بەشی حەڤدەهەم
بە ڕێگای پاڕانەوە لە خودا نزیک بەوە
بۆچی دەبێ ئێمە لەبەر خودا بپاڕێینەوە؟
بۆ ئەوەی خودا گوێ لە پاڕانەوەکانمان بگرێ دەبێ چی بکەین؟
خودا چۆن وەڵامی پاڕانەوەکانمان دەداتەوە؟
کاتێک زەوی لە گەڵ گەردوون بەراورد بکەین زۆر بچووکە. لە لای یەهوە کە «دروستکاری ئاسمان و زەوی»یە نەتەوەکان هەروەک دڵۆپێکن لە ئاوی سەتڵێک (زەبوورەکان ١١٥:١٥؛ ئیشایا ٤٠:١٥). سەرەڕای ئەمەش پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «خوداوەند نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، لە هەموو ئەوانەی بەڕاستیەوە لێی دەپاڕێنەوە. ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێ دەهێنێت کە لێیدەترسن، گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات» (زەبوورەکان ١٤٥:١٨، ١٩). تەنها بۆ ساتێک وێنای بکە کە ئەمە واتای چییە! ئافەریدگاری هەرەبەتوانا لە ئێمە نزیکە و ئەگەر «بەڕاستیەوە لێی بپاڕێینەوە» گوێمان لێڕادەگرێ. بەڕاستی بۆ ئێمە شانازییەکی گەورەیە کە بە هۆی پاڕانەوەوە دەتوانین لەگەڵ خودا بدوێن.
٢ ئەگەر دەمانهەوێ خودا گوێ لە پاڕانەوەکانمان بگرێ دەبێ بە شێوەک لەبەری بپاڕێینەوە کە ڕەزامەندی ئەوی لەسەر بێ. ئەگەر نەزانین پەرتووکی پیرۆز لەسەر پاڕانەوە چیمان فێر دەکا، چۆن دەتوانین بپاڕێینەوە؟ بۆ ئێمە زۆر گرنگە بزانین پەرتووکی پیرۆز لەسەر ئەم بابەتە چی دەفەرمووێ، چونکە پاڕانەوە یارمەتیمان دەدا لە یەهوە نزیکتر ببینەوە.
بۆ چی لەبەر یەهوە بپاڕێینەوە؟
٣ یەکێک لە هۆکارەکانی پاڕانەوەمان لەبەر یەهوە ئەوەیە کە خۆی دەفەرمووێ بپاڕێنەوە. وشەکەی هانمان دەدا: «دەربارەی هیچ شتێک دڵەڕاوکێ نەتانگرێ، بەڵکو لە هەموو شتێک داواکاریەکانتان پێشکەشی خودا بکەن بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاس. ئاشتی خودا، ئەوەی بەرزترە لە سنووری بیری مرۆڤ، دڵ و بیرتان دەپارێزێت لە عیسای مەسیحدا» (فیلیپی ٤:٦، ٧). بەدڵنیاییەوە ئێمە نامانەوێ ئەو هەلە پشتگوێ بخەین کە فەرمانڕەوای بەرزی گەردوون بۆی ڕێکخستووین!
٤ هۆیەکی دیکە ئەوەیە، گەر ئێمە بەردەوام لەبەر یەهوە بپاڕێینەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو پتەوتر دەبێ. دۆستی ڕاستەقینە تەنها ئەو کاتانە پەیوەندی لەگەڵ یەکەوە ناگرن کە پێویستیان بە یەکتر هەبێ. بەڵکو دۆستە ڕاستەقینەکان ئۆگریان بە یەکەوەیە و بە دەربڕینی بیر و بۆچوون و دڵەڕاوکێ و هەستەکانیان بۆ یەکتری پەیوەندییەکەیان پتەوتر دەبێ. لە هەندێک لایەنەوە پەیوەندیمان لەگەڵ یەهوە خوداش هەر بەم شێوەیە. بە یارمەتی ئەم پەرتووکەوە تۆ زۆر لە فێرکارییەکانی پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بە یەهوە و کەسایەتییەکەی و خواستەکانییەوە فێربوویت. هەروەها فێری ئەوە بووی خودا وەک دۆستێکی ڕاستەقینە بناسی. پاڕانەوە ئەو دەرفەتەت بۆ دەڕەخسێنێ تا بیر و هەستی دەرونت بۆ باوکی ئاسمانی دەرببڕی. کاتێ ئەم کارە بکەی لە یەهوە خودا نزیک دەبیتەوە—یاقوب ٤:٨.
ئەو داوکارییانەی کە دەبێ جێبەجێیان بکەین کامانەن؟
٥ ئایا یەهوە گوێ بۆ هەموو پاڕانەوەیەک ڕادەگرێ؟ بڕوانە لە سەردەمی ئیشایای پێغەمبەردا چی بە ئیسڕائیلییە یاخیبووەکان فەرموو: «تەنانەت ئەگەر زۆر نوێژیش بکەن من گوێ ناگرم. دەستتان بە خوێن سوور بووە» (ئیشایا ١:١٥). کەوابوو هەندێ ئاکار دەبنە هۆی ئەوەی کە یەهوە گوێ لە پاڕانەوەکانمان نەگرێ. بۆ ئەوەی خودا بە ڕزامەندییەوە گوێ لە پاڕانەوەکانمان بگرێ دەبێ ئێمە هەندێ لە داوکارییە بنەڕەتییەکان جێبەجێ بکەین.
٦ مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە دەبێ باوەڕمان هەبێ (مەرقۆس ١١:٢٤). پۆڵسی نێرراو نووسی: «بێ باوەڕ ڕەزامەندی خودا بەدەست نایەت، چونکە ئەوەی بیەوێ لە خودا نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێ. هەروەها باوەڕی بەوە هەبێ خودا پاداشتی ئەوانە دەداتەوە کە بە دوایدا دەگەڕێن» (عیبرانیەکان ١١:٦). هەبوونی باوەڕ هەر بە تەنها ئەوە نییە کە بزانین خودا هەیە و گوێگری پاڕانەوەکانە و وەڵامیان دەداتەوە. هەبوونی باوەڕ بە کردەوە دەسەلمێندرێ. دەبێ لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە هۆی چۆنییەتی ژیان بەسەربردنمان بەڵگەی ڕوون نیشانبدەین کە ئێمە باوەڕمان هەیە—یاقوب ٢:٢٦.
٧ یەهوە هەروەها دەیەوێ بە دڵپاکی و بێفیزانە بە ڕێگای پاڕانەوە لێی نزیک ببنەوە. ئایا قسەکردن لەگەڵ یەهوە خۆی هۆیەکی باش نییە بۆ ئەوەی بێفیزی ئەزمون بکەین؟ کاتێک خەڵك دەرەتانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ پادشا یان سەرکۆمار بۆ دەڕەخسێ بە شێوەیەکی گشتی بەوپەڕی ڕێزەوە قسەی لەگەڵ دەکەن، چونکە بەمجۆرە دان بە پلەی بەرزی ئەو دادەنێن. کەوابو چەندە زیاتر دەبێ ڕێزمان بۆ یەهوە هەبێ کاتێک لێی نزیک دەبینەوە! (زەبوورەکان ١٣٨:٦) ئەوەشمان لەبیر بێ کە ئەو خودای «هەرە بەتوانایە» (پەیدابوون ١٧:١). کاتێک لەبەر خودا دەپاڕێینەوە شێوازی نزیک بوونەوەمان دەبێ بەشێوەیەک بێ کە بچووکی خۆمان لە بەرامبەر مەزنییەتی خودا دەرببڕێ. ئەم خۆ بەکەمگرتنە هانمان دەدا تاکو دڵپاکانە لە قوڵایی دڵەوە بپاڕێینەوە، نەک پاڕانەوە بە ئەرک دابنێن و وشەکان دووبارە بکەینەوە، یان بەزمانێک لە خودا بپاڕێینەوە کە خۆشمان نایزانین، یاخود وشەکانی پەرتووکی پاڕانەوەکان لەبەر خۆمان بخوێنینەوە—مەتتا ٦:٧، ٨.
٨ یەکێ لە مەرجەکانی دیکە بۆ ئەوەی خودا گوێمان بۆ بگرێ ئەوەیە کە بە گوێرەی ئەوەی لە پاڕانەوەکەماندا باسمان کردووە هەنگاو بنێین. یەهوە چاوەڕوانی لێمانە تا ئەوەی لە توانای مروڤانەماندایە بیکەین لە پێناوی ئەو شتەی بۆی پاڕاوینەتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر بپاڕێینەوە «نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ»، دەبێ هەوڵی تەواوی خۆمان بدەین بۆ دۆزینەوە هەر کارێکی کە دەست دەکەوێ و لە تواناماندایە بیکەین (مەتتا ٦:١١؛ ٢ تەسالۆنیکی ٣:١٠). ئەگەر بۆ مەبەستی زاڵبوون بەسەر لاوازییەکی لەشدا لە پاڕانەوەدا داوای یارمەتیت کردووە، دەبێ لەو شوێن و بارودۆخانە خۆت بپارێزی کە دەتخەنە مەترسی تووش بوون (کۆلۆسی ٣:٥). سەرەڕای ئەو مەرجە بنەڕەتیانەی باسمان کردن، سەبارەت بە پاڕانەوە هەندێ پرسیار هەن کە پێویستە وەڵامیان وەرگرینەوە.
وەڵام بۆ هەندێ پرسیار لەسەر پاڕانەوە
٩ دەبێ لەبەر کێ بپاڕێینەوە؟ عیسای مەسیح هاوڕێکانی فێرکرد تا لەبەر «باوکمان لە ئاسمان»دا بپاڕێنەوە (مەتتا ٦:٩). کەوابو پاڕانەوەکان تەنها دەبێ ئاراستەی یەهوە خودا بکرێن. بەڵام یەهوە دەیەوێ ئێمە پاڕانەوەکانمان بە ناوی عیسای مەسیحەوە ئاراستەی ئەو بکەین. بۆچی؟ چونکە هەروەک لە بەشی پێنجەمدا فێری بووین عیسای مەسیح بۆ سەر زەوی نێردرا تا بۆ کڕینەوەی ئێمە لە گوناه و مردن وەک قوربانی خۆی بەخت بکا (یۆحەننا ٣:١٦؛ ڕۆما ٥:١٢). ئەو بە دادوەر و کاهینی بەرز دەستنیشانکراوە (یۆحەننا ٥:٢٢؛ عیبرانیەکان ٦:٢٠). لەبەر ئەمەیە کە پەرتووکی پیرۆز ڕێنماییمان دەکا کە پاڕانەوەکانمان بە ناوی عیسای مەسیحەوە ئاراستەی خودا بکەین. عیسا فەرمووی: «ئەوسا هەرچیەک بەناوی من لە باوک داوابکەن دەتانداتێ» (یۆحەننا ١٥:١٦). بۆ ئەوەی خودا گوێ لە پاڕانەوەکانمان بگرێ، ئێمە دەبێ تەنها لەبەر یەهوە بپاڕێینەوە و بە ناوی ڕۆڵەکەیەوە کە عیسای مەسیحە ئاراستەیان بکەین.
١٠ ئایا کاتی پاڕانەوە دەبێ لە بارودۆخێکی تایبەت دا بین؟ نەخێر. یەهوە چاوەڕوانی لە ئێمە نییە لە کاتی پاڕانەوەدا دەست یان ئەندامێکیتری لەشمان بە شێوەیەکی تایبەت ڕابگرین. پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا کە دەتوانین بە زۆر شێوازی جیاوازدا بپاڕێینەوە. واتای ئەوەیە کە دەکرێ بە دانیشتن و چەمینەوە و لەسەر ئەژنۆ و بەڕاوەستانەوە بپاڕێینەوە (١ هەواڵی ڕۆژان ١٧:١٦؛ نخەمیا ٨:٦؛ دانیال ٦:١٠؛ مەرقۆس ١١:٢٥). لە پاڕانەوەدا شتێکی بەڕاستی گرنگ ئەوەیە کە ئەوەندە زەق و بەرچاو خۆ نەنوێنین هەر تەنها لەبەر ئەوەی خەڵکی بمانبینن، بەڵکو بە دڵێکی پاکەوە بیکەین. بۆ نموونە لە ماوەی ژیانی ڕۆژانەماندا یان کاتێک هەلومەرجێکی دژوارمان تووش دەبێ، لەهەر شوێنێکا بین دەتوانین بە بێدەنگییەوە بپاڕێینەوە. لە کاتی ئاوادا سەرەڕای ئەوەی کە ئەوانەی لە پەنامانن ئاگایان لەپاڕانەوەکانمان نییە، بەڵام یەهوە دەیبیسێ— نخەمیا ٢:١-٦.
١١ بۆ چ شتێک دەتوانین بپاڕێینەوە؟ پەرتووکی پیرۆز شی دەکاتەوە: «گەر بەپێی ویستی خۆی [یەهوە] داوای هەر شتێک بکەین گوێمان لێدەگرێت» (١ یۆحەننا ٥:١٤). کەوابو بۆمان هەیە کە ئەوەی بمانەوێ داوای بکەین گەر ویستی خودای لەسەر بێ. ئایا دروستە بۆ گرفتێك بپاڕێینەوە کە بۆمان هاتۆتە پێش؟ گومان لەوەدا نییە کە بۆمان هەیە! پاڕانەوە لەبەر یەهوە زۆرتر وەک ئەوە وایە کە لەگەڵ دۆستێکی نزیکی خۆمان بدوێن. دەتوانین قسەی دڵی خۆمان بۆ خودا هەڵڕێژین (زەبوورەکان ٦٢:٨). شتێکی شیاوە داوا لە خودا بکەین ڕۆحی پیرۆزمان پێبدا، چونکە یارمەتیمان دەدا ئەوەی دروستە بیکەین (لۆقا ١١:١٣). هەروەها دەتوانین بۆ دانی بڕیاری دانایانە داوای ڕێنمایی بکەین و بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپەکاندا ورە وەربگرین (یاقوب ١:٥). کاتێ گوناه دەکەین لەسەر بنچینەی قوربانی عیسای مەسیح داوای لێبوردن بکەین (ئەفسۆس ١:٣، ٧). دیارە نابێ لە پاڕانەوەکانماندا تەنها ئەو شتانەی خۆمان دەمانهەوێ باس بکەین. بەڵکو دەبێ بۆ خەڵکی تریش و ئەندامانی بنەماڵەمان و هەروەها هاوڕێیانی مەسیحیشمان بپاڕێینەوە—کرداری نێرراوان ١٢:٥؛ کۆلۆسی ٤:١٢.
١٢ ئەو شتانەی پەیوەندیان بە یەهوە خوداوە هەیە دەبێ لە پاڕانەوەکانمدا لە پلەی یەکەمدا بن. بێگومان ئێمە هۆی باشمان بەدەستەوەیە تاکو لە قوڵایی دڵمانەوە ستایشی خودا بکەین و بۆ ئەو هەموو شتە باشانە سوپاسگوزاری خۆمان دەرببڕین (١ هەواڵی ڕۆژان ٢٩:١٠-١٣). لە مەتتا ٦:٩-١٣ ئەو پاڕانەوە نموونەییە تۆمارکراوە کە عیسای مەسیح دەریبڕی، تیایدا فێرمان دەکا بپاڕێینەوە با ناوی خودا پیرۆزبێت. لەبەشی دواتردا دەفەرمووێ، با پادشاهێتی خودا بێت و با خواستی لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێ وەک لە ئاسمان دەکرێ. پاش ئەوەی عیسا یەکەمجار ئەو شتە گرنگانەی باس کرد کە پەیوەندیان بە یەهوەوە بوو ئینجا دەربارەی ئەو شتانە دوا کە پەیوەندیان بە خۆیەوە هەبوو. ئەگەر ئێمەش بە هەمان شێوە لەکاتێ پاڕانەوەکانمدا خودا بخەینە پلەی یەکەمەوە نیشانی دەدەین کە بە تەنها بایەخ بە گیروگرفتەکانی خۆمان نادەین.
١٣ دەبێ پاڕانەوەکانمان چەند بخایەنن؟ پەرتووکی پیرۆز هیچ سنورێک دانانێ بۆ ئەوەی کە پاڕانەوەیەک بە کۆمەڵ یان بە تەنها دەبێ چەندە بخایەنێ. پاڕانەوەی بەر لە نانخواردن لەوانەیە زۆر کورت بێ، لە کاتێکدا بەتەنیا دەپاڕێینەوە و تیایدا دڵی خۆمان بۆ یەهوە هەڵدەڕێژین زۆرتر دەخایەنێ (١ ساموئێل ١:١٢، ١٥). سەرەڕای ئەوە، عیسای مەسیح دادی بەسەر ئەو کەسە خۆپەرستانە دا کە درێژە بەپاڕانەوەکانیان دەدەن تاکو خۆیان بۆ خەڵکی دەربخەن (لۆقا ٢٠:٤٦، ٤٧). ئەو جۆرە پاڕانەوانە لای یەهوە هیچ نرخێکیان نییە. زۆر گرنگە کە بە دڵێکی پاکەوە لەبەر خودا بپاڕێینەوە. کەواتە ئەو پاڕانەوانەی کە خودا لێیان ڕازییە بە گوێرەی کات و هەلومەرج لە درێژی و کورتیدا جیاوازن.
١٤ دەبێ چەند جار بپاڕێینەوە؟ پەرتووکی پیرۆز هانمان دەدا تا لەسەر پاڕانەوە بەردەوام بین و هەست بە بێزاری نەکەین (لۆقا ١٨:١؛ ڕۆما ١٢:١٢؛ ١ تەسالۆنیکی ٥:١٧). دیارە ئەوە بە واتای ئەوە نییە کە دەبێ بە درێژایی ڕۆژ تەنها بپاڕێینەوە. بەڵکو پەرتووکی پیرۆز هانمان دەدا تا بەردەوام بپاڕێینەوە، بە بەردەوامی یەهوەمان لەبیر بێ بۆ ئەو هەموو چاکەیەی کە لەگەڵمان دەکا و تامەزرۆی ئامۆژگاری و دڵنەواییەکانی بین و داوای لێبکەین بەهێزمان بکا. ئەمەش خۆی لەخۆیدا دڵنەواییە کە دەزانین هەرچەندی بمانەوێ و ئەوەندەی پێمان خۆشبێ دەتوانین لەگەڵ یەهوە بدوێن، چونکە ئەو بۆ پاڕانەوە هیچ بەرگرییەکی لەبەردەم دانەناوین. گەر بەڕاستی ڕێزمان هەبێ بۆ ئەوەی کە یەهوە دەرفەتی پەیوەندی بەستنی پێبەخشیوین، بێگومان هەلی باشمان بۆ هەڵدەکەوێ تا لەبەر باوکی ئاسمانیمان بپاڕێینەوە.
١٥ بۆچی ئێمە دەبێ لە کۆتایی پاڕانەوەدا بڵێین «ئامین»؟ واتای وشەی «ئامین» دەبێتە «بێگومان»، یان «باوابێ». لەو نموونانەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدا باسکراون دەردەکەوێ گەر بە تەنها بین یان بە کۆمەڵ، لە کۆتایی پاڕانەوەدا زۆر شتێکی گونجاوە بڵێین «ئامین» (١ هەواڵی ڕۆژان ١٦:٣٦؛ زەبوورەکان ٤١:١٣). کاتێ لە کۆتایی پاڕانەوەماندا دەڵێین «ئامین»، ئێمە دەیسەلمێنین کە پاڕانەوەکەمان بە دڵپاکییەوە ئاراستەی خودا دەکەین. کاتێ لە کۆتایی پاڕانەوەی بە کۆمەڵدا لەبەرخۆمانەوە یان بە دەنگەوە دەڵێین «ئامین»، واتای ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ ئەو شتانە یەکین کە لەو پاڕانەوەیەدا وتراون—١ کۆرنسۆس ١٤:١٦.
خودا چۆن وەڵامی پاڕانەوەکانمان دەداتەوە
١٦ ئایا بەڕاستی یەهوە وەڵامی پاڕانەوەکان دەداتەوە؟ بەڵێ، بێگومان. ئێمە دەتوانین لە قوڵایی دڵەوە دڵنیا بین لەوەی کە «بیستەری پاڕانەوەکان» وەڵامی پاڕانەوەی میلۆنەها خەڵک دەداتەوە کە بە دڵپاکییەوە لەبەری دەپاڕێنەوە (زەبوورەکان ٦٥:٢). یەهوە لەوانەیە بە شێوەی جۆراوجۆر وەڵامی پاڕانەوەکانمان بداتەوە.
١٧ بۆ وەڵامدانەوەی پاڕانەوەکانمان یەهوە کەڵک لە فریشتەکانی و خزمەتکارانی سەر زەوی وەردەگرێ (عیبرانیەکان ١:١٣، ١٤). زۆرجار ڕوویداوە کە کەسێک بۆ ئەوەی باشتر لە وشەکانی خودا تێبگات لەبەر خودا پاڕاوەتەوە و بۆ ئەم مەبەستە داوای یارمەتی کردووە، زۆری پێنەچووە هەر دوابەدوای پاڕانەوەکەی یەکێ لە خزمەتەکارانی یەهوە پەیوەندی پێوە گرتووە. ڕووداوی لەم شێوەیە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئەرکی مزگێنیدانی پادشاهێتی ئاسمان لە ژێر چاودێری فریشتەکانەوە بەڕێوە دەچێ (بینین ١٤:٦). گەر لە هەلومەرجێکدا بەڕاستی پێویستمان بە یارمەتی بێ و لەبەر خودا بپاڕێینەوە، لەوانە یەهوە بە هۆی شاهیدێکی یەهوەوە بە هاوارمانەوە بێ—پەندەکان ١٢:٢٥؛ یاقوب ٢:١٦.
١٨ یەهوە خودا هەروەها بۆ وەڵامی پاڕانەوەی خزمەتکارانی کەڵک لە ڕۆحی پیرۆزی و وشەکانی وەردەگرێ کە پەرتووکی پیرۆزە. کاتێ دەکەوینە ژێر تاقیکردنەوە و داوای یارمەتی لە خودا دەکەین لەوەڵامدا بە هۆی ڕۆحی پیرۆزەوە ڕێنمایی و هێزمان پێدەدات تا خۆڕاگربین (٢ کۆرنسۆس ٤:٧). کاتێ داوای ڕێنماییمان لە خودا کردووە زۆر جار وەڵامەکەمان لە پەرتووکی پیرۆزەوە وەرگرتۆتەوە، کە بە هۆی ئەمەوە یەهوە یارمەتی داوین تا بڕیاری ژیرانە بدەین. کاتێ خۆمان پەرتووکی پیرۆز یان بڵاوکراوەکانی شاهیدانی یەهوە کە ئەم پەرتووکەش یەکێکە لەوانە دەخوێنینەوە، وەڵامێکمان بەرچاو دەکەوێ کە لەوانەیە یارمەتیدەرمان بێ. لە کۆبوونەوەکانی شاهیدانی یەهوە لەوانەیە سەرنجمان بۆ ئەو بابەتانە ڕابکێشرێ کە پێویستە خۆمان بە قوڵی بیریان لێبکەینەوە و باشتر لێیان تێبگەین یان لەوانەیە پیرێکی دڵسۆزی کۆمەڵ ئاماژەی پێبکا—غەڵاتیە ٦:١.
١٩ ئەگەر واپێبچێ یەهوە لە وەڵامدانەوەی پاڕانەوەکانمان دواکەوتووە، هۆیەکەی هەرگیز ئەوە نییە کە لە توانایدا نییە وەڵام بداتەوە. بەڵکو دەبێ لەبیرمان بێ کە یەهوە بە گوێرەی ویست و کاتی دیاریکراوی خۆیدا وەڵام دەداتەوە. خودا زۆر لە ئێمە باشتر دەزانێ کە پێداویستیەکانمان چییە و بە چ شێوەیەک دەبێ دابین بکرێن. زۆر جار یەهوە ڕێگە دەدا تا خۆمان ‹داوای بکەین، بەدوای دا بگەڕێین و لەدەرگا بدەین› تا بیدۆزینەوە (لۆقا ١١:٥-١٠). گەر کۆڵنەدەرانە هەوڵ بدەین، خودا دەبینێ کە ویستەکەمان مەزنە و باوەڕمان ڕاستەقینەیە. لەئاکامدا لەوانەیە یەهوە بە شێوەیەک وەڵاممان بداتەوە کە زۆر بە ئاشکرا هەستی پێنەکەین. بۆ نموونە، گەر کێشەکەمان ئەوەیە کە تووشی تاقیکردنەوەیەک هاتبین، لە وەڵامدا خودا تاقیکردنەوەکە لانابات، بەڵکو هێزمان پێدەدات تا خۆی لەبەر ڕابگرین—فیلیپی ٤:١٣.
٢٠ بەڕاستی دەبێ چەند سوپاسگوزار بین بۆ ئەوەی کە ئافەریدگاری گەردوونی مەزن نزیکە لە هەموو ئەو کەسانەی کە لە پاڕانەوەدا بە دروستی هانای بۆ دەبەن (زەبوورەکان ١٤٥:١٨). بەو هیوایە کە لەو دەرفەتە بێهاوتایەی قسەکردن لەگەڵ خودا کە پاڕانەوەیە، سوودی تەواو وەربگرین. گەر ئەم کارە بکەین شادییەکی بێهاوتا چاوەڕوانمان دەکا، ئەویش زۆرتر نزیکبوونەوەیە لە بیستەری پاڕانەوەکان.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا
▪ پاڕانەوەی بەردەوام لەبەر یەهوە یارمەتیمان دەدا تا لێی نزیکتر ببینەوە—یاقوب ٤:٨.
▪ بۆ ئەوەی کە خودا گوێ لە پاڕانەوەکانمان ڕابگرێ دەبێ باوەڕمان هەبێ و بە خۆبەکەمزانینی و بە دڵپاکییەوە بپاڕێینەوە—مەرقۆس ١١:٢٤.
▪ ئێمە دەبێ لە ڕێگای ڕۆڵەکەیەوە، تەنها لەبەر یەهوە بپاڕێینەوە—مەتتا ٦:٩؛ یۆحەننا ١٤:٦.
▪ یەهوە، بیسەری پاڕانەوە بۆ وەڵامدانەوە فریشتەکانی و خزمەتکارانی سەر ڕووی زەوی و ڕۆحی پیرۆز و وشەکانی بەکار دەهێنێ—زەبوورەکان ٦٥:٢.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. بۆچی ئێمە دەبێ پاڕانەوە بە شانازییەکی مەزن بزانین و لەبەرچی پێویستمانە تا بزانین پەرتووکی پیرۆز لەسەر ئەمە چی فێر دەکا؟
٣. یەکێک لەو هۆکارە گرنگانە کە ئێمە لەبەر یەهوە دەپاڕێینەوە چییە؟
٤. پاڕانەوەی بەردەوام چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ یەهوە پتەوتر دەکا؟
٥. چی دەریدەخا کە یەهوە گوێ لە هەموو پاڕانەوەکان ناگرێ؟
٦. مەرجی سەرەکی بۆ ئەوەی کە خودا گوێ بۆ پاڕانەوەکانمان ڕابگرێ چییە و چۆن دەتوانین جێبەجێی بکەین؟
٧. (ا) بۆچی دەبێ لە پاڕانەوەدا بە ڕێزەوە لەگەڵ یەهوە بدوێن؟ (ب) کاتێ لەبەر خودا دەپاڕێینەوە چۆن دەتوانین بێفیزی و دڵپاکی خۆمان نیشانبدەین؟
٨. چۆن دەتوانین بە گوێرەی پاڕانەوەکەمان هەنگاو بنێین؟
٩. دەبێ لەبەر کێ بپاڕێینەوە و لە ڕێگای چ کەسێکەوە؟
١٠. بۆچی لە پاڕانەوەدا پێویست بە شێوەیەکی تایبەتی دەست یان لەش نییە؟
١١. هەندێ لەو شتانەی کە بۆ سوودی خۆمان دەتوانین بۆیان بپاڕێینەوە کامانەن؟
١٢. چۆن ئێمە دەبێ لە پاڕانەوەکانماندا ئەو شتانەی پەیوەندیان بە باوکی ئاسمانیمانەوە هەیە لە پلەی یەکەم دابنێین؟
١٣. پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بە دوورودرێژی پاڕانەوەکان چیمان فێردەکا؟
١٤. ئایا پەرتووکی پیرۆز مەبەستی لە چییە کە دەفەرمووێ بەردەوام بپاڕێنەوە و ئەمە لەبەر چی مایەی دڵنەواییە؟
١٥. بۆچی ئێمە دەبێ لە کۆتایی پاڕانەوەی بە تەنها یان بە کۆمەڵدا بڵێین «ئامین»؟
١٦. دەربارەی پاڕانەوە ئێمە دەبێ چ دڵنیایەکمان هەبێ؟
١٧. بۆچی دەتوانین بڵێین لە وەڵامی پاڕانەوەکانماندا خودا کەڵک لە فریشتەکان و خزمەتکارانی سەر ڕووی زەوی وەردەگرێ؟
١٨. یەهوە بۆ وەڵامدانەوەی پاڕانەوەی خزمەتکارانی چۆن کەڵک لە ڕۆحی پیرۆز و وشەکانی وەردەگرێ؟
١٩. ئایا کاتێ واپێبچێ پاڕانەوەکەمان بێوەڵام ماوەتەوە دەبێ چیمان لەبیر بێ؟
٢٠. بۆچی دەبێ لە دەرفەتی نایابی پاڕانەوە بە تەواوی کەڵک وەربگرین؟
[وێنەی لاپەڕە ١٦٥]
«دروستکاری ئاسمان و زەوی» خوازیاری گوێگرتنی پاڕانەوەکانمانە
[وێنەی لاپەڕە ١٧١]
لە هەموو هەلومەرجێکدا پاڕانەوەکانت دەبیسرێن
[وێنەی لاپەڕە ١٧٢، ١٧٣]
لە وەڵامی پاڕانەوەماندا یەهوە دەتوانێ شاهیدێکی یەهوە هانبدا تا بەهانامانەوە بێ