بۆچی مەسیحییە ڕاستەقینەکان لە خوداپەرستیدا خاچ بەکار ناهێنن
میلۆنەها خەڵک ڕێز لە خاچ دەگرن و دەیپەرستن. ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا خاچ بە «هێمای سەرەکی ئایینی مەسیحییەت» ناو دەبات. بەڵام مەسیحییە ڕاستەقینەکان لە خوداپەرستیدا خاچ بەکار ناهێنن. بۆ چی نا؟
هۆیەکی گرنگ ئەوەیە کە عیسای مەسیح بەسەر خاچەوە نەمرد. وشەکە لە زمانی یۆنانیدا «ستاوڕۆس»ە کە بە شێوەیەکی گشتی بە «خاچ» وەرگێڕدراوە. بە شێوەیەکی سەرەکی واتای ئەم وشەیە «ستوون یان کۆڵەکە»یە. لە وەرگێڕانێکی پەرتووکی پیرۆز بەناوی «ڕێنمای پەرتووکی پیرۆز»دا نووسراوە: «[ستاوڕۆس] هەرگیز بە واتای دوو پارچە تەختەدار نییە کە لە خاڵێکدا پێکەوە نووسابن ... لە هیچ شوێنێکی بەشی زمانی یۆنانی پەرتووکی پیرۆز [پەیمانی نوێ] دا تەنانەت ئاماژەیەکیش بۆ دوو پارچە تەختەدار نەکراوە».
لە چەند شوێنی دەقی پەرتووکی پیرۆزدا نووسەرانی وشەیەکی دیکە بەکاردێنن بۆ ئەو شتەی کە عیسای مەسیح بە سەریدا گیانی لەدەستدا. ئەویش وشەی یۆنانی «کسیلۆن»ە (کرداری نێرراوان ٥:٣٠؛ ١٠:٣٩؛ ١٣:٢٩؛ غەڵاتیە ٣:١٣؛ ١ پەترۆس ٢:٢٤). بە ساکاری ئەم وشەیە واتای «تەختەدار» یان «داردەست، گورز یان دار» دەدات.
ڕوونکرنەوە لەسەر ئەوەی کە بۆچی دارێکی سادە بۆ لەداردان بەکار دەهێنرا، لە پەرتووکی «خاچ و لەخاچدران» نووسینی هرمان فولدا بە زمانی ئاڵمانی باس کراوە. لەم پەرتووکەدا نووسراوە: «لە هەموو ئەو شوێنە گشتیانەی کە بۆ کوشتنی کەسێک دیاریان دەکردن، داریان دەست نەدەکەوت بۆئەوەی تاوانبار لەدار بدەن. هەربۆیەش بوو کە کۆڵەکەیەکی سادە لە زەوی چەقێنرابوو. بەسەر ئەو کۆڵەکانەوە دەستی تاوانبارەکەیان بەرەو سەرەوە ڕادەکێشاو پاشان بە دەستو قاچەکانیەوە لەسەر دارەکە دەیانبەست یان بە بزمار دایاندەکووتی».
بەڵام ئەو بەڵگانەی زیاتر لە هەمووان جێی متمانەیە لە وشەکانی خودادا دەببینرێن. پۆڵسی نێرراو دەفەرمووێ: «مەسیح ئێمەی بە خوێن کڕییەوە لە نەفرەتی شەریعەت بەوەی بوو بە نەفرەتلێکراو لەپێناوی ئێمە، چونکە نووسراوە: ‹نەفرەتلێکراوە ئەوەی لەسەر دار هەڵبواسرێ›» (غەڵاتیە ٣:١٣). لێرەدا پۆڵس ئەو وشانە لە پەرتووکی وتەکان ٢١:٢٢، ٢٣ وەردەگرێ کە لەوێدا بە ڕوونی ئاماژە بە دار دەکرێ نەک خاچ. گەر کەسێک بەمشێوەیە لەدار بدرێ واتای ئەوەیە کە «نەفرەت لێکراوە»، کەوابو ئەمە بۆ مەسیحییەکان شتێکی گونجاو نییە کە ماڵەکانیان بە وێنەو پەیکەری لەدار درانی عیسا بڕازێننەوە.
هیچ بەڵگەیەک بەدەستەوە نییە تا دەریبخا کە تەنانەت ٣٠٠ساڵ پاش مردنی عیسا، ئەوانەی خۆیان بە مەسیحی ناودەبرد لە خوداپەرستییەکەیاندا خاچیان بەکار هێنابێ. بەڵام لەسەدەی چوارەمی زایینیدا ئیمپراتۆر کۆنستانتینا لە بتپەرستییەوە هەڵگەڕایەوە سەر ئایینی مەسیحییە گومڕابووەکان و خاچی وەک هێما بۆ ئایینی مەسیحی دەسنیشانکرد. ئامانجی کۆنستانتین هەر شتێک بووبێ، بەڵام خاچ هیچ پەیوەندییەکی بە عیسای مەسیحەوە نییە. بناغەی خاچ دەگەڕێتەوە سەر بتپەرستی. ئینسایکلۆپیدیای نوێی کاتۆلیک دان بەوە دەنێ کە: «خاچ بەرلە سەرهەڵدانی ئایینی مەسیحی لە ناو ئەو کۆمەڵگەیانەش بەکاردەهێنرا کە مەسیحی نەبوون». سەرچاوەکانی زانستیتر خاچ بە سروشتپەرستان و نەریتەکانی سێکسی کافراونەوە دەبەستنەوە.
کەوابو بۆچی هێمای کافران ئاوا بەرز کرایەوە؟ ڕوون و ئاشکرایە لەبەر ئەوەی کە ڕێگە خۆش بکەن بۆ ئەوەی کافرەکان بێنە سەر ئایینی مەسیحی گومڕابوو. بەڵام پەرتووکی پیرۆز ڕێزگرتن لە هەرچۆرە هێمایەکی کافرانە بە گوناه دادەنێ (٢ کۆرنسۆس ٦:١٤-١٨). هەروەها پەرتووکی پیرۆز هەرجۆرە بتپەرستییەک قەدەغە دەکا (دەرچوون ٢٠:٤، ٥؛ ١ کۆرنسۆس ١٠:١٤). کەوابو مەسیحییە ڕاستەقینەکان هۆی زۆر باشیان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی لە خوداپەرستیدا خاچ بەکار نەهێنن.a
[ژێرنووس]
a بۆ زانیاری زیاتر لەسەر بابەتی خاچ بڕوانە پەرتووکی بەڵگە لەسەر پەرتووکی پیرۆز، لاپەڕەکانی ٨٩-٩٣ کە لە لایان شاهیدانی یەهوەوە دەرچووە (ئینگلیزی).