بەشی هەشتەم
پادشاهێتی خودا چییە؟
پەرتووکی پیرۆز دەربارەی پادشاییەتی خودا چییمان فێر دەکات؟
پادشاهێتی خودا چی دەکات؟
پادشاهێتی خودا کەی خواستەکانی خودا لەسەر زەوی دێنێتەدی؟
لەسەرتاسەری جیهاندا میلۆنەها کەس ئەو پاڕانەوەی کە ناسراوە بە نوێژی [باوکی ئێمە]، دەناسن، کە بە پاڕانەوەی سەروەریش بەناوبانگە. ئەمە ئاماژەیە بۆ پاڕانەوە بە ناوبانگەکەی عیسای مەسیح کە وەک نموونەی پاڕانەوە لە خودا نیشانیدا. ئەمە پاڕانەوەیەکی زۆر پڕ لەمانایە، وردبوونەوە لەسەر سێ بەشی سەرەتایی ئەو پاڕانەوەیە یارمەتیت دەدات تاکو باشتر لەوە تێبگەی کە پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی چیمان فێردەکات.
٢ لەسەرەتای پاڕانەوە نموونەییەکەیدا عیسا ئامادەبوانی ڕێنمایی کرد: «دەتوانن ئاوا نوێژ بکەن: ‹ئەی باوکمان لە ئاسمان با ناوت پیرۆز بێت، با پادشاهی تۆ بێت، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێ وەک لە ئاسمان› » (مەتتا ٦:٩-١٣). مەبەستی عیسا لەو سێ بڕگەیەی پاڕانەوەکەدا چییە؟
٣ لە بەشەکانی پێشوودا زۆر شت دەربارەی ناوی یەهوە خودا فێر بووین. تا ئاستێکیش لەسەر خواستی خوداو ئەوەی کردویەتی و ئەوانەی کە بۆ مرۆڤاییەتی دەیانهێنێتەدی دواین. بەڵام عیسا مەبەستی چی بوو کاتێ فەرمووی لە پاڕانەوەدا داوا بکەن «با پادشاهی تۆ [خودا] بێت»؟ پادشاهێتی خودا چییە؟ هاتنی ئەم پادشاهێتییە چۆن ناوی خودا پیرۆز دەکات؟ هاتنی ئەم پادشاهێتییە چ پەیوەندییەکی بە بەدیهاتنی خواستی خوداوە هەیە؟
پادشاییەتی خودا چییە؟
٤ پادشاهێتی خودا فەرمانڕەوایەتییەکە لە لایەن یەهوە خوداوە دامەزرێندراوە و پادشاکەشی لە لایەن خوداوە دەستنیشانکراوە. پادشای پادشاهێتی خودا کێیە؟ عیسای مەسیحە. عیسا ئەو پادشایەیە کە لە هەموو دەسەڵاتدارانی مرۆڤ مەزنترە و بە «تاقە سەرۆک، پادشای پادشایان، گەورەی گەورەکان» ناوی بردراوە (١ تیمۆساوس ٦:١٥). عیسا توانای ئەنجامدانی زۆر شتی بۆ مرۆڤایەتی هەیە، تەنانەت زۆرتر لەوەی کە باشترین سەرۆکی مرۆڤانە هەرگیز بۆ مرۆڤ کردبێتی.
٥ لە چ کاتێکەوە پادشایەتی خودا فەرمانڕەوایەتی دەکا؟ ئەی عیسا لە کوێیە؟ بێگومان لەبیرتە فێری بووین کە عیسا لە دار دراو و پاش مردنیشی زیندووکرایەوە. پاش ماوەیەکی کورت بەدوای ئەمەدا بۆ ئاسمان ڕۆییشت (کرداری نێرراوان ٢:٣٣). کەوابوو پادشاهێتی خودا لەوێیە، لە ئاسمانە. هەربۆیە پەرتووکی پیرۆز بە «پادشاهێتی ئاسمانی» ناوی دەبا (٢ تیمۆساوس ٤:١٨). سەرەڕای ئەوەی کە پادشاهێتی خودا لە ئاسمانە بەڵام بە سەر زەویدا فەرمانڕەوایەتی دەکا—بینین ١١:١٥.
٦ عیسا لە چ بوارێکەوە پادشایەکی بێهاوتایە؟ یەکێک لە هۆیەکان ئەوەیە کە ئەو هەرگیز نامرێ. هەر بۆ بەراوردێک لەگەڵ پادشاکانی مرۆڤدا، بزانە کە پەرتووکی پیرۆز لەسەر عیسا چی دەفەرمووێ «تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیەو کەس لێی نزیک نابێتەوە» (١ تیمۆساوس ٦:١٦). واتاکەی ئەوەیە کە تەواوی ئەو شتە باشانەی عیسا بەدەستیان دەهێنێ بۆ هەمیشە دەمێننەوە. ئێمەش دڵنیایین لەوەی کە عیسا هەرچی باش و بەکەڵکە بۆ ئەو خەڵکانە بەدیدەهێنێ کە لەژێر فەرمانڕەوایەتی ئەودان.
٧ بە جوانی لەم پێشبینییە ورد ببەوە کە لەسەر عیسا کراوە: «ڕۆحی خوداوەند لەسەریدا دەنیشێتەوە ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن، ڕۆحی ڕاوێژ وئازاییەتی، ڕۆحی زانین و ترسی خوداوەند، بەترسی خوداوەند [یەهوە] شاد دەبێ. بە گوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات، بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات، بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی خاکەکە [زەوی] دەدات» (ئیشایا ١١:٢-٤). ئەم وشانە دەریدەخن کە عیسا بۆ خەڵکی سەر زەوی پادشاییەکی ڕاستودروست و بە بەزەیی دەبێ. ئایا خوازیاری سەرۆکێکی لەمجۆرەت هەبێت؟
٨ ڕاستییەکی دیکە دەربارەی پادشاییەتی خودادا ئەوەیە: عیسا بەتەنها فەرمانڕەوایەتی ناکات. کەسانێک دیکەش هاوکار لەگەڵ عیسا لە دەسەڵاتدا بەشدار دەبن. بۆ نمونە پۆڵسی نێرراو بە تیمۆساوسی وت: «گەر لەپێناویدا دانبگرین، لەگەڵی فەرمانڕەوایی دەکەین» (٢ تیمۆساوس ٢:١٢). بەڵێ، پۆڵس، تیموساوس و هەندێ لە مەسیحییە دڵسۆزەکانی تر کە لە لایەن خوداوە هەڵبژێردراون بە یەکەوە لەگەڵ عیسا لە پادشاهێتی ئاسمان دا فەرمانڕەوایی دەکەن. ئەوانە چەند کەسن کە ئەو دەرفەتە نایابەیان بۆ دەڕەخسێ؟
٩ هەروەک لە بەشی حەوتەمی ئەم پەرتووکە دا باسمان کرد. یۆحەننای نێرراو لە بینینێکدا باس لەوە دەکا کە «بەرخێک [عیسای مەسیح] لەسەر چیای شاری داود [پلەی پادشاهانەی لە ئاسماندا] ڕاوەستابوو، سەدو چلو چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، هەموویان ناوی بەرخەکەو ناوی باوکی بەرخەکە لەسەر ناوچەوانیان نووسرابوو.» ئەم ٠٠٠،١٤٤ کەسە کێن؟ یۆحەننا خۆی بۆمان باس دەکات: «ئەوانە شوێن بەرخەکە دەکەون بۆ هەر کوێ بڕوات، ئەوانە وەک پێشەبەرە بۆ خوداو بەرخەکە، لەنێو خەڵک بە خوێن کڕاون» (بینین ١٤:١، ٤). بەڵێ، ئەوانە هاوڕێیانی دڵسۆزی عیسای مەسیحن و هەڵبژێردراوانی تایبەتی ئەون تاکو لە ئاسمانەوە لەگەڵی فەرمانڕەوایەتی بکەن. پاش ئەوەی کە لە دوای مردنیان بۆ ژیانی ئاسمانی بەرز دەکرینەوە و شانبەشانی عیسا «فەرمانڕەوای زەوی دەکەن» (بینین ٥:١٠). لە سەردەمی ژیانی نێرراوانی عیساوە، خودا لە نێوان مەسیحییە دڵسۆزەکاندا دەستی بە هەڵبژاردن کردووە تاکو ئەو ٠٠٠،١٤٤ کەسە کۆبکاتەوە.
١٠ دیاری کردن عیسا و ٠٠٠،١٤٤ کەس بۆ فەرمانڕەوایەتی کردن بەسەر مرۆڤدا نیشانەی ئەوپەڕی خۆشەویستییە. لە لایەکەوە عیسا باش دەزانێ کە ژیانی مرۆڤ و ئازارەکانی چۆنن. پۆڵس وتی کە عیسا «بێتوانا نییە لە تێگەیشتنو هاوخەمی دەربڕین سەبارەت بە کەمو کوڕی و لاوازییەکان، چونکە خۆی هەرچەندە بێگوناهیش بووە، کەوتۆتە ئەو تاقیکردنەوانەی ئێمە تێی دەکەوین» (عیبرانیەکان ٤:١٥؛ ٥:٨). ئەوانەی کە لەگەڵ ئەو فەرمانڕەوایی دەکەن ئەوانیش لە ژیانی مرۆڤانەیاندا تووشی ئازارچەژتن هاتوون و خۆڕاگریان کردوە. لە ڕاستیدا ئەوان ململانەیان لەگەڵ ناتەواوی مرۆڤانە کردوو ڕووبەڕووی زۆر جۆرە نەخۆشی بوونەتەوە. گومان لەوەدا نییە کە ئەوان لە هەموو ئەو کۆسپانەی کە ژیانیان لە مرۆڤ تاڵ کردوە باش تێدەگەن.
پادشاهێتی خودا چی بەدیدەهێنێ؟
١١ کاتێک عیسا فەرمووی ئێمە دەبێ بپاڕێینەوە تا پادشاهێتی خودا بێت، هەروەها فەرمووی ئێمە دەبی بپاڕێینەوە تا خواستەکانی خودا «لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێ وەک لە ئاسمان». خودا لە ئاسمانە و خواستەکانی لەوێ هەمیشە لە لایەن فریشتە دڵسۆزەکانەوە پەیڕەو کراوە. بەڵام هەروەک لە بەشی سێهەمی ئەم پەرتووکەدا فێری بووین فریشتەیەکی خراپ وازی لە ئەنجامدانی خواستەکانی خودا هێنا و بوو بە هۆی ئەوەی کە ئادەم و حەواش گوناه بکەن. لە بەشی دەهەمدا لە فێرکردنەکانی پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بەم فریشتە بەدکارە کە بە شەیتانی بوختانکەر ناسراوە زۆرتر فێر دەبین. شەیتان و ئەو ئافرێندراوە ڕۆحانیانەی کە وەک فریشتەن و بڕیاریان دابوو گوێڕایەڵی شەیتان بن ڕێگایان پێدرا تا بۆ ماوەیەک لە ئاسماندا بمێننەوە. لە بەر ئەمە هەموو ئەوانەی کە لە ئاسماندا دەژیان خواستی خودایان پەیڕەو نەدەکرد. بەڵام کاتێک پادشاهێتی خودا دەسەڵاتی گرتە دەست ئەو بارودۆخە گۆڕا. یەکسەر دوای ئەوەی کە عیسا هاتە سەر تەختی پادشاهێتی دژ بە شەیتان جەنگی بەرپا کرد—بینین ١٢:٧-٩.
١٢ لەم وشە پێشبینی کراوانەدا ڕوون دەبێتەوە کە چی ڕوو دەدات: «ئینجا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسمانەوە وتی: ‹ئێستا ڕزگاری و هێزو پادشاهێتی خودامانو دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتە کایەوە، چونکە ئەو شکاتکەرەی شەو و ڕۆژ لەبەردەم خودامان شکاتی لە خوشک و براکانمان دەکرد، [شەیتان] درا بەزەویدا› » (بینین ١٢:١٠). سەرنجت دایە دوو ڕووداوی گرنگ کە لەم ئایەتەی پەرتووکی پیرۆزدا ڕوونکراونەتەوە؟ یەکەمیان ئەوەیە کە پادشاهێتی خودا بە سەرۆکایەتی عیسای مەسیحەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات. دووهەمیان، شەیتان لە ئاسمانەوە بۆ زەوی فڕێ دەدرێ.
١٣ ئاکامی ئەم دوو ڕووداوانە چی بوو؟ لە ئاکامی ئەوەی لە ئاسمان ڕوویدا پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «لەبەر ئەمە ئەی ئاسمان و ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن، دڵخۆش و شادومان بن» (بینین ١٢:١٢). بەڵێ، فریشتە دڵسۆزەکان لە ئاسماندا شادومانن، لەبەر ئەوەی تەنها ئەوانەی دڵسۆزی یەهوە خودان لەوێ ماونەتەوە و شەیتان و دارودەستەکەشی لە ئاسمان دەرکران. بەدوای ئەمەدا ئاشتی و تەباییەکی کە هەرگیز ناشێوێ لەوێدا سەقامگیرکراوە. ئێستا خواستی خودا لە ئاسمان پەیڕەو دەکرێ.
١٤ ئەی بارودۆخی زەوی چۆن دەبێت؟ پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵام قوڕ بەسەر دانیشتووانی زەویو دەریا، چونکە شەیتان هاتۆتە خوارەوە بۆ ئێوەو تووڕەییەکی گەورەی پێیە، چونکە کاتێکی کورتی بەدەستەوە ماوە» (بینین ١٢:١٢). شەیتان لەبەر ئەوەی کە لە ئاسمان دەرکراوە و ماوەیەکی کورتی لەسەر زەوی بۆ ماوەتەوە تووڕەیە. لە تووڕەییان ئاژاوە دەنێتەوە واتە «قوڕ» بەسەر زەویدا دەدات. لە بەشی داهاتوودا لە سەر ئەم بابەتە شتی زۆرتر فێر دەبین. بەڵام ئێستا کە دەزانین شەیتان لەسەر زەوییەو خەریکی چییە دەتوانین لە خۆمان بپرسین، باشە پادشاهێتی ئاسمانی چۆن خواستەکانی خودا لەسەر زەوی بەدیدەهێنێ؟
١٥ لە بیرتە خواستی خودا بۆ زەوی چییە کە لە بەشی سێهەمدا فێری بووی؟ لە باخچەی عەدەندا خودا خواستی خۆی بۆ زەوی دەرخست کە ئەویش ئەوەبوو زەوی ببێتە بەهەشت و مرۆڤی ڕاستودروست و نەمر لەسەرانسەری زەویدا بژین. شەیتان هۆکاری گوناهەکەی ئادەم و حەوا بوو کە ئەمەش بەدیهاتنی خواستی خودای بۆ زەوی دواخست، بەڵام نەیگۆڕی. ئێستاش خواستی یەهوە ئەمەیە «ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری زەوی و تاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن» (زەبوورەکان ٣٧:٢٩). پادشاهێتی خودا ئەمە دێنێتەدی. ئەم کارە چۆن دەکا؟
١٦ سەرنج بدە ئەو پێشبینییەی کە لە دانیال ٢:٤٤ دا کراوە. «لە ڕۆژانی ئەم پاشایانەدا خودای ئاسمانەکان پاشایەتییەک بەرپا دەکات کە هەرگیز بنبڕ نابێت و پاشاییەکەی بۆ گەلێکی دیکە بەجێ ناهێڵرێت و هەموو ئەو پاشایەتییانە وردوخاش دەکات ولەناودەبات و ئەو بۆ تاهەتایە جێگیر دەبێت». ئەمە چیمان لەسەر پادشاهێتی خودا پێ دەڵێت؟
١٧ یەکەم ئەوەمان پێ دەڵێ کە «لە ڕۆژانی ئەم پاشایانەدا»، یان بەواتایەکی تر لەکاتێکدا پادشاهێتییەکانی تر هەر لەسەر دەسەڵاتن، پادشاهێتی خودا دادەمەزرێ. دووهەم ئەوەیە کە پادشاهێتی خودا بۆ هەمیشە دەسەڵاتی لەدەستدا دەبێت. هیچ فەرمانڕەوایەتییەکی تر ئەم پادشاهێتییە لە ناو نابات و جێگای ناگرێتەوە. سێهەم، باس لەوە دەکات کە پادشاهێتی خودا لەگەڵ پادشاهێتییەکانی جیهان جەنگ بەرپا دەکاو سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. ئەم پادشاهێتییە دەبێتە تاکە فەرمانڕەوای مرۆڤایەتی. ئەو کاتە مرۆڤاییەتی چێژ لە باشترین بەڕێوبەرایەتی وەردەگرێ کە هەرگیز بەخۆیانەوە بینیبێ.
١٨ پەرتووکی پیرۆز زانیاری زۆرمان لەسەر چۆنییەتی دوایین جەنگی نێوان پادشاهێتی خودا و فەرمانڕەوایەتییەکانی سەر زەوی دەداتێ. بۆ نموونە فێرمان دەکات هەر لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی زەمانە، ڕۆحە شەیتانییەکان درۆ و دەلەسە بڵاو دەکەنەوە و «هەموو پادشاکانی جیهان» فریو دەدەن. بە چ مەبەستێکەوە ئەمە دەکەن؟ «تا بۆ جەنگی ئەو ڕۆژە گەورەیە [پادشاکان] کۆ بکاتەوە، ڕۆژی خودای توانادار.» پادشاکانی سەر زەوی لەم «شوێنەدا کۆکردەوە کە بە عیبری پێی دەووترێت «هەرمەگەدون» (بینین ١٦:١٤، ١٦). ئەوەی کە لەم دوو ئایەتە دا باسکراوە کە جەنگی کۆتایی لە نێوان فەرمانڕەوایەتییەکانی مرۆڤ و پادشاهێتی خودایە پێی دەوترێ جەنگی هەرمەگەدون.
١٩ دەستکەوتی پادشاهێتی خودا لە جەنگی هەرمەگەدون چی دەبێ؟ جارێکی دیکە بەبیر خۆتی بهێنەوە کە خواستی خودا بۆ زەوی چییە. ئامانجی یەهوە خودا ئەوەیە کە زەوی ببێتە بەهەشت و مرۆڤی ڕاستودروست وبێ کەم وکوڕی لە سەرانسەری زەویدا بژین و لەو بەهەشتەدا ئەو بپەرستن. ئەوەی کە ئێستا ڕێگای لە بەدیهاتنی ئەو ژیانە گرتوە چییە؟ یەکەم ئەوەیە کە ئێمە گوناهکارین، نەخۆش دەکەوین و دەمرین. لە بەشی پێنجەمدا فێری بووین کە عیسا لە پێناوی ئێمەدا مرد تاکو بتوانین بۆ هەمیشە بژین. لەوانەیە لە بیرت بێ کە ئینجیلی بەشی یۆحەننا دەفەرمووێ: «چونکە خودا بەم جۆرە جیهانی خۆشەویست تەنانەت تاقە ڕۆڵەی خۆی پێشکەش کرد، هەتا هەموو ئەوانەی باوەڕی پێدەکەن لەناو نەچن، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنن»—یۆحەننا ٣:١٦.
٢٠ کۆسپێکی تر ئەوەیە کە زۆربەی خەڵکی خراپە دەکەن. درۆ و فێڵ و تەڵەکە و داوێنپیسی دەکەن. ئەوان نایانەوێ ملکەچی فەرمانەکانی خودا بن. ئەو کەسانەی کە کاری خراپ دەکەن لە جەنگی خودادا کە هەرمەگەدونە لە ناو دەبردرێن (زەبوورەکان ٣٧:١٠). یەکێک لە هۆیەکانی تر کە ڕێگای لە بەدیهاتنی خواستی خودا گرتووە ئەوەیە کە فەرمانڕەوایەتییەکانی سەر زەوی لەم بوارەدا خەڵکی هان نادەن. زۆربەی فەرمانڕەوایەتییەکان سست و ستەمکار و گەندەڵن. پەرتووکی پیرۆز بێ پێچوپەنا دەفەرمووێ: «مرۆڤ دەسەڵاتدار دەبێت بەسەر مرۆڤێکی دیکەدا بۆ زیانی خۆی»—کۆمکار ٨:٩.
٢١ لە پاش هەرمەگەدوندا مرۆڤایەتی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تەنیا یەک فەرمانڕەوایەتییەوە کە ئەویش دەسەڵاتی پادشاهێتی خودایە. ئەم پادشاهێتییە خواستی خودا پەیڕەو دەکا و زۆر پیرۆزی نایاب بەدیدەهێنێ. بۆ نموونە شەیتان و جنۆکەکانی، ئەو فریشتە بەدکارانەن کە بەدوای شەیتان کەوتوون لە ناو دەبا (بینین ٢٠:١-٣). توانای ئەو قوربانییەی عیسا دای بۆ ئەوە بەکار دەهێنرێ تا مرۆڤە دڵسۆزەکان ئیتر نەخۆش نەکەون و نەمرن، بەڵکو لە ژێر سایەی فەرمانڕەوایەتی پادشاهێتییەکەدا دەرەتانی ژیانی هەمیشەییان بۆ بڕەخسێ (بینین ٢٢:١-٣). زەوی دەکرێ بە بەهەشت. بەمجۆرە پادشاهێتییەکە پەیڕەو کرانی خواستی خودا لەسەر زەوی مەیسەر دەکا و ناوی خودا شکۆمەند دەکا. واتای ئەمە چییە؟ واتاکەی ئەوەیە کە سەرەنجام لە ژێر دەسەڵاتی پادشاهێتی خوداوە ئەوەی زیندەوەرە ڕێز لە ناوی یەهوە دەگرێ.
پادشاهێتی خودا کەی دەست بەکار دەبێ؟
٢٢ کاتێک عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو بپاڕێنەوە «با پادشاهی تۆ بێت»، ڕوون و ئاشکرا بوو کە ئەو کات پادشاهێتییەکە دانەمەزرابوو. ئایا ئەو پادشاهێتییە ئەو کاتە دامەزرا کە عیسا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە؟ نەخێر، پەتڕۆس و یۆحەننا هەردووکیان وتیان کاتێک عیسا زیندووکرایەوە پێشبینی زەبوورەکان ١١٠:١هاتەدی کە دەفەرمووێ: «یەهوە بە سەروەرمی فەرموو: ‹لەلای دەستە ڕاستم دانیشە، تاکو هەموو دوژمنەکانت دەخەمە ژێر پێتەوە›» (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بەئینگلیزی) (کرداری نێرراوان ٢:٣٢-٣٥؛ عیبرانیەکان ١٠:١٢، ١٣). بەر لە دامەزرانی پادشاهێتییەکە دەبوایە ماوەیەک چاوەڕوانی بکرێ.
٢٣ بۆ ماوەی چەند دەبوایە چاوەڕوانی بکرێت؟ لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا کەسانێک کە پێیان دەوترا قوتابیانی پەرتووکی پیرۆز و بەڕاستی دڵسۆز بوون بە لێکدانەوە گەیشتنە ئەو ئاکامە کە ئەم ماوە چاوەڕوانییە لە ساڵی ١٩١٤ دا کۆتایی پێدێت (سەبارەت بەم ساڵە، بڕوانە پاشکۆ، لاپەڕە ٢١٥-٢١٨). ئەو ڕووداوانەی جیهان کە لە ساڵی ١٩١٤وە دەستیان پێکرد، دەریانخست کە لێکدانەوەکەی ئەم دلسۆزانە ڕاست بوو. بەدیهاتنی پێشبینی پەرتووکی پیرۆز نیشانیدا کە لە ساڵی ١٩١٤ دا مەسیح بوو بە پادشا و پادشاهێتی خودا دامەزرا. کەوابوو ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە شەیتان «کاتێکی کورتی» بۆ ماوەتەوە (بینین ١٢:١٢؛ زەبوورەکان ١١٠:٢). هەروەها بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە بەمزوانە پادشاهێتی خودا بۆ پەیڕەو کردنی خواستی خودا لەسەر زەویش دەست بەکار دەبێ. ئایا ئەم ڕووداوە بە هەواڵێکی نایاب دەزانی؟ ئایا بڕوا دەکەی ئەمە ڕاست بێت؟ بەشی دوایی ئەم پەرتووکە یارمەتیت دەدا تا بیبینی کە پەرتووکی پیرۆز بە ڕاست ئەم شتانەمان فێر دەکات؟
ئەوەی پەرتووکی پیرۆز فیرمان دەکات
▪ پادشاهێتی خودا فەرمانڕەواتییەکی ئاسمانییە، پادشاکەی عیسای مەسیحە و لە نێوان مرۆڤدا ٠٠٠،١٤٤ کەس هەڵدەبژێردێن تا لە گەڵ عیسا دا فەرمانڕەوایەتی بکەن—بینین ١٤:١، ٤.
▪ پادشاهێتییەکە لە ساڵی ١٩١٤ وە دامەزراوەو لەو کاتەوە بە زەبرشەیتانی لە ئاسمانەوە فڕێ داوەتە سەر زەوی —بینین ١٢:٩.
▪ پادشاهێتی خودا هەر بەمزوانە فەڕمانڕەوایەتییەکانی مرۆڤ لە ناودەباو زەوی دەکرێ بە بەهەشت —بینین ١٦:١٤، ١٦.
[پرسیارەکانی وانە]
١. ئەو پاڕانەوە بەناوبانگە کە ئێستا باسی لێدەکەین چییە؟
٢. ئەو سێ داواکارییانەی کە عیسا فیری قوتابییەکانی کرد تا لەپاڕانەوەدا ناوی بهێنن چی بوون؟
٣. ئێمە پێویستە لەسەر پادشاهێتی خودا چ بزانین؟
٤. پادشاهێتی خودا چییە و پادشاکەی کێیە؟
٥. پادشاهێتی خودا لە کوێوەیە و بەسەر چ شوێنێکدا فەرمانڕەوایەتی دەکا؟
٦، ٧. عیسا لە چ بوارێکەوە پادشایەکی بێهاوتایە؟
٨. کێن ئەوانەی لەگەڵ عیسا دا فەرمانڕەوایەتی دەکەن؟
٩. چەند کەس لەگەڵ عیسا دا فەرمانڕەوایی دەکەن و لە چ کاتێکەوە خودا دەستی بە کۆکردنەوەیان کردوە؟
١٠. بۆچی دیاری کردنی عیسا و ئەو ٠٠٠،١٤٤ کەسە بۆ فەرمانڕەوایی کردن بەسەر مرۆڤایەتیدا نیشانەی خۆشەویستییە؟
١١. عیسا بۆچی داوای کرد تا مەسیحییەکان بۆ پەیڕەو کرانی خواستی خودا لە ئاسمادا بپاڕێنەوە؟
١٢. ئەو دوو ڕووداوە گرنگەی کە لە بینین ١٢:١٠ دا باسیان لێکراوە کامانەن؟
١٣. پاش ئەوەی کە شەیتان لە ئاسمان دەرکرا، ئێستا بارودۆخ لەوێ چۆنە؟
١٤. لە ئاکامی ئەوەی کە شەیتان لەسەر زەوییە چی ڕوو دەدات؟
١٥. خواستی خودا بۆ زەوی چییە؟
١٦، ١٧. دانیاڵی ٢:٤٤ لەسەر پادشاهێتی خودا چیمان بۆ دەردەخا؟
١٨. ناوی دوایین جەنگی نێوان پادشاهێتی خودا و فرمانڕەواتییەکانی سەر زەوی چییە؟
١٩، ٢٠. ئەوەی کە ئێستا ڕێگا لە بەدیهاتنی خواستەکانی خودا دەگرێ چییە؟
٢١. پادشاهێتی خودا چۆن پەیڕەو کرانی خواستی خودا لە سەر زەویدا دێنێتەدی؟
٢٢. ئێمە چۆن دەزانین کە پادشاهێتییەکەی خودا نە لە کاتی ژیانی عیسا لەسەر زەویداو نە ڕاستەوخۆ دوای زیندووکردنەوەشیدا دامەزرا؟
٢٣. (ا) پادشاهێتی خودا کەی دامەزرا؟ (ب) لە بەشی داهاتوودا باس لە چی دەکەین؟
[وێنەی لاپەڕە ٨٣]
کاتێک شەیتان وجنۆکەکانی لە ئاسمان دەرکران، ئازارەکانی سەر زەوی زۆرتر بوون. ئەم ئازارانە بەم زووانە کۆتاییان پێدێ
[زەق کراوەی ناو لاپەڕە ٨٤، ٨٥]
لە سایەی دەسەڵاتداری پادشاهێتی خوداوە خواستی خودا لەسەر زەویش پەیڕەو دەکرێ هەروەک لە ئاسماندا کراوە