بەشی حەوتەم
هیوای ڕاستەقینە بۆ ئەو خۆشەویستانەمان کە مردوون
ئێمە چۆن دەزانین کە زیندووکردنەوە بەڕاستی ڕوودەدات؟
ڕوانگەی یەهوە سەبارەت بە زیندووکردنەوەی مردووان چییە؟
ئەوانەی زیندوودەکرێنەوە کێن؟
وێنای بکە کە تۆ لەبەردەستی دوژمنێکی خوێنمژ لەڕاکردندایت. ئەو زۆر لەتۆ بەهێزترو خێراترە. تۆ دەزانی کە ئەو هیچ بەزەییەکی نییە چونکە خۆت بینیوتە هەندێ لە هاوڕێیانی تۆی کوشتووە. هەرچەند هەوڵدەدەی خێراتر ڕابکەیت کەچی ئەو خەریکە دەتگاتێ. واپێدەچێ هیچ هیوایەکی دەربازبوونت نەبێت. لەناکاو رزگاردەرێک پەیدا دەبێت و بەهاناتەوە دێت. ئەو زۆر لە دوژمنەکەت بەهێزترەو بەڵێن دەدا یارمەتیت بدات. تۆ بەمە هەست بە دڵنەوایی دەکەی.
٢ لەڕاستیدا بەهەمان شێوە دوژمنێک بەدوای تۆ کەوتووە، هەروەک بەدوای هەموومانەوەیە. هەروەک لە بەشی پێشوودا فێربووین، پەرتووکی پیرۆز مردن بەدوژمن ناودەبات. کەس ناتوانێ لەبەری ڕابکا و خۆی لێ لابدا. زۆربەمان ئەم دوژمنەمانە بینیوە کە ژیانی لە کەسوکاری خۆشەویستی ئێمە ستاندووە. بەڵام یەهوە زۆر لەمردن بەتواناترە. یەهوە ڕزگاردەرێکی بەسۆزە کە پێشتر دەریخستووە توانای بەزاندنی ئەو دوژمنەی هەیە. هەروەها بەڵێن دەدا ئەو دوژمنە کە مردنە بۆ هەمیشە لەناو دەبات. پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات: «ئیتر دوا دوژمن کە لەناودەبرێ مردنە» (١ کۆرنسۆس ١٥:٢٦). ئەمە هەواڵێکی خۆشە!
٣ با بڕوانینە ئەوەی کە پەلاماردانی ئەو دوژمنە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێمە دەبێت. ئەمە یارمەتیمان دەدات ڕێزبگرین لە شتێک کە بەختەوەرمان دەکات، ئەو شتەش هیوای زیندووبوونەوەیە لە مردن. یەهوە بەڵێن دەدات کە مردووەکان سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوەو بۆ ژیان دەگەڕێندرێنەوە—ئیشایا ٢٦:١٩.
کاتێک خۆشەویستێکمان دەمرێ
٤ ئایا تۆ کەسێکی خۆشەویستت لێ مردووە؟ ئەو ئازارو خەم و هەستکردن بەو بێ دەسەڵاتییەی کە هەتە، واپێدەچێ بەرگەی ناگری. لەکاتێکی ئاوادا بۆ دڵنەوایی پێویستە هانا بۆ وشەکانی خودا بەرین (٢ کۆرنسۆس ١:٣، ٤). پەرتووکی پیرۆز یارمەتیمان دەدات تا تێبگەین کە ڕوانگەی یەهوە و عیسای مەسیح لەسەر مردن چییە. عیسا کە وێنەیەکی تەواوی باوکی بوو ئازاری لە دەستدانی کەسێک بە هۆی مردنەوە دەزانی (یۆحەننا ١٤:٩). کاتێک عیسا بۆ ئۆرشەلیم دەچوو خوی بەسەردانی لەعازر و مریەم و مارسای خوشکی گرتبوو کە لە شارۆچکەیەکی نزیکی ئۆرشەلیم بەناوی بەیتعەنیا دەژیان. هاوڕێی خۆشەویستی یەکتر بوون. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «عیسا مەرساو خوشکەکەی و لەعازری خۆشدەویست» (یۆحەننا ١١:٥). بەڵام هەروەک لەبەشی پێشوو فێری بوون، لەعازر مرد.
٥ هەستی عیسا سەبارەت بە مردنی دۆستەکەی چۆن بوو؟ لەسەر ئەو ڕووداوە نووسراوە، عیسا سەردانی کەسوکارو دۆستەکانی لەعازری کرد کە شینیان بۆ دەگێڕا. ئەو شینگێڕانەی ئەوان کاری کردە سەر عیسا. عیسا «دڵی پڕبوو لە پەژارەیەکی زۆر» دواتر نووسراوە «عیسا گریا» (یۆحەننا ١١:٣٣، ٣٥). ئایا ئەو گریانەی عیسا مایەی بێ هیوایی ئەو بوو؟ نەخێر وانەبوو. لە ڕاستیدا عیسا دەیزانی کە شتێکی نایاب خەریکە ڕوودەدات (یۆحەننا ١١:٣، ٤). سەرەڕای ئەمەش ئەو هێشتا هەستی بەو ئازارو پەژارەیە دەکرد کە مردن لەگەڵ خۆی دەیهێنێ.
٦ ئەو گریانەی عیسا لە ڕوانگەیەکەوە ورەمان دەداتەبەر. فێرمان دەکا کە عیساو یەهوە خودا ڕقیان لە مردنە. بەڵام یەهوە توانای بەرنگاربوونەوەو بەسەردا زاڵبوونی ئەو دوژمنەی هەیە. با بزانین یەهوە توانای بەئەنجامدانی چی بە عیسا دابوو.
«لەعازر وەرە دەرەوە!»
٧ لەعازر لە ئەشکەوتێکدا ناشترابوو، عیسا داوای لێکردن ئەو بەردەی کە دەرگای ئەشکەوتەکەیان پێداخستبوو لابەرن. مارسا ویستی ڕێگا بەمە نەدا، چونکە شتێکی ئاساییە کە دوای چوار رۆژ لەشی لەعازر بۆگەن بووە (یۆحەننا ١١:٣٩). لەڕوانگەی مرۆڤەوە لەکاتێکی ئاوادا هیچ هیوایەک نامێنێتەوە.
٨ بەردەکەیان لابردو عیسا بەدەنگی بەرزەوە بانگی کرد: «وەرە دەرەوە!» دوایی چی ڕوویدا؟ «ئەوسا مردووەکە هاتەدەرەوە» (یۆحەننا ١١:٤٣، ٤٤). ئایا دەتوانی وێنای ئەو شادومانییە بکەی کە ئامادەبووان هەیانبوو؟ ئامادەبووان کە خوشک و خزم و دۆستی لەعازر بوون دەیانزانی کە ئەو مردووە. ئێستا هەر هەمان لەعازر جارێکی تر گەڕابووەوە لایان. ئەوە بۆ ئەوان وەک خەونێک وابوو. گومان لەوەدا نییە کە زۆربەیان لە خۆشیان لەعازریان لە باوەش گرت. ئای ئەوە چ سەرکەوتنێکی مەزنە بەسەر مردندا.
٩ عیسا هەرگیز بانگەشەی ئەوەی نەکرد کە کاری سەرسوڕهێنەری زیندووکردنەوە بەتوانای خۆی دەکا. بەرلەوەی لەعازر بانگ بکات لە پاڕانەوەکەیدا دەریخست کە یەهوە سەرچاوەی زیندووکردنەوەیە (یۆحەننا ١١:٤١، ٤٢). ئەمە یەکەم جار نەبوو کە یەهوە هێزی خۆی بەم شێوەیە بەکار بهێنێ. زیندووکردنەوەی لەعازر تەنها یەکێکە لەو نۆ ڕووداوە هاوشێوە سەرسوڕهێنەرانەی کە لە ناو پەرتووکی پیرۆزدا تۆمارکراون.a خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەی ئەم ڕووداوانەی ناو پەرتووکی پیرۆز دەبێتە مایەی دڵشادیمان. ئەمانە فێرمان دەکەن کە یەهوە بێلایەنە، چونکە ئەوانەی زیندووکرانەوە لە پیرو گەنج و ژن وپیاو وئیسرائیلی و بێگانە پێکهاتبوون. لەو ڕووداوانەدا دەردەکەوێ کە زیندووکردنەوە خەڵکی چەند دڵخۆش دەکا! بۆ نموونە، کاتێک عیسا کچێکی گەنجی زیندوو کردەوە دایکو باوکی «لەخۆشیا نەیاندەزانی چی بکەن» (مەرقۆس ٥:٤٢) (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). لە ڕاستیدا یەهوە هۆکاری دڵخۆشبوونێکی بەو خەڵکانە دا کە هەرگیز لە بیریان نەچێتەوە.
١٠ بێگومان ئەوانەی لە لایەن عیساوە زیندووکرانەوە لە کۆتاییدا هەر مردنەوە. ئایا ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەو زیندووکردنەوانە بێهودە بوون؟ نەخێر نا. ئەو ڕووداوانەی زیندووکردنەوەی ناو پەرتووکی پیرۆز ڕاستییەکی گرنگ دەسەلمێنن و هیوا بەئێمە دەبەخشن.
فێربوون لە ڕووداوەکانی زیندووکردنەوەی پەرتووکی پیرۆز
١١ پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا کە «مردووان هیچ نازانن» (کۆمکار ٩:٥). ڕووداوەکەی لەعازر ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێ. ئایا لەعازر پاش زیندووبوونەوەی باسی ئاسمانی بۆ خەڵکی گێڕایەوە؟ یاخود بە گێڕانەوەی چیرۆکی ترسێنەر لەسەر دۆزەخی ئاگراوی زراوی خەڵکی برد؟ نەخێر، پەرتووکی پیرۆز ناڵێ کە لەعازر شتی ئاوای وتووە. لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەی کە لەعازر مردبوو ئاگای لە هیچ شتێک نەبوو. بەکوردی بڵێین، لەعازر لەخەوی مردندا بوو—یۆحەننا ١١:١١.
١٢ ئەوەی لەسەر زیندووکردنەوەکەی لەعازر تۆمارکراوە فێرمان دەکا کە زیندووکردنەوە شتێکی ڕاستە نەک ئەفسانە. عیسا لەعازری لەبەر چاوی خەڵکێکی زۆر زیندووکردەوە. تەنانەت پێشەوایانی ئایینیش کە ڕقیان لە عیسا دەبووەوە نکۆڵیان لەمە نەدەکرد. بەڵکو وتیان: «چیبکەین؟ ئەم کابرایە نیشانەی سەرسوڕهێنەری زۆر دەکات» (یۆحەننا ١١:٤٧). خەڵکێکی زۆر دەیانویست پیاوە زیندووکراوەکە ببینن. لە ئاکامی ئەمەدا خەڵکێکی زۆر باوڕیان بە عیسا هێنا. لەعازر بۆ ئەوان بەڵگەیەکی زیندوو بوو لەوەی کە عیسا لەلایەن خوداوە نێرراوە. ئەو بەڵگەیە ئەوەندە کاریگەر بوو کە هەندێک لە پێشەوایانی دڵڕەقی ئایینی جوولەکە پیلانی کووشتنی عیساو لەعازریان داڕشت—یۆحەننا ١١:٥٣؛ ١٢:٩-١١.
١٣ ئایا بڕوا کردن بەوەی کە زیندووبوونەوە بەڕاستی ڕوودەدات خەیاڵە؟ نەخێر، چونکە عیسا خەڵکی فێردەکرد کە ڕۆژێک دێت «هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان» زیندوو دەکرێنەوە (یۆحەننا ٥:٢٨). یەهوە ئافەریدگاری هەموو زیندەوەرێکە. ئایا لە لات دژوارە باوەڕبکەی بەوەی کە خودا دەتوانێ سەرلەنوێ ژیان بئافرێنێتەوە؟ بێگومان ئەمە پەیوەندی زۆری بە بەبیرهاتنەوەی یەهوەوە هەیە. ئایا خودا دەتوانێ ئەو کەسوکارە خۆشەویستانەمان کەمردوون لەبیربێت؟ گەردوون پڕە لە ملیارەها ئەستێرە کە لەژمار نایەن، بەڵام خودا ناوی بۆ هەریەکێک لەوان داناوە! (ئیشایا ٤٠:٢٦) کەواتە یەهوە خودا لە توانایدایە هەموو زانیارییەک لەسەر کەسوکارە خۆشەوییستەکانمان کە مردوون لە بیربێت و دەیەوێت سەرلەنوێ ژیانیان پێ ببەخشێتەوە.
١٤ هەڵوێستی یەهوە سەبارەت بە زیندووکردنەوەی مردووان چییە؟ پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا کە یەهوە ئامادەیە تاکو مردووەکان بۆ ژیان بگەڕێنێتەوە. ئەیوبی باوەڕدار پرسی: «ئەگەر پیاوێک بمرێت ئایا زیندوو دەبێتەوە»؟ ئەیوب باسی لەوە دەکرد کاتێک دەمرێ دەبێ چاوەڕوان بکات تائەوکاتەی کە خودا ئەوی بیر دێتەوە. ئەو بە یەهوەی وت: «بانگ دەکەیت من وەڵامت دەدەمەوە، بۆ دەستکردی دەستت تامەزرۆ دەبیت»—ئەیوب ١٤:١٣-١٥.
١٥ تەنیا بیر لەمە بکەوە، لە ڕاستیدا یەهوە بە پەرۆشە تا مردووان سەر لەنوێ زیندوو بکاتەوە. ئایا بۆ ئێمە مایەی شادومانی نییە کاتێک فێردەبین یەهوە بەم شێوەیە بیردەکاتەوە؟ ئەی باشە ئەو زیندووکردنەوەیەی کە لە داهاتوودا ڕوودەدات چییە؟ کێن ئەوانەی زیندوو دەکرێنەوە و ئەمە لە کوێ ڕوودەدات؟
هەموو ئەو مردووانەی کە لە بیری یەهوە دان زیندوو دەکرێنەوە
١٦ ڕووداوی زیندووبوونەوەی ئەو مردووانەی کە پەرتووکی پیرۆز باسیان لێدەکا، زۆر شتمان لەسەر ئەو زیندووکرانەوەی کە لە داهاتوودا ڕوودەدات فێردەکا. ئەو خەڵکانەی کە زیندووکرانەوە لێرە لەسەر زەوی بە کەسوکاریان شادبوونەوە. هەروەها ئەو زیندووکرانەوەی کە لە داهاتوودا ڕوودەدات بەهەمان شێوە، بگرە زۆر باشتریش دەبێت. هەروەک لە بەشی سێهەمدا فێری بووین ئامانجی خودا ئەوەیە کە هەموو زەوی ببێتە بەهەشت. ئیتر مردووان زیندوو ناکرێنەوە بۆ جیهانێک کە پڕ بێ لە جەنگ و تاوان ونەخۆشی. ئەوان ئەو دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێ تا لە سەر زەوی بۆهەمیشە لە بارودۆخێکی ئاشتیانە و بەختەوەرانەدا بژین.
١٧ کێن ئەوانەی زیندوودەکرێنەوە؟ عیسا فەرمووی «هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان گوێیان لە دەنگی [عیسا] دەبێ و دێنە دەرەوە»! (یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩) هەر بەهەمان شێوە لە بینینی ٢٠:١٣ دا نووسراوە: «دەریاش مردووەکانی ناوخۆی دەرکرد، هەروەها مردنو دونیای مردووان مردووەکانی خۆیان دایەدەست». «مردن» و «هادەس» [جیهانی مردووان] ئاماژەنە بۆ یەک شت کە بە مانای گۆڕی مرۆڤایەتییە (بڕوانە پاشکۆ، لاپەڕە ٢١٢-٢١٣!) ئەو گۆڕە گشتییە بەتاڵ دەکرێت. هەموو ئەو ملیارەها کەسانەی کە لە خەوی مردن دان سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە. پۆڵسی نێرراو فەرمووی: «هەستانەوەی مردووانە بە ڕاستودروستانو خراپەکارانیشەوە» (کرداری نێرراوان ٢٤:١٥). ئەمە واتای چییە؟
١٨ «ڕاستو درووستان» لەو خەڵکانە پێکهاتوون کە لە پەرتووکی پیرۆزدا لە سەریان نووسراوە و بەر لەهاتنە سەر زەوی عیسا دا ژیاوون. بە بیستنی ئەمە لەوانەیە تۆ بیر لە نوح، ئیبراهیم، سارە، ئەستێر، موسا، ڕاووس و زۆر کەسی تر بکەیتەوە. لەبەشی ١١ی پەرتووکی عیبرانیییەکانی ناو پەرتووکی پیرۆز، ناوی هەندێک لەو ژن و پیاوانە بردراوە کە خاوەن باوەڕێکی بەهێز بوون. هەروەها ڕاستودروستان لەو خزمەتکارانەی یەهوەش پێکهاتوون کە لەم سەردەمەی ئێمەدا دەمرن. لەسایەی هیوای زیندووبوونەوەوە پێویست ناکا هیچ ترسێکمان لەمردن هەبێت—عیبرانیەکان ٢:١٥.
١٩ ئەو کەسانەی کە یەهوەیان نەپەرستووە و گوێڕایەڵی نەبوون لەبەرئەوەی کە هەرگیز هیچیان لەسەر یەهوە نەبیستووە چیان بەسەردێ؟ ئەو ملیارەها کەسە «بەدکارانە»ش لەبیر ناکرێن. ئەوانیش زیندوودەکرێنەوە و مۆڵەتیان پێدەدرێ خودای ڕاستەقینە بناسن و بیپەرستن. لەماوەی هەزار ساڵدا مردووان زیندوودەکرێنەوە و هەلیان بۆ دەڕەخسێ تا لەسەر زەوی لەگەڵ خەڵکی باوەڕدار یەهوە بپەرستن. ئەمە سەردەمێکی زۆر نایاب دەبێت. پەرتووکی پیرۆز ئەو ماوەیە بە ڕۆژی لێپرسینەوە دەناسێنێ.b
٢٠ ئایا ئەمە واتای ئەوەیە کە هەموو ئەو کەسانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ژیابن زیندوو دەکرێنەوە؟ نەخێر. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ کە هەندێک لە مردووان لە «جەهەننا» دان (لۆقا ١٢:٥). ناوی جەهەننا لەو شوێنەوە وەرگیراوە کە پاشەڕۆیان لێ فڕێدەداو لە دەرەوەی ئۆرشەلیمی کۆنەوە بوو. لەوێدا لاشەی تاوانبارەکان دەسووتێندران. لاشەی ئەو کەسە تاوانبارانەی کە بەگوێرەی جوولەکەکان شایانی ناشتن و زیندووبوونەوە نەبوون. بەمجۆرە جەهەننا سیمبۆلێکی پڕ بە پێستە بۆ دەربڕینی لەناوچوونی هەمیشەیی. هەرچەندە عیسا لە داد دان بەسەر مردووان و زیندوواندا دەوری هەیە، بەڵام یەهوە دادوەری سەرەکییە (کرداری نێرراوان ١٠:٤٢). یەهوە هەرگیز ئەوانە زیندوو ناکاتەوە کە دادی بەدکاری بەسەردا داونو نایانەوێ گۆڕان بەسەرخۆیان بهێنن.
«هەستانەوەی یەکەم»
٢١ پەرتووکی پیرۆز هەروەها باس لە زیندووبوونەوەیەکی تریش دەکا، کە بە «هەستانەوەی یەکەم» ناوبراوە (بینین ٢٠:٦). تەنها یەک نموونە لەو زیندووبوونەوەیە لە پەرتووکی پیرۆزدا تۆمارکراوە کە ئەویش زیندووکردنەوەی عیسای مەسیحە.
٢٢ پاش ئەوەی عیسایان وەک مرۆڤ کوشت، یەهوە ڕیگای نەدا ڕۆڵە باوەڕدارەکەی لەناو گۆڕدا بمێنێتەوە (زەبوورەکان ١٦:١٠؛ کرداری نێرراوان ١٣:٣٤، ٣٥). خودا عیسای زیندووکردەوە بەڵام نەک وەک مرۆڤ. پەترۆسی نێرراو ڕوونی دەکاتەوە کە مەسیح «مردوو بە لەشو زیندوو بە ڕۆحە» (١ پەترۆس ٣:١٨). ئەمە بە ڕاستی کارێکی زۆر سەرسوڕهێنەربوو. عیسا وەک کەسێکی ڕۆحانی بەتوانا سەر لەنوێ بۆ ژیان گەڕاندرایەوە! (١ کۆرنسۆس ١٥:٣-٦) عیسا یەکەم کەس بوو کە زیندووبوونەوەیەکی شکۆداری لەمجۆرەی وەرگرت بەڵام عیسا دواین کەس نییە—یۆحەننا ٣:١٣.
٢٣ عیسا کە دەیزانی بەمزووانە بۆ ئاسمان دەگەڕێتەوە، بە قوتابییە باوەڕدارەکانی فەرموو «من دەڕۆم بۆ ئەوێ تا شوێنتان بۆ ئامادەبکەم» (یۆحەننا ١٤:٢). عیسا ئاماژەی بۆ ئەو «مێگەلە بچووکە» کرد کە بۆ ئاسمان دەڕۆن (لۆقا ١٢:٣٢). ئەوانە چەند کەسن کە بە گشتی بە کۆمەڵی بچووکی مەسیحی باوەڕدار ناسروان؟ بەگوێرەی پەرتووکی بینیین ١٤:١دا یۆحەننای نێرراو دەفەرمووێ: «پاشان تەماشام کرد بەرخێك [عیسای مەسیح] لەسەر چیای شاری داود ڕاوەستابوو، سەدو چلو چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، هەموویان ناوی بەرخەکەو ناوی باوکی بەرخەکە لەسەر ناوچەوانیان نووسرابوو».
٢٤ ٠٠٠،١٤٤کەس دوای مردنیان بۆ ژیان لە ئاسمان زیندوودەکرێنەوە کە نێرراوانی دڵسۆزی عیساش لەناویان دان. ئەوە کەی ڕوودەدات؟ پۆڵسی نێرراو دەفەرمووی، ئەمە لە کاتی هاتنی مەسیح دا ڕوودەدا (١ کۆرنسۆس ١٥:٢٣). پۆڵس کاتێ باس لە هاتنی مەسیح دەکا، لەزمانی یۆنانیدا ئاماژەیە بۆ سەردەمێک کە عیسا بەپادشا دەستنیشان دەکرێ. هەروەک لە بەشی نۆهەمی ئەم پەرتووکەدا فێری دەبین ئەو سەردەمە ئەم کاتەیە کە ئێمە تییایدا دەژین. ژمارەیەکی کەم لەو ٠٠٠،١٤٤ کەسە کە ئێستا لە ژیاندان هەرکە مردن یەکسەربۆ ژیان لە ئاسمان زیندوودەکرێنەوە (١ کۆرنسۆس ١٥:٥١-٥٥). بەڵام زۆربەی خەڵکی لە داهاتوودا بۆ ژیان لەسەر بەهەشتی سەرزەوی زیندوو دەکرێنەوە.
٢٥ بەڵێ، یەهوە بەڕاستی ئەو دوژمنە گەورەی ئێمە کە مردنە دەبەزێنێ و بۆ هەمیشە لەناوی دەبا (ئیشایا ٢٥:٨). لەوانەیە بپرسیت، ‹ئایا ئەوانەی بۆ ئاسمان زیندوو دەکرێنەوە، لەوێ چی دەکەن؟› ئەوان بەشێک لە فەرمانڕەوایەتی نایابی پادشاهێتی ئاسمان پێکدەهێنن. ئێمە لە بەشی داهاتوودا زۆرشت لەسەر ئەو پادشاهێتییە فێر دەبین.
[ژێرنووسەکان]
a ڕووداوی تر سەبارەت بە زیندووکردنەوە لەم ئایەتانەدا تۆمارکراون (١ پاشایان ١٧:١٧-٢٤؛ ٢ پاشایان ٤:٣٢-٣٧؛ ١٣:٢٠، ٢١؛ مەتتا ٢٨:٥-٧؛ لۆقا ٧:١١-١٧؛ ٨:٤٠-٥٦؛ کرداری نێرراوان ٩:٣٦-٤٢؛ ٢٠:٧-١٢).
b بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زۆرتر لەسەر رۆژی لێپرسینەوە تکایە بڕوانە پاشکۆ، لاپەڕە ٢١٣-٢١٥.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا
▪ ئەو زیندووکردنەوانەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدا تۆمار کراون هیوایەکی ڕاستەقینەمان پێدەبەخشن—یۆحەننا ١١:٣٩-٤٤.
▪ یەهوە خوازیارە مردووەکان زیندووبکاتەوە—ئەیوب ١٤:١٣-١٥.
▪ هەموو ئەوانەی لە گۆڕی گشتی دان زیندوو دەکرێنەوە—یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩.
[پرسیارەکانی وانە]
١-٣. کام دوژمنە بەدوای هەریەکێک لەئێمەوەیە، بۆچی وردبوونەوە لەو فێرکارییەی کە پەرتووکی پیرۆز لەسەر ئەم بابەتە دەیدات دڵنەواییە بۆ ئێمە؟
٤. (ا) بۆچی هەڵوێستی عیسا سەبارەت بە مردنی خۆشەویستان ڕوانگەی یەهوەمان بۆ دەردەخا؟ (ب) عیسا دۆستایەتیییەکی پتەوی لەگەڵ کێ پێکهێنابوو؟
٥، ٦. (ا) هەڵوێستی عیسا چۆن بوو کاتێ کەسوکارو هاوڕییانی لەعازری بینی شیندەگێڕن؟ (ب) بۆچی گریانی عیسا ورەمان دەداتەبەر؟
٧، ٨. بۆچی ڕووداوەکەی لەعازر بۆ ئامادەبووان مایەی بێ هیوایی بوو، بەڵام ئایا عیسا چی کرد؟
٩، ١٠. (ا) عیسا سەرچاوەی هێزی زیندووکردنەوەی لەعازری بۆ کێ گەڕاندەوە؟ (ب) هەندێک لە سوودەکانی خوێندنەوەی تۆمارکراوەکانی ناو پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بەزیندووکردنەوە کامانەن؟
١١. رووداوی زیندووبوونەوەی لەعازر لە پەرتووکی پیرۆزدا چۆن یارمەتیدەرە لە سەلماندنی ئەوەی لە کۆمکار ٩:٥ نووسراوە؟
١٢. بۆچی دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە زیندووبوونەوەکەی لەعازر بەڕاستی ڕوویداوە؟
١٣. لەسەر چ بناغەیەک دەتوانین باوەڕ بکەین بەوەی کە یەهوە بەڕاستی دەتوانێ مردووان زیندوو بکاتەوە؟
١٤، ١٥. هەروەک ئەیوب لە وتەکەیدا ڕوونیکردەوە یەهوە چ هەستێکی سەبارەت بە زیندووکردنەوەی مردووان و هێنانەوەیان بۆ ژیان هەیە؟
١٦. مردووان زیندوودەکرێنەوە تا لە بارودۆخێکی چۆن دا بژین؟
١٧. زیندووکردنەوە تا چ ئاستێک بەڕبڵاو دەبێ؟
١٨. کێن ئەوانەی بە «ڕاستو درووست» دەژمێردرێن و زیندوو دەکرێنەوە، ئایا ئەو هیوای زیندووکردنەوەیە لەسەر تۆ چ کاریگەریەکی هەیە؟
١٩. «بەدکاران» کێن، یەهوە بە بەزەییەوە چ هەلومەرجێکیان بۆ دەڕەخسێنێ؟
٢٠. جەهەننا کوێیەو کێن ئەوانەی دەخرێنە ئەوێ؟
٢١، ٢٢. (ا) «هەستانەوەی یەکەم» چییە؟ (ب) کێ بوو ئەوەی کە بۆ یەکەمین جار وەک کەسێکی ڕۆحی زیندووکرایەوە؟
٢٣، ٢٤. کێن ئەوانەی «مێگەلی بچووکی» عیسا پێکدەهێنن و ژمارەیان چەندە؟
٢٥. لەبەشی داهاتوودا باس لە چ دەکەین؟
[وێنەی لاپەڕە ٦٩]
ئەلیاس کوڕی بێوەژنێکی زیندوو کردەوە—١ پاشایان ١٧:١٧-٢٤
[وێنەی لاپەڕە ٦٩]
پەتڕۆسی نێرراو ژنێکی مەسیحی زیندوو کردەوە کە ناوی تابیسا بوو—کرداری نێرراوان ٩:٣٦-٤٢
[وێنەی لاپەڕە ٦٩]
زیندووکردنەوەی لەعازر خۆشییەکی زۆری بەدواوە بوو—یۆحەننا ١١:٣٨-٤٤
[وێنەی لاپەڕە ٧٥]
لە بەهەشتدا مردووەکان زیندوو دەبنەوە و بە کەسوکاریان شاد دەبنەوە