بەشی پێنجەم
کەفارەت، پڕبایەخترین دیارییە لە لایەن خوداوە
کەفارەت چییە؟
کەفارەت چۆن دابینکراوە؟
کەفارەت دەتوانێ بۆ تۆ چ بەدیبێنێ؟
چۆن دەتوانی سوپاسگوزاری خۆت نیشان بدەیت؟
پڕبایەخترین دیاری کە هەرگیز وەرتگرتبێ چییە؟ دیاری گرنگ مەرج نییە گرانبەها بێ. لە ڕاستیدا نرخی ڕاستەقینەی دیارییەک مەرج نییە پابەند بێت بەوەی کە چەند پارەی پێدراوە. بەڵکو کاتێک دیاری کامەرانیت بۆ بەدیبێنێ یان گۆشەیەکی بەرچاوت لە ژیاندا بۆ پڕ بکاتەوە، ئەوا بایەخێکی گەورەی بۆ تۆ هەیە.
٢ لە ناو ئەو هەموو دیاریانەی کە ئاواتەخوازی وەریان بگری، یەکێکیان لە سەرووی هەموو ئەوانەی ترەوەیە. ئەویش دیاری خودایە بۆ مرۆڤایەتی. یەهوە زۆر شتی بە ئێمە بەخشیوە، بەڵام پڕبایەخترین دیاری لە لایەن خودا بەختکردنی عیسای مەسیحە وەک کەفارەت کە ئێمەی پێکڕیوەتەوە (مەتتا ٢٠:٢٨). هەروەک لەم بەشەدا دەیبینین، کەفارەت بەبایەخترین دیارییە کە لەوانەیە وەریبگری، دەتوانێ کامەرانییەکی نەبڕاوەت بۆ دابین بکا و هەروەها گرنگترین پێداویستییەکانت بۆ مسۆگەر بکات. ئەم باجەی کە یەهوە بۆ کڕینەوەی ئێمە دای بەڕاستی مەزنترین نیشانەی خۆشەویستییە بۆ ئێمە.
کەفارەت چییە؟
٣ بە کورتی کەفارەت ڕێگاچارەی یەهوەیە بۆ ڕزگاری مرۆڤ لە گوناه و مردن (ئەفسۆس ١:٧). بۆئەوەی بەباشی لە ناوەڕۆکی ئەم فێرکارییەی پەرتووکی پیرۆز تێبگەیین پێویستە بۆ ڕابردوو بگەڕەیینەوە، تاکو بزانین کە لە باخچەی عەدەن چی ڕوییدا. تەنها ئەگەر ئێمە بە باشی تێبگەیین ئادەم بە کردنی گوناه چی لە دەستدا، ئەوکات بۆمان دەردەکەوێ کە دیاری کەفارەت نرخێکی چەند بەرزی بۆ ئێمە هەیە.
٤ کاتێک یەهوە ئادەمی ئافراند، شتێکی زۆر بەنرخی پێبەخشی، کە ئەویش ژیانی تەواوی مرۆڤانە بوو. بیری لێبکەوە کە ئەمە بۆ ئادەم چ واتایەکی هەبوو. خودا بە لەش و هۆشێکی بێ کەمووکووڕی دروستی کرد، هەرگیز نە نەخۆش دەبوو نە پیر دەبوو و نە دەمرد. وەک مرۆڤێکی تەواو، پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ یەهوە هەبوو. پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ ئادەم «کوڕی ... خودایە» (لۆقا ٣:٣٨). ئادەم چێژی لە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ یەهوە خودا وەرگرت، هەروەک چۆن کوڕێک لەگەڵ باوکێکی خۆشەویستدا هەیەتی. یەهوە گفتوگۆی لەگەڵ کوڕەکەی دەکرد کە لەسەر زەوی بوو، ئەرکێکی بە ئادەم ڕاسپاردبوو کە پێی ئاسوودە دەبوو و هەروەها ئاگاداری کردبووەوە کە چی لێ چاوەڕوان دەکات—پەیدابوون ١:٢٨-٣٠؛ ٢:١٦، ١٧.
٥ ئادەم «لەسەر وێنەی خودا» دروست کرابوو (پەیدابوون ١:٢٧). نەک بەو واتایەی کە ئادەم لە ڕوخساردا بە خودا دەچوو. هەروەک لە بەشی یەکەمی ئەم پەرتووکەدا فێربووین، یەهوە کەسێکی ڕۆحانییە و مروڤ ناتوانێ بیبینێ (یۆحەننا ٤:٢٤). یەهوە وەک مرۆڤ نییە کە لە گۆشت وخوێن پێکهاتبێ. کاتێک دەڵیین ئادەم لەسەر وێنەی خودا دروستکرابوو واتای ئەوەیە کە ئادەمیش وەک خودا خاوەنی تایبەتمەندییەکانی خۆشەویستی و دانایی و دادپەروەری و توانا بوو. ئادەم لە ڕوانگەیەکی گرنگی ترەوە بە باوکی دەچوو، ئەویش ئەوە بوو کە خاوەنی خواستی سەربەست بوو. ئادەم وەک ئامێر یان ڕۆبۆتێک نەبوو کە تەنها ئەوەی جێبەجێ کردبایە کە بۆی دیاری کرابێ یان پڕۆگرامی بۆ داڕشترابێ. لە بری ئەمە ئەو دەیتوانی بە ئارەزووی خۆی بڕیاری لە ژیانی خۆی دابا و چاکە و خراپەی هەڵبژاردبا. ئەگەر بڕیاری دابا گوێ لە خودا بگرێ ئەوە دەیتوانی لە بەهەشتی سەر ڕووی زەویدا بۆ هەمیشە بژی.
٦ کاتێک ئادەم لە قسەی خودا دەرچوو و بەدوای ئەویشدا سزای مردنی بەسەردا درا، بەمە ئادەم باجێکی زۆر گرانی دا. بە هۆی ئەو گوناهەی ئادەم کردی ژیانی مرۆڤانەی تەواو و هەموو پیرۆزییەکانی لە دەستدا (پەیدابوون ٣:١٧-١٩). بەداخەوە ئادەم نە تەنها ئەو ژیانە بەنرخەی لە کیس خۆیدا، بەڵکو ڕۆڵەکانی داهاتووشی لێ بێبەریکرد. پەرتووکی خودا دەفەرموێ: «چۆن بەهۆی یەکێک گوناه هاتە جیهان، بەهۆی گوناهیش مردن، بەهەمان شێوەیە مردنیش بۆ هەموو مرۆڤێک هات، چونکە هەمویان گوناهیان کرد» (ڕۆما ٥:١٢). بەڵێ، هەر یەک لە ئێمە گوناهی لە ئادەم بە میرات گرتووە. لەبەر ئەمەیە پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ کە ئەو خۆی و ڕۆڵەکانی «فرۆشت» بە کۆیلایەتی گوناه و مردن (ڕۆما ٧:١٤). ئیتر ئادەم و حەوا هیچ ئومێدێکێان بۆ نەما، چونکە ئەوان بە خواستی خۆیان گوێناڕایەڵی خودا بوون. ئەی ڕۆڵەکانیان کە ئێمەش یەکێک لەوانین چیمان بەسەردێ؟
٧ یەهوە بە ڕێگای کەفارەتەوە بە هانای مرۆڤایەتییەوە هات، تا ڕزگاریان بکات. کەفارەت چییە؟ بیرۆکەی کەفارەت لە بنەڕەتدا دوو واتای هەیە. یەکەم، کەفارەت باجێکە کە دەدرێت بۆ دەربازکردن یان کڕینەوەی شتێک. دەکرێ بەراورد بکرێ بەباجێک دەدرێ بۆ دەرباز کردن یان کڕینەوەی زیندانییەکی جەنگ. دووهەم، کەفارەت باجێکە لە بری نرخی شتێک دەدرێ. ئەوە هەروەک ئەوە وایە کە زیانێک بکەوێ و باجەکەی بدرێ. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک شتێکی لە دەست قەوما، ئەو کەسە دەبێ بە بەرامبەر ئەو زیانەی کە داویەتی باجی تەواو بداتەوە واتە نرخی ئەو شتە قەرەبوو بکاتەوە کە زەرەری لێداوە.
٨ چۆن دەکرێ ئەو زیانە مەزنەی کە ئادەم دای و هەر یەکێک لە ئێمەی گرتەوە، قەرەبوو بکرێتەوە و ئێمە لە کۆیلایەتی گوناهو مردن ئازاد بکرێین؟ با تاوتوێ ئەو کەفارەتە بکەین کە یەهوە دابینی کرد و بزانین بۆ ئێمە چ واتایەکی هەیە.
یەهوە چۆن کەفارەتی دابینکرد؟
٩ لەبەرئەوەی ژیانی مرۆڤی تەواو لە دەست چوبوو، هەرگیز ژیانی مرۆڤی ناتەواو نەیدەتوانی ئەو ژیانە تەواوە لەدەستچووەی پێ بکڕدرێتەوە (زەبوورەکان ٤٩:٧، ٨). ئەوەی پێویست بوو کەفارەتێک بوو نرخەکەی یەکسان بایە بەوەی کە لە دەست چووبوو. ئەمەش گونجاوە لە گەڵ ئەو بنەما دادوەرییە تەواوەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدا بەرچاو دەکەوێ و دەفەرمووێ «گیان بە گیان» (وتەکان ١٩:٢١). کەوابو چ شتێک دەیتوانی نرخی ژیانی مرۆڤی تەواو قەرەبوو بکاتەوە کە ئادەم لە دەستیدابوو؟ ژیانی مرۆڤێکی تەواوی تر پارسەنگێک بوو بۆ ئەو «کەفارەت»ەی کە پێویست بوو بدرێ—١ تیمۆساوس ٢:٦.
١٠ یەهوە چۆن کەفارەتی دابین کرد؟ ئەو یەکێک لە ڕۆڵەکانی ئاسمانی خۆی ناردە سەر زەوی. بەڵام یەهوە هەروا لە خۆیەوە ئافەریدەیەکی ڕۆحانی نەنارد، بەڵکو خودا ڕۆڵە تاقانە خۆشەویستەکەی خۆی نارد (١ یۆحەننا ٤:٩، ١٠). ئەم ڕۆڵەیە بە خواستی خۆی ماڵی ئاسمانی بەجێهێشت (فیلیپی ٢:٧). هەروەک لە بەشی پێشتری ئەم پەرتووکە فێری بوویین، یەهوە لە ڕێگای کارێکی سەرسوڕهێنەرەوە ژیانی ئەو ڕۆڵەیەی بۆ ناو منداڵدانی مریەم گواستەوە. بە هۆی ڕۆحی پیرۆزەوە، عیسا وەک مرۆڤێکی تەواو لە دایک بوو کە سزای گوناهی لە سەر نەبوو—لۆقا ١:٣٥.
١١ چۆن یەک کەس دەتوانێ ببێتە کەفارەت بۆ زۆر کەس یان ژیانی ملێونەها کەس بکڕێتەوە؟ واباشە بزانین کە ئەو خەڵکانە لە سەرەتاوە چۆن بوون بە گوناهکار؟ هەروەک باسمانکرد بە هۆی گوناهەوە ئادەم سامانێکی زۆر بەنرخی لە کیسدا کە ژیانی مرۆڤانەی تەواو بوو. لە بەر ئەمە ئەو نەیتوانی ژیانی مرۆڤانەی تەواو بدات بە نەوەکانی. لە جیاتی ئەمە ئەو توانی تەنیا گوناه و مردنیان پێ بدات. عیسا کە لە پەرتووکی پیرۆزدا بە «دوا ئادەم» ناو دەبرێت، ژیانێکی مرۆڤانەی تەواوی هەبوو کە هەرگیز گوناهی نەکردبوو (١ کۆرنسۆس ١٥:٤٥). بە واتایەکی تر عیسا شوێنی ئادەمی گرتەوە بۆ ئەوەی ئێمە ڕزگار بکات. عیسا بە تەواوی گوێڕایەڵی خودا بوو کاتێک ژیانی تەواوی خۆی بەختکرد یان پێشکەشکرد، بەمەش باجی گوناهەکەی ئادەمی دایەوە. ئەو کارەی عیسا ئۆمێدی بۆ ڕۆڵەکانی ئادەم بەدیهێنا—ڕۆما ٥:١٩؛ ١ کۆرنسۆس ١٥:٢١، ٢٢.
١٢ پەرتووکی پیرۆز بە وردی باس لەو ئازارە دەکا کە عیسا بەر لە مردنی چێژتی. بە قامچی لێیاندا و بە سەر کاریتەدا بەبزمار هەڵییانواسی ولە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا مرد (یۆحەننا ١٩:١، ١٦-١٨، ٣٠؛ پاشکۆ، لاپەڕەی ٢٠٤-٢٠٦). بۆچی دەبوایە عیسا بەمجۆرە ئازار بکێشێ؟ لە بەشی دواتری ئەم پەرتووکەدا دەبینین شەیتان گومانی خستە سەر ئەوەی کە ئایا لە ناو باوەڕدارانی سەر زەویدا کەس هەیە لە ژێر تاقیکردنەوەدا بە دڵسۆزی بۆ یەهوە بمێنێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە عیسا بە توندی ئازار درا بە دڵسۆزی مایەوە کە ئەمەش باشترین وەڵام بوو بۆ بانگەشەکەی شەیتان. عیسا سەلماندی، مرۆڤی تەواو کە خاوەنی بەهرەی خواستی ئازادە دەتوانێ بە تەواوی بە دڵسۆزی بۆ خودا بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە شەیتان هەر کۆسپێکی بۆ بێنێتە سەرڕێ. بێگومان دەبێ یەهوە زۆر دڵخۆش بووبێ بەوەی کە ڕۆڵەکەی دڵسۆزیەتی—پەندەکان ٢٧:١١.
١٣ کەفارەت چۆن دابین کرا؟ لە ١٤ی مانگی نیسانی ساڵی ٣٣ زایینیدا یەهوە ڕێگای دا بەوەی کە ڕۆڵە تەواو و بێگوناهەکەی بکوژرێ. بەمجۆرە عیسا ژیانی مرۆڤانەی تەواوی «یەکجار بۆ هەمیشە» قوربانی کرد (عیبرانیەکان ١٠:١٠) (وەرگێرانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). لە ڕۆژی سێهەمی پاش مردنی عیسا، یەهوە ئەوی بۆ ژیانی ڕۆحانی زیندوو کردەوە. عیسا پاش گەرانەوەی بۆ ئاسمان نرخی ژیانی مرۆڤانەی تەواوی وەک قوربانی پێشکەشی خودا کرد، تا ژیان بۆ ڕۆڵەکانی ئادەم بکڕێتەوە (عیبرانیەکان ٩:٢٤). یەهوە نرخی ژیانی عیسای بە کەفارەت قەبووڵ کرد کە بۆ ئازاد بوونی مرۆڤایەتی لە کۆیلایەتی گوناهو و مردن پێویست بوو—ڕۆما ٣:٢٣، ٢٤.
کەفارەت دەتوانێ بۆ تۆ چ بەدیبێنێ؟
١٤ سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە گوناهکارین، بە ڕێگای کەفارەتەوە دەتوانین چێژ لە پیرۆزییە گرانبەهایەکان وەرگرین. با تاووتوێی هەندێک لەو سوودانە بکەین کە ئێستا و لە داهاتوودا بە هۆی مەزنترین دیاری خوداوە پێماندەگەن.
١٥ لێخۆشبوون لە گوناهەکان. بە هۆی ئەوەی کە ناتەواویمان بە میراتگرتووە، بۆ کردنی کاری چاک دەبێ کۆششێکی زۆر بکەین. هەموومان لە کردار یان قسەدا تووشی گوناهکردن دێن. بەڵام لە ڕێگای کەفارەتی پێشکەشکراوی عیساوە دەتوانین «لێخۆشبوونی گوناه» بەدەست بهێنین (کۆلۆسی ١:١٣، ١٤). بۆ بەدەست هێنانی ئەو لێخۆشبوونە دەبێ بەڕاستی لە کردەوە خراپەکانمان پەشیمان بینەوە. هەروەها ئێمە دەبێ بێفیزانە هانا بۆ خودا بەرین و داوای لێبکەین تا لەسەر بناغەی باوەڕمان بە قوربانی کەفارەتی ڕۆڵەکەی لە گوناهەکانمان خۆشبێ—١ یۆحەننا ١:٨، ٩.
١٦ ویژدانێکی پاک بەرانبەر خودا. ویژدانێکی تاوانبار زۆر بە ئاسانی دەتوانێ بەرەو نائومێدیمان بەرێ، هەروەها وامان لێ دەکا کە خۆمان بە هیچ دانەنێن. یەهوە لە رێگای کەفارەتەوە لە گوناهەکانمان خۆش دەبێ، سەرەڕای ئەوەی کە ناتەواوین یەهوە زۆر بە سۆزەوە ڕێگای پێداین بە ویژدانێکی پاکەوە بیپەرستین (عیبرانیەکان ٩:١٣، ١٤). بەهۆی ئەمەوە دەتوانین بە سەربەستی لەگەڵ یەهوە بدوێن. کەواتە ئێمە دەتوانین لە ڕێگای پاڕانەوەوە هەر کاتێک بمانەوێ لەو نزیک بینەوە (عیبرانیەکان ٤:١٤-١٦). کە ویژدانێکی پاکمان هەبێ ئارامێکی دەروونی ئەزموون دەکەین و متمانەمان بە خۆمان زۆرتر دەبێ و هەست بە کامەرانی دەکەین.
١٧ ئومێد بە ژیانی هەمیشەیی لە بەهەشتی سەر زەوی. پەرتووکی پیرۆز لە ڕۆما ٦:٢٣ دا دەفەرمووێ «کرێی گوناه مردنە». بەڵام یەهوە هەلومەرجی ژیانی هەمیشەیی لە ڕێگای عیسای مەسیحەوە بۆ ئێمە دابین دەکا. لە بەشی سێهەمی ئەم پەرتووکەدا باسمانکرد کە پیرۆزییەکانی ئەو بەهەشتە داهاتووەی سەر زەوی چین (بینین ٢١:٣، ٤). هەموو ئەو پیرۆزییانەی کە لە داهاتوودا دێن کە یەکێک لەوان ژیانی هەمیشەییە بە تەندرووستییەکی تەواوەوە، بە هۆی ئەوەی کە عیسا لە پێناوی ئێمەدا مرد مسۆگەر بوون. بۆ وەرگرتنی ئەو پیرۆزییانە پێویستە سوپاسگوزاری خۆمان نیشان بدەین سەبارەت بەو کەفارەتەی کە دیارییەکە لە لایەن خوداوە.
چۆن دەتوانی سوپاسگوزاری خۆت نیشان بدەیت؟
١٨ بۆچی ئێمە دەبێ پڕبەدڵ سوپاسی یەهوە بکەین بۆ ئەو کەفارەتەی کە بۆی دابین کردین؟ دیاری بە تایبەت زۆر بە نرخە ئەگەر بەخشەرەکەی پێوەی ماندووبووبێ و کات و پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان کردبێ. ئێمە دڵمان دەکرێتەوە بەوەی کە دەبینین دیارییەک خۆشەویستی ڕاستەقینەی بەخشەرەکەمان بۆ دەردەبڕێ. کەفارەت لە هەر هەموو دیارییەکان مەزنترە، بۆ پێشکەشکردنی ئەمە خودا گەورەترین قوربانیدا کە هەرگیز درابێ. پەرتووکی پیرۆز لە یۆحەننا ٣:١٦ دا دەفەرمووێ: «چونکە خودا بەم جۆرە جیهانی خۆشەویست تەنانەت تاقە ڕۆڵەی خۆی پێشکەش کرد». ئەو کەفارەتە کە یەهوە دابینی کرد بەرچاوترین بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە یەهوە ئێمەی خۆش دەوێ. ئەمەش هەروەها خۆشەویستی عیسا بۆ ئێمە دەسەلمێنێ، چونکە ئەو بە خواستی خۆی ژیانی لە پێناوی ئێمە دا بەخت کرد (یۆحەننا ١٥:١٣). کەواتە دیاری کەفارەت دەبێ ئێمە دڵنیا بکا لەوەی کە یەهوە و ڕۆڵەکەی هەر یەکێک لە ئێمەیان وەک تاکەکەس خۆشدەوێ—غەڵاتیە٢:٢٠.
١٩ چۆن دەتوانی پێزانینی خۆت سەبارەت بە دیاری کەفارەتەکەی خودا نیشان بدەی؟ پێشەکی، دەست بکە بە فێربوونی شتی زۆرتر دەربارەی مەزنترین بەخشێنەر کە یەهوەیە (یۆحەننا ١٧:٣). ئەویش بە لێکۆڵینەوە لە پەرتووکی پیرۆزە. ئەم پەرتووکەی ئێستا دەیخوێنییەوە بۆ ئەم مەبەستە یارمەتیدەریکی باشە. کاتێک زانیاریت دەربارەی یەهوە زۆرتر بوو، خۆشەویستیشیت بۆ ئەو زۆرتر دەبێ. هەرئەم خۆشەویستییەش هانت دەدا تا دڵی ئەو خۆش بکەی—١ یۆحەننا ٥:٣.
٢٠ نیشانی بدە کە تۆ بڕوات بە کەفارەتەکەی عیسا هەیە. سەبارەت بە عیسا لە پەرتووکی پیرۆزدا وتراوە: «ئەوەی باوەڕ بە ڕۆڵەکە بهێنێ، ژیانی هەتاهەتایی هەیە» (یۆحەننا ٣:٣٦). چۆن دەتوانین دەریبخەین کە بڕوامان بە عیسا هەیە؟ نیشاندانی بڕوا کردن بە عیسا بە تەنها بە قسە ناکرێ. پەرتووکی پیرۆز لە یاقوب ٢:٢٦ دا دەفەرمووێ: «چۆن لەشی مرۆڤ ڕۆحی تیا نەمێنێت دەمرێت، هەروەها باوەڕ گەر کرداری لەگەڵ نەبێت دەمرێت». بەڵێ باوەڕی راستەقینە لە کرداردا دەردەکەوێ، واتە بەو کارانەی کە دەیانکەین. یەکێک لە رێگاکان بۆ دەربرینی بڕوامان بە عیسا ئەوەیە کە بە هەموو توانامانەوە لاسایی ئەو بکەینەوە، نەک تەنها بە قسە بەڵکو لە کرداردا—یۆحەننا ١٣:١٥.
٢١ ئامادە بوون لە یادکردنەوەی ساڵانەی نانی ئێوارەی سەروەر. لە ئێوارەی ١٤ی نیسانی ساڵی ٣٣ی زایینیدا عیسا بناغەی یادکردنەوەیەکی تایبەتی دامەزراند کە لە پەرتووکی پیرۆزدا بە «نانی ئێوارەی سەروەر» ناونراوە (١ کۆرنسۆس ١١:٢٠؛ مەتتا ٢٦:٢٦-٢٨) (وەرگێرانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). ئەو یادکردنەوەیە هەروەها بە ساڵیادی مردنی مەسیح ناسراوە. عیسا ئەوەی دامەزراند تاکو یارمەتی نێرراوانی و هەموو مەسیحییە راستەقینەکانی دوای ئەوان بدات تا هەمیشە لە یادیاندا بهێڵنەوە کە بە هۆی مردنەکەی عیسا وەک مرۆڤێکی تەواو، گیانی خۆی واتە ژیانی بە کەفارەت پێشکەش کرد. عیسا سەبارەت بەم یادکردنەوەیە ڕایسپاردین: «ئەمە بکەن بۆ یادکردنەوەم» (لۆقا ٢٢:١٩). بە ئامادەبوونمان لەو ساڵیادەدا، ئەو خۆشەویستییە مەزنەی کە یەهوە و عیسا بە بەخشینی کەفارەتەکە بۆ ئێمەیان نیشان داوە بەبیر دێتەوە. ئێمە بە ئامادەبوونمان لە یادکردنەوەی ساڵیادی مردنەکەی عیسادا پێزانینی خۆمان بۆ کەفارەتەکە نیشان دەدەین.a
٢٢ ئامادەکردنی ئەم کەفارەتە لە لایەن یەهوەوە بەڕاستی دیارییەکی زۆر بەنرخە (٢ کۆرنسۆس ٩:١٤، ١٥). تەنانەت مردووەکانیش کەڵک لەم دیارییە گرانبەهایە وەردەگرن. لە بەشەکانی ٦ و ٧دا ئەم بابەتە ڕوون دەکرێتەوە.
[ژێرنووس]
a بۆ زانیاری زۆرتر سەبارەت بە نانی ئێوارەی سەروەر بڕوانە پاشکۆ، لاپەڕە ٢٠٦-٢٠٨.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا
▪ کەفارەت ڕێگاچارەی یەهوەیە بۆ ئازادکردنی مرۆڤایەتی لە ئازار و مردن—ئەفسۆس ١:٧.
▪ یەهوە بۆ دابینکردنی کەفارەت ڕۆڵە تاقانەکەی بۆ سەر زەوی نارد تا لە پێناوی ئێمەدا بمرێ —١ یۆحەننا ٤:٩، ١٠.
▪ لە ڕێگای کەفارەتەوە لێخۆشبوون لە گوناهەکانمان بەدەست دێنین و ویژدانمان پاک دەبێ و هیوای ژیانی هەمیشەییشمان دەبێ—١ یۆحەننا ١:٨، ٩.
▪ بە هۆی بەدەست هێنانی زانیاری زۆرتر لە سەر یەهوە و باوەڕێکی ڕاستەقینە بە قوربانی کەفارەتەکەی عیسای مەسیح، هەروەها بە ئامادە بوونمان لە ساڵیادی نانی ئێوارەی سەروەردا، سوپاسگوزاری خۆمان بۆ کەفارەتەکە نیشان دەدەین—یۆحەننا ٣:١٦.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. (ا) چ کاتێک دیارییەک بۆ تۆ نرخێکی زۆر گەورەی هەیە؟ (ب) بۆ چی دەکرێ کەفارەت بە پڕبایەخترین دیاری دابنرێ کە تۆ هەرگیز لەوانەیە وەریبگری؟
٣. کەفارەت چییە و پێویستە چی تێبگەیین تاکو نرخی بەرزی ئەو دیارییە بزانین؟
٤. واتای ژیانی مرۆڤانەی تەواو بۆ ئادەم چی بوو؟
٥. مەبەستی پەرتووکی پیرۆز چییە لەوەی کە دەفەرموێ ئادەم «لەسەر وێنەی خودا» درووست کرابوو؟
٦. کاتێک ئادەم گوێناڕایەڵی خودای کرد چی لە دەستدا، ئەمە چۆن کاریکردە سەر ڕۆڵەکانی؟
٧، ٨. لە بنەڕەتدا کەفارەت کام دوو شتە دەگرێتە خۆی؟
٩. چ جۆرە کەفارەتێک پێویست بوو بدرێ؟
١٠. یەهوە چۆن کەفارەتی دابین کرد؟
١١. چۆن یەک کەس دەتوانێ ببێتە کەفارەت بۆ ملێونەها کەس؟
١٢. بەو ئازارەی کە عیسا چێژتی چی سەلماند؟
١٣. کەفارەت چۆن دابین کرا؟
١٤، ١٥. ئێمە بۆ بەدەستهێنانی «لێخۆشبوونی گوناه»ەکانمان دەبێ چی بکەین؟
١٦. چ شتێک ڕێگامان بۆ دەکاتەوە تا خودا بە ویژدانێکی پاکەوە بپەرستین و هەروەها ویژدانێکی لەو جۆرە چەند بەنرخە؟
١٧. ئەو پیرۆزییانەی کە لە ڕێگای مردنەکەی عیساوە بۆ ئێمە مسۆگەر کران کامانەن؟
١٨. ئێمە بۆچی دەبێ لە پێناویدابینکردنی دیاری کەفارەتەکە سوپاسگوزاری یەهوە بین؟
١٩، ٢٠. لە کام ڕێگایانەوە دەتوانی پێزانینی خۆت سەبارەت بە دیاری کەفارەتەکە نیشان بدەی؟
٢١، ٢٢. (ا) بۆچی دەبێ ئێمە لە بیرەوەری ساڵانەی نانی ئێوارەی سەروەر ئامادەبین؟ (ب) لە بەشەکانی ٦ و ٧ دا چ بابەتێک شی دەکرێتەوە؟
[وێنەی لاپەڕە ٥٢]
یەهوە ڕۆڵە تاقانەکەی خۆی وەک قوربانی لە پێناوی ئێمەدا پێشکەش کرد
[وێنەی لاپەڕە ٥٤]
بەدەست هێنانی زانیاری لە سەر یەهوە یەکێک لە ڕێگاکانی نیشاندانی سوپاسگوزارییە بۆ دیاری کەفارەتەکە