بەشی شازدەهەم
پشتگیری خۆت بۆ خوداپەرستی ڕاستەقینە دەرببڕە
پەرتووکی پیرۆز دەربارەی بەکارهێنانی بت لە خوداپەرستیدا چیمان فێردەکا؟
هەڵوێستی مەسیحییە ڕاستەقینەکان سەبارەت بە جەژنە ئایینییەکان چییە؟
تۆ چۆن دەتوانی بیروباوەڕی خۆت بۆ خەڵکی باس بکەی بێ ئەوەی لە خۆتیان توڕەبکەی؟
وایدابنێن ئەو شوێنەی کە لێی دەژی پیسکراوە. کەسێک بەدزی هاتووە و لەوێ زبڵی ژەهراوی هەڵرشتوە و ئێستا بارودۆخێک هاتۆتەکایەوە کە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵکی هەیە. تۆ چی دەکەی؟ گومان لەوەدا نییە ئەگەر دەرەتانت هەبێ ئەوێ جێدەهێڵی. بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی کە لەوێش دوور کەوتویتەوە پرسیارێکی مەترسیدارت لا دروست دەبێ ‹تۆ بڵێی ژەهراوی بووبم؟›
٢ لە پەیوەندی لەگەڵ ئایینی پووچەڵدا بارودۆخێکی هەمان شێوە دروست دەبێ. پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا کە ئایینی پووچەڵ بە فێرکاری و ڕەوشتی ناپاکەوە ژەهراوی بووە (٢ کۆرنسۆس ٦:١٧). هەربۆیە گرنگە کە تۆ لە «بابلی گەورە» بچییەدەر کە ئیمپراتۆری ئایینی پووچەڵە لە جیهاندا (بینین ١٨:٢، ٤). ئایا بابلی گەورەت جێهێشتوە؟ گەر جێتهێشتوە کارێکی باشت کردووە. بە تەنها دەرچوون و پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئایینی پووچەڵ بەس نییە. بە دوای ئەمەشدا دەبێ پرسیار لە خۆت بکەی کە ‹ئایا هیچ دیاردەیەکی خوداپەرستی پووچەڵم تێدا ماوەتەوە؟› لێرەدا باس لە چەند نموونەیەک دەکەین.
پەرستنی بت و باووباپیران
٣ هەندێ کەس ساڵەهای ساڵە وێنە و شتی موتفەڕکیان لە ماڵدا هەبووە. ئایا تۆ یەکێ لەو کەسانە بووی؟ کەواتە لەوانەیە لات شتێکی سەیر یان هەڵە بێ کە بە بێ بەکارهێنانی کەلوپەلێکی تایبەت لە خودا بپارێیەوە. تەنانەت لەوانەیە کە خووت بەم کەلوپەلانەوە گرتبێ. بەڵام خودا خۆی دەتوانێ دیاریبکا بە چ شێوەیەک دەبێ ئەو بیپەرستین و پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ خودا بە هیچ جۆرێک نایەوێ لە خوداپەرستیدا وێنە یان پەیکەر بەکار بهێنین (دەرچوون ٢٠:٤، ٥؛ زەبوورەکان ١١٥:٤-٨؛ ئیشایا ٤٢:٨؛ ١ یۆحەننا ٥:٢١). کەوابو تۆ دەتوانی بۆ خوداپەرستی ڕاستەقینە بڕیاری خۆت بدەی و ئەو کەلوپەلانەی پەیوەندیان بە خوداپەرستی پووچەڵەوە هەیە لەناویان ببەی. بەمجۆرە ڕوانگەی خۆت سەبارەت بەم شتانە گونجاو بکەی لەگەڵ یەهوە، چونکە ئەو کەلوپەلانە لای یەهوە «قێزەوەنە»—وتەکان ٢٧:١٥.
٤ لە ناو زۆربەی ئایینە پووچەڵەکاندا پەرستنی باووباپیران شتێکی باوە. هەندێ کەس بەر لەوەی فێری راستییەکانی پەرتووکی پیرۆز بن بڕوایان دەکرد کە مردووان لە شوێنێکی نەبینراو دان و ئاگایان لە هەموو شتێکە و دەتوانن یارمەتی یان ئازاریان پێبگەیەنن. لەوانەیە خەڵک بۆ ئارامکردنەوەی باووباپیرە مردووەکانیان خۆیان زۆر هیلاک کردبێ. بەڵام هەروەک لە بەشی شەشەمی ئەم پەرتووکەدا فێری بووی، مردووان ئیتر بوونیان نییە. هەر بۆیە هەوڵدان بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵیان ئەرکێکی بێسوودە. هەر جۆرە پەیامێک کە واپێبچێ لە لایان کەس و کارە مردووەکانمانەوە هاتبێ لە ڕاستیدا سەرچاوەکەی ڕاستەوخۆ لە جنۆکەکانە. هەر لەبەر ئەمەش یەهوە فەرمانی بە ئیسرائیلییەکان کردبوو لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ مردوواندا یان شێوەکانی دیکەی جادووگەرییەوە خۆیان بپارێزن—وتەکان ١٨:١٠-١٢.
٥ ئەگەر پێشتر پەرستنی بت یان باووباپیران بەشێک لە شێوەکانی خوداپەرستی تۆ بوون، ئێستا دەتوانی چی بکەی؟ ئەو بەشانەی پەرتووکی پیرۆز کە لەسەر ئەم بابەتە دەدوێن، بخوێنەوە و بیریان لێبکەوە تاکو بزانی کە ڕوانگەی خودا لەسەر ئەم شتانە چییە. بەردەوام هەموو ڕۆژێ لە پاڕانەوەکانتدا لەبەر یەهوە ویستی خۆتی بۆ باس بکە کە دەتهەوێ سووربی لە سەر خوداپەرستی ڕاستەقینە و داوای لێبکە یارمەتیت بدا تا بەجۆرێک کە خودا بیردەکاتەوە تۆش بیربکەیتەوە—ئیشایا ٥٥:٩.
مەسیحییەکانی سەدەی یەکەم جەژنی کریسمەسیان نەدەکرد
٦ ئایینی پووچەڵ دەتوانێ لە ڕێگای جەژنە بەناوبانگەکانەوە خوداپەرستی کەسێک پیس بکا. بۆ نموونە تێبینی جەژنی کریسمەس بکە. کریسمەس بە یادکرنەوەی لەدایکبوونی عیسای مەسیح دادەندرێ و هەموو ئەو ئایینانەی کە خۆیان بە مەسیحی دەزانن ئەو جەژنە دەکەن. بەڵام هیچ بەڵگەیەک بە دەستەوە نییە تاکو دەریبخا کە قوتابییەکانی عیسای مەسیح لە سەدەی یەکەمدا جەژنێکیان بەو ناوە کردبێ. لە پەرتووکێکدا نووسراوە: «دووسەد ساڵ پاش لەدایکبوونی مەسیح هیچ کەس کاتی لەدایکبوونی عیسای نەدەزانی و چەند کەسێک نەبێ ئەوانی تر هەر بەلایانەوە گرنگ نەبوو کە ئەو لەدایکبوونە کەی بووە.»
٧ تەنانەت ئەگەر قوتابییەکانی عیسا زانیباشیان عیسا کەی لەدایکبووە جەژنیان نەدەکرد. بۆچی؟ هەروەک ئینسایکلۆپیدیای پەرتووکی جیهان نووسیویەتی، چونکە مەسیحییەکانی سەدەی یەکەم «جەژنی لەدایکبوونی هەرکەسێک بوایە بە دابونەریتێکی کافرانەیان دادەنا». لە پەرتووکی پیرۆزدا تەنها باسی لەدایکبوونی دوو فەرمانڕەوا کراوە کە ئەوانیش یەهوەیان نەدەپەرست (پەیدابوون ٤٠:٢٠؛ مەرقۆس ٦:٢١). کافرەکان هەروەها جەژنی لەدایکبوونیان بۆ ڕێزگرتن لە خوداکانیان دەکرد. بۆ نموونە، ڕۆمەکان لە ٢٤ی مانگی مایی (بانەمەڕ) پێنجەمین مانگی زایینیدا یادی لەدایکبوونی دیانای خواژنیان دەکردەوە و ڕۆژەکەی دواییش جەژنی لەدایکبوونی خودای خۆر کە ناوی ئاپۆلۆ بوو دەکرد. کەواتە جەژنی لەدایکبوون پەیوەندی بە کافرەکانەوە هەیە نەک بە مەسیحییەکانەوە.
٨ مەسیحییەکانی سەدەی یەکەم بە هۆیەکی دیکەشەوە جەژنی لەدایکبوون عیسای مەسیحیان نەدەگێڕا. لەوانەیە قوتابییەکانی عیسا زانیبیان کە ئەم جەژنە پەیوەندی بە باوەڕی پڕوپووچەوە هەیە. بۆ نموونە، لە سەردەمی یۆنان و ڕۆمای کۆن باوەڕیان وابوو کە لە کاتی لەدایکبوونی کەسێکدا ڕۆحێک ئامادە دەبێ کە ئەو ڕۆحە تا کۆتایی پارێزگاری لە ژیانی کەسەکە دەکا. لە پەرتووکێکدا بە ناوی مێژووی لەدایکبوون نووسراوە: ئەوانەی کە لەو سەردەمەدا مەسیحی نەبوون و یادی جەژنی لەدایک بوونیان دەکرد لەبەر ئەوەبوو کە پێیان وابوو ئەو بۆنەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوداکان ئەو کەسە بپارێزن. هەر شتێکی کە پەیوەندی دروست بکا لە نێوان عیسای مەسیح و باوەڕی پڕوپووچەوە گومانی تێدا نییە کە یەهوە پێی دڵشاد نابێ (ئیشایا ٦٥:١١، ١٢). بەڵام چی بووە هۆی ئەوەی کە جەژنی کریسمەس لە سەرانسەری جیهاندا بگێڕدرێ؟
سەرچاوەی کریسمەس
٩ چەند سەد ساڵ بەدوای ژیانی سەر زەوی عیسادا خەڵکی لە ٢٥ دیسەمبر دەستیان بە یادکردنەوەی جەژنی لەدایکبوونی عیسا کرد. بەڵام عیسا لەو ڕۆژەدا لەدایک نەبووە، بەڵکو لەوانەیە عیسا لە مانگی ئۆکتۆبەر (خەزەڵوەر) واتە دەیەمین مانگی زایینیدا لەدایکبووبێ. a بەڵام بۆچی ٢٥ی دیسەمبەر (بەفرانبار) هەڵبژێردرا؟ هەندێ کەس کە لە دواییدا خۆیان بە مەسیحی دەزانی «ویستیان لەدایکبوونی عیسا بخەنە ئەو ڕۆژەوە کە جەژنی کافرانەی ڕۆمیەکانە، کە ‹ڕۆژی لەدایکبوونی خۆری نەبەز› بوو» (ئینسایکلۆپیدیای نوێی بریتانیکا). لە زستاندا کە تیشکی هەتاو بێهێزە، ڕۆمیەکان بۆ ئەوەی خۆر کە سەرچاوەی گەرمایی و ڕووناکی بوو لە گەشتی ڕێگای دوور بگەڕێتەوە ئاهەنگیان بۆ دەگێڕا. پێیان وابوو کە ٢٥ی دیسەمبر ئەو ڕۆژەیە کە خۆر بەڕێ دەکەوێ تا بگەڕێتەوە. پێشەوایانی ئایینی ئەو جەژنەیان پەسەند کرد تا هاندەرێک بێ بۆ ئەوەی کافرەکان بێنە ناو ئایینی مەسیحی و هەوڵیاندا وەک جەژنێکی «مەسیحییانەی» لێبکەن.b
١٠ زۆر لەمێژە دەرکەوتووە کە کریسمەس سەرچاوەیەکی کافرانەی هەیە. بە هۆی ئەوەی کە کریسمەس لەسەر بناغەی پەرتووکی پیرۆزی نییە لە ساڵەکانی ١٦٠٠ دا لە بەریتانیا و وڵاتەکانی ژێردەستی بەریتانیادا گێڕانی قەدەغە کرابوو. تەنانەت لەو ڕۆژەدا ئەگەر کەسێک نەڕۆییشتبا سەر کار سزای پارە دەکرا. بەڵام زۆری پێنەچوو کە خەڵک گەرانەوە بۆ سەر نەریتی کۆن و سەرلەنوێ یادی ئەم جەژنەیان کردەوە و تەنانەت هەندێ شتی تازەشیان پێوە زیاد کرد. بە هۆی ئەوەی کە سەرچاوەی کریسمەس دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئایینی پووچەڵ، ئەوانەی کە دەیانهەوێ خودا دڵشاد بکەن ئەو جەژنە و هەموو جەژنەکانی تر کە سەرچاوەی کافرانەیان هەیە ناگێڕن.c
ئایا بەڕاستی سەرچاوە گرنگە؟
١١ هەندێ کەس ئەوەیان قەبوڵە کە کریسمەس سەرچاوەیەکی کافرانەی هەیە، بەڵام پێیان وایە کە یادکردنەوەی هەڵە نییە. لە لایەکی دیکەشەوە کاتێ خەڵك بەشداری جەژن دەکەن بیر لە ئایینی پووچەڵ ناکەنەوە. ئەم جەژنانە دەبنە دەرەتانێک بۆ ئەوەی ئەندامانی بنەماڵە لە یەکتری نزیکتر ببنەوە. ئایا تۆش وا بیر دەکەیەوە؟ ئەگەر وایە چوونە ڕیزی ئایینی ڕاستەقینە لات دژوارە ئەویش بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەت خۆش دەوێ نەک لەبەر ئەوەی کە ئایینی پووچەڵت خۆش بووێ. دەتوانی دڵنیا بی لەوەی کە یەهوە دامەزرێنەری خێزان، دەیەوێ پەیوەندییەکی پتەوت لەگەڵ کەسوکارت هەبێ. بەڵام تۆ دەتوانێ ئەو پەیوەندییە بە شێوەیەکی پتەو ڕابگری کە ڕەزامەندی یەهوەی لەسەر بێ. لەم بوارەدا ڕوانگەمان دەبێ ئەوە بێ کە پۆڵسی نێرراو نووسی: «هەوڵ بدەن ڕەزامەندی خودا بدۆزنەوە»—ئەفسۆس ٥:١٠.
١٢ لەوانەیە هەست بکەی کە جەژنە ئایینییەکانی ئەم سەردەمە هیچ پەیوەندییەکان لەگەڵ سەڕچاوەکەیان نییە. ئایا بەڕاستی سەرچاوە گرنگە؟ بەڵێ. بۆ ڕوونکردنەوە: گریمان تۆ نوقولێک دەبینی لە ناو ئاوی زێرابێکدا کەوتووە. ئایا ئەو نوقوڵە هەڵدەگرییەوە و دەیخۆی؟ بێگومان ئەم کارە ناکەی چونکە نوقوڵەکە پیسە. جەژنە ئایینییەکان هەروەک ئەم نوقوڵە شیرنن، بەڵام لە شوێنێکی پیس هەڵگیراونەتەوە. بۆ ئەوەی بتوانین بچینە ڕیزی ئایینی ڕاستەقینەوە پێویستە ڕوانگەی وەک ئیشایای پێغەمبەرمان هەبێ کە خوداپەرستانی ڕاستەقینەی ڕاسپارد: «دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک»—ئیشایا ٥٢:١١.
هەڵسوکەوتی دروست لەگەڵ خەڵک
١٣ کاتێ تۆ بڕیار دەدەی بەشداری لە جەژنە ئایینییەکان نەکەی لەوانەیە کێشەت بۆ دروست بێ. بۆ نموونە لە شوێنی کار هاوکارەکانت لەوانەیە پێیان سەیر بێ کە بۆچی بەشداری لە چالاکییەکانی ئەو بۆنانە ناکەی. ئەگەر دیاری جەژنی کریسمەست پێبدەن چی دەکەی؟ ئایا هەڵەیە ئەگەر وەریبگری؟ ئەگەر هاوسەرەکەت هەمان باوەڕی تۆی نەبێت، چی دەکەی؟ چۆن دەتوانی ئاگات لە منداڵەکانت بێ کە هەست بە کەمووکووڕی نەکەن لەبەر ئەوەی کە ئەم جەژنانە ناگێڕن؟
١٤ بۆ ئەوەی بزانی کە چۆن لە هەر یەک لەو بارودۆخانە هەڵسوکەوت بکەی پێویستە ژیربیت. ئەگەر بە ڕێکەوت کەسێک پیرۆزبایی جەژنێکی لێکردی، بێ ئەوەی خۆت بشڵەژێنی دەتوانی بڵێی، سوپاس. بەڵام ئەگەر کەسێک لەسەر کار بەردەوام چاوت پێی دەکەوێ و پیرۆزباییت لێدەکا، ئەو کات لەوانەیە بتەوێ تۆزێ زیاتر لەگەڵی بدوێی. لە هەموو هەلومەرجێکدا بەنەرمونیانی وەڵام بدەوە. پەرتووکی پیرۆز ئامۆژگاریمان دەکا: «با هەمیشە قسەتان بەرەکەتدار بێت، بە خوێ سوێر کرابێ، ئەوسا دەزانن چۆن وەڵامی خەڵکی دەدەنەوە» (کۆلۆسی ٤:٦). ئاگاداربە بێڕێزی بە کەس نەکەی. بە نەرمونیانی ڕوانگەی خۆت باس بکە. بۆیانی ڕوون بکەوە کە تۆ دژی ئەوە نیت بەیەکەوە کۆببنەوە و دیاری بە یەکتر ببەخشن، بەڵام دەتهەوێ لە کاتێکی تردا کە بۆنەی ئەم جەژنە ئایینییانە نەبێ ئەم کارانە بکەی.
١٥ ئەدی ئەگەر کەسێک بیەوێ دیاریت پێبدا چی دەکەی؟ ئەوە تا ئاستێکی زۆر پەیوەندی بە بارودۆخەکانەوە هەیە. ئەوەی دیارییەکەت دەداتێ لەوانەیە بڵێ: «دەزانم هەڵوێستت سەبارەت بەم جەژنە ئایینییە چییە، بەڵام پێم خۆشە ئەم دیارییەت پێشکەش بکەم». لەوانەیە بە لێکدانەوەی خۆت وەرگرتنی دیاری لە هەلومەرجێکی ئاوادا واتای بەشداری کردن لە جەژنی ئایینی نەبێ. لە لایەکی ترەوە ئەگەر ئەو کەسە ڕوانگەی ئایینی تۆ سەبارەت بەم جەژنە نازانێ، دەتوانی ڕوانگەی خۆتی بۆ شی بکەیەوە. بەمجۆرە ئەو دەتوانێ تێبگات بۆچی تۆ دیاری لێ وەردەگری بەڵام تۆ لە بەرامبەردا دیاری پێشکەش ناکەیت. لە لایەکیترەوە کارێکی ژیرانەیە دیارییەکە وەرنەگری ئەگەر ئاشکرایە کە ئەو کەسە دەیەوێ بیسەلمێنێ کە تۆ زۆر ئۆگری باوەڕەکەت نی، یان تۆ بۆ قازانجی ماڵی دونیا سەودا لەسەر باوەڕت دەکەی.
ئەی سەبارەت بە ئەندامانی بنەماڵە؟
١٦ ئەگەر ئەندامانی بنەماڵەکەت بەشداری لە باوەڕەکەت نەکەن دەبێ چی بکەی؟ دیسان دەبی نەرمونیان بی. هیچ پێویست بەوە نییە کە لەسەر هەموو ڕێکەوت و جەژنێک کە کەسوکارت دەیگێڕن دمەقاڵەیان لەگەڵ بکەی. لەجیاتی ئەمە واباشە ڕێزت هەبێ بۆ ئەوەی کە ئەوانیش مافیان هەیە ڕوانگەی خۆیان هەبێ، هەروەک تۆ دەتەوێ ئەوان ڕێز لەو مافەی تۆ بگرن (مەتتا ٧:١٢). بە هیچ جۆرێک بەشداری جەژنەکەیان مەکە. سەرەڕای ئەمەش ژیرانە هەڵسوکەوت بکە و ئەوەندەش توند مەبە سەبارەت بە شتێک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە جەژنەوە نییە. گومان لەوەدا نییە کە لە هەموو کاتێکدا دەبێ کارێک بکەی کە ویژدانت بە پاکی بمێنێتەوە—١ تیمۆساوس ١:١٨، ١٩.
١٧ بۆ ئەوەی منداڵەکانت بە هۆی یادنەکردنەوەی ئەو جەژنە ئایینیانەی کە دژی پەرتووکی پیرۆزن دڵیان بە خۆیان نەسووتێ، چیت لەدەست دێ بۆیان بکەی؟ ئەوە پەیوەندێکی زۆری بەوەوەیە کە لە ماوەی ساڵدا چۆن کاتیان لەگەڵ بەسەر دەبەی. هەندێ لە دایکوباوکان کەڵک لە دەرفەتی تر وەردەگرن تا دیاری بۆ منداڵەکانیان بکڕن. یەکێ لە باشترین ئەو دیارییانەی کە دەتوانی بە منداڵەکانتی ببەخشی ئەوەیە کە کاتی خۆتیان بۆ تەرخان بکەی و بەدڵوگیانەوە بایەخیان پێبدەی.
خوداپەرستی ڕاستەقینە پەیڕەو بکە
١٨ بۆ ئەوەی ڕەزامەندی خودا بەدەست بهێنی دەبێ تۆ واز لە خوداپەرستی پووچەڵ بهێنی و خوداپەرستی ڕاستەقینە بگریتەبەر. لە پەیڕەوکردنی خوداپەرستی ڕاستەقینەدا دەبێ چی بکەی؟ پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین و یەکتری هانبدەین بۆ خۆشەویستی و کرداری چاک. واز لە کۆبوونەوەکانتان مەهێنن، هەروەک هەندێکتان لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەن بۆ ئامادەبوون، لەمەش زیاتر چونکە دەبینن ڕۆژی خوداوەند نزیک بووەتەوە» (عیبرانیەکان ١٠:٢٤، ٢٥). ئەو کۆبوونەوانەی کە مەسیحییە ڕاستەقینەکان دەیانبەستن بۆ تۆ ڕێکەوتی دڵخۆشکەرن تاکو بەهۆیانەوە خودا بەو شێوەیە بپەرستی کە قەبوڵیەتی (زەبوورەکان ٢٢:٢٢؛ ١٢٢:١). لە کۆبوونەوەی ئاوادا مەسیحییەکان ورە و دڵنەوایی لە یەکتری وەردەگرن—ڕۆما ١:١٢.
١٩ یەکێ لە ڕێگاکانی تری پەیڕەوکردنی خوداپەرستی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئەو شتانەی شاهیدانی یەهوە لەسەر پەرتووکی پیرۆز فێریان کردووی لەگەڵ خەڵکی باسیان بکەی. زۆر کەس لەدەست خراپەکاریانەی کە ئێمڕۆ جیهانیان داگرتووە بەڕاستی «دەناڵێنن و هەنیسک هەڵدەڕێژن» (خزقیال ٩:٤). لەوانەیە تەنانەت خۆشت هەندێ لەو کەسانە بناسی. بۆچی ئەو هیوایەیان بۆ باس ناکەی کە لە پەرتووکی پیرۆز دایە؟ هەروەها کە هاوڕێیەتی مەسیحییە ڕاستەقینەکان دەکەی و ئەو ڕاستییە بێهاوتایەی لە پەرتووکی پیرۆزەوە فێری بوویت لەگەڵ خەڵکی باس دەکەی، خۆت هەست پێدەکەی کە هەموو نەریتەکانی خوداپەرستی پووچەڵ کە لە دڵتدا مابوونەوە وردە وردە بزر دەبن. ئەگەر پەیڕەوی خوداپەرستی ڕاستەقینە بکەی دڵنیابە لەوەی کە دڵشاد دەبی و پیرۆزییەکی زۆر وەردەگری—مەلاخی ٣:١٠.
[ژێرنووسەکان]
a بڕوانە پاشکۆ، لاپەڕە ٢٢١-٢٢٢.
b هەروەها هۆیەکی تر بۆ دیاریکرانی ٢٥ دیسەمبر، جەژنی ساتورنالیا بوو. ڕۆمیەکان ئەم جەژنەیان بۆ ڕێزگرتن لە خودای دەغڵوودان دەگێڕا کە لە ١٧وە تا ٢٤ دیسەمبەر دەخایاند. لەو جەژنەدا خواردەمەنی زۆر دەدرا و بەزم و ئاهەنگ دەگێڕدرا و دیاری بە یەکتر دەبەخشرا.
c بۆ تاوتوێکردن لەسەر ئەوەی کە ڕوانگەی مەسیحییە ڕاستەقینەکان سەبارەت بە جەژنە ئایینییەکان چییە بڕوانە پاشکۆ، لاپەڕە ٢٢٢-٢٢٣.
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات
▪ پەرستنی بت و باووباپیران جێگای لە ناو خوداپەرستی ڕاستەقینەدا نییە—دەرچوون ٢٠:٤، ٥؛ وتەکان ١٨:١٠-١٢.
▪ بەشداری کردن لەو جەژنە ئایینیانەی کە سەرچاوەی کافرانەیان هەیە هەڵەیە—ئەفسۆس ٥:١٠.
▪ مەسیحییە ڕاستەقینەکان بە نەرمونیانییەوە ڕوانگەی ئایینیان بۆ خەڵکی شی دەکەنەوە—کۆلۆسی ٤:٦.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. ئەو پرسیارانەی کە پاش جێهێشتنی ئایینی پووچەڵ سەرهەڵدەدەن کامانەن و بۆچی پێتوایە ئەم کارە گرنگە؟
٣. (ا) پەرتووکی پیرۆز لەسەر بەکار هێنانی وێنە و پەیکەر چی دەفەرمووێ و بۆچی قەبوڵکردنی ڕوانگەی خودا بۆ هەندێ کەس دژوارە؟ (ب) دەبێ چی لەو کەلوپەلانە بکەی کە پەیوەندیان بە خوداپەرستی پووچەڵەوە هەیە؟
٤. (ا) چۆن دەزانین کە پەرستنی باووباپیران کارێکی بێسوودە؟ (ب) بۆچی یەهوە بەکار هێنانی هەموو جۆرە جادووگەرییەکی لە خەڵکی قەدەغە کردبوو؟
٥. ئەگەر لە ئایینەکەی پێشترتدا بت یان باووباپیرانت دەپەرست ئێستا دەتوانی چی بکەی؟
٦، ٧. (ا) جەژنی کریسمەس بۆ یادکرنەوەی چ شتێک دەکرێ و ئایا هاوڕێیانی عیسای مەسیح لە سەدەی یەکەمدا ئەوەیان دەکرد؟ (ب) کاتێ یەکەمین قوتابییەکانی عیسای مەسیح دەژیان، جەژنی لەدایکبوون پەیوەندی بە چییەوە بوو؟
٨. ڕوونی بکەوە کە چ پەیوەندێک لە نێوان جەژنی لەدایکبوون و باوەڕی پڕوپووچەوە هەیە.
٩. ٢٥دیسەمبر چۆن بوو بە جەژنی لەدایکبوونی عیسای مەسیح؟
١٠. هۆی چی بوو کە لە سەردەمێکی ڕابردوودا خەڵک کریسمەسیان جەژن نەدەگێڕا؟
١١. هۆی ئەوەی کە خەڵك جەژنە ئایینییەکان دەگێڕن چییە و بەڵام ئێمە دەبێ لەو بوارەوە چیمان بەلاوە گرنگ بێ؟
١٢. ڕوونیکەوە ئێمە بۆچی دەبێ خۆبپاریزین لەو نەریت و جەژنانەی کە سەرچاوەی پیسییان هەیە.
١٣. ئەو کێشانەی کە لەوانەیە بە هۆی بەشداری نەکردنت لە جەژنە ئایینییەکاندا ڕووبەڕوویان ببیتەوە کامانەن؟
١٤، ١٥. ئەگەر کەسێک پیرۆزبایی جەژنت لێبکا یان بیهەوێ دیاریت بداتێ چی دەکەی؟
١٦. کاتێ بابەتی جەژنە ئایینییەکان دێتە ئاراوە چۆن دەتوانی بە شێوەیەکی نەرمونیان هەڵسوکەوت بکەی؟
١٧. کاتێ منداڵەکانت خەڵکی دەبینن کە جەژنە ئایینییەکان دەگێڕن تۆ دەتوانی چی بکەی بۆ ئەوەی دڵیان بە خۆیان نەسووتێ؟
١٨. ئایا کۆبوونەوە مەسیحییەکان بۆ پشتگیری کردنت لە خوداپەرستی ڕاستەقینە چۆن یارمەتیت دەدەن؟
١٩. بۆچی گرنگە لەگەڵ خەڵکی لەسەر ئەو شتانە بدوێیت کە لە پەرتووکی پیرۆزەوە فێری بوویت؟
[وێنەی لاپەڕە ١٥٨]
ئایا نوقوڵێک کە کەوتبێتە ناو ئاوی زێرابەوە، دەیخۆی؟
[وێنەی لاپەڕە ١٦٣]
پەیڕەوکردنی خوداپەرستی ڕاستەقینە بەختەوەری ڕاستەقینەی بەدواوەیە