بەشی سێهەم
خودا چ مەبەستێکی بۆ زەوی هەیە؟
خودا بۆ مرۆڤ چ مەبەستێکی هەیە؟
خودایان بە چی تاوانبار کرد؟
لەداهاتوودا ژیان لەسەر زەوی چۆن دەبێت؟
مەبەستی خودا بۆ زەوی بە ڕاستی زۆر نایابە. خواستی یەهوە ئەوەیە کە زەوی بە خەڵکی کامەران و خاوەن تەندروستی باش، پڕبێ. پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «خوداوەند خودا باخچەیەکی لەعەدەن ... چاند. هەموو جۆرە درەختانەی دروست کرد ... درەختانێک لە بە رچاو جوان بن و بۆ خواردن خۆش بن». پاش ئەوەی خودا یەکەم ژنو پیاوی ئافراند کە ئادەم وحەوا بوون، خستنیە ئەو باخچە جوانەوە و پێی فەرموون «بەرداربن و زۆربن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە» (پەیدابوون ١:٢٨؛ ٢:٨، ٩، ١٥).a کەواتە مەبەستی خودا ئەوە بوو، مرۆڤ منداڵ بەرهەم بهێنێ، سنووری ئەم باخچەیان کە ماڵی زەوییانەیان بوو بۆ سەرانسەری زەوی بەرفراوان بکەن و ئاژەڵەکانیش بەڕێوەبەرن.
٢ ئایا تۆ پێت وایە کە مەبەستی یەهوە خودا بۆ ئەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی بەهەشتیانە بژی هەرگیز بێتەدی؟ خودا دەفەرمووێ «فەرمووم و ئەنجامی دەدەم» (ئیشایا ٤٦:٩-١١؛ ٥٥:١١). بەڵێ ئەوەی خودا مەبەستی بێ دەیهێنێتەدی! پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بە خودا دەفەرمووێ «ئەوخودایە، شێوەکێشی زەوی و دروستکەری ئەو دایمەزراند بە خۆڕایی بەدینەهێنا بۆ نیشتەجێ بوون شێوەی کێشا» (ئیشایا ٤٥:١٨). خودا دەیەوێ چ جۆرە خەڵکێک لەسەر زەوی بژین؟ هەروەها دەیەوێ ئەو خەڵکانە بۆ ماوەی چەند لە سەر زەوی بژین؟ پەرتووکی پیرۆز لە وەڵامدا دەڵێ: «ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری زەویو تاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن»—زەبوورەکان ٣٧:٢٩؛ بینین ٢١:٣، ٤.
٣ ڕوونو ئاشکرایە کە مەبەستەکانی خودا هێشتا نەهاتوونەتەدی. خەڵکی نەخۆش دەکەونو دەمرن، تەنانەت جەنگ دەکەنو یەکتری دەکوژن. لێرەدا هەڵەیەک ڕوویداوە. بێگومان ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ لە سەر زەوی بە چاوی خۆمان دەیبینین مەبەستی خودا نەبوو! باشە چی ڕوویدا؟ بۆچی مەبەستی خودا نەهاتۆتە دی؟ هیچ پەرتووکێکی مێژوویانەی لە لایەن مرۆڤ نووسراو ناتوانێ لەم بوارەدا وەڵاممان بداتەوە، چونکە کێشەکە لە ئاسمان سەریهەڵدا.
سەرهەڵدانی دوژمن
٤ یەکەم بەشی پەرتووکی پیرۆز باس لە سەرهەڵدانی بەرهەڵستکارێک لە باخچەی عەدەن دەکات، کە بە «مار» ناوی دەبردرێت، بەڵام ئەمە مارێکی ئاسایی نەبوو. دوا بەشی پەرتووکی پیرۆز بەمشێوەیە دەیناسێنێ: «بە ئیبلیسو شەیتان ناو دەبرێتو هەموو جیهان گومڕا دەکات» هەروەها بە «مارە دێرینەکە» ناودەبرێت (پەیدابوون ٣:١؛ بینین ١٢:٩). ئەو فریشتە بەتوانایە یان ئافەریدە ڕۆحانییە نەبینراوە، مارێکی بەکارهێنا تا لەگەڵ حەوادا بدوێت، هەروەک چۆن کەسێکی کارامە دەتوانێ وات نیشان بدات کە بووکە شووشەیەک قسە دەکات. گومان لەوەدا نییە کاتێک کە خودا زەوی بۆ مرۆڤ ئامادە دەکرد دەبێ ئەو فریشتەیە لەوێ بووبێت—ئەیوب ٣٨:٤، ٧.
٥ باشە گەر هەموو ئافەریدەکانی یەهوە تەواون کێ ئەو «ئیبلیسە» یان «شەیتانەی» ئافراند؟ بەکوردی و بەکورتی، یەکێک لە ڕۆڵە ڕۆحانییەکانی خودا خۆی کرد بە ئیبلیس. با بزانین شتێکی ئاوا چۆن ڕوو دەدات؟ هەندێک جار دەبینین کەسێکی ڕاستگۆ و دەستپاک دەبێتە دز. ئەمە چۆن ڕوودەدات؟ لەوانەیە ئەو کەسە ڕێگا بە ئارەزووی خراپ بدات لە دڵیدا گەشە بکات. ئەگەر ئەو بەردەوام بیری لێبکاتەوە، ئەو ئارەزووە خراپە وردە وردە بەهێز دەبێت. کاتێ هەلومەرجی گونجاوی بۆ بڕەخسێ، بەگوێرەی ئەو ئارەزووە خراپەی دەجوڵێتەوە کە بیری لێکردبووەوە—یاقوب ١:١٣-١٥.
٦ ئەوەی کە پێشتر باسمانکرد بەسەر شەیتانی ئیبلیسدا هات. شەیتان زۆر بەباشی ئاگاداری ئەوەبوو کە خودا بە ئادەمو حەوای فەرموو بوو منداڵ بەرهەم بهێننو لەگەڵ نەوەکانیان زەوی بخەنە ژێر ڕکێفیانەوە (پەیدابوون ١:٢٧، ٢٨). شەیتان لەبەرخۆیەوە لەبیری ئەوە دابوو: ئەو خەڵکە دەتوانن لەبری خودا من بپەرستن! بەمجۆرە ئارەزووی خراپ لەدڵیدا گەشەیکرد. لە ئاکامدا دەستبەکار بوو و بەدرۆ باسی خودای بۆ حەوا کردوو هەڵیخەڵەتاند (پەیدابوون ٣:١-٥). بەمجۆرە ئەو بوو بە ئیبلیس کە واتای «بوختانکەرە»، لە هەمان کاتیشدا بوو بە «شەیتان» واتە «بەرەنگاریکەر».
٧ بەدرۆو فرتوفێڵ شەیتانی ئیبلیس بوو بە هۆی ئەوەی کە ئادەمو حەوا گوێناڕایەڵی خودا بن (پەیدابوون ٢:١٧؛ ٣:٦). لەئاکامدا ئەوان مردن، هەروەک خودا پێشتر پێی فەرمووبوون ئەوان دەمرن ئەگەر گوێڕایەڵی خودا نەبن (پەیدابوون ٣:١٧-١٩). کاتێک ئادەم گوناهی کرد، بوو بە کەسێکی ناتەواو. هەموو نەوەکانی گوناهیان لەو بەمیرات گرت (ڕۆما ٥:١٢). بارودۆخەکە دەکرێ بە قالبی کێک دروستکردن بەراورد بکەین. ئەگەر قالبەکە قوپاو بێ، چی بەسەر ئەو کێکانەدا دێت کە لەو قالبەدا دروست دەکرێن؟ هەریەکێک لەوان قوپاوی تێدا دەبێت بەواتایەکی تر کێکەکان ناتەواو دەبن. بە هەمان شێوە هەموو مرۆڤێک قوپاوی ناتەواویەتی لە «ئادەم» بەمیرات گرتووە. هەر بۆیە هەموو کەسێك پیر دەبێ و دەمرێ—ڕۆما ٣:٢٣.
٨ کاتێک شەیتان هانی ئادەم و حەوای دا تا گوناه بکەن، لە ڕاستیدا ئەوە هاندانی یاخیبوون لە خودا بوو. شەیتان بەربەرەکانی شێوازی فەرمانڕەوایەتی یەهوەی کرد. لە ڕاستیدا شەیتان بەمە دەریبڕی: ‹خودا فەرمانڕەوایەکی خراپە. گوایا خودا درۆ دەکاو شتی باش لە دارودەستەی خۆی دەشارێتەوە. مرۆڤ پێویستی بە فەرمانڕەوایەتی خودا نییە و ئەوان دەتوانن بۆخۆیان بڕیار لەسەر چاکەو خراپەی خۆیان بدەن. هەروەها ئەوان لەژێر فەرمانڕەوایەتی مندا بارودۆخیان باشتر دەبێت›. ئایا ڕەفتاری خودا لەسەر بۆختانێکی ناڕەوای لەمجۆرە دەبوو چۆن بێت؟ هەندێک کەس دەڵێن خودا دەبوایە یەکسەر یاخیبووانی لەناو بردبایە. بەڵام ئایا ئەمە دەبووە وەڵام بۆ بەربەرەکانیەکەی شەیتان؟ ئایا ئەمە دەیسەلماند کە شێوازی فەرمانڕەوایەتی خودا ڕاستە؟
٩ ئەو هەستە تەواوەی کە یەهوە لە دادوەریەتیدا هەیەتی بووە هۆی ئەوەی یاخیبووەکان یەکسەر لەناو نەبات. ئەو بڕیاریدا کە بۆ وەڵامدانەوەیەکی ئاسوودەبەخش سەبارەت بە بەربەرەکانیەکەی شەیتان کات پێویست بوو تاکو درۆزنییەتی ئیبلیس بسەلمێندرێت. بەمجۆرە خودا بڕیاریدا رێگا بەمرۆڤ بدات تاکو لەژێر کاریگەری شەیتاندا بۆ ماوەیەک فەرمانڕەوایەتی خۆی بکات. بۆچی یەهوە ئەو بڕیارەی داو بۆچی ڕێگایدا ئەو ماوەیە ئەوەندە بخایەنێت تا چارەسەری کێشەکە دەکات؟ ئەم بابەتانە لەبەشی ١١ ی ئەم پەرتووکە تاوتوێ دەکرێن. بەڵام ئێستا بیر لەم پرسیارانە دەکەینەوە: ئایا ئادەمو حەوا هیچ هۆیەکیان بەدەستەوە بوو باوەڕ بەشەیتان بکەن کە هەرگیز هیچ شتێکی باشی بۆ ئەوان نەکردبوو؟ ئایا دروست بوو ئادەم حەوا باوەڕ بەوە بکەن کە یەهوە، ئەو خودایەی هەموو شتێکی بەوان بەخشی بوو، درۆزنێکی گەورە بێت؟ ئەگەر تۆ لە جێگای ئەوان بایت چیت دەکرد؟
١٠ بیرکردنەوە لەم پرسیارانە شتێکی بەجێیە، چونکە هەریەکێک لە ئێمە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەمان ئەو کێشانە دەبێتەوە. بەڵێ، تۆ هەلومەرجی ئەوەت بۆ ڕەخساوە پشتگیری یەهوە بکەیت لە وەڵامدانەوە بۆ بەربەرەکانیەکەی شەیتان. دەتوانی یەهوە وەک فەرمانڕەوای خۆت هەڵبژێری، کە یارمەتییە بۆ دەرخستنی درۆزنییەتی شەیتان (زەبوورەکان ٧٣:٢٨؛ پەندەکان ٢٧:١١) بەداخەوە تەنها خەڵکێکی کەم لەو چەند ملیار خەڵکەی کە لە سەر زەوی دەژین هەڵبژاردنێکی لەم شێوەیە دەکەن. ئەمەش پرسیارێکی گرنگ دێنێتە ئاراوە، ئایا بەڕاستی پەرتووکی پیرۆز دەریدەخا کە شەیتان فەرمانڕەوای ئەم جیهانەیە؟
کێ فەرمانڕەوایەتی جیهان دەکات؟
١١ عیسای مەسیح هەرگیز گومانی لەوەدا نەبوو کە شەیتان فەرمانڕەوای ئەم جیهانەیە. جارێک شەیتان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە «هەموو مەزنییەتیو پادشاهێتی جیهانی پێشاندا» ئینجا شەیتان بەڵێنی بە عیسا دا «هەموو ئەمانەت پێدەدەم گەر سەردانەوێنیو کڕنۆشم بۆ بەری» (مەتتا ٤:٨، ٩؛ لۆقا ٤:٥، ٦). بیر لەم پرسیارە بکەوە. ئایا شەیتان بە پێشنیارێکی لەمجۆرە هەوڵی فریودانی عیسای مەسیحی دەدا ئەگەر خۆی فەرمانڕەوای ئەو پادشاهێتییانە نەبایە؟ عیسای مەسیح نکۆڵی لەوە نەکرد کە شەیتان دەسەڵاتی بەسەر پادشاهێتییەکانی جیهاندا هەیە. ئەگەر وانەبایە بێگومان عیسای مەسیح نکۆڵی لەوە دەکرد کە شەیتان هێزی پاڵپشی ئەو پادشاهێتییانەیە.
١٢ گومان لەوەدا نییە کە یەهوە خودای هەرەبەتوانایەو ئافەریدگاری گەردوونی سەرسوڕهێنەرە (بینین ٤:١١). کەچی پەرتووکی پیرۆز لە هیچ شوێنکێدا نافەرمووێ کە یەهوە خودا یان عیسای مەسیح فەرمانڕەوای ئەم جیهانەن. بۆ نموونە عیسای مەسیح بەتایبەت ئاماژەی بەمە کرد کە شەیتان «سەرۆکی ئەم جیهانە»یە (یۆحەننا ١٢:٣١؛ ١٤:٣٠؛ ١٦:١١). پەرتووکی پیرۆز تەنانەت شەیتانی ئیبلیس وەک «خوداوەندی ئەم جیهانە» دەناسێنێ (٢ کۆرنسۆس ٤:٣، ٤). یۆحەننای نێرراو سەبارەت بەو بەرهەڵستکارە دەفەرمووێ: «هەموو جیهان لە ژێر دەستی خراپەکار ‹شەیتان› دانراوە»—١ یۆحەننا ٥:١٩.
چۆنییەتی لابردنی جیهانی شەیتان
١٣ ساڵ بەدوای ساڵ جیهان مەترسیدارتر دەبێت. جیهان پڕ بووە لە سوپای شەرفرۆشو سیاسەتمەداری ناڕاستو پێشەوایانی ئایینی دووڕوو و تاوانباری دڵڕەق. جیهان بەگشتی لەسنووری چاکبوونەوە دەرچووە. پەرتووکی پیرۆز دەریدەخا ئێمە لەو کاتە زۆر نزیکین کە خودا لەمیانەی جەنگی هەرمەگەدونی خۆی کۆتایی بە جیهانی بەدکار دەهێنێت. ئەمە ڕێگا خۆش دەکات تاکو جیهانی ڕاستودروست لە جێگای ئەو سەقامگیر بێت—بینین ١٦:١٤-١٦.
١٤ یەهوە خودا عیسای مەسیحی هەڵبژارد تاکو ببێتە فەرمانڕەوای پادشاهێتی ئاسمان، واتە فەرمانڕەوایەتی ئاسمان. زۆر لەمەوپێش پەرتووکی پیرۆز پێشبینی کرد: «کوڕێکمان دەبێت، کوڕێکمان پێ دەدرێت، سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی، ناوی لێ دەنرێت ... میری ئاشتی. گەشەسەندنی سەرۆکایەتیو ئاشتییەکەی بێ کۆتایی دەبێت» (ئیشایا ٩:٦، ٧). سەبارەت بەو پادشاهێتییە ئاسمانییە عیسای مەسیح قوتابییەکانی فێر کرد بەمجۆرە بپاڕێنەوە: «با پادشاهی تۆ بێت، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان» (مەتتا ٦:١٠). هەروەک دواتر لەم پەرتووکەدا بەرچاومان دەکەوێت، پادشاهێتی خودا هەموو ئەو پادشاهێتییانەی سەر ڕووی زەوی ڕادەماڵێ و خۆی جێگای هەمووان دەگرێتەوە (دانیال ٢:٤٤). دواتر پادشاهێتی خودا لەسەر زەوی بەهەشت بەرپادەکات.
جیهانی نوێ بەمزووانە بەرپا دەبێت
١٥ پەرتووکی پیرۆز دڵنیامان دەکات «بەگوێرەی بەڵێنی ئەو [خودا]، ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێیو زەوی نوێین کە ڕاستودروستی تیادا نیشتەجێیە» (٢ پەترۆس ٣:١٣؛ ئیشایا ٦٥:١٧). هەندێ جار پەرتووکی پیرۆز ناوی ‹زەوی› دەبات، کە لێرەدا پەرتووکی پیرۆزی کوردی بە ‹جیهان› وەریگێڕاوە، مەبەستی لەو خەڵکەیە کە لەسەر زەوی دەژین (پەیدابوون ١١:١). «زەوی نوێ» کۆمەڵگەیەکە لەو خەڵکانە پێکهاتووە کە ڕەزامەندی خودایان بەدەست هێناوە.
١٦ عیسای مەسیح بەڵێنی دا کە ئەو خەڵکانەی ڕەزامەندی خودا بەدەست دەهێنن لە سەر ئەو زەویە نوێیەی کە بەڕێوەیە بە «ژیانی هەمیشەیی» پاداشتیان دەدرێتەوە (مەرقۆس ١٠:٣٠). پەرتووکی پیرۆزەکەت بکەوەو بڕوانە یۆحەننا ٣:١٦ و ١٧:٣ لەوێدا بخوێنەوە کە عیسای مەسیح وتی، ئێمە دەبێ چی بکەین تاکو ژیانی هەمیشەیی بەدەستبهێنین. با لە پەرتووکی پیرۆزدا سەرنجی ئەو پیرۆزییانە بدەین کە خودا دەیانبەخشێت بەو کەسانەی کە شایانی وەرگرتنی پاداشتی ژیانی هەمیشەیین لە بەهەشتی سەر زەوی کە بەڕێوەیە.
١٧ ئیتر بەدکاریو جەنگو تاوانو توندوتیژی نامێنن. «پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت ... بەڵام دڵنەرمەکان دەبنە میراتگری زەوی» (زەبوورەکان ٣٧:١٠، ١١). ئاشتی لەسەر زەوی بەرقەرار دەبێت چونکە خودا «جەنگەکان ڕادەگرێت تا ئەوپەڕی جیهان» (زەبوورەکان ٤٦:٩؛ ئیشایا ٢:٤). ئەوکات «ڕاستودروستان لە ڕۆژانی ئەو شکۆفە دەکەن، ئاشتییەکی زۆر دەبێت، تا فەوتانی مانگ». واتە ئاشتی بۆ هەمیشە دەبێیت—زەبوورەکان ٧٢:٧.
١٨ ئەوانەی یەهوە دەپەرستن لە ئاشتیو ئاسایشدا دەژین. لە پەرتووکی پیرۆزدا باسکراوە، تا ئەو کاتەی ئیسرائیلییەکان گوێڕایەڵی خودایان دەکرد لە ئاشتیو ئاسایشدا دەژیان (لێڤییەکان ٢٥:١٩،١٨). ئای کە چەند شتێکی خۆشە لە بەهەشتدا چێژ لە ئاسایشێکی لەمجۆرە وەردەگرین—ئیشایا ٣٢:١٨؛ میخا ٤:٤.
١٩ برسێتی نامێنی. زەبوورنووس بەگۆرانی دەیڵێ «دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی دەبێت، لەسەر لووتکەی چیاکان، بەرهەمی وەک لوبنان دەشەکێتەوە» (زەبوورەکان ٧٢:١٦). یەهوە خودا ڕاستودروستانی خۆی پیرۆز دەکاتو «زەوی بەربووم» دەدات—زەبوورەکان ٦٧:٦.
٢٠ زەوی هەمووی دەبێتە بەهەشت. خانوو و باخچەی جوان دروست دەکرێنەوە لەسەر ئەو خاکەی کە پێشتر لەلایەن مرۆڤی بەدکارەوە کاولکرابوو (ئیشایا ٦٥:٢١-٢٤؛ بینین ١١:١٨). وردە وردە پارچەکانی زەوی جوان دەکرێنەوە تاکو هەموو گۆی زەوی وەک باخچەی عەدەن جوانو بە بەرهەم دەبێت. بەدڵنیاییەوە خودا بۆ هەمیشە ‹دەستی دەکاتەوە، ئارەزووی هەموو زیندوویەک تێر دەکات›—زەبوورەکان ١٤٥:١٦.
٢١ ئاشتی لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵاندا بەرقەرار دەبێت. ئاژەڵی دڕندەو دەستەمۆ بەیەکەوە دەلەوەڕێن. تەنانەت منداڵی بچوکیش پێویست ناکات لەو ئاژەڵانە بترسن کە ئێستا مەترسیدارن—ئیشایا ١١:٦-٩؛ ٦٥:٢٥.
٢٢ ئیتر نەخۆشی نامێنێ. عیسای مەسیح کە فەرمانڕەواي پادشاهێتی خودایە لە ئاسمان، بە ئاستێکی زۆر بەرفراوانتر نەخۆشەکان چاک دەکاتەوەی لەوەی کە لە کاتی خۆی لەسەر زەوی کردی (مەتتا ٩:٣٥؛ مەرقۆس ١:٤٠-٤٢؛ یۆحەننا ٥:٥-٩). «هیچکام لە دانیشتوانی ئەوێ ناڵێت: ‹نەخۆش کەوتم.›»—ئیشایا ٣٣:٢٤؛ ٣٥:٥، ٦ (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی).
٢٣ ئەو کەسە خۆشەویستانەمان کە مردوون زیندوو دەکرێنەوە بە جۆرێک ئیتر هەرگیز نامرنەوە. هەموو ئەوانەی کە مردوون، لەبیری خودا دان و سەرلەنوێ زیندوو دەکرێنەوە. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ئەوەش هەستانەوەی مردووانە بە خراپو باشیان»—کرداری نێرراوان ٢٤:١٥؛ یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩.
٢٤ چ داهاتوویەکی درەوشاوە بۆ ئەو کەسانە دابین دەکرێت کە بڕیاری فێربوونو ناسینی یەهوە خودایان داوە کە ئافەریدگاری هەرەمەزنیانەو دەیانەوێ بیپەرستن! ئەو بەهەشتەی بەڕێوەیە هەر ئەوەیە کە عیسای مەسیح باسی لێکرد کاتێک بەڵێنی بەو تاوانبارە دا کە لەپەنایەوە مرد: «تۆ لەبەهەشت لەگەڵم دەبیت» (لۆقا ٢٣:٤٣) (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). ناسینی عیسای مەسیح گرنگییەکی تایبەتی هەیە چونکە لەڕێگای ئەوەوە هەموو ئەم پیرۆزیانە مسۆگەر دەبن.
[پهڕاوێز]
a لە تەوڕاتدا هاتووە کە فوڕات ناوی یەکێ لە ڕووباڕەکانی بەهەشتی عەدەنە (پەیدابوون ٢:١٠، ١٤). کەوابوو شوێنی بنەڕەتی باخچەی عەدەن لە نزیک سەرچاوەی ڕووباڕی فوڕاتەوە بوو کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات.
▪ مەبەستی خودا کە زەوی دەکات بە بەهەشت، دێتە دی—ئیشایا ٤٥:١٨؛ ٥٥:١١.
▪ شەیتان ئێستا فەرمانڕەوایی جیهان دەکات—یۆحەننا ١٢:٣١؛ ١ یۆحەننا ٥:١٩.
▪ لەو جیهانە نوێیەی کە بەڕێوەیە، خودا پیرۆزییەکی زۆر بە مرۆڤ دەبەخشێ—زەبوورەکان ٣٧:١٠، ١١، ٢٩.
[پرسیارەکانی وانە]
١. مەبەستی خودا بۆ زەوی چیە؟
٢. (ا) ئایا ئێمە چۆن دەزانین مەبەستی خودا بۆ زەوی چیە؟ (ب) پەرتووکی پیرۆز لە سەر ژیانی هەمیشەیی بۆ مرۆڤ چی دەڵێ؟
٣. چ بارودۆخێکی ناخۆش ئێستا لە سەر زەوی هەیە، ئەم هەلومەرجە چ پرسێارێک دێنێتە ئاراوە؟
٤، ٥. (ا) کێ بوو ئەوەی لە ڕێگای مارێکەوە لەگەڵ حەوا دوا؟ (ب) چۆن کەسێک کە دەستپاکو ڕاستگۆیە لەوانەیە ببێت بەدز؟
٦. چۆن یەکێک لە ڕۆڵە ڕۆحانییە بەهێزەکانی خودا بوو بە شەیتانی ئیبلیس؟
٧. (ا) ئادەمو حەوا بۆچی مردن؟ (ب) بۆچی هەموو نەوەکانی ئادەمو حەوا پیردەبنو دەمرن؟
٨، ٩. (ا) ئایا شەیتان چ بەربەرەکانییەکی بەرچاوی لەگەڵ خودا کرد؟ (ب) بۆچی خودا یاخیبووانی یەکسەر لەناونەبرد؟
١٠. چۆن دەتوانی پشتگیری خۆت بۆ خودا لە وەڵامدانەوەی بۆ بەربەرەکانیەتی شەیتان نیشان بدەی؟
١١، ١٢. (ا) ئایا هەوڵەکەی شەیتان بۆ فریودانی عیسای مەسیح چۆن دەریدەخا کە ئەو فەرمانڕەوای ئەم جیهانەیە؟ (ب) چ بەڵگەیەکیتر هەیە کە دەریدەخا شەیتان فەرمانڕەوای ئەم جیهانەیە؟
١٣. بۆچی پێویستیمان بە جیهانی نوێ هەیە؟
١٤. خودا کێی بە فەرمانڕەوای پادشاهێتی ئاسمان هەڵبژارد و ئەمە چۆن پێشبینی کرابوو؟
١٥. «زەوی نوێ» چییە؟
١٦. ئەو پاداشتە بەنرخە چییە خودا بەو کەسانەی دەبەخشێ کە ڕەزامەندی ئەویان بەدەستهێناوە، ئێمە بۆ بەدەستهێنانی ئەمە دەبێ چی بکەین؟
١٧، ١٨. چۆن دەتوانین دڵنیابین لەوەی ئاشتیو ئاسایش لەسەرانسەری زەوی بەرقەرار دەبێت؟
١٩. بۆچی ئێمە دەزانین لە جیهانی نوێی خودادا خواردەمەنی بەبەرفراوانی دەبێت؟
٢٠. بۆچی دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە زەوی هەمووی دەبێتە بەهەشت؟
٢١. چی دەریدەخا کە ئاشتی لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵان دێتەدی؟
٢٢. نەخۆشی چی بەسەر دێت؟
٢٣. بۆچی زیندووبوونەوەی مردووەکان خۆشی دەهێنێتە دڵمانەوە؟
٢٤. ئایا تۆ سەبارەت بە ژیان لە بەهەشتی سەر زەوی چۆن بیردەکەیتەوە؟
[وێنەی لاپەڕە ٣١]
ئایا شەیتان چۆن دەیتوانی هەموو پادشاهێتییەکانی جیهانی پێشکەش بکات ئەگەر خۆی خاوەنیان نەبووایە؟
[وێنەی لاپەڕە ٣٤]