بەشی هەژدەهەم
لە ئاو هەڵکێشان و پەیوەندی تۆ لەگەڵ خودا
لە ئاو هەڵکێشانی مەسیحییەکی ڕاستەقینە چۆن بەڕێوە دەچێ؟
ئەو هەنگاوانەی کە بەر لە ئاوهەڵکێشان دەبێ بیاننێیت کامانەن؟
کەسێک چۆن خۆی بۆ خودا تەرخان دەکا؟
هۆی سەرەکی خۆ لە ئاو هەڵکێشان چییە؟
کاربەدەستی کۆشکی پاشایی وڵاتی حەبەشە لەسەدەی یەکەمدا ئەو پرسیارەی کرد: ئەوە ئاوە، چی ڕێم لێدەگرێ لە ئاو هەڵبکێشرێم؟ مەسیحییەک بە ناوی فیلیپۆس بۆ ئەم کاربەدەستەی باسکردبوو کە مەسیحی بەڵێن لەسەردراو عیسایە. ئەو پیاوە حەبەشییە ئەوەی کە لە پەرتووکی پیرۆزەوە فێری بوو زۆر کاریتێکردبوو و هەربۆیە ویستی ئەوەی فێری بووە جێبەجێی بکا. ئەو نیشانیدا کە دەیەوێ لە ئاو هەڵکێشرێ!—کرداری نێرراوان ٨:٢٦-٣٦.
٢ ئەگەر تۆ بەشەکانی پێشتری ئەم پەرتووکەت بە وریاییەوە لەگەڵ یەکێ لە شاهیدانی یەهوە خوێندبێت، لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێ پرسیار بکەی، ‹چ شتێک بەر بەوە دەگرێ تا لە ئاو هەڵکێشرێم؟› لەو ماوەیەدا تۆ فێری بووی کە پەرتووکی پیرۆز بەڵێنی ژیانی هەمیشەیی لە بەهەشتدا دەدا (لۆقا ٢٣:٤٣؛ بینین ٢١:٣، ٤). تۆ هەروەها فێری ئەوە بووی کە بەڕاستی بارودۆخی مردووان چۆنە و هیوای زیندووکردنەوە چییە (کۆمکار ٩:٥؛ یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩). لەوانەیە بەشداری کۆبوونەوەکانی شاهیدانی یەهوەت کردبێ کە بە کۆمەڵ بەڕێوە دەچن و بە چاوی خۆت بینیبێت بە چ شێوەیەک ئایینی ڕاستەقینە پەیڕەو دەکەن (یۆحەننا ١٣:٣٥). لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە کە تۆ بەردەوام پەیوەندی تاکی خۆت لەگەڵ یەهوە خودا گەشە پێداوە.
٣ تۆ چۆن دەتوانی نیشانیبدەی کە دەتەوێ خزمەتی خودا بکەی؟ عیسای مەسیح بە هاوڕێیەکانی فەرموو: «بڕۆن، هەموو گەلان بکەن بە قوتابی ... لە ئاویان هەڵکێشن» (مەتتا ٢٨:١٩). بۆ ئەم مەبەستە عیسا خۆی نموونەیەکی دایە دەستەوە کاتێ لە ئاو هەڵکێشرا. ئەوەش بەمجۆرە نەبوو کە ئاوی پێدا بپڕژێندرێ یان هەر دەستی تەڕ بەسەر سەریدا بهێندرێ (مەتتا ٣:١٦). ئەو وشەیەی کە لە زمانی یۆنانییەوە بۆ «لە ئاو هەڵکێشران» وەرگێڕدراوە لەڕاستیدا واتای «نوقمکردنە». کەوابو لە ئاوهەڵکێشان لە ئایینی مەسیحیدا واتای ئەوەیە کەسەکە بە تەواوی نوقمبکرێ یان بخرێتە ژێر ئاوەوە.
٤ لە ئاو هەڵکێشران ئەرکێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لەگەڵ یەهوە خودا پەیوەندیان هەبێ. کاتێ بە ئاشکرایی لە ئاو هەڵدەکێشرێی، ویستی تۆ بۆ خزمەتکردنی خودا دەردەخا. ئەوە دەریدەخا کە تۆ دڵشادی بەوەی کە ویستی خودا پەیڕەو دەکەی (زەبوورەکان ٤٠:٧، ٨). بۆئەوەی کە شیاوی لە ئاو هەڵکێشران بی، لەسەرت پێویستە چەند هەنگاوێکی دیاریکراو بنێی.
زانیاری و باوەڕ پێویستن
٥ تۆ لەمەوپێش یەکەم هەنگاوت ناوە. چۆن؟ لە ڕێگای خوێندنی بەردەوامی پەرتووکی پیرۆزەوە زانیاریت دەربارەی یەهوە خودا و عیسای مەسیح بەدەست هێناوە (یۆحەننا ١٧:٣). بەڵام زۆر شتی دیکە ماون بۆ ئەوەی فێریان بی. مەسیحییە ڕاستەقینەکان دەیانهەوێ بە تێروتەسەلی دانایی و تێگەیشتنی ڕاستەقینە لەسەر خواستی خودا بەدەستبهێنن (کۆلۆسی ١:٩). بۆ گەییشتن بەم مەبەستە بەشداری کردن لە کۆبوونەوەکانی شاهیدانی یەهوە زۆر یارمەتیدەرە. ئامادەبوون لەم کۆبوونەوانەدا گرنگە (عیبرانیەکان ١٠:٢٤، ٢٥). گەر بە بەردەوامی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵی شاهیدانی یەهوەدا ئامادە بی، دەبێتە هۆی ئەوەی زانیاریت لەسەر خودا گەشە بکا.
٦ بۆ ئەوەی کە شیاوی لە ئاو هەڵکێشران بی بێگومان پێویست نییە تا هەموو ئەو شتانەی لە پەرتووکی پیرۆزدا هەیە بیانزانی. کاربەدەستی کۆشکی پاشایی حەبەشە هەندێ زانیاری هەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی کە لە هەندێ بەشی دیاریکراوی پەرتووکی پیرۆز تێبگا، پێویستی بە یارمەتی هەبوو (کرداری نێرراوان ٨:٣٠، ٣١). هەر بە هەمان شێوە، جارێ تۆش زۆر شتی دیکە هەیە دەبێ فێری بی. لە ڕاستیدا تۆ بۆ فێر بوون دەربارەی خودا هەرگیز ناگەیتە کۆتایی (کۆمکار ٣:١١). بەڵام بەر لەوەی کە لە ئاو هەڵکێشرابی بە لانی کەمەوە پێویستە فێرکارییەکانی بنەڕەتی پەرتووکی پیرۆز فێر بی و قەبووڵیان بکەی (عیبرانیەکان ٥:١٢). فێرکاری وەک بارودۆخی مردووان و گرنگی ناوی خودا و پادشاهێتییەکەی فێر بووبی و قەبوولت کردبن.
٧ هەر بە تەنها زانیاری بەس نییە، چونکە «بێ باوەڕ ڕەزامەندی خودا بەدەست نایەت» (عیبرانیەکان ١١:٦). پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ کاتێ هەندێ لە خەڵکی شاری کۆرنسۆسی کۆن پەیامی مەسیحییەکانیان بیست «باوەڕیان هێنا و لەئاوهەڵکێشران» (کرداری نێرراوان ١٨:٨). بەهەمان شێوە خوێندنی پەرتووکی پیرۆز دەبێ باوەڕێکی پتەو لە تۆدا پەرە پێبدا، چونکە ئەم پەرتووکە لە لایان خوداوە سروشکراوە. خوێندنی پەرتووکی پیرۆز دەبێ یارمەتیت بدا بۆ ئەوەی باوەر بەوە بهێنی کە بەڵێنییەکانی خودا ڕاستن و قوربانییەکەی عیسای مەسیح دەتوانێ ڕزگارت بکا—یەشوع ٢٣:١٤؛ کرداری نێرراوان ٤:١٢؛ ٢ تیمۆساوس ٣:١٦، ١٧.
ڕاستییەکانی پەرتووکی پیرۆز بۆ خەڵکی باس بکە
٨ کاتێ باوەڕ لە دڵتدا گەشە دەکا، خۆت هەست پێدەکەی زۆر لات دژوارە ئەو شتانەی فێریان بووی لەدڵی خۆتدا بیانهێڵییەوەو بۆ کەسیان باس نەکەی (یرمیا ٢٠:٩). هەر بۆیە ویستێکی بەهێز لە خۆتدا هەست پێدەکەی بۆ ئەوەی لەسەر خودا و مەبەستەکانی لەگەڵ خەڵکی بدوێی—٢ کۆرنسۆس ٤:١٣.
٩ لەوانەیە لە سەرەتادا بەنەرمونیانییەوە ڕاستییەکانی پەرتووکی پیرۆز بۆ کەسوکار و دۆست و جیران و هاوکارەکانت باس بکەی. پاش ماوەیەک دەتهەوێ لە کاری رێکخراوانەی مزگێنیدان بەشداری لەگەڵ شاهیدانی یەهوەدا بکەی. دوودڵ مەبەو نیازی دڵت لەگەڵ ئەو شاهیدی یەهوەیە باس بکە کە پەرتووکی پیرۆزی لەگەڵ تۆ دەخوێنێ. گەر دەربکەوێ کە شیاوی ئەوەی تا بە ئاشکرایی بەشداری لە خزمەتی مزگێنیداندا بکەی، ئەو کات بە بەشداری تۆ و مامۆستاکەت لەگەڵ دوو پیری ناو کۆمەڵەکەتان چاوپێکەوتن ڕێکدەخرێ و لەسەر ئەم بابەتە قسە دەکرێ.
١٠ بەمجۆرە هەلت بۆ دەڕەخسێ تا لەگەڵ هەندێ لە پیرانی شاهیدانی یەهوە، ئەوانەی کە شوانییەتی مێگەلی خودا دەکەن ئاشنا بی (کرداری نێرراوان ٢٠:٢٨؛ ١ پەترۆس ٥:٢، ٣). کاتێ ئەو پیرانەی کۆمەڵ بینیان کە تۆ لە فێرکارییە سەرەکییەکانی پەرتووکی پیرۆز تێدەگەی و باوەڕت پێیانە و بە گوێرەی بنەماکانی خودا دەژی و بەڕاستی دەتەوێ ببیە یەکێ لە شاهیدانی یەهوە، پێت ڕادەگەیەنن کە تۆ وەک شاهیدێکی یەهوەی لە ئاو هەڵنەکێشراو شیاوی ئەوەی تا لە کاری خزمەتی مزگێنی گشتیدا بەشداری لە چالاکی مزگێنی هەواڵی خۆش بکەی.
١١ لە لایەکی ترەوە لەوانەیە پێویست بکا هەندێ گۆڕانکاری لە شێوەی ژیانت و خووەکانتدا پێکبهێنی تا شیاوی ئەوە بی بە ئاشکرایی مزگێنی بە خەڵکی بدەی. بەو واتایەی کە لەوانەیە هەندێ کرداری کە بە شاراوەیەی دەیانکەی دەبێ وازیان لێ بهێنی. بەرلەوەی باسی ئەوە بکەی کە دەتەوێ ببی بە شاهیدی لە ئاو هەڵنەکێشراو، دەبێ دەستت لە گوناهی گەورەی وەک داوێنپیسی و گیرۆدەیی مەی و ماددە بێهۆشکەرەکان هەڵگرتبێ—١ کۆرنسۆس ٦:٩، ١٠؛ غەڵاتیە ٥:١٩-٢١.
پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە
١٢ بەر لەوەی کە شیاوی لە ئاو هەڵکێشران بی دەبێ هەندێ هەنگاوی دیکەش بنێی. پەترۆسی نێرراو وتی: «تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە تا گوناهەکانتان بسڕێنەوە» (کرداری نێرراوان ٣:١٩). پەشیمان بوونەوە واتای ئەوەیە کە کەسێک بە هۆی کردەوەیەکی کە کردوویەتی بەڕاستی هەست بە شەرمەزاری بکا. پەشیمانی بۆ کەسێک پێویستە کە ئاکاری داوێنپیسی کردبێت، بەڵام هەروەها بۆ ئەو کەسانەش پێویستە کە تا ڕاددەیەک خووڕەوشتێکی باشی هەبووە. بۆچی؟ چونکە مروڤ هەموویان گوناهکارن و پێویستیان بە لێبوردنە لە لایان خوداوە (ڕۆما ٣:٢٣؛ ٥:١٢). بەر لەوەی کە پەرتووکی پیرۆز بخوێنی خواستەکانی خودات نەدەزانی. هەر بۆیە کاتێ ئەو زانیارییەت نەبووە چۆن دەتوانی گونجاو لەگەڵ ویستی خودا ژیان بکەی؟ کەواتە پەشیمان بوونەوە پێویستە.
١٣ دوابەدوای پەشیمان بوونەوە کاری یەکەم گۆڕانە واتە گەڕانەوە لەو کارانەی کە کردووتە. لە پاڵ هەست بە پەشیمانیکردندا پێویستە شتی تریش بکەی. دەبێ بە تەواوی شێوەی ژیانی پێشوت جێبهێڵیو بڕیاری پتەو بدەی تا لەمەوبەدوا ئەوەی دروستە بیکەی. تۆ بەر لەوەی کە لە ئاوهەڵبکێشرێی دەبێ پەشیمان بی و گۆڕان بەسەر خۆتدا بهێنی.
خۆت تەرخان بکە
١٤ هەنگاوێکی گرنگی تر هەیە کە دەبێ بەر لە ئاوهەڵکێشران بینێی. دەبێ خۆت بۆ یەهوە تەرخان بکەی.
١٥ کاتێ بە دڵپاکییەوە لە ڕێگای پاڕانەوەدا خۆت بۆ یەهوە خودا تەرخان دەکەی، تۆ بەڵێنی پێدەدەی تا بۆ هەمیشە خزمەتی خودا بکەی (وتەکان ٦:١٥). بۆچی کەسێک بە ویستی خۆی دەیەوێ ببێت بە خزمەتکاری خودا؟ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە بیر لەوە بکەوە کە پیاوێک کچێکی خۆش دەوێ. هەرچی باشتر کچەکە دەناسێ و تایبەتمەندییە باشەکانی دەبینێ، زۆرتر ئۆگری دەبێ و دەیەوێ لێی نزیکتر ببێتەوە. هەر بۆیە شتێکی ئاساییە لە کاتێکی گونجاودا دەچێتە خوازبێنی تا بیهێنێ. ڕاستە ژن هێنان بەرپرسیارییەتی بەدواوەیە، بەڵام خۆشەویستییەکە هانی دەدا تا ئەو هەنگاوە گرنگە بنێ.
١٦ کاتێ تۆ یەهوە بناسی و خۆشت بوێ هاندەدرێی تا خزمەتی بکەی. بۆ ئەم مەبەستەش دوودڵ نابێ و هیچ شتێکیش ناتوانێ پێشت پێبگرێ یاخود لەو بوارەدا سنورت لەبەردەم دابنێ. هەرکەسێک بیەوێ بێتە سەر ڕێبازی ڕۆڵەی خودا کە عیسای مەسیحە، دەبێ «واز لە خۆی بهێنێت» (مەرقۆس ٨:٣٤). ئێمە کاتێ دڵنیا بین کە داخوازی و ئامانجەکانی خۆمان ڕێگرمان نین بۆ ئەوەی بە تەواوی گوێڕایەڵی خودا بین، واتای ئەوەیە کە وازمان لە خۆمان هێناوە. بەر لەوەی کە بتوانی لە ئاو هەڵکێشرێی پێویستە جێبەجێکردنی خواستەکانی خودا لەژیانتدا مەبەستی سەرەکیت بێ—١ پەترۆس ٤:٢.
زاڵبوون بەسەر ترسی شکست هێنان
١٧ هەندێ کەس خۆیان بۆ یەهوە تەرخان ناکەن، لەبەر ئەوەی کە دەترسن ئەم هەنگاوە گرنگە بنێن. ئەو کەسانە لەوانەیە لەوە بترسن بەرامبەر بە خودا بەرپرسیاریەتییان دەکەوێتە سەرشان. لە ترسی ئەوەی کە شکست بهێنن و دڵی یەهوە بشکێنن، دەگەنە ئەو ئاکامە کە باشترین شت ئەوەیە کە خۆیان بۆ خودا تەرخان نەکەن.
١٨ کاتێ خۆشەویستیت بۆ یەهوە وردە وردە گەشە دەکا، هاندەدرێی خۆتی بۆ تەرخان بکەی و تەواوی کۆششی خۆت بخەیتەگەڕ بۆئەوەی بە گوێرەی ئەوەی بەڵێنت لەسەر داوە ژیان بەسەر بەری (کۆمکار ٥:٤). پاش ئەوەی خۆت تەرخان کرد، بێگومان تۆش وەکو ئەوانەی دەیانەوێ «بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن لە ژیان شایانی خوداوەند [یەهوە] بێتو بە تەواوی جێگای ڕەزامەندی ئەو بێت» هەڵسوکەوت بکەی (کۆلۆسی ١:١٠). چونکە خودات خۆش دەوێ هەرگیز وابیر ناکەیەوە کە پەیڕەو کردنی ڕاسپاردەکانی خودا ئەرکێکی گرانن. بێگومان تۆش هەروەک یۆحەننا بیر دەکەیەوە، کە وتی: «چونکە ئەمە خۆشەویستی خودایە، کار بە ڕاسپاردەکانی بکەین، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین»—١ یۆحەننا ٥:٣.
١٩ پێویست ناکا مرۆڤێکی تەواو بی تاکو خۆت بۆ خودا تەرخان بکەی. یەهوە باش ئاگادارە کە توانای تۆ چەندەو هەرگیز زیاتر لەوەت لێ چاوەڕێ ناکا کە دەتوانی بیکەی (زەبوورەکان ١٠٣:١٤). خودا دەیەوێ تۆ سەرکەوتن بەدەست بهێنی، هەر بۆیە پشتیوانی و یارمەتیت دەکا (ئیشایا ٤١:١٠). دەتوانی دڵنیا بی، گەر تۆ پڕ بەدڵ متمانە بە یەهوە بکەی «ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات»—پەندەکان ٣:٥، ٦.
خۆ لە ئاو هەڵکێشان نیشانەی تەرخان کردنە
٢٠ گەر تێبینی ئەو شتانە بکەی کە ئێستا باسمان کردن لەوانەیە یارمەتیت بدا تا لەڕێگای پاڕانەوە خۆت بۆ یەهوە تەرخان بکەی. هەر کەسێکی بە ڕاستی خودای خۆشدەوێ دەبێ بە ئاشکرایی دانیپێدابنێ بۆ ئەوەی ڕزگاری بێ (ڕۆما ١٠:١٠). چۆن دەکرێ بە شێوەی ئاشکرا ئەم کارە بکرێ؟
٢١ تۆ دەبێ بەڕێوەبەری پیرانی کۆمەڵ ئاگادار بکەی کە دەتەوێ لە ئاو هەڵبکێشرێی. ئەویش یارمەتی دەدا تا هەندێ لە پیرانی کۆمەڵ لەگەڵت چاوپێکەوتن بکەن و چەند پرسیارێکت لەسەر فێرکارییە سەرەکییەکانی پەرتووکی پیرۆز لێبکەن. ئەگەر ئەو پیرانەی کۆمەڵ بەو ئاکامە بگەن کە تۆ شیاوی لە ئاو هەڵکێشانی، ئەوا ئاگادارت دەکەنەوە تا لە دەرفەتێکی گونجاودا لە ئاو هەڵبکێشرێی.a ئەو وتارەی کە تیشک دەخاتە سەر گرنگی بابەتی لە ئاو هەڵکێشران لەو بۆنەیەدا پێشکەش دەکرێ. پاشان وتاربێژ لەو کەسانەی کە بۆ لە ئاو هەڵکێشران ئامادەن داوا دەکات تا وەڵامی دوو پرسیار سەرەکی بدەنەوە کە ئەمەش شێوەیەکە بۆ ئەوەی بە بیستراوی «دەربڕینێکی گشتی» لەسەر باوەڕەکەیان ڕابگەیەنن.
٢٢ بە هۆی لە ئاو هەڵکێشرانەوە دەردەکەوێ کە ئەو کەسە خۆی بۆ یەهوە تەرخان کردووەو ئێستاش بووەتە شاهیدێکی یەهوە. پاڵێوراوی لە ئاو هەڵکێشران تەواو لە ئاودا نوقم دەکرێ تا بە ئاشکرایی نیشانبدرێ کە ئەو خۆی بۆ یەهوە تەرخان کردووە.
واتای لە ئاو هەڵکێشرانت
٢٣ عیسای مەسیح فەرمووی کە قوتابییەکانی دەبێ «بە ناوی باوک و ڕۆڵە و ڕۆحی پیرۆز» لە ئاو هەڵکێشرێن (مەتتا ٢٨:١٩). واتای ئەوەیە کە پاڵێوراوانی لە ئاو هەڵکێشران دان دەنێن بە دەسەڵاتی یەهوە خودا و عیسای مەسیحەوە (زەبوورەکان ٨٣:١٨؛ مەتتا ٢٨:١٨). هەروەها دان بە بوونی ڕۆحی پیرۆزی خودا دەنێ، کە هێزێکی کاریگەرە تاکو ئەرک و کردەوەکان بە ئەنجام بگەن—غەڵاتیە ٥:٢٢، ٢٣؛ ٢ پەترۆس ١:٢١.
٢٤ لە ئاو هەڵکێشران تەنها لە ئاو نوقم کردنێکی ئاسایی نییە. بەڵکو نیشانەی شتێکی زۆر گرنگە. بە تەواوی لە ژێر ئاوەدا نوقم بوون نیشانەی ئەوەیە کە شێوەی ژیانی ڕابردووت مرد. هاتنەدەرەوە لە ئاوەکە نیشانەی ئەوەیە کە تۆ بۆ پەیڕەو کردنی خواستی خودا زیندووبوویتەوە. هەروەها لە بیریشت بێ کە تۆ خۆت بۆ کارێک، شتێک، مرۆڤێک یان ڕێکخراوێک تەرخان نەکردووە، بەڵکو خۆت بۆ یەهوە خودا تەرخان کردووە. خۆ تەرخانکردن و لە ئاو هەڵکێشران سەرەتایەکن بۆ دۆستایەتییەکی زۆر پتەو و پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ خودا دا—زەبوورەکان ٢٥:١٤.
٢٥ بەتەنها لە ئاو هەڵکێشران ڕزگار بوونت مسۆگەر ناکا. پۆڵسی نێرراو نووسی: «بۆ ڕزگاربوونتان بە ترس و لەرزەوە کار بکەن» (فیلیپی ٢:١٢). لە ئاو هەڵکێشران سەرەتایەکە. بەڵام چۆن دەتوانی لە خۆشەویستی خودادا بمێنینە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە بەشی کۆتایی ئەم پەرتووکە دا دەدرێتەوە.
[ژێرنووس]
a لە ئاو هەڵکێشان هەمیشە لەو کۆنگرانە ساز دەدرێ کە هەموو ساڵێک لە لایان شاهیدانی یەهوەوە دەبەسترێن.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا
▪ لە ئاو هەڵکێشان بۆ شاهیدێکی یەهوە ئەوەیە کە دەبێ تەواو لە ئاودا نوقم بکرێ نەک تەنها ئاوی پێدا بپڕژێندرێ —مەتتا ٣:١٦.
▪ هەنگاوەکانی بەر لە ئاو هەڵکێشران بریتین لە: زانیاری وەرگرتن، پەشیمان بوونەوە و دەربڕینی باوەڕ، گەڕانەوە و خۆ بۆ خودا تەرخان کردن—یۆحەننا ١٧:٣؛ کرداری نێرراوان ٣:١٩؛ ١٨:٨.
▪ لەپێناوی خۆ تەرخان کردن بۆ یەهوە دەبێ واز لە خۆت بهێنی هەروەک ئەو خەڵکانەی بوون بە قوتابی عیسا وازیان لە خۆیان هێنا—مەرقۆس ٨:٣٤.
▪ لە ئاو هەڵکێشران وێنەی ئەوەیە کە شێوەی ژیانی کۆنت دەمرێ و بۆ جێبەجێکردنی خواستی خودا زیندوو دەبییەوە—١ پەترۆس ٤:٢.
[پرسیارەکانی وانە]
١. بۆچی کارمەندی کۆشکی پادشای حەبەشە داوای کرد تا لە ئاو هەڵکێشرێ؟
٢. بۆچی دەبێ بە ڕاستی بیر لە ئاو هەڵکێشران بکەیەوە؟
٣. (ا) عیسای مەسیح چ ڕاسپاردەیەکی بە هاوڕێیەکانی دا؟ (ب) لە ئاو هەڵکێشان دەبێ بە چ شێوەیەک بکرێ؟
٤. لە ئاو هەڵکێشران چی دەردەخا؟
٥. (ا) یەکەمین هەنگاو بۆئەوەی شیاوی لە ئاو هەڵکێشران بی چییە؟ (ب) بۆچی کۆبوونەوەکانی شاهیدانی یەهوە بۆ تۆ گرنگن؟
٦. بۆ ئەوەی شیاوی لە ئاو هەڵکێشان بی دەبێ تا چ ئاستێک لە سەر فێرکارییەکانی پەرتووکی پیرۆز زانیاریت هەبێ؟
٧. خوێندنی پەرتووکی پیرۆز دەبێ چ کاریگەرییەکی لەسەر تۆ هەبێ؟
٨. چ شتێک هانت دەدا تا ئەوەی فێری بووی لەگەڵ خەڵکی باسی بکەی؟
٩، ١٠. (ا) لە سەرەتادا لەوانەیە ڕاستییەکانی پەرتووکی پیرۆز لەگەڵ کێ باس بکەی؟ (ب) ئایا بۆ ئەوەی بتوانی لە کاری رێکخراوانەی مزگێنیدان لەگەڵ شاهیدانی یەهوە بەشداری بکەی دەبێ چی بکەی؟
١١. ئایا هەندێ کەس بەر لەوەی کە شیاوی بەشداری لە کاری مزگێنیدانی گشتی بن، دەبێ چ گۆڕانکارییەک لە خۆیاندا پێکبهێنن؟
١٢. بۆچی پەشیمانی پێویستە؟
١٣. مەبەست لە گۆڕان چییە؟
١٤. بەر لە ئاو هەڵکێشران تۆ دەبێ چ هەنگاوێکی گرنگ بنێی؟
١٥، ١٦. واتای خۆ تەرخانکردن بۆ خودا چییە و چ شتێک دەبێتە هاندەری کەسێک تا خۆی بۆ خودا تەرخان بکا؟
١٧. چ شتێک لەوانەیە ببێتە هۆی بەرگری لەوەی کە هەندێ کەس خۆیان بۆ خودا تەرخان بکەن؟
١٨. چ شتێک دەتوانێ هانت بدا بۆ ئەوەی خۆت بۆ یەهوە تەرخان بکەی؟
١٩. بۆچی پێویست ناکا بترسی لەوەی کە خۆت بۆ یەهوە تەرخان بکەی؟
٢٠. بۆچی خۆ تەرخان کردن بۆ یەهوە نابێ بە شاراوەیی بمێنێتەوە؟
٢١، ٢٢. تۆ چۆن دەتوانی «دەربڕینێکی گشتی» لە سەر باوەڕت ڕابگەیەنی؟
٢٣. واتای لە ئاو هەڵکێشران «بە ناوی باوک و ڕۆڵە و ڕۆحی پیرۆزەوە» چییە؟
٢٤، ٢٥. (ا) لە ئاو هەڵکێشران نیشانەی چییە؟ (ب) وەڵامی کامە پرسیار دەدرێتەوە؟
[وێنەی لاپەڕە ١٨٠]
بەدەست هێنانی زانیاری ڕاستەقینە لەسەر وشەی خودا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو لە ئاو هەڵکێشران
[وێنەی لاپەڕە ١٨٠]
دەبێ باوەڕت هانتبدا تا ئەوەی فێری بووی بۆ خەڵکی باسی بکەی
[وێنەی لاپەڕە ١٨٠، ١٨١]
ئایا تۆ لە پاڕانەوەدا باستکردوە کە دەتهەوێ خۆت بۆ خودا تەرخان بکەی؟
[وێنەی لاپەڕە ١٨١]
لە ئاو هەڵکێشران وێنەی ئەوەیە کە شێوەی ژیانی کۆنت دەمرێ و بۆ جێبەجێکردنی خواستی خودا زیندوو دەبییەوە