بەشی نۆزدەهەم
لە خۆشەویستی خودادا بمێنەوە
خۆشویستنی خودا واتای چییە؟
ئێمە چۆن دەتوانین لە خۆشەویستی خودادا بمێنینەوە؟
خودا چۆن پاداشتی ئەو کەسانە دەداتەوە کە لە خۆشەویستی ئەودا دەمێننەوە؟
وێنای بکە ڕۆژێک بە تەنیا بەڕێگەدا دەڕۆی و لەناکاو هەڵیدەکاتە باوباران. ئاسمان ڕەش دادەگیرێ. بریسکەی هەروان دەبینی و زرمەیان دێ و پاشان لێشاوی ئاو هەروەک بە گۆزە هەڵیڕێژن دێتەخوارەوە. تۆش کە ترست لێنیشتووە بە پەلە و ڕاکردنەوە بە دوای پەناگەیەکدا دەگەڕێی. لە تەنیشت ڕێگاوە پەناگەیەک دەبینی کە پتەو و وشکە و باوەشی بۆ کردوویەتەوە. بەڕاستی چەند پەناگەیەکی متمانەپێکراو و بەبایەخە!
٢ ئێمە لە ڕۆژگارێکی باوبارانیدا دەژین. بارودۆخی جیهان لەخراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوات. بەڵام پەناگەیەکی متمانەپێکراو هەیە کە دەتوانێ لە مەترسی بەردەوامدا بمانپارێزێ. ئەوە چ پەناگایەکە؟ بڕوانە کە پەرتووکی پیرۆز چیمان فێر دەکا: «بە خوداوەند دەڵێ: ‹تۆ پەناگەمی، قەڵامی، خودای منی پشتت پێدەبەستم› »—زەبوورەکان ٩١:٢.
٣ وێنای ئەمە بکە! یەهوە، ئافەریدگار و سەروەری گەردوون دەتوانێ ببێت بە پەناگەی پارێزەرمان. یەهوە دەتوانێ ئێمە بپارێزێ، چونکە ئەو بەهێزترە لە هەموو ئەو شتانەی کە لەوانەیە مەترسیمان بۆ بنێنەوە. تەنانەت ئەگەر ئازارێکیشمان پێگەییشتبێ ئەوە یەهوە لە توانای دایە سەر لە نوێ چاکمان بکاتەوە. چۆن دەتوانین یەهوە بکەین بە پەناگەی خۆمان؟ ئێمە دەبێ متمانەمان پێی هەبێ. هەروەها خودا لە وتەکانیدا هانمان دەدا: «لەناو خۆشەویستی خودا خۆتان بپارێزن و چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خوداوەندمان بکەن بۆ ژیانی هەتاهەتایی» (یەهوزا ٢١). بەڵێ، ئێمە لەسەرمان پێویستە تا لە خۆشەویستی خودادا بمێنینەوە و درێژە بە پەیوەندی خۆشەویستانە لەگەڵ باوکی ئاسمانیمان بدەین. ئەوکات دەتوانین دڵنیابین کە ئەو پەناگەمانە. بەڵام چۆن دەتوانین ئەو پەیوەندییە ببەستین؟
خۆشەویستی خودا ببینە و کاردانەوەت لەسەری هەبێ
٤ بۆ ئەوەی لە خۆشەویستی یەهوە دا بمێنینەوە دەبێ تێبگەین کە یەهوە بە چ شێوەیەک خۆشەویستی سەبارەت بە ئێمە نیشانداوە. بیر لەهەندێ ئەو فێرکارییانە بکەوە کە بە یارمەتی ئەم پەرتووکەوە فێریان بوویت. یەهوە کە ئافەریدگارە، زەوی وەک ماڵێکی خۆش و ئاوەدان خستۆتە ژێر دەستمانەوە. خودا زەوی لە ئاو و خواردەمەنی، سەرچاوەکانی سروشتی و ئاژەڵی ژیکەڵانە و دیمەنی جوان پڕ کردووە. خودا خاوەنی پەرتووکی پیرۆزە و لەڕێگەی ئەم پەرتووکەوە ناویو تایبەتمەندییەکانی بۆ ئێمە ئاشکرا کردووە. هەروەها لە ڕێگای ئەم پەرتووکەوە بۆمانی ئاشکرا کردووە کە عیسای مەسیحی ناردە سەر زەوی و ڕێگای دا تا ئەو ڕۆڵە تاقانەیەی ئازار بدرێ و لەپێناوی ئێمەدا بکوژرێ (یۆحەننا ٣:١٦). ئاکامی ئەو دیارییە بۆ ئێمە چییە؟ ئەو دیارییە ئومێدی داهاتوویەکی بێهاوتای بە ئێمە بەخشی.
٥ ئومێدمان بۆ داهاتوو بە شتێکی دیکەشەوە بەستراوەتەوە کە خودا بۆ ئێمەی کردووە. یەهوە پادشاهێتی مەسیحییانەی دامەزراند کە فەرمانڕەوایەتییەکی ئاسمانییە. بەمزووانە کۆتایی بە ئازارەکان دێنێ و زەوی دەکا بە بەهەشت. بیری لێبکەوە! ئێمە دەتوانین بۆ هەمیشە لە ئاساییش و بەختەوەریدا بژین (زەبوورەکان ٣٧:٢٩). بەڵام تا ئەو رۆژگارە دێت خودا ڕێنمایی بە ئێمە داوە بۆئەوەی ئێستا بتوانین بەباشترین شێوە ژیان بەسەربەرین. ئەو هەروەها دیاری پاڕانەوەی بە ئێمە بەخشیوە کە ڕێگەیەکی ئاواڵەیە تاکو لەگەڵ خودا پەیوەندی بگرین. ئەوانەی باسمان کردن تەنها چەند دانەیەکن لەو شێوازانەی کە یەهوە خۆشەویستی خۆی سەبارەت بە مرۆڤایەتی بە گشتی و تاکە کەسییەوە دەربڕیوە.
٦ پرسیارێکی گرنگ کە دەبێ خۆت بیری لێبکەیەوە ئەوەیە: من چۆن وەڵامی خۆشەویستی یەهوە دەدەمەوە؟ لەوەڵامدا زۆر کەس دەڵێن، ‹ئاشکرایە، منیش دەبێ یەهوەم خۆشبوێ›. ئایا تۆش ئاوا بیر دەکەیەوە؟ عیسا فەرمووی کە ئەمە لە ناو ڕاسپاردەکاندا لە هەموویان مەزنترە: «خوداوەند [یەهوە] خودات خۆشبوێ بە هەموو دڵ و هەموو گیان و هەموو بیرتەوە» (مەتتا ٢٢:٣٧). بێگومان تۆش زۆر هۆی باشت بەدەستەوەیە بۆچی یەهوە خودات خۆش دەوێ. بەڵام تۆ کە یەهوەت بە هەموو دڵ و گیان و بیرەوە خۆشدەوێ، هەر تەنها واتای ئەویە ئەو هەستەت هەبێ؟
٧ هەروەک لە پەرتووکی پیرۆزدا شیکراوەتەوە واتای خۆشەویستی سەبارەت بە خودا زیاترە لەوەی کە تەنها هەستێک بێ. بۆ نموونە، هەرچەند هەست بە خۆشەویستی کردن سەبارەت بە یەهوە گرنگە، بەڵام ئەو هەستە تەنها سەرەتای خۆشەویستی ڕاستەقینەیە. بۆ ئەوەی دارە سێو گەشە بکات و بەر بدات یەکەمجار پێویستە دەنکی سێوێک بچێنین. بەڵام ئەگەر تۆ داوای سێوێک بکەی، ئایا تۆ هەر بەوەندە ڕازی دەبی کە کەسێک دەنکی سێوت بداتێ؟ بێگومان نەخێر. بەهەمان شێوە هەستی خۆشەویستی سەبارەت بە خودا تەنها سەرەتایەکە. پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات: «چونکە ئەمە خۆشەویستی خودایە، کار بە ڕاسپاردەکانی بکەین، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین» (١ یۆحەننا ٥:٣). گەر خۆشویستنی خودا ڕاستەقینە بێ، دەبێ بەری باشی هەبێ. ئەو خۆشەویستییە دەبێ بە ئاکار نیشانبدرێ—مەتتا ٧:١٦-٢٠.
٨ کاتێ ئێمە بایەخ بە ڕاسپاردەکانی خودا دەدەین و بنەماکانی خودا پەیڕەو دەکەین ئەوە نیشان دەدەین کە خودامان خۆش دەوێ. ئەمەش کارێکی ئەوەندە گران نییە. لە جیاتی ئەوەی کە لەسەرمان بارگرانی بێ، یاساکانی یەهوە بۆ ئەوە داڕێژراون تا یارمەتیمان بدەن ژیانێکی خۆشتر و بەختەوەر و ئاسوودەمان هەبێ (ئیشایا ٤٨:١٧، ١٨). کاتێ بە گونجاوی لەگەڵ ڕێنمایی یەهوە دەژین، بەمجۆرە بە باوکی ئاسمانیمانی نیشان دەدەین کە بەڕاستی بایەخ بە هەموو ئەو شتانە دەدەین کە بۆ ئێمەی کردووە. بەداخەوە لەم سەردەمەدا زۆر دەگمەنن ئەوانەی بەمجۆرە ڕێزی لێدەگرن. کاتێ عیسا لەسەر زەوی دەژیا هەندێ کەس سپڵە بوون، بەڵام ئێمە نامانهەوی وەک ئەوان بین. عیسا جارێکیان دە نەخۆشی گولی چاک کردەوە، بەڵام تەنها یەکێکیان گەرایەوە و سوپاسی کرد (لۆقا ١٧:١٢-١٧). بەدڵنیاییەوە ئێمە دەمانەوێ ئەو کەسە سوپاسگوزارە بین، نەک یەکێ لەو نۆ کەسە سپڵانە!
٩ کەوابو، ئەو ڕاسپاردانەی یەهوە کامانەن کە دەبێ ئێمە پەیڕەویان بکەین؟ لەم پەرتووکەدا ئێمە باسی زۆربەیانمان کردوون، بەڵام وەرن با بەیەکەوە بە چەند دانەیەکدا بچینەوە. وردبوونەوە لە ڕاسپاردەکانی خودا یارمەتیمان دەدەن تا لە خۆشەویستی خودادا بمێنینەوە.
کۆشش بکە تا لە یەهوە نزیکتر ببیتەوە
١٠ بۆ ئەوەی بتوانی لە یەهوە نزیکتر ببیتەوە، هەنگاوێکی گرنگ ئەوەیە کە زانیاری لەسەر بەدەست بهێنی. ئەمە قۆناغێکە کە دەبێ هەمیشە لە سەری بەردەوام بین. ئەگەر لە شەوێکی زۆر سارددا تۆ لە دەرێ بی و لە پاڵ ئاگرێکدا خۆت گەرم بکەیەوە، ئایا هەروا لێدەگەڕێی کە بڵێسەی ئاگرەکە وردە وردە دامرکێ تا دەکوژێتەوە؟ نەخێر، واناکەی. تۆ وردە وردە داری تێداوێی بۆوەی ئاگرەکە گڕی هەبێ و هەروا گەرم و ڕووناک بمێتێتەوە. لەوانەیە مانونەمانت بەم ئاگرەوە پابەند بێ. هەروەک دار سووتەمەنییە بۆ مانەوەی بڵێسەی ئاگرکە، بەهەمان شێوە «ناسینی خودا» خۆشەویستیمان بۆ یەهوە بەهێز ڕادەگرێ—پەندەکان ٢:١-٥.
١١ عیسا ویستی هاوڕێیەکانی خۆشەویستیان سەبارەت بە یەهوە و وتە ڕاست و پڕبایەخەکانی زیندوو و بەتین بمێنێتەوە. عیسا پاش زیندووبوونەوەی هەندێ لەو پێشبینییانە کە لە بەشی عیبرانییەکانی پەرتووکی پیرۆزدا باسکراون بۆ دوو لە قوتابییەکانی ئاشکرا کرد کە لە خۆیدا هاتنەدی. ئەمە چۆن کاریتێکردن؟ ئەوان لە دواییدا وتیان: «ئەمە بۆیە کاتێ قسەی بۆ دەکردین، دڵمان لەناو سنگماندا وەک ئاگر گڕی گرتبوو؟»—لۆقا ٢٤:٣٢.
١٢ کاتێ بۆ یەکەم جار تێگەییشتی بەڕاستی پەرتووکی پیرۆز چی فێر دەکا، ئایا هەستت کرد کە دڵت لە خۆشی و سۆز و خۆشەویستی بۆ خوداوە گڕی گرتووە؟ بێگومان. زۆر کەسی دیکەش هەر ئەو هەستەیان هەبووە. ئێستا ئەرکی دژوار ئەوەیە کە ئەم خۆشەویستییە بەتینە بە زیندوویی بمێنێتەوە و گەشەی پێبدەی. عیسا پێشبینی کرد: «خۆشەویستی لە دڵی زۆر کەس نامێنێ» (مەتتا ٢٤:١٢). ئێمە چۆن دەتوانین بەر بە سارد بوونەوەی خۆشەویستیمان بۆ یەهوە و ڕاستییەکانی پەرتووکی پیرۆز بگرین؟
١٣ بۆ گەشەدان بە زانیاری لەسەر یەهوە خودا و عیسای مەسیح بەردەوام کۆشش بکە (یۆحەننا ١٧:٣). لەسەر ئەوەی دەربارەی وتەی خودا فێری دەبی بە قووڵی بیربکەوە و لە خۆت بپرسە: ‹ئەم زانیارییە لەسەر یەهوە خودا چی فێری من دەکا؟ ئایا ئەمە چۆن دەبێتە هۆی ئەوەی کە من بە هەموو دڵ و بیر و گیانەوە خودام خۆشبوێ؟› (زەبوورەکان ٧٧:١٢). گەر بەمجۆرە بەقووڵی لێیبکۆڵییەوە یارمەتیت دەدا بۆ ئەوەی بەردەوام گڕی خۆشەویستیت بۆ یەهوە بەتین بمێنێتەوە.
١٤ پاڕانەوە ڕێگایەکی دیکەیە بۆ ئەوەی بەردەوام گڕی خۆشەویستیت بۆ یەهوە بەتین بهێڵییەوە (١ تەسالۆنیکی ٥:١٧). لە بەشی حەڤدەهەمی ئەم پەرتووکەدا فێری بوون کە پاڕانەوە دیارییەکی پڕبایەخە لە لایەن خوداوە. هەروەک هاموشۆی نێوان مرۆڤەکان کاتێ درێژەی دەبێ کە پەیوەندیان بەردەوام بێ و لەگەڵ یەکتریدا قسەبکەن، کەوابو پەیوەندیمان لەگەڵ یەهوە کاتێ بە زیندوویی و گەرموگوڕی دەمێنێتەوە کە بەردەوام لەبەری بپاڕێینەوە. شتێکی گرنگە کە هەرگیز پاڕانەوەکانمان دووپاتکردنەوەی وشەی ئاسایی نەبن کە خوومان پێگرتبێ بێ ئەوەی کە هیچ هەستێک دەرببڕن و هیچ واتایەکیان هەبێ. هەروەک چۆن منداڵێک قسە بۆ باوکە خۆشەویستەکەی دەکا، ئێمەش دەبێ بەمجۆرە لەگەڵ یەهوە بدوێن. دەبێ بە دڵێکی کراوە و ڕاستگۆیانە لە قووڵایی دڵمانەوە بۆ یەهوە قسە بکەین، بەڵام بە ڕێزەوە (زەبوورەکان ٦٢:٨). بەڵێ، خوێندنەوەی پەرتووکی پیرۆز و پاڕانەوە لە قووڵایی دڵەوە یەکێکن لە خاڵە گرنگەکانی خوداپەرستیمان و ئەمانە یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەوەی لە خۆشەویستی خودادا بمێنینەوە.
لە خوداپەرستیدا دڵخۆشبە
١٥ خوێندنەوەی پەرتووکی پیرۆز و پاڕانەوە کرداری خوداپەرستین کە ئێمە خۆمان بەتەنیا دەیانکەین. بەڵام ئێستا با بەیەکەوە تێبینی شێوەیەکی خوداپەرستی بکەین کە بە ئاشکرایی بەڕێوەی دەبەین: ئەویش ئەوەیە کە ڕوانگەکانی باوەڕمان لەگەڵ خەڵکی باس دەکەین. ئایا تا ئێستا ڕاستییەکانی پەرتووکی پیرۆزت بۆ هیچکەسێک باس کردوون؟ ئەگەر وایە، ئەوە بۆ تۆ جێی شانازی و سەربەرزییە کە یەهوە ئەم خزمەتەی پێبەخشیوی (لۆقا ١:٧٤). کاتێ ئێمە خەڵکی بەشدار دەکەین لەو ڕاستییەی کە خۆمان دەربارەی یەهوە خودادا فێری بووین، بەم کارە ئەو ئەرکە گرنگەمان گرتۆتە ئەستۆوە کە بە گشت مەسیحییە ڕاستەقینەکان سپێردراوە کە ئەویش ڕاگەیاندنی مزگێنی هەواڵی خۆشە لەسەر پادشاهێتی ئاسمانەوە—مەتتا ٢٤:١٤؛ ٢٨:١٩، ٢٠.
١٦ پۆڵسی نێرراو خزمەتی مزگێنیدانی بە شتێکی پڕبایەخ دادەنا و ناوی لێنابوو گەنجینە (٢ کۆرنسۆس ٤:٧). قسەکردن لەگەڵ خەڵکی دەربارەی یەهوە خودا و مەبەستەکانی باشترین کارە کە دەتوانی بیکەی. ئەمە خزمەتی باشترین سەروەرە و باشترین سوودیشی بۆ ئێمە هەیە. کاتێ ئەم ئەرکە بەڕێوەدەبەی یارمەتی کەسانێکی دڵپاک دەدەی بۆ ئەوەی یەهوە بناسن کە باوکی ئاسمانیمانە و بۆ ئەوەی ئامانجێ ژیانی هەمیشەیی بگرنەبەر! ئایا هیچ کارێکی دیکە هەیە ئەوەندە ئاسوودەبەخش بێ؟ سەرەڕای ئەمانەش، مزگێنیدان لەسەر یەهوە و وشەی خودا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی باوەڕی خۆت و هەروەها خۆشەویستیت بۆ ئەو بەهێز دەکا. هەروەها یەهوە بایەخێکی زۆر بە کۆششەکانت دەدات (عیبرانیەکان ٦:١٠). گەر لەسەر ئەم کارە بەردەوام بیت، هانتدەدا لە خۆشەویستی خودادا بمێنێیەوە—١ کۆرنسۆس ١٥:٥٨.
١٧ گرنگ ئەوەیە لە بیرمان بێ کە مزگێنیدانی پادشاهێتی ئاسمان ئەرکێکە کە پەلەی لەسەرە. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «وشەی خودا ڕابگەێنە، خۆتی بۆ تەرخان بکە لەکاتی باش و خراپدا» (٢ تیمۆساوس ٤:٢). بۆچی ئەم ئەرکە لەم ڕۆژگارەدا ئەوەندە پەلەی لەسەرە؟ وشەی خودا پێمان دەفەرمووێ: «ڕۆژی گەورەی خوداوەند نزیکە، نزیکە و زۆر بە پەلەیە» (چفەنیا ١:١٤). بەڵێ، ئەو کاتەی کە یەهوە کۆتایی بە هەموو شتێکی سیستەمەی ئەم ڕۆژگارە دێنێ زۆر بە خێرایی لە نزیک بوونەوە دایە. خەڵکی پێویستیان بە ئاگادار بوونەوەیە! ئەوان پێویستیانە بزانن ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تاکو یەهوە وەک سەروەری خۆیان هەڵبژێرن. کۆتایی «دواناکەوێت»—حەبەقوق ٢:٣.
١٨ یەهوە دەیەوێ کە ئێمە شانبەشانی مەسیحییە ڕاستەقینەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا بیپەرستین. هەربۆیە وشەکەی دەفەرمووێ: «هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین و یەکتری هانبدەین بۆ خۆشەویستی و کرداری چاک. واز لە کۆبوونەوەکانتان مەهێنن، هەروەک هەندێکتان لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەن بۆ ئامادەبوون، لەمەش زیاتر چونکە دەبینن ڕۆژی خوداوەند نزیک بووەتەوە» (عیبرانیەکان ١٠:٢٤، ٢٥). کاتێ لەگەڵ هاوڕێیانی هاوباوەڕمان لە کۆبوونەوە مەسیحییەکاندا ئامادە دەبین، ئەوە دەرفەتێکی بێهاوتامان بۆ دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی ستایشی خودای خۆشەویستمان بکەین و بیپەرستین. هەروەها لەو کۆبوونەوانەدا بۆ بەهێزکردنی یەکتری کۆشش بکەین و ورە بدەین بە یەکتری.
١٩ هاموشۆمان لەگەڵ خوداپەرستانی تری یەهوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندی خۆشەویستی و دۆستایەتی لە کۆمەڵدا. زۆر گرنگە کە ئێمە تەنها شتی باش و خاڵی بەهێزی یەکتریمان لەبەر چاوی بێ، هەروەک یەهوەش شتە باشەکانی ئێمە لەبەرچاودەگرێ. چاوەڕێی ئەوە نەبی کە هاوڕێ مەسیحییەکەت مرۆڤێکی تەواو بێ. لەبیرت بێ کە گەشە کردنی بواری ڕۆحانی هەر ئەندامێک لە ئاستێکی جیاواز دایە و هەر کام لە ئێمە هەڵە دەکا (کۆلۆسی ٣:١٣). لەگەڵ ئەو کەسانەدا پەیوەندی پتەو ببەستە کە یەهوەیان لە قووڵایی دڵەوە خۆشدەوێ ئەوکات تۆش هەست بە گەشەکردن لە بواری ڕۆحانییەوە دەکەی. بەڵێ، پەرستنی یەهوە لەگەڵ خوشک و برایانی مەسیحیدا یارمەتیت دەدا تاکو لە خۆشەویستی خودادا بمێنییەوە. یەهوە بە چ شێوەیەک پاداشتی ئەو کەسانە دەداتەوە کە بە ڕاستودروستییەوە دەیپەرستن و لە خۆشەویستی ئەودا دەمێننەوە؟
بەدوای «ژیانی ڕاستەقینەدا» بگەڕێ
٢٠ یەهوە خزمەتکارە ڕاستودروستەکانی بە بەخشینی ژیان پاداشت دەداتەوە، بەڵام ژیانێکی چۆن؟ ئایا تۆ ئێستا دەژی؟ زۆربەمان وەڵامی ئەم پرسیارە بە شتێک ڕوون و ئاشکرا دادەنێین. ئێمە هەناسە دەدەین، خواردن دەخۆین و خواردنەوە دەخۆینەوە، کەوابوو ئێمە دەژین. هەروەها لە ساتە خۆشەکانی ژیانماندا تەنانەت دەڵێین، «بەڕاستی بەمە دەڵێن ژیان». سەرەڕای ئەمانەش پەرتووکی پیرۆز دەریدەخا لە ڕوانگەیەکی گرنگەوە هیچ مرۆڤێک بەڕاستی ناژییەت.
٢١ وشەی خودا هانمان دەدا تا «ژیانی ڕاستەقینە بەدەست» بهێنن (١ تیمۆساوس ٦:١٩). ئەو وشانە دەریدەخەن «ژیانی ڕاستەقینە» ئەو شتەیە کە ئێمە ئاواتەخوازین لە داهاتوودا بەدەستی بهێنین. بەڵێ، کاتێ ئێمە تەواو بین، پڕ بەپێستی واتای وشە ژیان دەکەین، چونکە ئەوکات بەوجۆرە دەژین کە خودا لە بنەڕەتەوە مەبەستی بوو. کاتێ لە داهاتوودا لە بەهەشتی سەر ڕووی زەوی لە تەندرووستییەکی تەواو و ئاشتیو کامەرانیدا دەژین، ئەو کاتە بەڕاستی چێژ لە «ژیانی ڕاستەقینە» وەردەگرین، ئەویش ژیانی هەمیشەییە (١ تیمۆساوس ٦:١٢). ئایا ئەوە بەڕاستی ئومێدێکی بێهاوتا نییە؟
٢٢ ئێمە چۆن دەتوانین «ژیانی ڕاستەقینە بەدەست» بهێنن؟ پۆڵسی نێرراو لەسەر ئەم بابەتە مەسیحییەکان هاندەدات «با چاکە بکەن و لەکاری چاکە دەوڵەمەندبن» (١ تیمۆساوس ٦:١٨). لەڕاستیدا ئەوە پەیوندییەکی زۆری بەوەوە هەیە کە ئێمە چۆن ئەو ڕاستییانەی لە پەرتووکی پیرۆزەوە فێریان بووین لە ژیانماندا بەکاریان دەهێنین. بەڵام ئایا مەبەستی پۆڵسی نێرراو ئەوە بوو کە بە کردنی کاری چاک دەتوانین «ژیانی ڕاستەقینە» بەدەست بهێنین؟ نەخێر، لەڕاستیدا گەییشتن بە دەسکەوتێکی ئەوەندە بێهاوتا پەیوەندی بەوەوەیە کە ئایا دەتوانین ئەو «پیرۆزییەی لە ڕاستیدا ئێمە شایەنی نین» وەرگرین (ڕۆما ٥:١٥). بەڵام یەهوە دڵشادە بەوەی کە پاداشتی ئەو کەسانەی دەداتەوە کە بە ڕاستودروستییەوە خزمەتی دەکەن. یەهوە دەیەوێ تۆ ببینێ کە لە «ژیانی ڕاستەقینە» دا دەژی. ئەو ژیانە کامەران و پڕئاشتییە کە بۆ هەمیشە درێژەی دەبێ پێشکەش بەو کەسانە دەکرێ کە لە خۆشەویستی خودادا دەمێننەوە.
٢٣ هەرکام لە ئێمە دەبێ پرسیار لە خۆمان بکەین ‹ئایا من بەوجۆرەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدا دیاری کراوە خودا دەپەرستم›؟ گەر ئێمە هەموو ڕۆژێک دڵنیا بین لەوەی کە وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێیە، ئەو کات لەسەر ڕێگای ڕاستین. ئینجا دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە یەهوە پەناگەمانە. لە دوایین ڕۆژانی پڕکێشە و تەنگانەی ئەم سیستەمە کۆنەدا یەهوە هەموو ئەو خەڵکانە دەپارێزێت کە باوەڕیان بەو هەیە. هەروەها یەهوە لە شکۆمەندی خۆیدا بە ساغی دەمانباتە ناو سیستەمی نوێ کە بەمزووانە دێتە ئاراوە. بەڕاستی چەندە خۆشە کە ئەم کاتە بە چاوی خۆمان ببینین. هەروەها ئەو کات چەندە دڵشاد دەبین بەوەی کە لە ڕۆژانی کۆتاییدا بڕیاری دروستمان داوە! گەر ئێستا تۆ ئەو بڕیارە بدەی، چێژ لە «ژیانی ڕاستەقینە» دەبینی و دەگەیت بەو ژیانەی کە لە لەسەرەتاوە مەبەستی یەهوە خودا بووە، کە ئەویش ژیانی هەمیشەییە!
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات
▪ پەیڕەوی ڕاسپاردەکانی خودا بکە و بنەماکانی لە ژیانتدا بسەپێنە بۆ ئەوەی خۆشەویستی ڕاستەقینەت بۆ ئەو نیشانبدەی—١ یۆحەننا ٥:٣.
▪ خوێندنی وشەی خودا، پاڕانەوە لە قووڵایی دڵتەوە لەبەر یەهوە و ناساندنی بە خەڵکی تر هەروەها پەرستنی لە کۆبوونەوەکانی مەسیحیدا یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەوەی لە خۆشەویستی خودادا بمێنینەوە—مەتتا ٢٤:١٤؛ ٢٨:١٩، ٢٠؛ یۆحەننا ١٧:٣؛ ١ تەسالۆنیکی ٥:١٧؛ عیبرانیەکان ١٠:٢٤، ٢٥.
▪ ئەوانەی لە خۆشەویستی خودادا بمێننەوە ئومێدی چێژ وەرگرتن لە «ژیانی ڕاستەقینە»یان هەیە —١ تیمۆساوس ٦:١٢، ١٩؛ یەهوزا ٢١.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. لەم ڕۆژگارەدا لە کوێ دەتوانین پەناگەی متمانەپێکراو بدۆزینەوە؟
٣. چۆن دەتوانین یەهوە بکەین بە پەناگەمان؟
٤، ٥. هەندێ لەو ڕێگایانەی کە یەهوە خۆشەویستی خۆی بۆ ئێمە دەربڕیوە کامانەن؟
٦. تۆ چۆن وەڵامی خۆشەویستی یەهوە سەبارەت بە خۆت دەدەیەوە؟
٧. ئایا بۆئەوەی خودامان خۆشبوێ جگە لە دەربڕینی هەستی خۆشەویستی هیچ شتێکی دیکە پێویستە؟ ڕوونیکەوە.
٨، ٩. ئێمە چۆن دەتوانین سوپاسگوزاری و خۆشەویستی خۆمان بۆ خودا دەرببڕین؟
١٠. ڕوونی بکەوە بۆچی گرنگە لەسەر کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە یەهوە دەبێ بەردەوام بین.
١١. فێرکارییەکانی عیسا چ کاریگەرییەکی لەسەر هاوڕێیانی هەبوو؟
١٢، ١٣. (ا) لەم ڕۆژگارەدا لە ناو زۆربەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا خۆشەویستی بۆ خودا و پەرتووکی پیرۆز چۆنە؟ (ب) ئێمە چۆن دەتوانین بەر بە سارد بوونەوەی ئەو خۆشەویستییەمان بگرین ؟
١٤. پاڕانەوە چۆن یارمەتیمان دەدا تا خۆشەویستیمان بۆ یەهوە بە زیندوویی ڕابگرین؟
١٥، ١٦. بۆچی دەتوانین بەشداری لە کاری مزگێنیدانی پادشاهێتی ئاسمان بە شانازی و گەنجینەیەک بزانین؟
١٧. بۆچی خزمەتی مزگێنیدانی مەسیحی لەم ڕۆژگارەدا پەلەی لەسەرە؟
١٨. بۆچی ئێمە دەبێ شانبەشانی مەسیحییە ڕاستەقینەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا یەهوە بپەرستین؟
١٩. بۆ بەهێزبوونی پەیوەندی خۆشەویستی و دۆستایەتی لە ناو کۆمەڵی مەسیحیدا ئێمە دەتوانین چی بکەین؟
٢٠، ٢١. «ژیانی ڕاستەقینە» چییە و بۆچی ئەو ژیانە ئومێدێکی بێهاوتایە؟
٢٢. ئێمە چۆن دەتوانین «ژیانی ڕاستەقینە بەدەست» بهێنن؟
٢٣. بۆئەوەی لە خۆشەویستی خودادا بمێنینەوە چ شتێک زۆر گرنگە؟
[وێنەی لاپەڕە ١٨٤]
ئایا لەم ڕۆژگارە باوبارانییەدا، تۆ یەهوە دەکەی بە پەناگەی خۆت؟
[وێنەی لاپەڕە ١٨٧]
هەروەک چۆن بڵێسەی ئاگر سووتەمەنی دەوێ، بەهەمان شێوە خۆشەویستیت بۆ یەهوە پێویستی بە سووتەمەنییە
[وێنەی لاپەڕە ١٩٠]
یەهوە دەیەوێ کە تۆ چێژ لە «ژیانی ڕاستەقینە» وەربگری. ئایا تۆ بەم ژیانە دەگەیت؟