بەشی پازدەهەم
ئەو خوداپەرستییەی کە ڕەزامەندی خودای لەسەرە
ئایا هەموو ئایینەکان ڕەزامەندی خودا بەدەستدێنن؟
ئایینی ڕاستەقینە چۆن دەناسرێتەوە؟
خوداپەرستانی ڕاستەقینە لەسەر زەوی کێن؟
یەهوە خودا بایەخێکی زۆر بە ئێمە دەدا و دەیەوێ لە ڕێنماییە پڕسۆزەکەی سوود وەرگرین. ئەگەر ئێمە لە ڕێگای ڕاستەوە خودا بپەرستین، کامەران دەبین و لە زۆربەی گرفتەکانی ژیان دوور دەکەوینەوە. خودا هەروەها یارمەتی و پیرۆزیمان پێدەبەخشێ (ئیشایا ٤٨:١٧). بەڵام لە جیهاندا سەدان ئایین بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایا ڕاستی دەربارەی خودا فێر دەکەن. سەرەڕای ئەمەش جیاوازییەکی زۆر بەرچاو لە فێرکردەنەکانیاندا هەیە لەسەر ئەوەی کە خودا کێیە و چ چاوەڕوانییەکی لە ئێمە هەیە.
٢ تۆ چۆن دەتوانی ڕێبازی دروستی پەرستنی یەهوە بزانی؟ پێویست ناکا لە هەموو ئایینەکان بکۆڵیەوە و فێرکردنەکانیان لەگەڵ یەکتری بەراورد بکەی. تۆ تەنها پێویستە بزانی کە پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی لەسەر خواپەرستی راستەقینە چی فێردەکا. بۆ ڕوونکردنەوە: لە زۆر وڵاتاندا بڵاو بوونەوە دراوی ساختە گرفتی ناوەتەوە. ئەگەر ئەرکی ناسینەوەی ئەو دراوە ساختانە بە تۆ بسپێرن، چۆن چارەسەری ئەم گرفتە دەکەی؟ ئایا یەک بە یەک لە دراوەکان دەکۆڵیەوە؟ نەخێر. کاری باشتر ئەوەیە کە بچی لەوە بکۆڵیەوە کە دراوی ڕاستی چۆنە. کاتێک بۆت دەرکەوت کە دراوی ڕاستی چۆنە، دەتوانی دراوی ساختەش بناسییەوە. هەر بەهەمان شێوە کاتێ فێری ئەوە بی کە ئایینی ڕاستەقینە چۆنە، ئایینە پووچەڵەکانیشت بۆ ئاشکرا دەبن.
٣ زۆر گرنگە یەهوە بە شێوەیەک بپەرستین کە جێی ڕەزامەندی ئەو بێ. خەڵکێکی زۆر بڕوا دەکەن کە هەموو ئایینەکان جێی ڕەزامەندی خودان، بەڵام پەرتووکی پیرۆز ئەوە فێر ناکا. ئەگەر کەسێک تەنها بەناو خۆی بە مەسیحی دابنێ کارێکی دروست نییە. بەڵکو عیسای مەسیح فەرمووی: «هەموو ئەوانەی کە دەڵێن: ‹خوداوەند، خوداوەند! ناچنە ناو پادشاهێتی ئاسمان، ئەوانە نەبن کە بە خواستی باوکم دەکەن کە لە ئاسمانە.› » بۆ ئەوەی ڕەزامەندی خودا بەدەست بهێنین دەبێ بزانین خواستی خودا چییە تا بەجێی بگەیەنین. ئەو کەسانەی خواستی خودا بەجێ ناهێنن عیسا پێی وتن «بەدکاران» (مەتتا ٧:٢١-٢٣). ئایینی پووچەڵ هەروەک دراوی ساختە هیچ بایەخێکی نییە. بگرە خراپتریشە، لەڕاستیدا ئەو ئایینانە زیانبەخشن.
٤ لە سەر زەوی یەهوە دەرفەتی ئەوە بە هەموو کەس دەدا تا ژیانی هەمیشەیی بەدەست بهێنێ. بۆ گەییشتن بە ژیانی هەمیشەیی لە بەهەشتدا، ئێمە دەبێ بە شێوەیەکی دروست خودا بپەرستین و ئێستاش بەو جۆرە بژین کە خودا دەیەوێ. بەداخەوە زۆربەی خەڵکی نایانەوێ ئەم کارە بکەن. هەر لەبەر ئەمەش بوو کە عیسا فەرمووی: «لە دەرگای تەنگەوە بڕۆنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایەی بەرەو لەناوچوون دەڕوات، پانەو ڕێگاکەی بەرینەو زۆریش لێیەوە دەچنە ژوورەوە. بەڵام تەنگترین دەرگاو ناڕەحەتترینیان، دەرگا و ڕێگای گەیشتنە بە ژیان، ئەوانەی ڕێی پێدەبەن زۆر کەمن» (مەتتا ٧:١٣، ١٤). ئایینی ڕاستەقینە بەرەو ژیانی هەمیشەییمان دەبا. ئایینی پووچەڵ بەرەو لەناوچوونمان دەبا. یەهوە خودا نایەوێ هیچ مرۆڤێک لەناو بچێ، هەر بۆیەشە لە هەموو شوێنێک دەرفەت بە خەڵک دەدا تا ئەو بناسن (٢ پەترۆس ٣:٩). کەوابو شێوەی خوداپەرستییەکەمان کاریگەری لەسەر ژیان و مردنمان هەیە.
ئایینی ڕاستەقینە چۆن دەناسرێتەوە
٥ ‹ڕێگای گەیشتن بە ژیان› چۆن دەدۆزرێتەوە؟ عیسا فەرمووی ئایینی ڕاستەقینە لەڕێگای چۆنییەتی ژیان بەسەربردنی ئەندامانی ئەو ئایینە دەناسرێتەوە. بۆیە فەرمووی: «بە بەرووبوومیان بیان ناسن. ئایا دڕک ترێ دەگرێ یان حوشترئالووک هەنجیر دەگرێ؟ هەموو دارێکی باش بەرووبوومی باش دەدات. داری خراپیش بەرووبوومی خراپ» (مەتتا ٧:١٦، ١٧). بە واتایەکی دیکە، ئەوانەی لە ئایینی ڕاستەقینەدان بە باوەڕ و هەڵسوکەوتیانەوە دەناسرێنەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەو کەسانە ناتەواون و تووشی هەڵە کردن دەبن، بەڵام خوداپەرستانی ڕاستەقینە وەک کۆمەڵ بەپەرۆشی پەیڕەوکردنی خواستی خودان. وەرن با یەکەوە وردبینەوە لە شەش لایەن کە خوداپەرستانی ئایینی ڕاستەقینە ئەزموونیان دەکەن.
٦ خوداپەرستانی ڕاستەقینە فێرکارییەکانیان لە سەر بنچینەی پەرتووکی پیرۆزە. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «هەموو کتێبی پیرۆز بەوەحی لە خودا هاتووە و سوودبەخشە بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێ کردن، هەروەها بۆ تەمێکردن بۆ ڕاستودروستی، تاوەکو مرۆڤی خودا ئامادەبێت بۆ هەموو کردارێکی باش» (٢ تیمۆساوس ٣:١٦، ١٧). پۆڵسی نێرراو بۆ هاوڕێ مەسیحییەکانی نووسی: «کاتێ وشەی خوداتان لە ئێمە بیست ئەوەی پێمان ڕاگەیاندن، وەرتانگرت لێمان نەک وەک وشەیەک لە مرۆڤەوە بێت، بەڵکو چۆن لە ڕاستی وشەی خودا بێت و کار لەناو ئێوەی باوەڕدار دەکات» (١ تەسالۆنیکی ٢:١٣). کەوابو بنچینەی باوەڕ و کردارەکانی ئایینی ڕاستەقینە لەسەر ڕوانگە و نەریتی مرۆڤ دانەمەزراوە، بەڵکو سەرچاوەیان پەرتووکی پیرۆزە کە ئەویش وشەی سروشکراوی خودایە.
٧ عیسای مەسیح نموونەیەکی گونجاوی خستەبەردەست کاتێ فێرکردنەکانی لەسەر پەرتووکی پیرۆز داڕشت. لە پاڕانەوەیدا لەبەر باوکی ئاسمانی، فەرمووی: «وشەی تۆ ڕاستییە» (یۆحەننا ١٧:١٧). عیسا باوەڕی بە وشەی خودا هەبوو و هەر شتێکی فێری خەڵکی دەکرد لەگەڵ پەرتووکی پیرۆز گونجاوە. عیسا زۆر جار دەیفەرموو: «نووسراوە» (مەتتا ٤:٤، ٧، ١٠). بەدوای ئەمەدا عیسا شتێکی لە پەرتووکی پیرۆزەوە باسدەکرد. ئەمڕۆش هەر بە هەمان شێوە خوداپەرستانی ڕاستەقینە بۆچوونی خۆیان فێری خەڵکی ناکەن. ئەوان باوەڕیان وایە کە پەرتووکی پیرۆز وشەی خودایە و بە متمانەوە ئەو شتانەی فێری خەڵکی دەکەن لەسەر ئەم پەرتووکە داڕێژراوە.
٨ خوداپەرستانی ئایینی ڕاستەقینە بە تەنها یەهوە دەپەرستن و ناوەکەشی بە کەسانیتر دەناسێنن. عیسای مەسیح ڕایگەیاند: «بۆ خوداوەند خودات [یەهوە] کڕنۆش بەرەو تەنها ئەو بپەرستە» (مەتتا ٤:١٠). کەوابو خزمەتکارانی خودا، یەهوە نەبێ هیچ کەسێکیتر ناپەرستن. پەرستنی یەهوە واتای ئەمەیە بە خەڵکی ڕابگەیەنین ناوی خودا چییە و خودایەکی چۆنە. زەبوورەکان ٨٣:١٨ دەڵێ: «تۆ کە ناوت یەهوەیە، تەنها تۆ لە سەرانسەری زەوی هەرەبەرزترینیت» (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). بەوجۆرەی کە عیسا یارمەتی خەڵکی دەدا خودا بناسن نموونەیەکی بەرچاو بوو، هەروەک لە پاڕانەوەکەیدا فەرمووی: «ناوی تۆم دەرخست بۆ ئەوانەی لە جیهاندا بە منتدان» (یۆحەننا ١٧:٦). بەهەمان شێوە ئێمڕۆش خوداپەرستانی ڕاستەقینە یارمەتی خەڵکی دەدەن ناوی خودا و مەبەستەکانی و تایبەتمەندییەکانی بزانن.
٩ نەتەوەی خودا بە دڵپاکی و بێفیزی سەبارەت بە یەکتر خۆشەویستی دەردەبڕن. عیسا فەرمووی: «بەمە هەموو خەڵکی دەزانن کە قوتابی منن، گەر ئێوە یەکتریتان خۆشویست» (یۆحەننا ١٣:٣٥). ئەو خۆشەویستییەی عیسا باسی دەکرد لە ناو مەسیحییەکانی سەدەی یەکەمدا بەدیدەکرا. خۆشەویستییەک کە سەرچاوەکەی لە خوداوە بێ بە سەر ڕەگەز و چینایەتی و بەربەستەکانی نەتەوایەتیدا زاڵ دەبێ و خەڵکی لە پەیوەندییەکی نەپچڕاو و ڕاستەقینەی برایەتیدا لەیەک نزیک دەکاتەوە (کۆلۆسی ٣:١٤). ئەندامانی ئایینی پووچەڵ ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییە برایانەیان لەگەڵ یەکتریدا نییە. چۆن ئەوە دەزانین؟ چونکە ئەوان لەبەر هۆی نەتەوایەتی یان ڕەگەزییەوە یەکتر دەکوژن. ئەوەی مەسیحی ڕاستەقینە بێ چەک هەڵناگرێ تا برای مەسیحی یان خەڵکی دیکەی پێبکوژێ. لە پەرتووکی پیرۆزدا نووسراوە: «بەمە ڕۆڵەکانی خودا لە ڕۆڵەکانی شەیتان جیادەکرێنەوە: ئەوەی ڕاستودروستی نەکات و برای خۆی خۆشنەوێت لە خودا نییە. ... پێویستە هەر یەکەمان ئەوی تری خۆشبوێت، بە پێچەوانەی قابیل کە سەر بە خراپەکار شەیتان بوو، براکەی خۆی کوشت»—١ یۆحەننا ٣:١٠-١٢؛ ٤:٢٠، ٢١.
١٠ بێگومان واتای خۆشویستن زۆر لەمە زیاترە کە کەس نەکوژی. مەسیحییانی ڕاستەقینە بە شێوەیەکی خۆنەپەرستانە کات و توانایی و لێهاتوویی خۆیان بۆ یارمەتیدان و هاندانی یەکتری بەکار دەهێنن (عیبرانیەکان ١٠:٢٤، ٢٥). لە کاتی ڕوودانی کارەساتدا بە هانای یەکترەوە دەچن و بە ڕاستگۆیی هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتری دەکەن. ڕێنمایی پەرتووکی پیرۆز لە ژیانیاندا پەیڕەو دەکەن کە دەفەرمووێ: «با چاکە لەگەڵ هەموو کەسێک بکەین»—غەڵاتیە ٦:١٠.
١١ مەسیحییە ڕاستەقینەکان عیسای مەسیح بەو کەسە قەبوڵ دەکەن کە خودا بۆ ڕزگارکردنمان بەکاری دەهێنێ. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «بێجگە لە عیسا بە کەسی کە ڕزگاربوون نییە، چونکە جگە لەو لەژێر ئاسمان ناوێکی کە نییە خودا پێشکەشی کردبێ بە مرۆڤ کە بەهۆیەوە ڕزگارمان ببێ» (کرداری نێرراوان ٤:١٢). هەروەک لە بەشی پێنجەمدا بینیمان، عیسا ژیانی خۆی وەک قوربانی لە جیاتی مرۆڤە گوێڕایەڵەکان بەخت کرد (مەتتا ٢٠:٢٨). هەروەها عیسا لە لایان خوداوە بە پادشای پادشاهێتی ئاسمان دەستنیشان کراوە کە بە سەر هەموو زەویدا فەرمانڕەوایی دەکا. خوداش داوا لە ئێمە دەکا گوێڕایەڵی عیسا بین و ئەگەر دەمانەوێ ژیانی هەمیشەیی بەدەست بهێنین دەبێ فێرکردنەکانی عیسا لە ژیانی خۆماندا جێبەجێ بکەین. لەبەر ئەمە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ئەوەی باوەڕ بە ڕۆڵەکە بهێنێ، ژیانی هەتاهەتایی هەیە. ئەمەش کە گوێڕایەڵی ڕۆڵەکە نابێ ژیان نابینێت»—یۆحەننا ٣:٣٦.
١٢ مەسیحییە ڕاستەقینەکان سەر بەم جیهانە نین. عیسا کاتێک بۆ دادگایی لەبەر دەم پیلاتۆس وەستابوو کە فەرمانڕەواییەکی ڕۆمی بوو، فەرمووی: «پادشاهێتی من سەر بەم جیهانە نییە» (یۆحەننا ١٨:٣٦). هاوڕێیانی عیسا لە هەر وڵاتێکدا بژین ملکەچی پادشاهێتی ئاسمانن و هەر بۆیە لە میانەی کێشە سیاسییەکاندا بێلایەنی خۆیان دەپارێزن. لەم کێشانەدا ناچنە پاڵ هیچ لایەنێکەوە. هەروەها خزمەتکارانی یەهوە لە بڕیارەکانی خەڵکدا سەبارەت بە ئەندامییەتی و نوێنەرایەتی یان دەنگدان بۆ حیزبە سیاسییەکان هەڵناقورتێنن. خزمەتکارانی ڕاستەقینەی خودا سەرەڕای ئەوەی بێلایەنی خۆیان دەپارێزن دەبێ ملکەچی یاسای وڵاتیش بین. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە وشەی خودا ڕایسپاردوون تا «ملکەچی دەسەڵاتداران» بین (ڕۆما ١٣:١). ئەگەر داوکارییەکانی دامودەزگای دەسەڵاتدار لە خوداپەرستیدا کێشە بۆ باوەڕداران بنێتەوە، ئەو کات خوداپەرستانی ڕاستەقینە ئەو بڕیارە دەدەن کە نێرراوان دایان: «ئێمە پێویستە زیاتر ملکەچی خودا بین نەک خەڵک»—کرداری نێرراوان ٥:٢٩؛ مەرقۆس ١٢:١٧.
١٣ هاوڕێ ڕاستەقینەکانی عیسا مزگێنی دەدەن لەسەر ئەوەی کە پادشاهێتی خودا تەنها ئومێدی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە. عیسا پێشبینی کرد: «مزگێنی ئەم پادشاهێتییە لە هەموو جیهان ڕادەگەێندرێ، وەک شایەتییەک بۆ من لای هەموو میللەتان، ئینجا کۆتایی دێ» (مەتتا ٢٤:١٤). هاوڕێیانی عیسا لە جیاتی ئەوەی بۆ چارەسەری گرفتەکان هانی خەڵکی بدەن پشت بە سەرۆکەکانی مرۆڤ ببەستن، بانگەوازی ئەوە دەکەن کە پادشاهێتی ئاسمانی خودا تەنها ئومێدی مرۆڤایەتییە (زەبوورەکان ١٤٦:٣). عیسا فێری کردین تا بۆ هاتنی فەرمانڕەوایەتی تەواو بپاڕێینەوە، کە خۆی بۆی پاڕایەوە: «با پادشاهی تۆ بێت، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێ وەک لە ئاسمان» (مەتتا ٦:١٠). وشەی خودا پێشبینی کرد کە ئەو پادشاهێتییە ئاسمانییە: «هەموو ئەو پادشایەتییانە [کە ئێستا فەرمانڕەوایی دەکەن] وردوخاش دەکا و لەناو دەبات و بۆ تاهەتایە جێگیر دەبێت»—دانیال ٢:٤٤.
١٤ لەسەر ئەم بنچینەیەی کە ئێستا باسمانکرد، پرسیار لە خۆت بکە: کۆمەڵی کام ئایین هەموو فێرکردنەکانیان لە سەر بناغەی پەرتووکی پیرۆزە و هەروەها ناوی یەهوە دەناسێنن؟ کام کۆمەڵ خۆشەویستییەک دەردەبڕێ کە لە یەهوە خوداوە فێری بووە، باوەڕیان بە عیسا هەیە هەروەها بەشێک لەم جیهانە نین و بانگەوازی بۆ پادشاهێتی ئاسمانی خودا دەکەن کە تەنها ئومێدی مرۆڤایەتییە؟ لە نێوان هەموو ئایینەکانی سەر زەویدا ئایا کامیان هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی هەیە؟ بەڵگەکان بەڕوونی نیشانیدەدەن کە ئەوە شاهیدانی یەهوەن—ئیشایا ٤٣:١٠-١٢.
تۆ دەتەوێ چی بکەی؟
١٥ هەر بەتەنها باوەڕ بە هەبوونی خودا، جێی ڕەزامەندی ئەو نییە. بە گوێرەی پەرتووکی پیرۆز تەنانەت جنۆکەکانیش باوەڕیان بە هەبوونی خودا هەیە (یاقوب ٢:١٩). بەڵام شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە خودا ناپەرستن و خوداش لێیان ڕازی نییە. بۆ ئەوەی خودا لێت ڕازی بێ نەک تەنها دەبێ باوەڕت هەبێ کە خودا هەیە، بەڵکو دەبێ خواستی خوداش پەیڕەو بکەی. هەروەها ئێمە دەبێ خۆمان لە ئایینی پووچەڵ جیابکەینەوە و بچینە باوەشی ئایینی ڕاستەقینەوە.
١٦ پۆڵسی نێرراو نیشانیدا کە ئێمە نابێ بەشداری چالاکییەکانی ئایینی پووچەڵ بکەین. ئەو نووسی: «لەناویان بڕۆنە دەرەوە و بەجێیان بهێڵن، چی گڵاوە دەستی بۆ مەبەن، خوداوەند [یەهوە] دەڵێ، ئینجا بەخێرهاتنتان دەکەم» (٢ کۆرنسۆس ٦:١٧؛ ئیشایا ٥٢:١١). کەوابو مەسیحییە ڕاستەقینەکان خۆیان دەپارێزن لە هەر شتێک کە پەیوەندی بە ئایینی پووچەڵەوە هەبێ.
١٧ پەرتووکی پیرۆز دەریدەخا کە هەموو ئایینە جۆراوجۆرە پووچەڵەکان پەیوەندیان بە «بابلی گەورە»وەیە (بینین ١٧:٥).a ئەم ناوە شاری بابلی کۆنمان بەبیر دێنێتەوە کە پاش لافاوەکەی نۆح ئایینی پووچەڵ لەوێدا سەریهەڵدا. زۆربەی فێرکردن و کردارەکانی ئێستا لە ئایینی پووچەڵدا پەیڕەو دەکرێن کە سەرچاوەیان بۆ بابل دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە بابلییەکان خودای سێیەکانە یان کۆی سێ دانە لە خوداکانیان دەپەرست. ئێمڕۆ سێیەکانە بەشێکی سەرەکییە لە فێرکاری زۆربەی ئایینەکاندا. بەڵام پەرتووکی پیرۆز بەڕوونی فێرمان دەکا کە تەنها یەک خودای ڕاستەقینە هەیە، ئەویش یەهوەیە و عیسای مەسیح ڕۆڵەی خودایە (یۆحەننا ١٧:٣). بابلییەکان هەروەها باوەڕیان هەبوو بەوەی کە مرۆڤ گیانی نەمری هەیە کە لە دوای مردن لە لەش جیا دەبێتەوە و دەچێ بۆ شوێنێکیتر کە لەوێ ئازار دەدرێ. ئێمڕۆ لە زۆربەی ئایینەکاندا وا فێردەکەن کە گیانی نەمر یان ڕۆح لە جەهەننەمدا ئازار دەدرێ.
١٨ لە کاتێکدا خوداپەرستی بابلی کۆن لە سەرانسەری زەویدا بڵاو بۆتەوە، هەر بۆیە بە گونجاوی دەکرێ ئیمپراتۆری ئایینی پووچەڵ وەک بابلی ئەم سەردەمە بناسێنین. خوداش پێشبینی کردووە کە ئیمپراتۆری ئایینی پووچەڵ لەناکاو لەناودەچێ (بینین ١٨:٨). ئایا دەزانی بۆچی زۆر گرنگە لە هەموو بوارێکەوە خۆت لە بابلی مەزن جیا بکەیەوە؟ یەهوە خودا دەفەرمووێ «لێی وەرنەدەرەوە»، ئێستا کە دەرفەت ماوە هەرچی زووتر ئەم کارە بکە—بینین ١٨:٤.
١٩ کاتێک بڕیار دەدەی واز لە ئایینی پووچەڵ بهێنی لەوانەیە هەندێ کەس ئیتر پەیوەندیت لەگەڵ بپچڕن. بەڵام کاتێ تۆ شانبەشانی نەتەوەی خودا، یەهوە دەپەرستی دەسکەوتی زۆر زیاتر بەدەست دەهێنی لەو شتانەی کە هەرگیز لەدەستی دەدەی. هەروەک قوتابیانی سەدەی یەکەم کە بۆ ئەوەی بتوانن بە دوای عیسا بکەون شتەکانی دیکەیان بەجێهێشت، تۆش خوشک و برای ڕۆحانی زۆرت دەستدەکەوێ. هەروەها دەبی بە یەکێ لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی گەورە لە سەرانسەری جیهاندا کە لە میلۆنەها مەسیحی ڕاستەقینەیە پێکهاتووە و خۆشەویستییەکی بێگەردت بۆ دەردەبڕن. هەروەها ئومێدێکی بێهاوتا بۆ ژیانی هەمیشەیی «لە داهاتوودا» بەدەست دەهێنی (مەرقۆس ١٠:٢٨-٣٠). لەوانەشە ڕۆژگارێک بێ ئەوانەی لەبەر باوەڕکەت وازیان لە هاوڕێیەتیت هێنا، بۆیان دەربکەوێ کە پەرتووکی پیرۆز چی فێر دەکا و ئیتر ئەوانیش یەهوە بپەرستن.
٢٠ پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا کە بەمزوانە خودا کۆتایی بە سیستەمی بەدکاری ئەم جیهانە دێنێ و جیهانێکی نوێی ڕاستودروست جێنشێن دەکا کە فەرمانڕەوایەتییەکەی بەدەست پادشاهێتی ئاسمانییەوە بەڕێوەدەچێ (٢ پەترۆس ٣:٩، ١٣). بەڕاستی ئەم جیهانە نوێیە چەند بێهاوتا دەبێ! لەو سیستەمە ڕاستودروستە نوێیەدا تەنها یەک ئایین و یەک شێوە خوداپەرستی ڕاستەقینە دەبێ. ئایا باشترین ڕێگە ئەوە نییە کە تۆش قۆڵیلێهەڵکەی و هەر ئێستا هەنگاوی پێویست بنێی بۆ ئەوەی بچی بۆ ڕیزی خوداپەرستانی ڕاستەقینە؟
[ژێرنووس]
a بۆ زانیاری زۆرتر دەربارەی بابلی گەورە کە وێنەی ئیمپراتۆری ئایینی پووچەڵی جیهانە، بڕوانە پاشکۆ لاپەڕەی ٢١٩ - ٢٢٠.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات
▪ تەنها یەک ئایینی ڕاستەقینە هەیە—مەتتا ٧:١٣، ١٤.
▪ ئایینی ڕاستەقینە لە فێرکارییەکانی و ئاکارەکانییەوە دەناسرێتەوە —مەتتا ٧:١٦، ١٧.
▪ شێوەی خوداپەرستی شاهیدانی یەهوە جێی ڕەزامەندی خودایە —ئیشایا ٤٣:١٠.
[پرسیارەکانی وانە]
١. ئەگەر ئێمە لە ڕێبازی دروستەوە خودا بپەرستین چ سوودێکی لێوەردەگرین؟
٢. چۆن دەتوانی ڕێبازی ڕاستی پەرستنی یەهوە بدۆزییەوە و چ ڕوونکردنەویەک بۆ ئەم مەبەستە یارمەتیت دەدا؟
٣. بە گوێرەی فەرموودەکانی عیسای مەسیح، ئێمە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی خودا بەدەست بهێنین دەبێ چی بکەین؟
٤. کاتێ عیسا باس لە دوو ڕێگا دەکا مەبەستی لە چییە و هەریەک لە ڕێگاکان مرۆڤ بەرەو کوێ دەبەن؟
٥. چۆن دەتوانین خوداپەرستانی ئایینی ڕاستەقینە بناسینەوە؟
٦، ٧. ڕوانگەی خزمەتکارانی خودا سەبارەت بە پەرتووکی پیرۆز چییە و عیسای مەسیح لەم بارەوە چ نموونەیەکی جێهێشت؟
٨. پەرستنی یەهوە چی دەگرێتە خۆ؟
٩، ١٠. ئەم ڕێگایانەی کە مەسیحییانی ڕاستەقینە خۆشەویستی خۆیان سەبارەت بە یەکتری نیشان دەدەن کامانەن؟
١١. بۆچی زۆر گرنگە ئەوە قەبوڵ بکەین کە خودا بە هۆی عیسای مەسیحەوە ڕزگارمان دەکا؟
١٢. سەر بەم جیهانە نەبوون واتای چییە؟
١٣. ڕوانگەی هاوڕێیانی ڕاستەقینەی عیسا سەبارەت بە پادشاهێتی خودا چۆنە و بۆ ئەم مەبەستە چ هەنگاوێک دەنێن؟
١٤. بە بڕوای تۆ کۆمەڵی کام ئایین تایبەتمەندییەکانی خوداپەرستی ڕاستەقینەیان هەیە؟
١٥. سەرەڕای ئەوەی کە باوەڕمان بە هەبوونی خودا هەبێ، خودا چاوەڕوانی چی لە ئێمە دەکا؟
١٦. سەبارەت بە بەشداری لەگەڵ ئایینی پوچەڵ چ شتێک گرنگە بیکەین؟
١٧، ١٨. «بابلی گەورە» چییە و بۆ چی دەبێ ئەوەندە بە خێرایی لێی بچینەدەرێ؟
١٩. گەر یەهوە بپەرستی چی بەدەست دێنی؟
٢٠. چ داهاتوویەک چاوەڕوانی ئەو کەسانەیە کە لە ڕیزی ئایینی ڕاستەقینەدان؟
[خشتەی ناو لاپەڕە ١٤٧]
ئەوانەی خودای ڕاستەقینە دەپەرستن
▪ بنچینەی فێرکارییەکانیان پەرتووکی پیرۆزە
▪ تەنها یەهوە دەپەرستن و ناوەکەشی دەناسێنن
▪ خۆشەویستییەکی بێگەردیان بۆ یەکتری هەیە
▪ بڕوا دەکەن کە خودا تەنها بە هۆی عیساوە ڕزگاری دێنێتەدی
▪ سەر بەم جیهانە نین
▪ مزگێنی بە خەڵکی دەدەن کە پادشاهێتی خودا تەنها ئومێدی مرۆڤایەتییە
[وێنەی لاپەڕە ١٥٠]
کاتێ تۆ شانبەشانی نەتەوەی خودا، یەهوە دەپەرستی، دەسکەوتی زۆر زیاتر بەدەست دەهێنی لەو شتانەی کە هەرگیز لەدەستی دەدەی