بەشی نۆهەم
ئایا ئێمە لە «ڕۆژانی دوایی» دا دەژین؟
کام رووداوانەی سەردەمی ئێمە لە پەرتووکی پیرۆزدا پێشبینی کراوون؟
وشەی خودا سەبارەت بە هەڵسووکەوتی خەڵکی لە ڕۆژانی دواییدا چی دەفەرمووێ؟
ئەو شتە باشانەی کە پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بە ڕۆژانی دوایی پێشبینییان دەکات کامانەن؟
ئایا کاتێ لە تەلەفیزۆنەوە هەواڵەکان دەبینی، پرسیارت لەلا دروست نابێ ›ئەم جیهانە بەرەو کوێ دەڕوا؟› ڕووداوە دڵتەزێنەکان ئەوەندە کتوپڕ و چاوەڕوان نەکراوانە ڕوودەدەن کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێ پێشبینی بکا سبەی ڕۆژ چی ڕوو دەدات (یاقوب ٤:١٤). بەڵام یەهوە دەزانێ کە لە دواڕۆژ چی ڕوودەدات (ئیشایا ٤٦:١٠). زۆر لەمەوەپێش وتەکانی خودا کە لە پەرتووکی پیرۆزدا تۆمار کراون نەک هەر پێشبینی ڕووداوە ناخۆشەکانی سەردەمی ئێمەیان کردووە، بەڵکو باس لەم شتە خۆش و نایابانەی کردووە کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا ڕوو دەدەن.
٢ عیسای مەسیح باسی پادشاهێتی خودای کرد کە کۆتایی بە بەدکاری دەهێنێ و زەوی دەکات بە بەهەشت (لۆقا ٤:٤٣). خەڵکی دەیانویست بزانن ئەم پادشاهێتییە کەی دێت. جارێکیان قوتابییەکانی پرسیاریان لە عیسا کرد: «نیشانەی گەڕانەوەتو کۆتایی زەمانە چییە؟» (مەتتا ٢٤:٣). لە وەڵامدا عیسا پێی فەرموون تەنها یەهوە خودا دەزانێ کە کۆتایی ئەم زەمانە کەی دەبێ (مەتتا ٢٤:٣٦). عیسا پێشبینی کرد کە هەندێ شت لەسەر زەویدا روودەدەن بەر لەوەی پادشاهێتییەکە ئاشتی و ئاسایش بۆ مرۆڤایەتی دابین بکا. ئەوانەی ئەو پێشبینی لەسەر کردبوون هەر ئێستا روودەدەن.
٣ بەر لەوەی لەو ڕووداوانە بکۆڵینەوە کە نیشانەی «کۆتایی زەمانەن»، وەرن با بە کورتی باس لە جەنگێک بکەین کە هیچ مرۆڤێک نەیتوانیوە بیبینێ. ئەم جەنگە لەئاسماندا لە نێوان ئافەریدە ڕۆحانییەکاندا بەرپا بوو کە مرۆڤ ناتوانێ بیانبینێ و ئاکامەکانی ئەم جەنگە کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە.
جەنگ لە ئاسماندا
٤ لە بەشی پێشتری ئەم پەرتووکەدا شیکرایەوە کە لە ساڵی ١٩١٤دا عیسا بوو بە پادشا (دانیال ٧:١٣، ١٤). عیسای مەسیح هەرکە بوو بە پادشا دەست بەکار بوو. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «لە ئاسماندا شەڕێک بەرپابوو». «میکائیل [ناوێکی تری عیسای مەسیحە] و فریشتەکانی دژی ئەژدیهاکە [شەیتانی ئیبلیس] جەنگان، ئەژدیهاکەو فریشتە بەدکارەکانیشی دژی ئەوان».a شەیتان و فریشتە خراپەکان، ئەوانەی پێیان دەوترێ جنۆکە لەم جەنگە شکستیان هێناو لە ئاکامدا لە ئاسمان دەرکران و بۆ سەر زەوی فڕێدران. ڕۆڵە ڕوحانییەکانی خودا کە فریشتە دلسۆزەکانن شادومانن لە بەر ئەوەی کە شەیتان لە ئاسمان دەرکراوە. بەڵام مرۆڤ ئەو دڵخۆشییە ئەزموون ناکا. بە پێچەوانەی ئەو بارودۆخەی لە ئاسمان بەرقەرارە، پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵام قوڕ بەسەر دانیشتووانی زەوی ... چونکە شەیتان هاتۆتە خوارەوە بۆ ئێوەو تووڕەییەکی گەورەی پێیە، چونکە کاتێکی کورتی بەدەستەوە ماوە»—بینین ١٢:٧، ٩، ١٢.
٥ تکایە سەرنج بدە ئاکامی ئەو جەنگەی لە ئاسمانکرا. شەیتان ئەوەندە تووڕەیە کە دەیەوێ قوڕ بکاتە سەر دانیشتوانی زەوی. هەروەک کە دەیبینی ئێمە ئێستا لەو سەردەمە دژوارەدا دەژین. بەڵام ئەم ماوەیە زۆر ناخایەنێ، تەنها «کاتێکی کورت» دەبێ. تەنانەت شەیتانیش ئەمە باش دەزانێ. پەرتووکی پیرۆز ئەم کاتە بە «ڕۆژانی دوایی» ناو دەبا (٢ تیمۆساوس ٣:١). جێی خۆیەتی دڵشاد بین بەوەی کە هەر بەمزووانە یەهوە خودا لە ژێر کارتێکردنەکانی شەیتان ڕزگارمان دەکا! وەرن تا بە یەکەوە تاووتوێی هەندێ لەم شتانە بکەین کە لە پەرتووکی پیرۆز پێشبینی کراون و ئێستا لە بەدیهاتن دان. ئەمانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئێمە لە رۆژانی دواییدا دەژین و هەر بەمزووانە پادشاهێتی خودا ئەو پیرۆزیانەی کە هەرگیز نابڕێنەوە دەدات بەو کەسانەی کە یەهوەیان خۆش دەوێ. سەرەتا لە چوار شتی نیشانەی ڕۆژانی دوایی ورد دەبینەوە کە بە گوێرەی عیسا ئاماژە بۆ ئەو سەردەمە دەکەن کە ئێمە تێیدا دەژین.
بارودۆخە بەرچاوەکانی ڕۆژانی دوایی
٦ «میللەتان دەچن بەگژ یەکترداو پادشاهێتی بەگژ پادشاهێتی دیکەدا» (مەتتا ٢٤:٧). لە ماوەی جەنگەکانی سەد ساڵی ڕابردوودا ملێۆنەها کەس کوژراون. مێژونووسێکی بەریتانی نووسی: «سەدەی بیستەم خوێناویترین سەردەمە کە مێژوو تۆماری کردووە ... جگە لەوەی چەند ماوەیەکی کورت سوپا مەشقدراوەکان جەنگیان نەکرد، سەدەیەک بوو کە دەتوانین بڵێین شەر بڕانەوەی نەبوو.» لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی ئەنستیتۆی وۆڕد واچ دا دەڵێن: «رێژەی ئەو خەڵکانەی لەجەنگەکانی سەدەی بیستەمدا تێداچوون سێ ئەوەندەی سەرجەمی ئەو کەسانە بوون کە لە جەنگەکانی سەدەی یەکەمەوە تا ساڵی ١٨٩٩ دا کوژران.» لە ساڵی ١٩١٤وە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کەس لە جەنگەکاندا کوژراون. ئەوەندی ئێمە بزانین هەستی لەدەستچوونی تەنها جگەرگۆشەیەک لە جەنگدا چەند سەختە، ئینجا دەتوانین وێنای بکەین کە مردنی ملێونەها کەس چەندە ئازار و پەژارە دەخاتە ناو دڵی کەسوکاریانەوە.
٧ «برسێتی ... ڕوودەدات» (مەتتا ٢٤:٧). لێکۆلەرەوان دەڵێن کە ئاستی بەرهەم هێنانی خواردەمەنییەکان لە ماوەی سی ساڵی رابڕدوودا بەشێوەیەکی بەرچاو چۆتەسەر. بەڵام سەرەڕای ئەمەش برسێتی کۆتایی پێ نەهاتووە، چونکە زۆربەی ئەم خەڵکە برسییانە پارەیان نییە تا خواردەمەنی پێبکرن یان پارچە زەوێک بۆوەی دەغڵودانی لێ بەرهەم بهێنن. لە وڵاتانە تازە پێگەییشتووەکاندا زیاتر لە یەک ملیار کەس داهاتی ڕۆژانەیان تەنها یەک دۆلار یان بگرە کەمتریشە بۆ ئەوەی خۆیانی پێ بژێنن. زۆربەی ئەو کەسانە بە هۆی برسێتی بەردەوامەوە ئازار دەچێژن. ڕێکخراوی تەندروستی نێونەتەوەیی دەیخەمڵێنێ کە بەشێوەیەکی سەرەکی کەم خۆراکی دەبێتە هۆی مردنی زیاتر لە پێنج ملێون منداڵ لە ساڵێکدا.
٨ «لە زۆر شوێن بوومەلەرزە دەبێت» (لۆقا ٢١:١١). بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی لێکۆڵینەوەی زەویناسی لە ئەمەریکا، ساڵانە بە تێکڕایی هاتنی نۆزدە بوومەلەرزەی گەورە چاوەڕێ دەکرێ. ئەوانە ئەوەندە بەهێزن کە دەتوانن خانوو کاول بکەن و زەوی هەڵقڵیشێنن. ساڵانە ڕێژەیەک لەو بوومەلەرزانە ئەوەندە بە هێزن کە دەتوانن کۆشک و تەلارەکان بە تەواوی وێران بکەن. بە پێی ئەم ڕاپۆرتانەی لەبەردەست دان دەردەکەوێ کە لە سەدەی ٢٠دا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە بوومەلەرزەدا مردوون. سەرچاوەیەک دەڵێ: «پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی تەنها توانیویەتی ژمارەی مردووانی لێقەوماو لە بوومەلەرزەکاندا تا ئاستێک کەم بکاتەوە.»
٩ «لە زۆر شوێن ... نەخۆشی بڵاودەبنەوە» (لۆقا ٢١:١١). سەرەڕای پێشکەوتوویی لە بواری تەندروستیدا، نەخۆشییەکانی ڕابردوو و ئەو نەخۆشییە تازانەی سەریان هەڵداوە لە مرۆڤ بوونەتە بەڵا. ڕاپۆرتێک دەنووسێ، بیست نەخۆشی ناسراو لە وانە سیل، مەلاریا و کولێرا لە دەیان ساڵی ڕابردوودا زۆرتر پەرەیان سەندووە و هەروەها چارەسەرکردنی هەندێ نەخۆشی لە جاران دژوارتر بووە. بۆ نموونە بەلانی کەمەوە سی نەخۆشی نوێ سەریان هەڵداوە. هەندێ لەو نەخۆشییانە کوشندەن و هیچ چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە.
خەڵک لە ڕۆژانی دواییدا
١٠ هەروا کە جیهان لە ئاستی جیاوازدا پەرەدەسێنێ، پەرتووکی پیرۆز پێشبیبی کردووە لە ڕۆژانی دواییدا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گۆڕان بەخۆیەوە دەبینێ. پۆڵسی نێرراو باسی کرد کە لەم سەردەمەدا خەڵکی چۆن دەبن. ئەمە لە دووهەمی تیمۆساوس ٣:١-٥ دا دەتوانین بخوێنینەوە «کاتێکی ناخۆشو خراپ دێت لە ڕۆژانی دواییدا، خەڵکی لووتبەرز دەبن، شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، جنێو دەدەن، گڵاون، بێبەزەیی دەبن، لەیەکتر خۆشنابن، قسە دروستدەکەن، بەرەڵڵا دەبن، حەز لە چاکە ناکەن، ئەوانە ناپاکن، جا لەو کەسانە دوور بکەونەوە.» پۆڵس وتی کە خەڵکی بۆ نمونە
▪ خۆیان خۆشدەوێ
▪ پارەیان خۆشدەوێ
▪ گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن
▪ هیچیان لەبەرچاو نابێت
▪ دڕندەن
▪ سەرەڕۆن
▪ لووتبەرزی کوێری کردوون
▪ ڕابواردنیان بەلاوە باشترە لە خۆشەویستی خودا
▪ بە ڕواڵەت لەخواترس دیارن، بەڵام هێزو ناوەڕۆکی خواترسی ڕەتدەکەنەوە
١١ ئایا لە دەوروبەری تۆ خەڵکی ئاوایان لێهاتووە؟ بێگومان ئاوان. خەڵکی خراپ لە هەموو شوێنێک هەن. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بەمزوانە خودا دەست بەکار دەبێ، چونکە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ کە «خراپەکاران گوڵ بکەن وەک گیا، هەموو بەدکاران چرۆ بکەن، بۆ لە ناوچوونی هەتاهەتاییە»—زەبوورەکان ٩٢:٧.
گەشەکردنێکی گەشبینانە
١٢ هەروەک پەرتووکی پیرۆز پێشبینی کرد، ڕۆژانی دوایی بەڕاستی پڕ لە پەژارەن. بەڵام لەم جیهانە شێواوەدا، لە نێوان ئەو کەسانەی کە یەهوە دەپەرستن گەشەیەکی گەشبینانە لە ئارادایە.
١٣ پەرتووکی دانیال پێشبینی ئەوە دەکا کە «زانستی ڕاستی زۆر دەبێت» (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). ئەوە کەی ڕوو دەدات؟ لە ماوەی «کاتی کۆتایی» (دانیال ١٢:٤). بەتایبەتی لە ساڵی ١٩١٤وە یەهوە یارمەتی ئەو کەسانەی داوە کە بەڕاستی دەیانهەوێ خزمەتی بکەن تا باشتر لە پەرتووکی پیرۆز تێبگەن. ئەوان لەسەر ڕاستییە بەنرخەکانی سەبارەت بە ناو و مەبەستەکانی یەهوە، قوربانییەکەی عیسای مەسیح، بارودۆخی مردووان و زیندووکردنەوە وردە وردە باشتر تێگەشتوون. لە پاڵ ئەمەشدا خزمەتکارانی یەهوە فێری ئەوە بوون بە جۆرێک بژین کە کامەران بن و لەهەمان کاتیشدا خودا شکۆمەند بکەن. ئەوان هەروەها بە باشی تێگەیشتوون لەوەی کە ئەرکی پادشاهێتی خودا چییەو چۆن چارەسەری بارودۆخەکانی سەر زەوی دەکا. ئەوان کە ئەم شتانە دەزانن چی دەکەن؟ ئەم پرسیارە ئێمە دەگەێنێتە پێشبینییەکی تر کە هەر لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا لە بەدیهاتن دایە.
١٤ عیسای مەسیح لە پێشبینییەکەیدا سەبارەت بە «کۆتایی زەمانە» فەرمووی «مزگێنی ئەم پادشاهێتییە لە هەموو جیهان ڕادەگەێندرێ» (مەتتا ٢٤:٣، ١٤). مزگێنی پادشاهێتی، ناساندنی پادشاهێتی و ئامانجەکانی، هەروەها چۆنییەتی بەدەستهێنانی پیرۆزییەکانی پادشاهێتی لە سەرانسەری جیهاندا بەلانی کەم لە ٢٣٥ وڵات و لەسەروی ٥٠٠ زمان بە خەڵکی ڕاگەیەندراوە. ملیۆنان لە شاهیدانی یەهوە بەپەرۆشەوە مزگێنی پادشاهێتی خودا ڕادەگەێنن. ئەو خەڵکانە «لە هەموو نەتەوەو میللەتانو هۆزو گەلو زمانێک» هاتوون (بینین ٧:٩). شاهیدان وانەی پەرتووکی پیرۆز بەخۆڕایی بە ملیۆنەها کەس دەدەن کە دەیانەوێ بزانن پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی چیمان فێردەکا. ئەمەش هاتنەدییەکی سەرنجڕاکێشە بۆ پێشبینییەکە، بەتایبەت چونکە عیسا سەبارەت بە مەسیحییە ڕاستەقینەکان ئەمەی پێشبینی کرد «لە پێناوی ناوی من خەڵکی ڕقتان لێهەڵدەگرن»—لۆقا ٢١:١٧.
تۆ دەتەوی چی بکەی؟
١٥ ئەمڕۆ کە ئەو هەموو پێشبینییانەی پەرتووکی پیرۆز هاتوونەتەدی، تۆش پێت وانییە کە ئێمە لە ڕۆژانی دواییدا دەژین؟ دوای ئەوەی کە مزگێنی هەواڵی خۆش تا ئەو کاتەی یەهوە دیاری کردووە بە خەڵکی ڕاگەێندرا «ئینجا کۆتایی دێ.» (مەتتا ٢٤:١٤). «کۆتایی» بە واتای ئەو کاتە کە خودا هەموو بەدکارییەک لەسەر زەوی لادەبا. یەهوە بەهۆی عیسا و فریشتە بەهێزەکان هەموو ئەوانە لەناو دەبات کە بە ئەنقەست دژایەتی خودا دەکەن (٢ تەسالۆنیکی ١:٦-٩). ئیتر شەیتان و جنۆکەکان ناتوانن خەڵکی هەڵبخەڵەتێنن. پاشان پادشاهێتی خودا هەموو ئەوانە پیرۆز دەکا کە ملکەچی ئەو فەرمانڕەوایەتییە ڕاستودروستەن—بینین ٢٠:١-٣؛ ٢١:٣-٥.
١٦ لەبەرئەوەی کۆتایی سیستەمی شەیتان نزیک بۆتەوە، پێویستە لەخۆمان بپرسین، ‹من دەبێ چی بکەم؟› کارێکی ژیرانەیە بەردەوام یەهوە باشتر بناسین و بزانین کە داواکارییەکانی لە ئێمە چییە؟ (یۆحەننا ١٧:٣) لە سەرخوێندنی پەرتووکی پیرۆزە سووربە. بە شێوەیەکی بەردەوام خو بگرە بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ ویستی یەهوە جێبەجێ بکەن (عیبرانیەکان ١٠:٢٤، ٢٥). ئەو هەموو زانستە زۆرەی کە یەهوە لەسەرانسەری زەوی بۆ خەڵکی دابین کردووە وەربگرە و گۆڕانکاری پێویست بەسەر ژیانت بهێنە تاکو بتوانی ڕەزامەندی خودا بەدەست بهێنی—یاقوب ٤:٨.
١٧ عیسای مەسیح پێشبینی کرد کە زۆربەی خەڵکی نیشانەکانی ڕۆژانی دوایی پشتگوێ دەخەن. لە ناو بردنی بەدکاران لە ناکاو و چاوەڕێنەکراوانە دەبێت. لەپڕ زۆربەی خەڵکی بە سەریاندا دەدرێ هەروەک دز لە نیوەی شەودا گورجی خۆی دەوەشێنێ (١ تەسالۆنیکی ٥:٢). عیسا خەڵکی ئاگادارکردەوە: «سەردەمی نوح چۆن بوو، گەڕانەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش هەروا دەبێت. خەڵکی پێش ڕۆژانی لافاوەکە دەیانخواردو دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێناو شوویان دەکرد، تا ئەو ڕۆژە هات کە نوح چووە ناو کەشتییەکەوە، بە خۆیان نەزانی هەتا لافاوەکە هاتو هەموویانی برد. هاتنەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش هەروا دەبێت.»—مەتتا ٢٤:٣٧-٣٩.
١٨ لەبەرئەمە عیسا بە گوێگرانی فەرموو: «ئاگاداری خۆتانبن، دڵتانو مێشکتان خەریک مەکەن بە ڕابواردنو سەرخۆشی و خەمو خەفەتی ژیانەوە، ئەو ڕۆژە لە ناکاو وەک تەڵە خۆی دەدا بەسەرتان. چونکە هەموو دانیشتوانی سەر زەوی دەگرێتەوە. ئێشک بگرنو نوێژ بکەن لە هەموو کاتێکدا، تا بتوانن [بەڕەزامەندی خودا] ڕزگارتان بێت لە هەموو ئەو شتانەی ڕوودەداتو لەبەردەم ڕۆڵەی مرۆڤ ڕاوەستن» (لۆقا ٢١:٣٤-٣٦). ژیرانەیە گوێڕایەڵی ئامۆژگارییەکەی عیسای مەسیح بین. بۆچی؟ چونکە ئەو خەڵکانەی ڕەزامەندی یەهوە خوداو «ڕۆڵەی مرۆڤ» واتە عیسای مەسیح بەدەست دەهێنن، هەلومەرجی ئەوەیان هەیە لەکاتی کۆتایی هاتنی سیستەمی شەیتان ڕزگاریان بێت و لەو جیهانە نایابە نوێیەی کە بەڕێوەیە بەهەمیشەیی بژین—یۆحەننا ٣:١٦؛ ٢ پەترۆس ٣:١٣.
[ژێرنووس]
a بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەوەی کە دەریدەخا میکائیل ناوێکی دیکەی عیسای مەسیحە، بڕوانە پاشکۆ، لاپەڕە ٢١٨-٢١٩.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا
▪ نیشانەکانی ڕۆژانی دوایی جەنگ و برسێتی و بوومەلەرزەو بەربڵاوی نەخۆشییە—مەتتا ٢٤:٧؛ لۆقا ٢١:١١.
▪ لەڕۆژانی دوایی زۆربەی خەڵکی خۆیان خۆشدەوی، پارەیان خۆشدەوێ، ڕابواردنیان بەلاوە باشترە لەخۆشەویستی خودا—٢ تیمۆساوس ٣:١-٥.
▪ لە ڕۆژانی دوایی مزگێنی پادشاهێتی خودا لەسەرنسەری زەوی ڕادەگەێندرێ—مەتتا ٢٤:١٤.
[پرسیارەکانی وانە]
١. لە کام پەرتووکدا دەتوانین زانیاری لەسەر داهاتوو بەدەست بهێنین؟
٢، ٣. قوتابییەکانی عیسا چ پرسیارێکان لە عیسا کرد و ئەو لەوەڵامدا چی فەرموو؟
٤، ٥. (ا) لەدوای ئەوەی عیسا بوو بە پادشا لە ئاسمان چی ڕوویدا؟ (ب) بە گوێرەی بینینی ١٢:١٢ ئاکامی ئەو جەنگەی لە ئاسمان ڕوویدا چی دەبوو؟
٦، ٧. وتەکانی عیسا دەربارەی جەنگ و برسێتی چۆن هاتونەتە دی؟
٨، ٩. چی نیشانیدەدا کە پێشبینییەکانی عیسا لە سەر بوومەلەرزە و نەخۆشییەکان هاتوونەتە دی؟
١٠. ئەوەی لە دووەمی تیمۆساوس ٣:١-٥ دا لەسەر خەڵک پێشبینی کراون کامانەن کە ئێمە لە ڕۆژانی خۆماندا دەیانبینین؟
١١. ئایا زەبوورەکانی ٩٢:٧ دەڵێ کە بەدکاران چیان بەسەر دێ؟
١٢، ١٣. «زانستی ڕاستی» لە «کاتی کۆتاییدا» چۆن زۆرتر بوە؟
١٤. ڕاگەیاندنی مزگێنی پادشاهێتی خودا تا چ ئاستێک بەربڵاوە، کێن ئەوانەی ئەم کارە دەکەن؟
١٥. (١) ئایا تۆ باوەڕدەکەی بەوەی کە ئێمە لەڕۆژانی دواییدا دەژین، بۆچی؟ (ب) «کۆتایی» بۆ ئەوانەی بەئەنقەست دژایەتی یەهوە دەکەن و ئەوانەی ملکەچی فەرمانڕەوایەتی پادشاهێتی خودان واتای چییە؟
١٦. ژیرانەیە تۆ چ کارێک بکەی؟
١٧. بۆچی لەناوبردنی بەدکاران بۆ زۆربەی خەڵکی شتێکی کتوپڕ دەبێ؟
١٨. دەبێ گوێڕایەڵی کام ئاگادارکردنەوانەی عیسای مەسیح بین؟
[وێنەی لاپەڕە ٩٣]
«مزگێنی ئەم پادشاهێتییە لە هەموو جیهان ڕادەگەێندرێ»—مەتتا ٢٤:١٤