بەشی شەشەم
مردووەکان لە کوێن؟
کاتێک دەمرین چیمان بەسەر دێ؟
ئێمە بۆ چی دەمرین؟
بۆچی زانینی ڕاستی لەسەر مردن دەبێتە مایەی دڵنەواییمان؟
بەدرێژایی هەزاران ساڵ خەڵکی بیریان لەو پرسیارانە کردۆتەوە؟ ئەم پرسیارانە گرینگن. گرنگ نییە ئێمە کێ بین و لە کوێ بژین، وەڵامی ئەم پرسیارانە پەیوەندی بە هەر یەکێک لە ئێمەوە هەیە.
٢ لە بەشی پێشتردا تاووتوێی ئەوەمان کرد کە چۆن خۆبەخت کردنی عیسای مەسیح وەک کەفارەت، ڕێگای گەییشتن بە ژیانی هەمیشەیی بۆ ئێمە کردەوە. هەروەها فێر بووین کە پەرتووکی پیرۆز پیشبینی سەردەمێک دەکا کە «مردن ئیتر نامێنێت» (بینین ٢١:٤). ئێمە هەموومان دەمرین. سولەیمان پادشای دانا دەڵێ: «زیندووان دەزانن کە دەمرن» (کۆمکار ٩:٥). ئێمە تا لە توانامان دابێ هەوڵ دەدەین بژیین. سەرەرای ئەمەش سەرقاڵی ئەوەین کاتێک دەمرین چیمان بەسەر دێ.
٣ کاتێک کەسوکارە خۆشەویستەکانمان دەمرن شینیان بۆدەگێڕین. ئەو کاتە دەپرسین: ‹ئێستا ئەوان لە کوێن؟ ئایا ئازار دەچێژن؟ ئایا ئەوان ئاگایان لە ئێمە هەیە؟ ئایا دەتوانین یارمەتییان بدەین؟ ئایا جارێکی ترچاومان پێیان دەکەوێتەوە؟› ئایینەکانی جیهان لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا هەر یەکەیان شتێک دەڵێت. هەندێک لەوان بڕوایان وایە کە ئەگەر بە پاکی بژی ئەوا بۆ بەهەشت دەچی، بەڵام ئەگەر پیاو خراپ بی لە دۆزەخدا دەسووتێندرێی. ئایینیتریش هەن بڕوایان وایە کاتێ خەڵکی دەمرن دەڕۆن بۆ جیهانی ڕۆحانی، تاکو بچنە لای باو و باپیرانیان کە مردوون. سەرەڕای ئەمەش هەندێ ئایینی دیکە باوەڕیان وایە کە مردووەکان دەچن بۆ جیهانی ژێرگڵ کە لەوێدا دادیان بەسەردا دەدرێ و سەرلە نوێ لە لەشێکی دیکەدا زیندوودەبنەوە و ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەن.
٤ ئەم جۆرە بیروباوەڕەی ئایینەکان یەک بیرۆکەی بنەڕەتی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کاتێ لەش دەمرێ بەشێک لە ئێمە بەزیندوویی دەمێنێتەوە. بەگوێرەی زۆربەی ئەو ئایینانەی کە لە ڕابردوودا بوون و ئەوانەی ئێستاش هەن، ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ هەمیشە دەژین، واتا دەتوانین ببینین و ببیسین و هەروەها بیر بکەینەوە. باشە شتی وا چۆن دەبێ؟ بەکار هێنانی هەستیارەکانی وەک بیستن و بینین و چێژتن و هەست پێکردن و بۆن کردن هەروەها توانای بیرکردنەوە پەیوەندیان بە کارکردنی مێشکەوە هەیە. کەسێک کە دەمرێ مێشکی لە کار دەکەوێ. بیروهۆشمان و هەستیارەکانمان ناتوانن سەربەخۆ و بە شێوەیەکی سەرسووڕ هێنەر کار بکەن. کاتێ مێشک لەناودەچێ هەستیارەکانیش بوونیان نامێنێ.
کەسێک کە دەمرێ لەڕاستیدا چی بەسەر دێ؟
٥ ئەوەی کە لە کاتی مردندا ڕوو دەدا بۆ یەهوە کە ئافەریدگاری مێشکە، هیچ نهێنییەکی نەزانراو نییە. یەهوە ڕاستی لە سەر بارودۆخی مردن دەزانێ و لە پەرتووکی پیرۆزیدا ئەم ڕاستییە شیدەکاتەوە. لەوێدا زۆر بە ڕوون و ئاشکرایی دەفەرموێ: کاتێک کەسێک دەمرێ، ئیتر بوونی نامێنێ. مردن پێچەوانەی زیندوو بوونە. مردوو ناتوانێ ببینێ و ببیستێ و هەروەها ناتوانێ بیر بکاتەوە. کە مردین ئیتر هیچ بەشێکی لەشمان بە زیندوویی نامێنێتەوە. ئێمە گیان یان ڕۆحێکی نەمرمان نییە.a
٦ سولەیمان پادشا تێبینی کرد ئەوانەی زیندوون دەزانن کە دەمرن هەربۆیە فەرمووی: «بەڵام مردووان هیچ نازانن». بۆ ئەوەی ئەم بنەما ڕاستە باشتر زەقبکاتەوە، دەڵێ، مردوو ناتوانێ کەسی خۆشبوێ یان ڕقی لە کەس بێتەوە «نە کار و نە داهێنان و نە زانین و نە دانایی [لە ناو گۆڕدا] نییە» (کۆمکار ٩:٥، ٦، ١٠). هەر بە هەمان شێوە لە زەبوورەکانی ١٤٦:٤ دا نووسراوە «نەخشەکانی دەسڕێتەوە». ئێمە دەمرین و کە مردین هیچ بەشێک لە لەشمان بەزیندوویی نامێنێتەوە. ئەو ژیانەی ئێمە هەمانە هەروەک بلێسەی مۆمێک وایە. کاتێک کە مۆمەکە دەکوژێتەوە بلێسەکەی بۆ هیچ شوێنێک ناچێ و زۆر بە ئاسایی کۆتایی پێدێ.
عیسای مەسیح دەربارەی مردن چی وت؟
٧ عیسای مەسیح باسی لەبارودۆخی مردن کرد. عیسا لەعازەری باش دەناسی، بەڵام جارێکیان ئاگادار کرایەوە کە ئەو مردووە. ئەوەبوو کە عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «لەعازری خۆشەویستمان خەوتووە». قوتابییەکانی پێیان وابوو مەبەستی عیسا ئەوەیە کە لەعازر نەخۆش بوو ئێستاش خەوی لێکەوتووە هەرکە بەخەبەرهات چاک دەبێتەوە. دیارە ئەوان بە هەڵەدا چووبوون. عیسا بۆی ڕوونکردنەوە و فەرمووی: «لەعازر مردووە» (یۆحەننا ١١:١١-١٤). تێبینی ئەوە بکەن کە عیسا مردنی لەگەڵ خەولێکەوتن بەراوورد کرد. لەعازر کە مردبوو بۆ ئاسمان یان بۆ دۆزەخی سووتێنەر نەچووبوو. ئەو چاوی بە هیچ فریشتەیەک نەکەوتبوو هەروەها باوک و باپیرانیشی نەبینیبوو. لەعازر سەرلەنوێ وەک کەسێکی دیکەش زیندوو نەبووەوە. ئەو لە خەوی مردندا ڕاکشابوو، هەروەکوو لە خەوێکی قووڵدا بێ ئەوەی خەون ببینێ. ئایەتەکانی دیکەی پەرتووکی پیرۆزیش مردن بە خەولێکەوتن بەراوورد دەکەن. بۆ نموونە کاتێک قوتابییەکی عیسا کە ناوی ئیستفانۆس بوو بە بەردباران کوژرا، پەرتووکی پیرۆز دەڵێ ئەو «نوست» (کرداری نێرراوان ٧:٦٠). هەر بە هەمان شێوە پۆڵسی نێرراو لە سەر هەندێک لە ناسیاوەکانی کە مردبوون دەڵێ: «هەندێکیان نوستوون»—١ کۆرنسۆس ١٥:٦.
٨ ئایا خودا لەبنەڕەتدا مەبەستی ئەوەبوو کە خەڵک بمرن؟ نەخێر شتی وا هەر نابێ! یەهوە مرۆڤی ئافراند تاکو بۆ هەمیشە لە سەر زەوی بژی. هەروەک لە بەشی پێشتری ئەم پەرتووکە خوێندمان خودا یەکەمین ژن و مێردی لە بەهەشتی دڵڕفێن دانا تا لەوێ بژین. خودا ئەوانی پیرۆز کرد بە تەندرووستییەکی تەواو. یەهوە بەتەنها شتی باشی بۆ مرۆڤ دەویست. ئایا هیچ دایک و باوکێکی خۆشەویست دەیەوێ منداڵەکەی لە تەمەنی پیریدا ئازار بکێشێ و پاشان بمرێ؟ بێگومان نایەوێ! یەهوە منداڵەکانی خۆش دەویستو دەیەویست چێژ لە ژیانێکی بەختەوەری بێ بڕانەوە وەربگرن. پەرتووکی پیرۆز باس لە مرۆڤ دەکا و دەڵێ: «[یەهوە] نەمری خستووەتە دڵیانەوە» (کۆمکار ٣:١١). یەهوە ئێمەی وا ئافراندووە کە حەز دەکەین هەمیشە بژین وڕێگای بۆ هاتنەدی ئەم مەبەستەی مسۆگەرکرد.
بۆچی مرۆڤ دەمرێ؟
٩ باشە مرۆڤ بۆچی دەمرێ؟ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین کاتێ لە سەر زەوی تەنیا یەک ژن و پیاوی لێبوو چی ڕوویدا. پەرتووکی پیرۆز باسی دەکا: «خوداوەند خودا هەموو ئەو جۆرە درەختانەی دروستکرد کە لە زەویدا دەڕوێن، درەختانێک لەبەرچاو جوانبن و بۆ خواردن خۆشبن» (پەیدابوون ٢:٩). لەگەڵ ئەمەشدا سنوورێک دیاری کرابوو. یەهوە بە ئادەمی فەرموو: «بۆت هەیە لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاک و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بەڕاستی دەمریت» (پەیدابوون ٢:١٦، ١٧). جێبەجێ کردنی ئەم فەرمانە کارێکی قورس نەبوو. لە باخچەکەدا زۆر درەختی دیکە هەبوون کە ئادەم و حەوا دەیانتوانیی لە بەرەکانیان بخۆن. بەڵام ئێستا هەلێکی تایبەتیان بۆ ڕەخسابوو تاکو سوپاسگوزاری خۆیان نیشان بدەن بەرانبەر ئەو کەسەی کە هەموو شتێک بگرە ژیانی تەواویشی پێدابوون. هەروەها بە گوێڕایەڵیان نیشانیان دەدا کە ئەوان ڕێزدەگرن لە دەسەڵاتی باوکی ئاسمانیان و خوازیاری ئەوەن کە ڕێنمایی لێ وەرگرن.
١٠ بەداخەوە ژن و پیاوی یەکەم بڕیاریاندا گوێڕایەڵی خودا نەبن. شەیتان لە ڕێگای مارێکەوە لە گەڵ حەوا قسەی کردو لێی پرسی: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ‹بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟› حەوا لە وەڵامدا وتی: ‹بۆمان هەیە لە بەری درختەکانی باخچەکە بخۆین، بەڵام بەری ئەو دارەی لەناوەڕاستی باخچەکەیە، خودا فەرمووی: بۆتان نییە لێی بخۆن و دەستی لێبدەن، ئەگینا دەمرن› »—پەیدابوون ٣:١-٣.
١١ شەیتان پێی وت: «نا بەڕاستی نامرن. بەڵکو خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت، دەزانن چاکە و خراپە چییە» (پەیدابوون ٣:٤، ٥). شەیتان ویستی حەوا بڕوا بکات کە خواردنی میوەی قەدەغەکراو سوودی پێدەگەێنێ. بە بۆچوونی شەیتان حەوا دەیتوانی خۆی بڕیار لەسەر ئەوە بدات چ شتێک باشە و چ خراپە، ئەو بۆی هەیە هەرچی پێی خۆشە بیکات. هەروەها شەیتان بوختانی ئەوەی کرد کە یەهوە درۆی کرد کاتێ وتی ئەگەر میوەکە بخۆن دەمرن. حەوا بڕوای بە شەیتان کرد. بەمجۆرە حەوا میوەکەی لێکردەوە و خواردی. دوایی هەندێکیشی لێدا بە مێردەکەی و ئەویش خواردی. ئەوان ئەو کارەیان لە نەزانییەوە نەکرد. ئەوان دەیانزانێ کارێکیان کردوە کە خودا پێی فەرمووبوون نەیکەن. کاتێ میوەکەیان خوارد ئەوان بە ئەنقەست فەرمانێکی ساکار و بەجێیان پشتگوێ خست. بەمەش نیشانیاندا کە ئەوان سووکایەتی بە باوکی ئاسمانی و فەرمانڕەوایەتییەکەی دەکەن. ڕێزلێنەگرتنێکی ئاوا بۆ ئافریدگاری خۆشەویست نەدەکرا چاوپۆشی لێبکرێ.
١٢ بۆ ڕوونکردنەوە: چ هەستێکت دەبێ ئەگەر کوڕ یان کچێکی کە گەورەت کردووە و بایەخت پێداوە دوایی گوێناڕایەڵیت بکاو بە شێوەیەک نیشانیبدا کە هیچ ڕێزێکی بۆ تۆ نییە و خۆشیشی ناوێیت؟ ئەوە دەبێتە مایەی دڵشکاویت. کەوابوو وێنای بکە یەهوە چ هەستێکی هەبووە کاتێک ئادەم و حەوا هەردووکیان ڕێگایەکیان هەڵبژارد پێچەوانەی ئەوە بوو کە یەهوە بۆی دیاری کردبوون.
١٣ ئیتر یەهوە هیچ هۆیەکی بەدەستەوە نەما تاکو ڕێگا بە ئادەم و حەوای یاخی بوو بدا بە بەزیندوویی بۆ هەمیشە بمێننەوە. ئەوان مردن، هەروەک خودا پێی وتبوون کە دەمرن. دوای مردنیان ئیتر ئادەم و حەوا بوونیان نەما. ئەوان نەچوون بۆ جیهانی ڕۆحانی. ئێمە لەوەوە دەزانین کاتێک یەهوە ئادەمی بانگکرد بۆ دادگایی لەسەر ئەو گوێناڕایەڵیەی کە کردبووی، ئیتر خودا ئەمەی پێ فەرموو: «دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی، چونکە لەوەوە وەرگیراویت، لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە» (پەیدابوون ٣:١٩). خودا ئادەمی لە خۆڵی زەوی دروست کردبوو (پەیدابوون ٢:٧). بەر لەوە ئادەم بوونی نەبوو. هەربۆیەش کاتێک یەهوە بە ئادەمی فەرموو تۆ بۆ خۆڵ دەگەڕێیتەوە، مەبەستی خودا ئەوە بوو کە ئادەم دەبێتەوە هیچ. هەروەک ئەو خۆڵەی کە ئادەمی لێ دروست کرابوو گیانی لەبەردا نەبوو هەرواش ئادەم بێ گیان دەبوو.
١٤ ئادەم و حەوا دەیانتوانی تاکو ئێستاش هەر زیندووبان، بەڵام ئەوان مردن چونکە ڕێگای یاخیبوونیان هەڵبژاردوو بەمجۆرە گوناهیان کرد. ئێمە لەبەر ئەوە دەمرین چونکە بارودۆخی ئادەمی گوناهکارو ئەو مردنەی کە بەسەریدا سەپێندرابوو، بۆ هەموو نەوەکانی گواسترایەوە (ڕۆما ٥:١٢). ئەم گوناهە هەروەک نەخۆشییەکی پیسی پەتا وایە کە کەس ناتوانێ لێی ڕابکا و ئاکامەکەشی مردنە، کە نەفرەتە. مردن دوژمنە نەک دۆست (١ کۆرنسۆس ١٥:٢٦). ئێمە دەبێ چەند سوپاسگوزاربین بۆ ئەوە کە یەهوە کەفارەتی دابین کرد بۆ ڕزگاریمان لەو دوژمنە ترسناکە.
زانینی ڕاستی لەسەر مردن سوودمەندە
١٥ ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز لە سەر بارودۆخی مردن فێرمان دەکا دڵنەواییمان دەداتەوە. هەروەک فێری بووین مردووان نە خەمبارن و نە ئازاریش دەچێژین. پێویست ناکا لە مردووان بترسێن چونکە ئەوان ناتوانن ئازارمان بدەن. ئەوان پێویستیان بەیارمەتی ئێمە نییە و ناشتوانن یارمەتیمان بدەن. نە ئێمە دەتوانین بیاندوێنین و نە ئەوانیش دەتوانن بماندوێنن. زۆر لە پێشەوایانی ئایینی بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن یارمەتی مردووەکان بدەن و ئەو خەڵکانەش کە بڕوایان بەو پێشەوایانە هەیە بۆ ئەو مەبەستە پارەیان دەدەنێ. بەڵام زانینی ڕاستی دەمانپارێزێ لەوەی کە نەکەوینە داوی فێڵ و تەڵەکەی ئەوانەی کە ئەم درۆیانە بە خەڵکی دەفرۆشن.
١٦ ئایا ئەو ئایینەی کە تۆ هەتە لەگەڵ ئەو فێرکردنەی پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بە مردن هەیەتی یەکە؟ زۆربەی ئایینەکان فێرکردنێکی پێچەوانەیان هەیە. بۆچی؟ چونکە باوەڕەکەیان کاریگەری شەیتانی لەسەرە. شەیتان ئایینی پووچەڵ بەکاردەهێنێ تاکو وا لەخەڵکی بکات باوەڕبکەن کە پاش مردن مرۆڤ لە جیهانی ڕۆحانی دا درێژە بە ژیان دەدات. ئەوە یەکێک لەو درۆیانەیە کە شەیتان لەپاڵ درۆکانی تری بەکاریان دەهێنێ تاکو خەڵکی لەخودا هەڵگێرێتەوە. لەوانەیە بپرسن، چۆن شتی وادەبێ؟
١٧ هەروەک پێشتر تێبینیمان کرد، هەندێک لە ئایینەکان ئەوە فێر دەکەن کە ئەگەر کەسێک خراپ بێ ئەوە ئەو کەسە دوای مردن دەخرێتە ناو ئاگرەوەو بۆ هەمیشە ئازار دەدرێ. ئەم بڕوایە سووکایەتی کردنە بە خودا. یەهوە خودا خۆشەویستییە و هیچ کاتێک خەڵک بەم شێوەیە ئازار نادات (١ یۆحەننا ٤:٨). تۆ چ هەستێکت دەبێ سەبارەت بە پێاوێک کە دەستی منداڵەکەی خۆی بە ئاگر سووتاندبێ تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو منداڵە گوێڕایەڵی باوکی نەکردوە؟ ئایا تۆ ڕێزت بۆ پیاوێکی ئاوا دەبێ؟ بیری لێبکەوە، ئایا تۆ هەرگیز دەتەوێ لەگەڵ ئەو کەسە ئاشنا بی و هاتووچۆی بکەی؟ گوومانی تێدانییە کە ناتەوێ! لەوانەیە تۆ بیر بکەیەوە کە ئەو پێاوە زۆر بێبەزەیی بوو. ئێستاش شەیتان دەیەوێ ئێمە بڕوا بکەین بەوەی کە یەهوە خەڵک لە ئاگردا بۆ هەمیشە ئەشکەنجە دەدا، واتە بە درێژایی ساڵانێکی لە ژمار نەهاتوو!
١٨ هەروەها شەیتان هەندێک ئایین بەکاردەهێنێ تا خەڵکی فێربکەن کە مردووان دەبنە ڕۆح و زیندووان دەبێ ڕێزیان لێبگرن و ڕەزامەندیان بەدەست بهێنن. بەگوێرەی ئەم فێرکردنە ڕۆحی مردووەکان دەکرێ ببێتە دۆستێکی زۆر بەتوانا یاخود دوژمنێکی زۆر سامناک. زۆرکەس باوەڕ بەو درۆیە دەکەن، لەمردووان دەترسن و ڕێزیان دەگرن و دەیانپەرستن. بە پێچەوانەی ئەمەوە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا کە مردووان لە خەوی مردن دان و ئێمەش دەبێ بە تەنها یەهوە بپەرستین، ئەوەی خودای ڕاستەقینەیە و ئافەریدگارو بەخشێنەرە—بینین ٤:١١.
١٩ زانینی ڕاستی سەبارەت بە مردووان لە هەڵخەڵەتان لەلایەن درۆکانی ئایینییەوە دەتپارێزێت. ئەوە هەروەها یارمەتیت دەدات تاکو لە فێرکردنەکانی تری پەرتووکی پیرۆز تێبگەی. بۆ نموونە، کاتێک بۆت دەردەکەوێ مرۆڤ پاش مردن بەرەو جیهانی ڕۆحانی ناگوێزرێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەڵێنی ژیانی هەمیشەیی لەسەر زەوی بەهەشتیانە بۆ تۆ ڕاستییەکی باوەڕپێکراوبێ.
٢٠ لەسەردەمێکی کۆندا پیاوێکی ڕاستودروت کە ناوی ئەیوب بوو، ئەم پرسیارەی هێنایە کایەوە: «ئەگەر پیاوێک بمرێت، ئایا زیندوو دەبێتەوە؟» (ئەیوب ١٤:١٤). ئایا کەسێکی بێگیان کە لەخەوی مردندایە دەتوانرێت زیندوو بکرێتەوە؟ ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بەمە فێرمان دەکات زۆر دڵنەواییدەرە، لەبەشی داهاتوودا ئەمە دەردەکەوێت.
[ژێرنووس]
a بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر وشەکانی «گیان» و «ڕۆح» تکایە بڕوانە پاشکۆی ئەم پەرتووکە لاپەڕە ٢٠٨-٢١١.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات
▪ مردووان نابیینن و نابیستن و بیرناکەنەوە—کۆمکار ٩:٥.
▪ مردووان لەخەوی مردن دان، ئەوان ئازار ناچێژن —یۆحەننا ١١:١١.
▪ ئێمە دەمرین چونکە گوناهمان لە ئادەمەوە بەمیرات گرت—ڕۆما ٥:١٢.
[پرسیارەکانی وانە]
١-٣. خەڵکی کام پرسیارانەیان سەبارەت بە مردن لە لا دروست دەبێت و ئایینەکان چۆن وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەنەوە؟
٤. زۆربەی ئایینەکان چ بیرۆکەیەکی بنەڕەتی هاوبەشیان سەبارەت بە مردن هەیە؟
٥، ٦. پەرتووکی پیرۆز دەربارەی بارودۆخی مردن چیمان فێر دەکا؟
٧. عیسای مەسیح ڕوونیکردەوە مردن بە چ دەچێت؟
٨. چۆن دەزانین کە یەهوە نەیدەویست خەڵکی بمرن؟
٩. یەهوە چ سنوورێکی بۆ ئادەم دیاری کردبوو و بۆچی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە کارێکی قورس نەبوو؟
١٠، ١١. (ا) ژن و مێردی یەکەم چۆن گوێناڕایەڵی خودایان کرد؟ (ب) بۆچی گوێناڕایەڵی ئادەم و حەوا هەڵەیەکی بەڕچاو بوو؟
١٢. چ شتێک دەتوانێ یارمەتیمان بدات تێبگەین یەهوە چ هەستێکی هەبوو کاتێک ئادەم و حەوا پێچەوانەی ئەو ڕێگایەیان هەڵبژارد کە یەهوە بۆی دانابوون؟
١٣. یەهوە چی فەرموو سەبارەت بەوەی کاتێک ئادەم دەمرێ چی بەسەر دێت، ئایا ئەوە چ واتایەکی هەیە؟
١٤. بۆ چی ئێمە دەمرین؟
١٥. بۆچی زانینی ڕاستی لەسەر مردن دڵنەواییمان دەداتێ؟
١٦. کێ کاریگەری لەسەر بۆچوونی زۆربەی ئایینەکان هەبووە و ئەو کارتێکردنە بە چ شێوەیەک بووە؟
١٧. بۆچی بڕواکردن بە ئازاردانی بێ کۆتایی سووکایەتی کردنە بە یەهوە؟
١٨. مردوو پەرستن لەسەر بناغەی چ درۆیەکی ئایینی دروست بووە؟
١٩. زانینی ڕاستی سەبارەت بە مردووان یارمەتیمان دەدات تاکو لە کام فێرکردنەکانی پەرتووکی پیرۆز تێبگەین؟
٢٠. چ پرسیارێک لەبەشی داهاتوودا تاوتوێ دەکرێت؟
[وێنەی لاپەڕە ٥٩]
گڕی مۆمەکە بۆ کوێ چوو؟
[وێنەی لاپەڕە ٦٠]
یەهوە مرۆڤی ئافراند تاکو بۆ هەمیشە لەسەر زەوی بژی
[وێنەی لاپەڕە ٦٢]
ئادەم لەخۆڵەوە هات و بۆ خۆڵیش گەڕایەوە