ئایا دەتەوێ ڕاستی بزانی؟
چ ڕاستییەك؟ ڕاستی دەربارەی ئەو پرسیارە گرنگانەی کە مرۆڤ بەدرێژایی ژیانی ڕووبەڕوویان بۆتەوە. لەوانەیە بیرت لەهەندێ لەم پرسیارانە کردبێتەوە:
ئایا خودا بەڕاستی بایەخ بەئێمە دەدات؟
ئایا هەرگیز جەنگو ئازار کۆتاییان پێدێت؟
چیمان بەسەردێت کاتێ کە دەمرین؟
ئایا هیچ هیوایەك بۆ مردووەکان هەیە؟
دەبێ چۆن نوێژ بکەم تاکو خودا گوێم لێبگرێ؟
چۆن دەتوانم کامەرانی لەژیاندا بدۆزمەوە؟
لە کوێ بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەڕێیت؟ ئەگەر لە خەڵکی جیاواز بپرسی، ئەوا وەڵامی جیاواز وەردەگریتەوە. ئەو وەڵامانەی کە لە پێشەوا ئایینیەکانی وەردەگری لەگەڵ یەك ناگونجێن. لەپەرتووکخانە گشتیەکانو لەلای پەرتووك فرۆشەکان لەوانەیە سەدان پەرتووکت بەردەستبکەوێ کە سوورن لەسەرئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەیان پێیە. بەڵام زۆربەی جار پەرتووکێك دژایەتی ئەوی تر دەکات. هەندێك لەو پەرتووکانە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کورت ڕاست دیاربن، بەڵام هەر زۆر زوو زانیاریەکانی ئەو پەرتووکانە باویان نامێنێو دەبێ دەستکاریبکرێن یان دەبێ پەرتووکێکی تر جێگایان بگرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پەرتووکێك هەیە وەڵامەکانی جێگای متمانەن. ئەمە پەرتووکی ڕاستییەکانە. عیسای مەسیح لەنوێژەکەیدا بۆ خودا فەرمووی: «چونکە وشەی تۆ ڕاستییە» (یۆحەننا ١٧:١٧). لەم سەردەمەدا ئەو وشەیە پێیدەوترێ پەرتووکی پیرۆز. لە لاپەڕەکانی داهاتوودا کورتەیەکی ڕوونو ساکارو ڕاستگۆیانە دەربارەی ئەم پرسیارانەی سەرەوە لە پەرتووکی پیرۆزدا دەدۆزییەوە.
ئایا خودا بەڕاستی بایەخ بەئێمە دەدات؟
بۆچی ئەم پرسیارە دەکرێ: ئێمە لە جیهانێکی پڕ لە ستەمکاریو زۆرداریدا دەژین. زۆربەی ئایینەکان وامان فێردەکەن کە ئەو ئازارانەی ئێمە دەیانچێژین ویستی خودان.
با بزانین پەرتووکی پیرۆز چیمان فێردەکات: خودا هەرگیز نابێتە هۆکاری بەدکاری. «چونکە خودا بە خراپە تاقیناکرێتەوە، ئەویش کەس بەخراپە تاقیناکاتەوە» (یاقوب ١:١٣). خودا مەبەستێکی خۆشەویستییانەی بۆ مرۆڤ هەیە. هەربۆیە عیسای مەسیح فێریکردین بەم جۆرە نوێژ بکەین: «ئەی باوکمان لە ئاسمان، . . . با پادشاهی تۆ بێت، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێ وەك لە ئاسمان» (مەتتا ٦:٩، ١٠). خودا ئەوەندە بایەخ بەئێمە دەدات تەنانەت ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ تاکو مەبەستەکانی خۆی بەدڵنیاییەوە بێنێتەدی (یۆحەننا ٣:١٦).
هەروەها سەیری پێکهێنان ١:٢٦-٢٨؛ ئەیوب ٣٤:١٠؛ و ١ پەترۆس ٥:٦، ٧ بکە.
ئایا هەرگیز جەنگو ئازار کۆتاییان پێدێت؟
بۆچی ئەم پرسیارە دەکرێ: درێژەکێشانی جەنگەکان ئێستاش کۆتایی بە ژیانی خەڵکێکی لەژمارنەهاتوو دەهێنێ. هەریەکێك لە ئێمە لەو ئازارکێشانە بەشدارە.
با بزانین پەرتووکی پیرۆز چیمان فێردەکات: خودا پێشبینی سەردەمێك دەکات کە تیایدا ئاشتی لەسەرانسەری زەوی دهێنێتەکایەوە. لەژێر سایەی پادشاهێتییەکەیدا، کە فەرمانڕەوایەتییەکی ئاسمانییە، ئیتر خەڵکی فێری جەنگ نابن. بەڵکو «شمشێرەکانیان دەکەن بە گاسن» (ئەشعیا ٢:٤). خودا کۆتایی بە هەموو ئازارو ناڕەواییەك دەهێنێ. پەرتووکی پیرۆز بەڵێن دەدات: «خودا هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوەو مردن ئیتر نامێنێت، ئیتر غەمو هاوارو ئازار نامێنن چونکە شتەکانی پێشوو ‹هەموو ئازارو ناڕەواییەکی ئەم سەردەمەش لەگەڵیا› بەسەرچوون» (بینین ٢١:٣، ٤).
هەروەها سەیری زەبور ٣٧:١٠، ١١؛ ٤٦:٩؛ میخا ٤:١-٤؛ و مەتتا ٥:٥؛ ٢٥:٤٦ بکە.
کاتێ کە دەمرین چیمان بەسەردێ؟
بۆچی ئەم پرسیارە دەکرێ: زۆربەی ئایینەکانی سەر زەوی وا فێردەکەن کە دوای مردنی مرۆڤ، شتێك کە لە ناو مرۆڤدایە درێژە بەژیان دەدات. هەندێك کەس بڕوایان وایە کە مردووەکان توانای ئازاردانی زیندووەکانیان هەیە، یاخود خودا بەدکاران بۆ هەمیشە بە ئاگری دۆزەخ ئازاردەدات.
با بزانین پەرتووکی پیرۆز چیمان فێردەکات: کاتێك کە مرۆڤ دەمرێ بوونی نامێنێ. کۆمکار ٩:٥ دەڵێت: «مردووان هیچ نازانن». لەبەرئەوەی مردووەکان توانای زانینی هیچ شتێکیان نییەو هەست بەهیچ ناکەنو ئەزموونی هیچ شتێك ناکەن، ئیتر ناتوانن بەهیچ شێوەیەك ئازار یان یارمەتی زیندووەکانیان بدەن (زەبور ١٤٦:٣، ٤).
هەروەها سەیری پێکهێنان ٣:١٩ و کۆمکار ٩:٦، ١٠ بکە.
ئایا هیچ هیوایەك بۆ مردووەکان هەیە؟
بۆچی ئەم پرسیارە دەکرێ: هەر یەکێك لەئێمە دەیەوێ بژی، هەروەها دەمانەوێ لەگەڵ ئەوکەسانەی کە خۆشمان دەوێن چێژ لەژیان وەربگرین. شتێکی زۆر سروشتییە کە ئێمە ئارەزووی ئەوە دەکەین کەسوکارە خۆشەویستەکانمان کە مردوون سەرلەنوێ ببینینەوە.
با بزانین پەرتووکی پیرۆز چیمان فێردەکات: زۆربەی ئەو خەڵکانەی کە مردوون، سەرلەنوێ زیندوو دەکرێنەوە. عیسا بەڵێنی دا: «هەموو ئەوانەی لە ناو گۆڕدان . . . دێنە دەرەوە» (یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩). هاوگونجاو لەگەڵ مەبەستە بنەڕەتییەکەی خودادا، ئەوانەی زیندوو دەکرێنەوە، هەلی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێ تا لە بەهەشتی سەر ڕووی زەویدا بژین (لۆقا ٢٣:٤٣). ئەو دواڕۆژەی خودا بەڵێنیداوە، ژیانێکی هەمیشەییو تەندروستییەکی تەواو، بۆ ئەوکەسانەیە کە گوێڕایەڵی خودان. پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «ڕاستودروستان ئەوانەن کە زەوی بەمیرات دەگرنو بۆ هەمیشە لەسەری دەمێننەوە» (زەبور ٣٧:٢٩).
هەروەها سەیری ئەیوب ١٤:١٤، ١٥؛ لۆقا ٧:١١-١٧؛ و کرداری نێرراوان ٢٤:١٥ بکە.
دەبێ چۆن نوێژ بکەم تاکو خودا گوێم لێبگرێ؟
بۆچی ئەم پرسیارە دەکرێ: بەشێوەیەکی گشتی لەهەموو ئایینێکدا خەڵکی نوێژ دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان وا هەست دەکەن کە نوێژەکانیان لەلایەن خوداوە وەرناگیرێ.
با بزانین پەرتووکی پیرۆز چیمان فێردەکات: عیسای مەسیح فێریکردین، لەکاتی نوێژکردندا لە دووبارەکردنەوەی دەستەواژە نەگۆڕاوەکان خۆمان بپارێزین. دەفەرموێ: «کاتێ نوێژ دەکەن، وشەکان ئەوەندە دووبارە مەکەونەوە» (مەتتا ٦:٧). ئەگەر بمانەوەی خودا نوێژەکانمان لێ وەربگرێ، دەبێ بەشێوەیەك نوێژ بکەین کە ئەو پەسەندی بکات. بۆ بەجێهێنانی ئەم کارە، پێویستە بزانین ویستی خودا چییەو دواتر بەگوێرەی ئەو ویستە نوێژبکەین. لە ١ یۆحەننا ٥:١٤ نووسراوە: «گەر بەپێی ویستی خۆی ‹خودا› داوای هەرشتێك بکەین گوێمان لێدەگرێت».
هەروەها سەیری زەبور ٦٥:٢؛ یۆحەننا ١٤:٦، ١٤؛ و ١ یۆحەننا ٣:٢٢ بکە.
چۆن دەتوانم کامەرانی لەژیاندا بدۆزمەوە؟
بۆچی ئەم پرسیارە دەکرێ: زۆرکەس بڕوایان وایە کە کامەرانی پابەندە بە پارەو ناوبانگو جوانی. بەدوای ئەم شتانەدا ڕادەکەن تەنها بۆ بەدەستهێنانی کامەرانییەك کە بەردەستیان ناکەوێ.
با بزانین پەرتووکی پیرۆز چیمان فێردەکات: عیسا کلیلی کامەرانی دەستنیشان کرد کاتێ کە دەفەرمووێ: «خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی هەژارن لە ڕۆح» (مەتتا ٥:٣). کامەرانی ڕاستەقینە تەنها لە کاتێکدا دەدۆزینەوە کە هەنگاوبنێین بەرەو تێرکردنی مەزنترین پێویستییەکانمان، کە بریتییە لە برسێتی لە بواری ڕۆحانیەوەو ئارەزووی زانینی ڕاستی دەربارەی خوداو مەبەستەکانی ئەوە بۆ ئێمە. ئەم ڕاستیانە لە پەرتووکی پیرۆزدا دەبینرێنەوە. زانینیان هاوکاریمان دەکەن لە جیاکردنەوەی چ شتێك بەڕاستی گرنگەو چ شتێك نا. ئەگەر ئێمە لەکاتی دەرکردنی ئەم بڕیارانەو کردارانەماندا پەرتووکی پیرۆز بکەین بە ڕێنماییکەرمان، ئەوا بێگومان ژیانێکی پڕ لەمانا بەسەردەبەین (لۆقا ١١:٢٨).
هەروەها سەیری پەندی سولەیمان ٣:٥، ٦، ١٣-١٨ و ١ تیمۆساوس ٦:٩، ١٠ بکە.
ئەمە تەنها چاوپێخشاندنێکی خێرابوو بەسەر وەڵامی شەش پرسیار لە پەرتووکی پیرۆزدا. ئایا دەتەوێ لەمە زۆرتر بزانی؟ ئەگەر تۆ یەکێکی لەو کەسانەی کە «هەژارن لە ڕۆح» لەوانەیە بتەوێ بزانیو بیرت لەپرسیاری تری وەك ئەمانە کردبێتەوە: ئەگەر خودا بایەخ بەئێمە دەدات، بۆچی بەدرێژایی مێژوو ڕێگای بەو هەموو ئازارو و خراپکارییە داوە؟ چۆن دەتوانم ژیانی خێزانیم کامەرانتر بکەم؟ دەتوانی وەڵامی تەواوو ئاسوودەبەخش بۆ ئەم دوو پرسیارەو زۆر پرسیاری تر لە پەرتووکی پیرۆزدا بدۆزیتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا لەم سەردەمەدا زۆربەی خەڵکی سڵ دەکەنەوە لەوەی پەرتووکی پیرۆز بخوێننەوە، چونکە شارەزاییان لەو پەرتووکە نییە. ئایا حەزدەکەی یارمەتیت بدرێ تا وەڵامی پرسیارەکان لە پەرتووکی پیرۆزدا بدۆزیتەوە؟ بۆ ئەم مەبەستە شاهیدانی یەهوە دوو ئامراز پێشکەش دەکەن.
یەکەم، پەرتووکی ئایا پەرتووکی پیرۆز بەڕاستی چیمان فێر دەکات؟ نووسراوە بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکانەی کە زۆر سەرقاڵن تاکو بەهۆی ئەو پەرتووکە وەڵام بۆ پرسیارە گرنگەکان بەدەستبهێنن. دووهەم، خوێندنی پەرتووکی پیرۆز بەخۆڕایی، واتە کەسێك لە شاهیدانی یەهوە کە ڕاهێنراوە تا پەرتووکی پیرۆز لەگەڵت بخوێنێت، دەتوانێت لە ماڵی خۆت سەردانت بکات یاخود لە شوێنێکی گونجاوی تر دانیشتنت لەگەڵ بکات تاکو هەموو هەفتەیەك بەکورتی شتێك لەناو پەرتووکی پیرۆز لەگەڵت باسبکات. چەندین ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا کەڵکیان لەم بەرنامەیە وەرگرتووە. زۆر لەوانە بەو ئاکامە گەیشتوونو دەڵێن «ڕاستیمان دۆزیوەتەوە».
هیچ گەنجینەیەك نادۆزیتەوە لەمە بەنرخ تر بێت. ڕاستییەکانی ناو پەرتووکی پیرۆز لە بیرۆکەی پڕوپوچو سەرلێشێواویو ترسێکی نەخۆشکەرانە ڕزگارمان دەکەن، ئەوەی کە هیواو ئامانجو خۆشیمان پێدەبخشێ. عیسا فەرمووی: «ڕاستی دەناسن و ڕاستیش ئازادتان دەکات» (یۆحەننا ٨:٣٢).