بەشی چواردەهەم
چۆن ژیانی خێزانیت کامەران دەکەیت؟
تایبەتمەندییەکانی مێردێکی باش کامانەن؟
ژن چۆن دەتوانێ ببێتە هاوسەرێکی باش؟
دایک و باوکی باش دەبێ چۆن بن؟
منداڵان چۆن دەتوانن لە دروستکردنی خێزانێکی کامەراندا هاریکاری بکەن؟
یەهوە خودا خوازیارە تا خێزانەکەت بەختەوەر بێ. پەرتووکی پیرۆز کە وشەی خودایە، بۆ هەر ئەندامێکی ناو خێزان ڕێنمایی تێدایە و باسکراوە کە خودا دەیهەوێ هەریەکێک لەو ئەندامانە چ ئەرکێک بگرێتە ئەستۆوە. ئەگەر ئەندامانی خێزان بە گوێرەی ڕێنماییەکانی خودا هەریەکەو ئەرکی خۆی ڕاپەڕێنێ، ئاکامەکەی زۆر ئاسوودەبەخش دەبێ. عیسای مەسیح فەرمووی: «با خۆزگە بەوانە بخوازرێ، کە گوێ لە وشەی خودا دەگرنو کاری پێدەکەن»—لۆقا ١١:٢٨.
٢ بەختەوەری خێزان بە شێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەندی بەوەوە هەیە دان بنێین بەوەی کە یەهوە دامەزرێنەری خێزانە، هەرئەوەی کە عیسا بە «باوکمان» ناوی دەبا (مەتتا ٦:٩). هەر خێزانێک کە لە سەر زەوییە، بوونی بە هۆی باوکی ئاسمانیمانەوەیە و بە دڵنیاییەوە هەر ئەو دەزانێ کە چ شتێک خێزان بەختەوەر دەکا (ئەفسۆس ٣:١٤، ١٥). پەرتووکی پیرۆز لە سەر ئەرکی هەریەک لە ئەندامانی خێزاندا چیمان فێر دەکا؟
پەروەردگار دامەزرێنەری خێزانە
٣ ئادەم و حەوا یەکەم مرۆڤ بوون کە یەهوە خودا ئافەراندنی تا بە یەکەوە وەک ژن و مێرد بژین. خودا ئەوانی خستە ناو باخچە جوانەکەی بەهەشتی سەر زەوی بە ناوی باخی عەدەنەوە و پێی فەرموون با منداڵتان بێ: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕبکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە» (پەیدابوون ١:٢٦-٢٨؛ ٢:١٨، ٢١-٢٤). ئەمە تەنها چیرۆک و ئەفسانە نییە، چونکە عیسا نیشانیدا ئەوەی کە لە بەشی پەیدابووندا لە سەر خێزان باس کراوە ڕاستە (مەتتا ١٩:٤، ٥). سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە ڕووبەڕووی زۆر گرفت دەبینەوە و ئێستا ئیتر ژیان ئەو جۆرە نییە کە خودا مەبەستی بوو، بەڵام با بزانین بۆچی ژیان لە ناو خێزاندا دەکرێ بەختەوەر بێ.
٤ هەریەک لە ئەندامانی خێزان دەتوانن یارمەتیدەربن لە بەختەوەربوونی ژیانی خێزانیدا، ئەگەر لە دەربڕینی خۆشەویستیدا لاسایی خودا بکەنەوە (ئەفسۆس ٥:١، ٢). بەڵام ئێمە کە ناتوانین خودا ببینین باشە چۆن دەتوانین لاسایی ئەو بکەینەوە؟ لە ڕێگای ڕۆڵە تاقانەکەیەوە کە لە ئاسمانەوە ناردی بۆ سەر زەوی دەتوانین بزانین کە یەهوە چۆن هەڵسوکەوت دەکا (یۆحەننا ١:١٤، ١٨). ئەو ڕۆڵەیەی خودا، کە عیسای مەسیحە کاتێ لەسەر زەوی بوو ئەوەندە بە باشی لاسایی باوکی ئاسمانی دەکردەوە کە بینین و گوێڕاگرتن لەو هەر وەک ئەوە بوو کە لەگەڵ یەهوە بووبی و گوێت لێبووبێ چی دەفەرمووێت (یۆحەننا ١٤:٩). هەربۆیە، کاتێ فێری ئەو خۆشەویستییە بین کە عیسا دەریدەبڕی و لاسایی بکەینەوە، هەریەک لە ئێمە دەتوانێ لە بەختەوەرتر کردنی ژیانی خێزانیدا بەشداربێ.
نموونە بۆ مێردەکان
٥ پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ کە بەو جۆرەی عیسای مەسیح هەڵسوکەوتی لەگەل قوتابییەکانی دەکرد، مێردەکان دەبێ هەروا هەڵسوکەوت لەگەڵ ژنەکانیان دا بکەن. لەم ئامۆژگاریانەی پەرتووکی پیرۆز وردبەوە کە دەفەرمووێ: «ئێوەش ئەی پیاوان، ژنەکانتان خۆشبوێ هەروەک مەسیح چۆن کۆمەڵەی باوەڕدارانی خۆشویستو خۆی کرد بە قوربانی لەپێناوی ... پێویستە لەسەر پیاوان ژنی خۆیان خۆشبوێ، وەک لەشی خۆیان خۆشدەوێ، ئەوەی ژنەکەی خۆشبوێ خۆی خۆشدەوێ. هەرگیز هیچ کەسێک ڕقی لە لەشی خۆی نابێتەوە، بەڵکو خۆراکی دەداتێ و بایەخی پێدەدات، بە هەمان شێوە مەسیح بایەخ بە کۆمەڵی باوەڕداران دەدات»—ئەفسۆس ٥:٢٣، ٢٥-٢٩.
٦ خۆشەویستی عیسا بۆ کۆمەڵی قوتابییەکانی نموونەیەکی تەواوە بۆ مێردەکان. عیسا تا کۆتایی ژیانی قوتابییەکانی خۆشویست، سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان ناتەواو بوون، بەڵام عیسا ژیانی خۆی بۆ قوربانی کردن (یۆحەننا ١٣:١؛ ١٥:١٣). هەر بەهەمان شێوە، پیاوان ئامۆژگاری کراون: «ئەی پیاوان، ژنەکانتان خۆش بوێ، لەگەڵیان ڕەق مەبن» (کۆلۆسی ٣:١٩). چ شتێک یارمەتی مێردەکان دەدا تا پەیڕەوی ئەم ڕێنمایانە بکەن، بەتایبەت لەو کاتانەی ژناکانیان بێ بیرکردنەوە لە شتێک کارێک دەکەن کە هەڵەیە؟ لە کاتی ئاوادا پیاوەکە دەبێ لەبیری بێ کە خۆشی هەڵە دەکا و دەبێ چی بکا بۆ ئەوەی خودا لێیخۆشبێ. ئەمە واتای چییە؟ ئەو دەبێ لەو کەسانە خۆشبێ کە گوناه یان هەڵە بەرامبەر ئەو دەکەن کە ژنەکەشی یەکێک لەو کەسانەیە. بێگومان ژنەکەش دەبێ هەر بەهەمان شێوە لێبووردنی هەبێ (مەتتا ٦:١٢، ١٤، ١٥). ئایا دەزانی لەبەر چییە کە دەڵێن ژیانی ژنومێردایەتییەکی سەرکەوتوو، یەکیەتییەکە لە نێوان دوو کەس کە لێبوردنیان زۆرە؟
٧ هەروەها واباشە پیاوەکان سەرنجی ئەمەش بدەن کە عیسا دەریدەبڕی چەند بایەخ بە قوتابییەکانی دەدا. عیسا کەموکووڕی قوتابییەکانی لەبەر چاو دەگرت و ئاگاداری پێداویستییەکانی ژیانیشان بوو. بۆ نموونە کاتێ ماندوو بوون، فەرمووی: «هەر خۆتان وەرن بۆ ئەم شوێنە چۆڵە، کەمێ پشوو بدەن» (مەرقۆس ٦:٣٠-٣٢). هەروەها ژنەکانیش شایانی ئەوەن تا بایەخیان پێبدرێ. پەرتووکی پیرۆز ژنان وەک گۆزەی ناسک باس دەکا و داوا لە پیاوان دەکا تا ئاگایان لێیان بێ و ڕێزیان بگرن. بۆچی؟ پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ چونکە ژن و مێرد هەردووکتان «بەشداریتان دەکەن لە میراتی بەرەکەتی ژیان»دا (١ پەترۆس ٣:٧). مێردەکان دەبێ لە بیریان بێ کە نرخی کەسێک بۆ خودا لە ڕاستودروستیدایە نەک ئەوەی کە نێرە یان مێیە—زەبوورەکان ١٠١:٦.
٨ پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ مێردێک کە «ژنەکەی خۆشبوێ خۆی خۆشدەوێ». هۆیەکەشی ئەوەیە کە عیسا ئاماژەی پێدەکا، ژن و پیاو «ئیتر دوو نین بەڵکو یەک لەشن» (مەتتا ١٩:٦). ژن و مێرد دەبێ خواستی جووتبوون تەنها بە یەکەوە بهێننەدی، نەک لەگەڵ هیچ کەسێکیتردا (پەندەکان ٥:١٥-٢١؛ عیبرانیەکان ١٣:٤). ئەوان بە شەرتێک لەو مەبەستەدا سەرکەوتوو دەبن کە هەریەکەیان بیر لە پێداویستی ئەویتر بکاتەوە، نەک تەنها خۆی لە بیر بێ (١ کۆرنسۆس ٧:٣-٥). شتێکی سەرنجڕاکێش کە دەبێ لە بیرمان بێ ئەوەیە «هەرگیز هیچ کەسێک ڕقی لە لەشی خۆی نابێتەوە، بەڵکو خۆراکی دەداتێ و بایەخی پێدەدات». مێردەکان لەسەریانە ژنەکانیان خۆشبوێ، هەروەک چۆن خۆیان خۆشدەوێ. واباشە لە بیریان بێ کە لە ئاست عیسای مەسیحەوە بەرپرسیارن کە سەری پیاوانە—ئەفسۆس ٥:٢٩؛ ١ کۆرنسۆس ١١:٣.
٩ پۆڵسی نێرراو باسی لە ‹هەست و سۆزی عیسای مەسیح› کرد (فیلیپی ١:٨). سۆزی عیسای مەسیح تایبەتمەندییەکی بووژێنەرەوە بوو، ئەو تایبەتمەندییەی کە لەلایەن ئەو ژنانەی ببوون بە قوتابی زۆر ڕێزی لێدەگیرا (یۆحەننا ٢٠:١، ١١-١٣، ١٦). ژنەکان ئۆگری هەست و سۆزی مێردەکانیانن.
نموونە بۆ ژنان
١٠ خێزان ڕێکخراوێکە، بۆ ئەوەی بە ڕێکوپێکی هەڵبسووڕێ پێویستی بە سەر هەیە. تەنانەت لەسەروی عیساوە کەسێک هەیە کە عیسا ملکەچییەتی. «مەسیح سەری هەموو پیاوێکە و پیاویش سەری ئافرەتە و خوداش سەری مەسیحە» (١ کۆرنسۆس ١١:٣). ملکەچی عیسا بۆ سەروەریەتی خودا نموونەیەکی باشە بۆ ئێمە، چونکە بۆ هەر یەک لە ئێمە سەرێک هەیە کە دەبێ ملکەچی بین.
١١ پیاو ناتەواوە و تووشی هەڵەکردن دەبێ و زۆرجاریش لە بەڕێوبردنی ئەرکەکەیدا وەک سەری خێزان تووشی شکست دەبێ. کەوابوو ژن دەبێ چی بکا؟ ئەو نابێ بەهیچ شێوەیەک مێردەکەی بشکێنێتەوە یان هەوڵی ئەوە بدا ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی لێبستێنێ. واباشە ژن لەبیری بێ کە لە ڕوانگەی خوداوە نیانی و ئارامی تایبەتمەندییەکی زۆر گرانبەهان (١ پەترۆس ٣:٤). ژنێک کە خاوەن تایبەتمەندی لەمجۆرە بێت، کاتێ تووشی تاقیکردنەوە دەبێ، لای زۆر ئاسانتر دەبێ ئەو ملکەچییەی خودا لێی چاوەڕوان دەکا لە خۆیدا بنوێنێ. وێڕای ئەمەش پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ژنیش دەبێ ڕێزی مێردەکەی بگرێ» (ئەفسۆس ٥:٣٣). بەڵام ئەگەر مێردەکە عیسای وەک سەری خۆی قەبووڵ نەبێ، ژنەکە دەبێ چیبکا؟ پەرتووکی پیرۆز ژنان بەمجۆرە ئامۆژگاری دەکا: «هەروەها ئێوەش ئەی ژنەکان گوێڕایەڵی مێردەکانتان بن، گەر هاتوو هەندێکیان گوێڕایەڵی وشەی خودا نەبوون، ئەوا ژنەکانیان دەتوانن بیانهێنن بۆ باوەڕ تەنها بە ڕەوشتیان و بەبێ وشە، کاتێ ئەوان ترس و ڕێز و ڕەوشتی پاکتان ببینن»—١ پەترۆس ٣:١، ٢.
١٢ ئەگەر ژن بیروبۆچوونێکی جیاواز بەرامبەر مێردەکەی بەڕێکوپێکی دەرببڕێ ئەوە واتای بێڕێزی بە پیاوەکەی نییە، ئیتر ئەو مەسیحی بێت یان نا. لەوانەیە تەنانەت بۆچوونەکەی ڕاستیش بێ ئەگەر بێتوو مێردەکەی بە قسەی بکا ئەو کات تەواوی خێزانەکە سوودی لێ وەردەگرێ. هەرچەندە ئیبراهیم جارێکیان لەسەرگرفتێکی خێزانیدا کە هاتبوەپێش لەگەڵ ئەو چارەسەرییەی کە سارای ژنی پێشنیاری کردبوو یەک نەبوو، بەڵام خودا پێی فەرموو: «بە قسەی بکە» (پەیدابوون ٢١:٩-١٢). بێگومان کاتێ مێردەکە لە کۆتاییدا بڕیاڕێ دەدات کە دژایەتی لەگەڵ یاسای خودا نەبێ، ژنەکەی بە پشتگیری کردن لەو بڕیارێ ملکەچی خۆی بۆ مێردەکەی دەنوێنێ—کرداری نێرراوان ٥:٢٩؛ ئەفسۆس ٥:٢٤.
١٣ بۆ ئەوەی ژن ئەرکی خۆی لەخێزاندا جێبەجێبکا، لە ناو ماڵدا دەتوانێ زۆر شت بکا. بۆ نموونە پەرتووکی پیرۆز نیشانیدەدا ژنی شووکردوو ئەوانەن کە «فێری خۆشەویستی مێرد و منداڵەکانیان بکەن، ژیر و پاک بن بە ڕێکوپێکی ماڵیان بەڕێوەببەن، باشبن، گوێڕایەڵی مێردەکانیان بن» (تیتۆس ٢:٤، ٥). ژنێکی ناو ماڵ یان دایکێک کە بەمجۆرە بێ، گومانی تێدا نییە کە ئەندامانی خێزانەکەی خۆشیان دەوێ و ڕێزی دەگرن (پەندەکان ٣١:١٠، ٢٨). تا ئەو کاتەی ژیانی ژنومێردایەتی لە مرۆڤی ناتەواو پێکهاتبێ، لەوانەیە هەندێ بارودۆخی یەکجار دژواری ژیان ببنە هۆی لێکدابڕان و جیابوونەوە. پەرتووکی پیرۆز تەنها بە هۆی هەلومەرجی تایبەتەوە ڕێگا بە جیابوونەوە دەدا. نابێ هەروا بە هۆیەکی زۆر ساکارەوە لێک جیاببنەوە، پەرتووکی پیرۆز ئامۆژگاری دەکا: «ژن مێردەکەی بەجێ نەهێڵێ ... هەروەها مێردیش لەسەریەتی ژنەکەی تەڵاق نەدات» (١ کۆرنسۆس ٧:١٠، ١١). بەگوێرەی پەرتووکی پیرۆز ژن و پیاو تەنها ئەو کاتە دەتوانن لەیەکتری جیاببنەوە ئەگەر یەکێکیان داوێنپیسی بکا—مەتتا ١٩:٩.
نموونەیەکی تەواو بۆ دایکوباوکان
١٤ عیسا نموونەیەکی تەواوی لەسەر هەڵسوکەوتی دایکوباوکان لە گەڵ منداڵەکانیان دایە دەستەوە. کاتێ هەندێ کەس ویستیان پێش بە منداڵەکان بگرن نەیەن بۆ لای عیسای مەسیح، فەرمووی: «واز لە منداڵان بهێنن با بێن بۆ لام، ڕێگەیان لێمەگرن». پەرتووکی پیرۆز دەڵێ «ئینجا منداڵەکانی لە باوەش کرد و دەستی خستە سەر سەریان و پیرۆزی کردن» (مەرقۆس ١٠:١٣-١٦). عیسا کاتی بۆ منداڵان تەرخان دەکرد ئایا تۆش نابێ هەروەها کات بۆ کوڕ و کچی خۆت تەرخان بکەی؟ منداڵەکانت نەک هەر کاتێکی کەم، بەڵکو کاتێکی زۆریان پێویستە تاکو تۆ لەگەڵیان بی. کات تەرخان بکەن بۆ فێرکردنیان و بۆ ئەو مەبەستەی کە یەهوە فەرمانی بە دایکوباوکان داوە—وتەکان ٦:٤-٩.
١٥ ئەم جیهانە هەر دێت و خراپتر دەبێ، بۆیە منداڵان زۆرتر پێویستیان بە دایکوباوکیانە تا لە دەست ئەو کەسە خراپ و هەتیوبازانە بیانپارێزن کە دەیانهەوێ کاری خراپیان لەگەڵ بکەن. سەرنجی عیسا بدە چۆنی قوتابیەکانی پاراست، هەر ئەوانەی کە لە ڕووی خۆشەویستییەوە پێیدەوتن «منداڵەکانم». عیسا کاتێک دەستگیر کرابوو و دەیانبرد بیکوژن ڕێگای دەربازبوونی قوتابییەکانی مەیسەر کرد (یۆحەننا ١٣:٣٣؛ ١٨:٧-٩). تۆ کە دایک یان باوکیت دەبێ ئاگات لە منداڵەکانت بێ، چونکە شەیتان هەوڵی ئازار پێگەیاندنی ئەو جگەرگۆشانە دەدا. پێویستە بەر لەوە کە تووش بێن وشیاریان بکەیەوە (١ پەترۆس ٥:٨).a منداڵان لە بواری لەشی و ڕۆحانی و ڕەوشتەوە هەرگیز بە ئەندازەی ئەم سەردەمە لە مەترسیدا نەبوون.
١٦ شەوێک بەر لە کوژرانی عیسا، قوتابییەکانی لە نێوان خۆیاندا دمەقاڵەیان لەسەر ئەوە بوو کە کامیان لە هەموویان مەزنترە. عیسا لە جیاتی ئەوەی کە لێیان تووڕە بێ، وەک هەمیشە بە زمانی خۆش و نیشاندانی نموونەی باش لەگەڵیان دوا (لۆقا ٢٢:٢٤-٢٧؛ یۆحەننا ١٣:٣-٨). ئەگەر تۆش دایک یان باوکی، ئایا دەزانی بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەی منداڵەکەت بە چ شێوەیەک دەتوانی لاسای نموونەکەی عیسا بکەیەوە؟ ڕاستە کە منداڵ پێویستی بە ڕاهێنان هەیە، بەڵام ئەوە دەبێ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بکرێ نەوەک بە تووڕەیی. تۆ بێگومان ناشتهەوێ قسەیەک بڵێی کە بیرت لێنەکردبێتەوە و «وەک زەبری شمشێرە» (یرمیا ٣٠:١١؛ پەندەکان ١٢:١٨). تەمێکردن دەبێ بە شێوەک بکرێ کە لە دواییدا منداڵەکەت خۆی پێیبزانێ کە چەندە شیاو بوو—ئەفسۆس ٦:٤؛ عیبرانیەکان ١٢:٩-١١.
نموونە بۆ منداڵان
١٧ ئایا منداڵان دەتوانن هیچ لە عیساوە فێربن؟ بەڵێ دەتوانن. عیسا خۆی نموونە بوو بۆئەوەی نیشانی منداڵان بدا بە چ شێوەیەک دەبێ گوێڕایەڵی دایکوباوکیان بن. عیسا فەرمووی: «ئەو قسانە دەڵێم کە باوکم فێریکردووم ... چونکە هەمیشە بەپێی ڕەزامەندی ئەو کار دەکەم» (یۆحەننا ٨:٢٨، ٢٩). عیسا گوێڕایەڵی باوکی ئاسمانی بوو، هەروەها پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ کە دەبێ منداڵان گوێڕایەڵی دایکوباوکیان بکەن (ئەفسۆس ٦:١-٣). سەرەڕای ئەوەی کە عیسا مرۆڤێکی تەواو بوو، بەڵام گوێڕایەڵی دایکوباوکی مرۆڤانەی دەکرد کە ناویان مریەم و یوسف بوو و بە پێچەوانەی عیساوە ناتەواو بوون. بێگومان ئەمەش دەبووە هۆی بەختەوەری هەموو ئەندامەکانی بنەماڵەی عیسا—لۆقا ٢:٤، ٥، ٥١، ٥٢.
١٨ ئایا منداڵان دەتوانن ئەو کارانە بکەن کە عیسا دەیکردن تاکو دڵی دایکوباوکیان خۆش بکەن؟ ئەوە ڕاستە کە منداڵان هەندێ جار لایان گرانە گوێڕایەڵی دایکوباوکیان بکەن، بەڵام خودا ئەو گوێڕایەڵییە لە منداڵان چاوەڕوان دەکا (پەندەکان ١:٨؛ ٦:٢٠). عیسا هەمیشە گوێڕایەڵی باوکی ئاسمانی دەکرد، تەنانەت لە بارودۆخی زۆر دژواریشدا. جارێکیان ئەوەی خودا دەیویست کە عیسا بیکا کارێکی بە تایبەت دژوار بوو بۆیە عیسا وتی: «ئەم جامەم [داواکارییەکەی خودا] لێ دوور بخەرەوە». لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی خواستی خودا بوو عیسا پەیڕەوی کرد، چونکە هەستی پێکرد کە باوکی باشی ئەوی دەوێ (لۆقا ٢٢:٤٢). گەر منداڵان فێری گوێڕایەڵی بن، ئەوا دایکوباوکیان و باوکی ئاسمانیش زۆر دڵشاد دەکەن—پەندەکان ٢٣:٢٢-٢٥.b
١٩ شەیتان ویستی عیسا هەڵفریوێنێ و هەروەها ئێمڕۆش دەتوانین دڵنیا بن لەوەی کە شەیتان هەوڵ دەدا لاوەکان هەڵخەڵەتێنێ و بۆ لای کاری خراپ ڕایانبکێشێ (مەتتا ٤:١-١٠). شەیتانی بوختانکەر بۆ هەڵفریواندنیان کەڵک لە گوشاری هاوتەمەنەکانیانەوە وەردەگرێ، چونکە بۆ لاوەکان لەوانەیە ئاسان نەبێ بە قسەی دۆستەکانیان نەکەن. هەربۆیەش زۆر گرنگە منداڵ لەگەڵ کەسی خراپ هەستان و دانیشتن نەکا! (١ کۆرنسۆس ١٥:٣٣). دینە، کچەکەی یاقوب دۆستایەتی و هاموشۆی کەسانێکی دەکرد کە یەهوەیان نەدەپەرست و هەر ئەمەش بوو بە هۆی دروستبوونی گرفتێکی زۆر (پەیدابوون ٣٤:١، ٢). بیری لێبکەوە گەر یەکێ لە ئەندامانی خێزان داوێنپیسی بکا، ئەندامەکانی تری خێزان تووشی چ شەرمەزاری و ناخۆشییەک دەبن!—پەندەکان ١٧:٢١، ٢٥.
کلیلی بەختەوەری خێزان
٢٠ گەر ئامۆژگارییەکانی پەرتووکی پیرۆز پەیڕەو بکەین ئەو کات بەرەنگار بوونەوەی گرفتەکانی خێزان ئاسانتر دەبێ. کلیلی بەختەوەری خێزانیش هەر پەیڕەوکردنی ئەم ئامۆژاگاریانەیە. کەوابو ئێوە ئەی مێردەکان، ژنەکەکانتان خۆشبوێ و بە جۆرێک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن کە عیسا لەگەڵ کۆمەڵی مەسیحی کردی. ئێوەش ژنان، ملکەچی مێردەکانتان بن، چونکە ئەوان سەری خێزانن هەروەها بە شوێن نموونەی ژنی خانەدان و لێوەشاوەدا بچن کە لە پەرتووکی پەندەکان ٣١:١٠-٣١ دا باس کراوە. ئێوەش ئەی دایکوباوکان، منداڵەکانتان بە باشی پەروەردە بکەن (پەندەکان ٢٢:٦). ئێوەش باوکان ›ماڵ و منداڵتان بە باشی بەڕێوە ببەن› (١ تیمۆساوس ٣:٤، ٥؛ ٥:٨). هەروەها منداڵان، ئێوەش گوێڕایەڵی دایکوباوکتان بکەن (کۆلۆسی ٣:٢٠). لە خێزاندا کەس تەواو نییە، چونکە هەموویان هەڵە دەکەن. هەر بۆیە بێفیز بن و داوای لێبوردن لە یەکتری بکەن.
٢١ پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی دانایی و ڕێنماییە بۆ خێزان. تەنانەت لەوەش زیاتر، فێرمان دەکا کە جیهانی نوێی خودا دێتە ئاراوە و بەهەشتی سەر زەوی پڕ دەبێ لەو خەڵکانە کە یەهوە دەپەرستن (بینین ٢١:٣، ٤). بەڕاستی چەند داهاتوویەکی ڕازاوە و بێهاوتا بەڕێوەیە! تەنانەت هەر ئێستا لەم ژیانەشماندا دەتوانین چێژ لە ژیانێکی بەختەوەرانە لە خێزاندا وەرگرین، ئەگەر ڕێنمایی وشەکانی خودا کە لە پەرتووکی پیرۆز دا تۆمار کراون، بەکار بهێنین.
[ژێرنووسەکان]
a منداڵەکەت وشیار بکەوە ڕێگا بەکەس نەدا دەست لە ئەندامەکانی زاوزێی بدا. هەورەها لەسەر ئەو شوێن و کەسانەی کە مەرتسیدارن وریای بکەوە. بۆ ئەوەی بزانن کە چۆن پارێزگاری لە منداڵەکانتان بکەن دەتوانن یارمەتی لە پەرتووکی «لە مامۆستای مەزن فێر بە» وەربگرن، لاپەڕەی ٣٢، بڵاوکراوەی شاهیدانی یەهوە (ئینگلیزی).
b تەنها لە کاتێکدا کە دایکوباوک داوا لە منداڵەکەیان دەکەن یاسای خودا بشکێنێ، منداڵەکە مافی ئەوەی هەیە بە قسەیان نەکا—کرداری نێرراوان ٥:٢٩.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات
▪ مێردەکان دەبێ ژنەکانیان هەر وەک لەشی خۆیان خۆشبوێ—ئەفسۆس ٥:٢٥-٢٩.
▪ ژنە شووکردووەکان دەبێ خێزانەکانیان خۆشبوێ و ڕێز لە مێردەکانیان بگرن—تیتۆس ٢:٤، ٥.
▪ دایکوباوکان دەبێ منداڵەکانیان خۆشبوێ و پەروەردەیان بکەن و بیانپارێزن—وتەکان ٦:٤-٩.
▪ منداڵان دەبێ گوێڕایەڵی دایکوباوکیان بکەن —ئەفسۆس ٦:١-٣.
[پرسیارەکانی وانە]
١. کلیلی ژیانێکی کامەران لە خێزاندا چییە؟
٢. بەختەوەری خێزان پەیوەندی بە چ شتێکەوە هەیە کە ئێمە دەبێ دانی پێدابێنین؟
٣. پەرتووکی پیرۆز چۆن باس لە دەسپێکردنی خێزانی مرۆڤ دەکا و چۆن دەزانین کە ڕاست دەفەرمووێ؟
٤. (ا) ئایا هەر ئەندامێکی خێزان چۆن دەتوانێ لە بەختەوەری خێزاندا دەوری هەبێ؟ (ب) بۆچی لێکۆڵینەوە لە ژیانی عیسای مەسیح بۆ بەختەوەری خێزان گرنگە؟
٥، ٦. (ا) چۆن شێوەی هەڵسوکەوتی عیسا لەگەڵ کۆمەڵی مەسیحی نموونەیە بۆ پیاوەکان؟ (ب) بۆ لێخۆشبوون لە هەڵە و گوناه چ شتێک پێویستە بکرێ؟
٧. عیسای مەسیح چ شتێکی لەبەر چاو دەگرت و چ نموونەیەکی بۆ مێردەکان جێهێشت؟
٨. (ا) بۆچی دەتوانین بڵێین پیاوێک کە «ژنەکەی خۆشبوێ خۆی خۆشدەوێ»؟ (ب) بوون بە «یەک لەش»، بۆ ژن و مێرد چ واتایەکی هەیە؟
٩. لە فیلیپی ١:٨ دا چ تایبەتمەندییەکی عیسای مەسیح باسکراوە و بۆچی مێردەکان دەبێ ئەو تایبەتمەندییە سەبارەت بە ژنەکانیان لە خۆیاندا نیشانبدەن؟
١٠. عیسا چ نموونەیەکی بۆ ژنان جێهێشت؟
١١. ژنان دەبێ چ جۆرە هەڵسوکەوتێکیان بەرامبەر بە مێردەکانیان هەبێ و لەوانەیە ئاکامی ئەم هەڵسوکەوتە چی بێ؟
١٢. بۆچی هەڵە نییە ژن ڕوانگەی خۆی دەربڕێ گەر بە ڕێکوپێکی بیڵێت؟
١٣. (ا) تیتۆس ٢:٤، ٥ ئامۆژگاری ژنە شووکردووەکان دەکا چی بکەن؟ (ب) پەرتووکی پیرۆز لەسەر لێکدابڕان و جیابوونەوە چی دەفەرمووێ؟
١٤. عیسا چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ منداڵان دەکرد و منداڵان پێویستیان بە چ شتێکی دایکوباوکیان هەیە؟
١٥. دایکوباوکان بۆ پارێزگاری لە منداڵەکانیان دەتوانن چی بکەن؟
١٦. لە هەڵسوکەوتی عیسا سەبارەت بە کەموکووڕی قوتابییەکانی، دایکوباوکان دەتوانن چی فێر بن؟
١٧. لە چ بوارێکەوە عیسا نموونەیەکی تەواوی بۆ منداڵان جێهێشت؟
١٨. بۆچی عیسا هەمیشە گوێڕایەڵی باوکی ئاسمانی دەکرد و گەر ئێمرۆ منداڵان گوێڕایەڵی دایکوباوکیان بکەن کێ پێی دڵشاد دەبێ؟
١٩. (ا) شەیتان چۆن منداڵان هەڵدەخەڵەتێنێ؟ (ب) هەڵسوکەوتی ناشیرنی منداڵ کاردانەوەیەکی چۆنی لەسەر دایکوباوک دەبێ؟
٢٠. بۆ چێژوەرگرتن لە بەختەوەری لە ناو خێزاندا هەریەک لە ئەندامانی خێزان دەبێ چی بکا؟
٢١. چ داهاتوویەکی ڕازاوە و بێهاوتا بەڕێوەیە و ئێمە چۆن دەتوانین ئێستا چێژ لە بەختەوەری ژیانی ناو خێزاندا وەربگرین؟
[وێنەی لاپەڕە ١٣٩]
سارا چ نموونەیەکی باشی بۆ ژنە شووکردووەکان جێهێشت؟
[وێنەی لاپەڕە ١٤٠]
دایکوباوکان لە هەڵسوکەوتی عیسا لەگەڵ منداڵان چی فێر دەبن؟
[وێنەی لاپەڕە ١٤٢]
کاتێ لاوەکان تووشی هەڵخەڵەتان دەبن، دەبێ چ شتێکیان لە بیر بێ؟