مەتا بەشەکانی٥-٧
٥ کاتێک عیسا ئەو خەڵکە زۆرەی بینی، چووە سەر چیایەک دانیشت. دواتر قوتابییەکانی هاتنە لای. ٢ عیسا بۆ فێرکردنیان دەستی کرد بە قسەکردن و وتی:
٣ «دڵخۆش و بەختەوەرن ئەو کەسانەی کە لە پێداویستیە رۆحییەکانیان ئاگادارن، چونکە پاشایەتی ئاسمان هی ئەوانە.
٤ «دڵخۆش و بەختەوەرن ئەو کەسانەی کە دڵتەنگ و خەمبارن، چونکە ئەوان ئاسوودەییان پێ دەدرێت.
٥ «دڵخۆش و بەختەوەرن ئەو کەسانەی کە دڵنەرمن،a چونکە زەویی بە میرات دەبن.
٦ «دڵخۆش و بەختەوەرن ئەو کەسانەی کە برسی و تینووی دادپەروەرین، چونکە تێر دەکرێن.
٧ «دڵخۆش و بەختەوەرن ئەو کەسانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە، چونکە ڕەحمیان پێ دەکرێتەوە.
٨ «دڵخۆش و بەختەوەرن ئەو کەسانەی کە دڵیان پاکە، چونکە ئەوان خودا دەبینن.b
٩ «دڵخۆش و بەختەوەرن ئەو کەسانەی کە ئاشتیخوازن، چونکە بە ڕۆڵەیc خودا ناودەبردرێن.
١٠ «دڵخۆش و بەختەوەرن ئەو کەسانەی کە لەپێناوی ڕاستودروستی ئازار دەچێژن، چونکە پاشایەتی ئاسمان هی ئەوانە.
١١ «کاتێک خەڵکی لەپێناوی من سووکایەتییتان پێدەکەن و ئازارتان دەدەن، هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن، دڵخۆش بن. ١٢ دڵخۆش و شادمان بن، چونکە لە ئاسمان پاداشتتان مەزنە، هەروەک ئێوە، پێغەمبەرانی پێشوویان ئاوا ئازار داوە.
١٣ «ئێوە خوێی زەوین، بەڵام ئەگەر خوێ سووێری خۆی لەدەست بدات، چۆن تامە سووێرەکەی بۆ دەگەڕیتەوە؟ ئیتر بە کەڵکی هیچ نایەت. تەنها دەبێت فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵک پێی لێ بنێن.
١٤ «ئێوە ڕووناکی جیهانن، وەک شارێک کە لە سەر چیایەک دروست کرابێت و ناتوانرێت بشاردرێتەوە. ١٥ خەڵک چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر سەبەتەیەک، بەڵکو لە شوێنێکی بەرز دایدەنێن، بۆ ئەوەی ڕووناکیەکەی بە هەموو ئەوانەی لە ناو ماڵەکەدان ببەخشێت. ١٦ بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینرێت و ستایشی باوکتان کە لە ئاسمانە بکەن.
١٧ «وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەوراتی موسا یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بەدیان بهێنم. ١٨ دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەگەر ئاسمان و زەویش لە ناو بچێت، پیتێک لە شەریعەت لە ناو ناچێت، هەموو ئەو شتانەی تێیدا نووسراون ڕوودەدەن. ١٩ کەواتە هەر کەسێک یەکێک لە بچووکترینی فەرمانەکانی یاسا بشکێنێت و خەڵکیش ئەوا فێر بکات، لە پاشایەتی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت، بەڵام هەر کەسێک یاساکان پەیڕەو بکات و خەڵکی فێر بکات، لە پاشایەتی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت. ٢٠ بۆیە پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستگۆیی و دروستی ئێوە لە مامؤستایانی ئایینی و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو پاشایەتی ئاسمانەوە.
٢١ «بیستووتانە بە پێشینەکانی کۆن گوتراوە: مەکوژە، بەڵام ئەگەر کەسێک کوشتنێک ئەنجام بدات، لە بەردەم دادگای دادوەری بەرپرسیار دەبێت. ٢٢ بەڵام من پێتان دەڵێم کە هەر کەسێک لە براکەی تووڕە بێت، لە بەردەم دادگا بەرپرسیار دەبێت و هەرکەسێک سووکایەتی بە براکەی بکات، لە بەردەم دادگای باڵا بەرپرسیار دەبێت. ئەگەر کەسێک بە براکەی بڵێت: گێلی نەفرەت لێکراو، شایستەی ئەوەیە کە بخرێتە ناو دۆڵی ئاگرینی هەننوممەوە.d
٢٣ «ئەگەر دیارییەکەت بۆ قۆربانگا دەبەیت و لەوەێ بیرت کەوتەوە کە براکەت شتێکی لە دژی تۆ هەیە. ٢٤ دیارییەکەت لەوێ لەبەردەم قوربانگاکەدا بەجێبهێڵە و بڕۆ؛ سەرەتا لەگەڵ براکەت ئاشت ببەوە، پاشان وەرەوە و دیاریەکەت پێشکەش بکە.
٢٥ «ئەگەر کەسێک سکاڵەت لەسەر بکات و بدباتە دادگا، هەوڵ بدە پێش گەیشتین بە دادگا بە خێرایی کێشەکە لەگەڵیدا یەکلایی بکەیتەوە، ئەگەر نا دەتباتە لای دادوەر و دادوەرەکەش دەتداتە دەست پاسەوانی دادگا و فڕێ دەدرێیتە زیندان. ٢٦ پاشان، دڵنیابە کە تا ئاخیر فلس نەدەیت لە زیندان ئازاد ناکرێیت.
٢٧ «بیستوتانە کە گوتراوە: نابێت زینا بکەیت. ٢٨ بەڵام من پێتان دەڵێم هەرکەسێک بە شەهوەتەوە سەیری ژنێک بکات، ئەوە لە دڵی خۆیدا زینای لەگەڵ کردووە. ٢٩ ئەگەر چاوی ڕاستت بووە هۆی گوناه کردن، دەریبهێنە و فڕێی بدە. چونکە باشترە یەکێک لە ئەندامەکانت لەدەست بدەیت لەوەی کە هەموو جەستەت فڕێ بدرێتە دۆڵی هینۆمەوە.e ٣٠ ئەگەر دەستی ڕاستت بووە هۆی گوناهکردن، بیبڕە و فڕێی بدە. چونکە باشترە یەکێک لە ئەندامەکانت لەدەست بدەیت لەوەی کە هەموو جەستەت فڕێ بدرێتە دۆڵی هینۆمەوە.f
٣١ «هەروەها گوتراوە، ئەگەر پیاوێک لە ژنەکەی جیا ببێتەوە، با تەڵاقنامەی پێبدات.’ ٣٢ بەڵام من پێتان دەڵێم هەرکەسێک جگە لە هۆکاری بەدڕەوشتی سێکسیg ژنەکەی تەڵاق بدات، پیاوەکە وای لێدەکات کە ژنەکە بکەوێتە ناو تاوانی داوێنپیسی، هەروەها هەرکەسێک هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی تەڵاقدراو بکات، داوێنپیسی دەکات.
٣٣ «هەروەها بیستوتانە کە بە پێشینان گوتراوە: سوێندی درۆ مەخۆن و هەر بەڵێنێک کە بە یەهوە دەدەن، پێویستە ئەنجامی بدەن.» ٣٤ بەڵام من پێتان دەڵێم: بەهیچ شێوەیەک سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان چونکە تەختی پاشایەتی خودایە. ٣٥ نە بە زەوی کە لەژێر پێ ئەوە و نە بە ئورشەلیم کە شاری پاشای گەورەیە. ٣٦ سوێند بە سەری خۆتان مەخۆن، چونکە ناتوانن تاڵە مووێک سپی یان ڕەش بکەن. ٣٧ با بەڵێ ئێوە «بەڵێ بێت» و نەخێری ئێوە «نەخێر بێت» چونکە هەر شتێک لەمە زیاتر بێت، لەلایان شەیتانەوەیە.
٣٨ «بیستوتانە کە گوتراوە: ‹چاو بە چاو و ددان بە ددان.› ٣٩ بەڵام من پێتان دەڵێم: بەرنگاری کەسێکی بەدکار مەکەنەوە، ئەگەر کەسێک لە ڕوومەتی ڕاستت بدات، لایەکەی تریشی بدەرێ. ٤٠ ئەگەر کەسێک بدباتە دادگا و بیەوێت کراسەکەت لێ بستێنێت، جاکەتەکەشتی پێ ببەخشە. ٤١ ئەگەر کەسێکی خاون دەسەڵات ناچارت بکات یەک کیلۆمەتر لەگەڵی بڕۆییت، تۆ دوو کیلۆمەتر لەگەڵی بڕۆ. ٤٢ ئەگەر کەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ، کەسێک داوای قەرزیh لێ کردیت، بەدەستی بەتاڵ مەینێرەوە.
٤٣ «بیستوتانە کە گوتراوە: دەبێت دراوسێکەتi خۆشبوێ و ڕقت لە دوژمنەکەت بێت.» ٤٤ بەڵام من پێتان دەڵێم: هەمیشە دوژمنەکانتان خوشبوێت و بەردەوام دۆعا بکەن بۆ ئەو کەسانەی کە ئازارتان دەدەن. ٤٥ بەم کارانە نیشانی دەدەن کە ئێوە ڕۆڵەی باوکی ئاسمانیتانن، چونکە ئەو خۆری خۆی بەسەر هەموو، کەسی چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر ڕاستودروست و خراپەکاراندا دەبارێنێت. ٤٦ ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆش بوێت کە ئێوەیان خۆش دەوێت، ئایا چ پاداشتێک وەردەگرن؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟ ٤٧ ئەگەر تەنها سڵاو لە براکانی خۆت بکەیت، ئایا چ کارێکی جیاوازت کردووە؟ ئایا نەتەوەکانی تریش هەمان شت ناکەن؟ ٤٨ بۆیە ئێوە کامڵ و تەواو بن، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵ و تەواوە.
٦ «ئاگادار بن، کاتێک خێر دەکەن بۆ ئەوە نەبێت کە سەرنجی کەسانی تر ڕابکێشن، چۆنکە ئەو کاتە لە لای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت. ٢ کەواتە کاتێک خێرخوازی دەکەیت زوڕنای بۆ لێ مەدە، هەروەک دووڕووەکان کە لە پەرستگا و شەقامەکاندا دەیکەن تاکو لە لایەن خەڵکەوە ستایش بکرێن، ڕاستیتان پێ دەڵێم ئەوان بە تەواوی پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. ٣ بەڵام کاتێک خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت کە دەستی ڕاستت چی دەکات، ٤ تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت، ئەوکاتە باوکت کە نهێنیەکەت دەبینێت پاداشتی تۆ دەداتەوە.
٥ «کاتێک دەپاڕێنەوە، وەک دووڕووەکان مەبن، چونکە ئەوان حەز دەکەن لە پەرستگاکان و شەقامەکان بەڕاوەستان بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی بیانبینن. دڵنیا بن کە ئەوان پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. ٦ بەڵام تۆ کاتێک دوعا دەکەیت، بڕۆ ناو ژوورەکەت و دەرگاکەت دابخە و بپاڕێوە لە باوکی ئاسمانیت کە لە نهێنیدایە، پاشان باوکت کە هیچ شتێک لە ئەو شاراوە نیە دەتبینێت و پاداشتت دەداتەوە. ٧ کاتێک دوعا دەکەن، وەک نەتەوکانی تر هەمان ووشە دووپات مەکەنەوە، چونکە ئەوان پێیان وایە بە دوپات کردنەوەی وشەکان، خودا گوێیان لێ دەگرێت. ٨ لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبەن، چونکە باوکی ئاسمانیتان تەنانەت پێش ئەوەی داوای لێبکەن دەزانێت چیتان پێویستە.
٩ «کەواتە ئێوە بەم شێوەیە دوعا بکەن:
«ئەی باوکمان کە لە ئاسمانی با ناوی تۆ پیرۆز بێت. ١٠ با پاشایەتییەکەت بێت. با خواستی تۆ هەر وەک چۆن لە ئاسمان بە جێ هاتوە لەسەر زەویش پەیڕەو بکرێت. ١١ ئەو نانەی کە ئەمڕۆش پێویستمانە بماندەرێ. ١٢ تکایە لە گوناهەکانمان خۆشبە، وەک ئێمەش لەگوناهی ئەوانەی خراپەمان لەگەڵ دەکەن، خۆشدەبین. ١٣ تکایە یارمەتیمان بدە کاتێک تاقی دەکرێینەوە کۆڵ نەدەین، بەڵکو لە شەیتان ڕزگارمان بکە.
١٤ «ئەگەر ئێوە لە هەڵەکانی کەسانیتر خۆش بن، باوکی ئاسمانیشتان لە ئێوە خۆش دەبێت. ١٥ بەڵام ئەگەر لە هەڵەکانی کەسانیتر خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە هەڵەکانی ئێوەش خۆش نابێت.
١٦ «کاتێک بەڕۆژوو دەبن وەک دووڕووەکان، ڕووخسارتان خەمبار نیشان مەدەن، چوونکە ئەوان خۆیان پەرێشان دەردەخەن تاکو بە خەڵک نیشان بدەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم ئەوان پاداشتی خۆیان بە تەواوی وەرگرتووە. ١٧ بەڵام تۆ کاتێک بە ڕۆژوو دەبی، سەرت چەور بکە و دەموچاوت بشۆ. ١٨ بۆ ئەوەی کەس هەست بەوە نەکات کە بەڕۆژوویت، تەنها باوکی ئاسمانیت کە بە چاوی خەڵک نادیارە، هەموو نهێنییەک دەبینێت. ئینجا پاداشتت دەداتەوە.
١٩ «لەسەر زەوی گەنجینەj بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە، کە مۆرانە و ژەنگ لەناوی دەبەن و دز دەتوانێت بیدزێت. ٢٠ بەڵکو گەنجینە لە ئاسمان بۆ خۆتان کۆبکەنەوە، کە مۆرانە و ژەنگ ناتوانن لەناوی ببەن و دزیش نایدزێت. ٢١ لەبەر ئەوە سامانەکەت لە کوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
٢٢ «چاو چرای جەستەیە. کەواتە ئەگەر چاوت لەسەر یەک شت تەرکیزی هەبێت، ئەوا هەموو جەستەت ڕووناک دەبێت. ٢٣ بەڵام ئەگەر چاوت تەرکیز لەسەر شتی خراپ دەکات، کەواتە هەموو جەستەت پڕ لە تاریکی دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی کە لە تۆدایە تاریکی بێت، ئەبێت ئەو تاریکییە چەند گەورە بێت!
٢٤ «هیچ کەسێک ناتوانێت خزمەتی دوو گەورە بکات، چونکە یان ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان بۆ یەکێکیان وەفادار دەمێنێتەوە و ڕێزی ئەوەی تر ناگرێت. کەواتە ئەگەر پارە گرنگترین شت لە ژیانتدا بێت، ناتوانیت لە همان کاتیشدا خزمەتی خودا بکەیت.
٢٥ «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: چیتر بۆ ژیانتان نیگەران مەبن کە چی بخۆن یان بخۆنەوە. هەروەها نیگەرانی جەستەتان مەبن کە چی بپۆشن. ئایا ژیان و جەستە لە خواردن و جلو بەرگ گرنگتر نییە؟ ٢٦ بە وردی سەیری باڵندەکان بکەن. ئەوان نە دەچنن و نە دروێنە دەکەن و نە لە ئەمبارەکاندا کۆدەکەنەوە، بەڵام باوکی ئاسمانیتان خۆراکیان پێدەدات. ئایا ئێوە لەوان زۆر بەنرختر نین؟ ٢٧ كێ لە ئێوە دەتوانێت بە نیگەرانی، ساتێک لە تەمەنی خۆی درێژ بکات؟ ٢٨ کەواتە بۆچی بۆ جلوبەرگ نیگەرانن؟ سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکەن، نە کار دەکەن و نە دەڕێسن. ٢٩ بەڵام پێتان دەڵێم تەنانەت سلێمانیش بە هەموو شکۆمەندیەکەیەوە هەرگیز جلێکی بە جوانی ئەم گۆڵانە لەبەر نەکردووە. ٣٠ ئێستا ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ کێڵگەکە دادەپۆشێت و بەیانی دەخرێتە ناو تەنوورەوە، بەو شێوەیە بپۆشێت، ئەی کەم باوەڕان ئایا زیاتر بیر لە جلوبەرگی ئێوە ناکاتەوە؟ ٣١ کەواتە نیگەران مەبن و مەڵێن چی بخۆین؟ چی بخۆینەوە یان چی لەبەر بکەین؟ ٣٢ ئەمانە ئەو شتانەن کە خەڵکی جیهان بۆ بەدەستهێنانی زۆر هەوڵ دەدەن، بەڵام باوکی ئاسمانیتان دەزانێت کە ئێوە پێویستان بە هەموو ئەو شتانە هەیە.
٣٣ «کەواتە هەمیشە سەرەتا بەدوای پاشایەتی خودا و پێوانە ڕاستودروستەکانی بکەون. ئەو کاتە هەموو ئەم پێداویستیانەی ئێوە دابین دەکرێت. ٣٤ لەبەر ئەوە هەرگیز خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەبێت. کێشەکانی هەر ڕۆژێک بۆ ئەو ڕۆژە بەسە.
٧ «واز لە حوکمدان لەسەر کەسانی تر بهێنە، بۆ ئەوەی لەسەر تۆش حوکم نەدرێت. ٢ چونکە بە هەمان شێوەیەی حوکمی خەڵک دەدەن، ئێوەش حوکم دەدرێن و بەو پێوانەیەی بۆ خەڵک دەیپێون، بۆتان دەپێوێتەوە. ٣ «بۆچی پووش لە ناو چاوی براکەت دەبینیت، بەڵام ئەو دارە گەورەیە لە چاوی خۆتدا نابینیت؟ ٤ یان چۆن دەتوانیت بە براکەت بڵێیت: لێمگەڕی با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم، لەکاتێکدا دارێکی گەورە لەناو چاوی خۆتدایە؟ ٥ ئەی دووڕوو! یەکەم جار دارە گەورەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت کە چۆن دەبێت پووشەکەی ناو چاوی براکەت دەربهێنی.
٦ «شتە پیرۆزەکان بە سەگ مەدەن و مرواریەکانتان فڕێ مەدەنە بەردەمی بەرازەکان، نەوەک پێشێلی بکەن و بگەڕێنەوە هێرشتان بکەنە سەر.
٧ «بەردەوام بن لە پرسیارکردن و پێتان دەدرێت. بەردەوام بن لە گەڕان، دەیدۆزنەوە. بەردەوام بن لە دەرگا لێدان بۆتان دەکرێتەوە. ٨ چونکە هەرکەسێک داوا بکات، بە دەستی دەهێنێت و هەرکەسێک بگەڕێت، دەیدۆزێتەوە و هەرکەسێک لە دەرگا بدات لێی دەکرێتەوە. ٩ ئایا کەسێک لە ئێوە هەیە ئەگەر منداڵەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردێکی بداتێ؟ ١٠ یان ئەگەر داوای ماسی بکات، مارێکی دەداتێ؟ ١١ جا ئەگەر ئێوەی گوناهبار بزانن چۆن شتی باش بدەن بە منداڵەکانتان، باوکی ئاسمانیتان چەندە زیاتر شتی باش بەو کەسانە دەبەخشێت کە داوای لێدەکەن!
١٢ «کەواتە بەو شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵک بکەن کە دەتانەوەێ هەڵسوکەوتان لەگەڵ بکرێ. ئەمە ناوەڕۆکی تەورات و پەیامی پێغەمبەرانە.
١٣ «لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایەی کە بەرین و فراوانە بەرەو لە ناوچوون دەچێت و خەڵکێکی زۆر لێی دەچنە ژوورەوە. ١٤ بەڵام ئەو دەرگایە و ئەو ڕێگایەی کە بەڕەو ژیان دەدبات تەنگە و تەنها کەم کەس دەیدۆزنەوە.
١٥ «ئاگادار بن کە نەکەونە تەڵەی پێغەمبەرە درۆزنەکان. کە بە جلوبەرگی مەڕەوە دێن بۆ لاتان، بەڵام لە ناخەوە گورگی دڕندەن. ١٦ ئەوان بە بەروبوومەکانیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ و هەنجیر لە دڕکەکان کۆدەکەنەوە؟ ١٧ بەهەمان شێوە داری باش بەرهەمی باش دەهێنێت و داری خراپ بەرهەمی خراپ دەهێنێت. ١٨ داری باش ناتوانێت بەرهەمی خراپ بهێنێت و داری خراپیش ناتوانێت بەرهەمی باش بهێنێت. ١٩ هەر دارێک بەرهەمی باشی نەبێت دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە. ٢٠ کەواتە ئێوە ئەوان بە بەروبوومەکانیان دەیانناسنەوە.
٢١ «نەک هەرکەسێک بە من بڵێت: «ئەی سەروەرم، سەروەرم» دەچێتە ناو پاشایەتی ئاسمانەوە، بەڵکو تەنها ئەوانەی خواست و مەبەستی باوکی ئاسمانیم بە جێ دەهێنن، دەچنە ناو ئەم پاشایەتیەوە. ٢٢ لەو ڕۆژەدا زۆر کەس پێم دەڵێن: «ئەی سەروەر، ئەی سەروەر، ئایا ئێمە بە ناوی تۆوە پێشبینیمان نەکردووە؟ ئایا ئێمە بە ناوی تۆوە دێوەکانمان لە ناو خەڵک دەرنەکرد، ئایا ئێمە چەندین کاری زۆر سەرسوڕهێنەرمان نەکردووە؟ ٢٣ بەڵام ئینجا منیش پێیان دەڵێم: «من هەرگیز ئێوەم نەناسیوە! ئەی بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە!»
٢٤ «کەواتە هەرکەسێک گوێی لە قسەکانم بگرێت و ئەنجامی بدات، وەک کەسێکی دانا وایە کە ماڵەکەی لەسەر بناغەیەکی بەهێزی بەرد بنیاد ناوە. ٢٥ باران و لافاوێکی زۆر هات، و ڕەشەبایەکی بەهێز لە ماڵەکەیان دا، بەڵام نەڕوخا چونکە لەسەر بەرد درووستکرا بوو. ٢٦ هەروەها هەرکەسێک گوێ لە قسەکانم بگرێت و جێبەجییان نەکات وەک کەسێکی گێل دەبێت کە ماڵەکەی لەسەر لم بنیاد ناوە. ٢٧ کاتێک بارانێکی زۆر باری و لافاو هەستا و ڕەشەبایەکی بەهێز لە ماڵەکەی دا، ماڵەکە بە شێوەیەک وێران بوو کە هیچی لێ نەما!
٢٨ کاتێک عیسا ئەم قسانەی تەواو کرد، خەڵک لە شێوازی فێرکردنەکەی سەرسام بوون. ٢٩ چونکە بە هێز و دەسەڵاتەوە فێری دەکردن، نەک وەک مامۆستایانی ئایینی خۆیان.
a یا «کەسانێک کە بێفیزن.»
b یا «وشەی بینین تەنها بە مانای تێگەیشتنی دەروونی دەربارەی خودایە.»
c یا «کوڕانی خودا»
d بە مانای شوێنێک بۆ سووتاندنی زبڵ و خاشاک لە دەرەوەی شاری ئۆرشەلیم. دەستەواژەی یۆنانی بۆ دۆڵی هینۆم کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئۆرشەلیمی کۆن. هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئاژەڵ یان مرۆڤ فڕێدرابن بۆ «جەهەننەم» بۆ ئەوەی بە زیندوویی بسوتێنرێن یان ئازار بدرێن. کەواتە ئەو شوێنە ناتوانێت نوێنەرایەتی سیمبولی ناوچەیەکی نەبینراو بکات کە ڕۆحی مرۆڤ بۆ هەمیشە لە ئاگردا ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت. بەڵکو عیسا و قوتابییەکانی دۆڵی هینۆمیان بەکار هێنا وەک هێمای لەناوچوون و لەناوبردنی هەتاهەتایی.
g لە وشەی یۆنانی por·neiʹa وەرگیراوە کە لە پەرتووکی پیرۆزدا بەکارهاتووە بۆ ئاماژەکردن بە هەندێک چالاکی سێکسی کە لەلایەن خوداوە قەدەغە کراوە. وەک داوێنپیسی، لەشفرۆشی، پەیوەندی سێکسی نێوان کەسانی هاوسەردار، هاوڕەگەزبازی و ئاژەڵداری لەخۆ دەگرێت.
h سوودی لی وەرمەگرە.
i یا «هەموو کەسێک.»
j یا «سەروەت و سامان.»