن، بەهەمان شێوە بە جادوگەری دەژمێردرێن—١ کۆرنسۆس ١٠:٢١.
١٥ چەند ساڵێک دوای ئەوەی کە مەسیحییەکانی ئەفسۆس پەرتووکە جادوگەرییەکانیان سووتاند، پۆڵسی نێرراو ئاوای بۆنووسین: «چونکە زۆرانبازی ئێمە ... دەسەڵاتدارانی ڕۆحە بەدکارەکانە» (ئەفسۆس ٦:١٢). جنۆکەکان وازیان لە مەسیحیەکان نەهێنابوو. ئەوان هێشا دەیانویست خۆیان بەسەردا زاڵ بکەن. چ شتێکیتر پێوست بوو تا مەسیحیەکان بیکەن؟ پۆڵس وتی: «لە سەرووی هەموو ئەوانە، قەڵغانی باوەڕ هەڵگرن، بەهۆیەوە هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان [ڕۆحە بەدکارەکان] دەکوژێننەوە» (ئەفسۆس ٦:١٦). هەرچەندە قەڵغانی باوەڕمان بەهێزتر بێ ئەوەندە زۆرتر دەتوانین لە ئاست تووندوتیژیەکانی ڕۆحە بەدکارەکان خۆڕاگربین—مەتتا ١٧:٢٠.
١٦ چۆن دەتوانین باوەڕمان پتەو بکەین؟ بە خوێندنی پەرتووکی پیرۆز. پتەوی دیوار پەیوەندی بە بناغەکەیەوە هەیە. هەر بە هەمان شێوە پتەوی باوەڕمان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەهێز بوونی بناغەی باوەڕەکەمانەوە هەیە، بناغەی باوەڕیش بە هۆی زانستی ڕاستەقینەیە لە سەر پەرتووکی پیرۆز کە وشەکانی خودان دادەڕێژرێ. گەر هەموو ڕۆژێک پەرتووکی پیرۆز بخوێنینەوە و ڵێیبکۆڵینەوە، باوەڕمان پتەو دەبێ. هەروەک دیوارێکی پتەو ناڕوخێ، باوەڕێکی پتەویش لە کاریگەری ڕۆحە بەدکارەکان دەمانپارێزێ—١ یۆحەننا ٥:٥.
١٧ مەسیحیەکانی ئەفسۆس دەبوایە چ هەنگاوێکی تریان نابایا؟ ئەوان پێویستیان بە پارێزرانی زیاتر هەبوو، چونکە ئەوان لە شارێک دەژیان کە پڕ لە جنۆکە بوو. هەر بۆیە پۆڵس پێی وتن: «هەموو کاتێک لە نوێژ کردن بن بە ڕۆح، بۆ هەموو نوێژ کردنو پاڕانەوەیەک شەوارە بگرن» (ئەفسۆس ٦:١٨). ئێمەش لە جیهانێکدا دەژین کە پڕ لە جنۆکەیە، هەربۆیە دەبێ ڕاستودروستانە لەبەر یەهوە بپاڕێینەوە تا بمانپارێزی، چونکە یارمەتییەکەی خاڵێکی سەرەکییە لە خۆڕاگریماندا دژ بە ڕۆحە بەدکارەکاندا. بێگومان پێویستە تا لە پاڕانەوەکانماندا ناوی یەهوە بەکار بێنین (پەندەکان ١٨:١٠). ئێمە دەبێ لە بەر یەهوە بپاڕێینەوە تا «ڕزگارمانکا لە شەیتان» کە ڕۆحی بەدکارە (مەتتا ٦:١٣). یەهوە وەڵامی پاڕانەوەی ڕاستودروست دەداتەوە—زەبوورەکان ١٤٥:١٩.
١٨ ڕۆحە بەدکارەکان ترسناکن، بەڵام ئەگەر بەرپەرچی شەیتان بدەینەوە و لە خودا نزیک بینەوە ئەویش لە ڕێگای ئەنجامدانی خواستەکانی، ئیتر پێویست ناکا لە دڵەڕاوکێدا بژین (یاقوب ٤:٧، ٨). هێزی ڕۆحە بەدکارەکان سنووردارە. ئەوان لە سەردەمی نۆحدا سزا دران، هەروەها لە داهاتوودا دادی کۆتایشیان بەسەردا دەدرێ (یەهوزا ٦). هەروەها لە بیرت نەچێ کە فریشتە بە تواناکانی یەهوە پارێزگاریمان لێدەکەن (٢ پاشایان ٦:١٥-١٧). ئەو فریشتانە زۆر بە پەرۆشەوە ئاواتەخوازن تا ئێمە لە خۆڕاگری دژ بە ڕۆحە بەدکارەکان سەرکەوتن بەدەست بێنین. ئەو فریشتە ڕاستودروستانە لای ئێمە دەگرن و پاڵپشتمانن. کەوابو وەرن با هەر لە پەنای یەهوە و بنەماڵە دڵسۆزەکەی کە ئافریدە ڕۆحانییەکانن بمێنینەوە. هەروەها بەو هیوایەی کە لە هەر جۆرە جادوگەرییەک خۆمان بپارێزن و هەمیشە بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وتەکانی خودا هەڵسووکەوت بکەین (١ پەترۆس ٥:٦، ٧؛ ٢ پەترۆس ٢:٩). ئەو کاتە دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە لە جەنگ دژ بە ئافەریدە بەدکارە ڕۆحییەکاندا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین.
١٩ بەڵام باشە خودا لەبەرچی ڕێگای داوە تاکو بەدکاری و ڕۆحە بەدکارەکان ئەوەندە ئازاری خەڵکی بدەن؟ ئەم پرسیارە لە بەشی داهاتوودا وەڵام دەدرێتەوە.
[ژێرنووس]
a لە بینین ٥:١١ دا لەسەر فریشتە ڕاستوودروستەکان نووسراوە: «ئینجا تەماشام کردو گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لەدەوری تەختەکەو زیندەوەرەکانو پیرەکان، ژمارەیان هەزار هەزارو دەهەزار دەهەزار دەبوو». هەروەک دەیبینین، پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ کە سەدان ملێون فریشتە ئافرێندراون.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات
▪ فریشتە دلسۆزەکان بە هانای ئەو کەسانەوە دێن کە خزمەتی خودا دەکەن—عیبرانیەکان ١:٧، ١٤.
▪ شەیتان و جنۆکەکان خەڵکی گومڕا دەکەن و لە خودا دووریان دەخەنەوە—بینین ١٢:٩.
▪ گەر تۆ خواستی خودا بەجێ بهێنی و بەرپرچی بوختانکەر بدەیەوە، شەیتان لێت هەڵدێ—یاقوب ٤:٧، ٨.
[پرسیارەکانی وانە]
١. بۆچی پێویستە فریشتەکان بناسین؟
٢. فریشتەکان لە کوێوە هاتوون و ژمارەیان چەندە؟
٣. ئەیوب ٣٨:٤-٧ لەسەر فریشتەکان چیمان پێدەڵێ؟
٤. پەرتووکی پیرۆز چۆن نیشانیدەدا کە فریشتە دڵسۆزەکان بە پەرۆشی چالاکییەکانی مرۆڤن؟
٥. لە پەرتووکی پیرۆزدا کام نموونانەی پشتیوانی فریشتەکان دەبینرێن؟
٦. (ا) فریشتەکان لەم سەردەمە دا چۆن خواپەرستان دەپارێزن؟ (ب) ئێستا لە کام پرسیارانە ورد دەبینەوە؟
٧. شەیتان تا چ ئاستێکی بەربڵاو لە هەڵگەڕاندنەوەی خەڵکی دژ بە خودا دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا؟
٨. (ا) هەندێ لە فریشتەکان چۆن بوون بە جنۆکە؟ (ب) جنۆکەکان بۆ ئەوەی لە لافاوەکەی سەردەمی نۆح دەربازیان بێ چییان کرد؟
٩. (ا) کاتێ جنۆکەکان گەڕانەوە بۆ ئاسمان چییان بەسەر هات؟ (ب) لە سەر جنۆکەکان ئێستا ئێمە تێبینی چی دەکەین؟
١٠. جادوگەری چییە؟
١١. فاڵگرتنەوە چییە و بۆچی دەبێ ئێمە خۆمانی لێبپارێزین؟
١٢. بۆچی هەوڵدان بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ مردووان مەترسیدارە؟
١٣. زۆر لەو کەسانەی کە پێشتر ترسی ڕۆحە بەدکارەکانیان لەسەر بوو توانیویانە چی بکەن؟
١٤. هەروەک مەسیحییەکانی سەدەی یەکەم لە ئەفسۆس پەیوەندیان بە جادوگەری دابڕاند، ئێمەش چۆن دەتوانین ئەم کارە بکەین؟
١٥. بۆ خۆڕاگری بەرانبەر تووندوتیژی ڕۆحە بەدکارەکان پێویستە چی بکەین؟
١٦. چۆن دەتوانین باوەڕمان پتەو بکەین؟
١٧. بۆ خۆڕاگری لە بەرانبەر ڕۆحە بەدکارەکان دەبێ چ هەنگاوێکی دیکە بنرێ؟
١٨، ١٩. (ا) بۆچی ئێمە دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە لە جەنگ دژ بە ئافەریدە بەدکارە ڕۆحییەکاندا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین؟ (ب) لە بەشی داهاتوودا وەڵامی چ پرسیارێک دەدرێتەوە؟
[خشتەی ناو لاپەڕە ١٠٢]
چۆنییەتی خۆڕاگری لە بەرانبەر ڕۆحە بەدکارەکاندا
▪ ئەوەی کەلوپەلی جادوگەرییە لەناوی بەرە
▪ پەرتووکی پیرۆز بخوێنە
▪ لەبەر خودا بپاڕێوە
[وێنەی لاپەڕە ٩٩]
«خوداکەم فریشتەکەی خۆی نارد و دەمی شێرەکانی داخست»—دانیال ٦:٢٢
[وێنەی لاپەڕە ١٠١]
جنۆکەکان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن